چراكان
بۆ ڕیکلام له چراکاندا
لێره کرته بکه

ناشوێن | یوسف عیزه‌دین

یوسف عیزه‌دینیوسف عیزه‌دین

بۆ  "Anita  " له‌هه‌ر ناشوێنێك بێت             

من له‌كوێم
له‌به‌ر ده‌ركه‌ى كام سه‌فه‌را
زه‌لیلم وه‌ك زه‌لیلیى ئاو
بۆ گه‌رمه‌تاوێك بمباته‌وه‌ بۆ ئاسمان
تا له‌باوه‌شى هه‌ورا
بیر له‌بارینى دڵۆپه‌كان بكه‌مه‌وه‌
چاوه‌رِێم
چاوه‌رِێى كام قه‌ده‌رم
جوانتر بىَ له‌قه‌ده‌رى حه‌رفه‌كانى وه‌هم
سه‌یرتربىَ له‌وشه‌كانى با
قوڵتربىَ له‌ده‌روونى شێته‌كانى به‌هه‌شت
من چاوه‌رِێى چیم
بۆ بینینى چ په‌لكه‌زێرِینه‌یه‌ك راوه‌ستاوم
بیر له‌ چ گه‌ردوونێكى بىَ ئه‌ستێره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌
خه‌ون به‌رووكارى چ كتێبێكه‌وه‌ ده‌بینم
پرِبێت له‌سیحرى پاساژه‌كانى مێخه‌ك
نغرۆ بێت له‌بۆنى مه‌مكۆڵانى كچۆڵانى خه‌ون
من چاوه‌رِێى چیم
بۆ تینووم وه‌ك باڵنده‌ بێپه‌رِه‌كانى دۆزه‌خ
ماندووم وه‌ك جه‌للاده‌كانى حه‌قیقه‌ت
سووتاوم وه‌ك ده‌نكه‌كانى هه‌نار
من له‌كوێم
له‌ كۆریدۆره‌كانى كام مێژووا
تێكه‌ڵ به‌بۆنى نۆستالژیاى كام رۆژگارێ
له‌دواى كام كاروانێ و
له‌پاڵ كام چه‌ته‌ و پیاوكوژ و بازرگانێكا
له‌ پاساژه‌كانى كام زه‌مه‌نا
له‌نێو كام باوه‌ڵ و سه‌رداب و پێچوپه‌ناى
كۆشكه‌كانى خه‌یاڵا بۆ وێنه‌یه‌كى
لێكچوو به‌خۆم ده‌گه‌رِێم
له‌ چ ئان و ساتێكا
بۆ بینینى چركه‌ و خوله‌ك و كاژێرى
یه‌كه‌مین كاتژمێرى لم ده‌گه‌رِێم
من له‌كوێم
كام تۆپۆگرافیایه‌
كام پانتایى جوگرافیایه‌
كام كون و كه‌له‌به‌رى شوێنه‌
من له‌نێویا هه‌م
 من له‌كوێم
له‌كام سه‌رابستانا تینووم
له‌كام نه‌خشه‌دا بۆ ئاو ده‌گه‌رِێم
ئاوێكى زه‌لیل وه‌ك خۆم
چه‌واشه‌ى چ به‌هه‌شتێكم كه‌نایبینم
تا ده‌م بنێمه‌ رووباره‌ سه‌یره‌كانى
تا تێر ئاوبم له‌ زنه‌ و كانییه‌كانى
نایبینم
تا سه‌رسامبم به‌بینینى حۆرییه‌كانى
خه‌فه‌ت بۆ غولمانه‌كانى بخۆم
سڵاو له‌به‌هه‌شتییه‌كان بكه‌م
هه‌واڵى بێزارییان ببیستم
من له‌كوێم
له‌ده‌ره‌وه‌ى كام شوێن بۆ شوێن ده‌گه‌رِێم
تاجه‌سته‌ى قورِاویم
له‌ ژێر بارانیا بشۆمه‌وه‌
من له‌كوێم
تا بۆ ناشوێنێك بگه‌رِێم
نه‌فره‌تى سولایه‌ك له‌به‌شه‌رى
له‌خۆم نه‌رمترى
تیا بنێژم
تا گوڵه‌ وشكه‌كانى تیا بچێنم
ئه‌و گوڵانه‌ى به‌هه‌ڵمژینى
بۆن خوێنى كوژراوه‌كانى عه‌ده‌م
دوا هه‌ناسه‌یاندا و مردن
ده‌بێت ئه‌و گوڵانه‌ ئاوده‌م به‌فرمێسكى
هه‌موو ئه‌و دیناسۆرانه‌ى په‌شیمانن
له‌به‌جێهێشتنى زه‌وى بۆ ئێمه‌ى به‌شه‌ر
ئێمه‌یه‌ك له‌واندرِتر، له‌وانشێتتر
له‌وان كڵۆڵتر و به‌دبه‌ختتر
ئێمه‌یه‌ك كه‌نازانین نه‌وه‌ى كێین
نه‌وه‌ى ئاده‌م و حه‌وایه‌ك له‌تاوان
كه‌خالیق ویستى زه‌مین
به‌وان بكاته‌ گۆمێك له‌ خوێن
یان نه‌وه‌ى گۆریلا داماوه‌كانى جه‌نگه‌ڵ
من له‌كوێم
له‌كام ده‌ریادا بۆ حۆرییه‌كانى ده‌ریا
ده‌گه‌رِێم
تا ده‌م بنێم به‌لێویانه‌وه‌ و
له‌واتاى چرپه‌ بگه‌م
له‌كام دوورگه‌دا گوىَ بۆ ده‌نگى
باڵنده‌كانى سیحر راده‌گرم
تا پاش ئه‌وان هیچ نه‌ڵێم
من له‌كوێم
له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌م یان له‌شوێنێكى دى
ئه‌ى ئه‌گه‌ر لێره‌م
بۆ هه‌لوه‌سه‌ى بینینى زه‌مینێكمه‌ له‌خۆڵ
له‌ئاو، له‌به‌رد، له‌ هه‌موو ناوهاتووه‌كانى
نێو كتێبه‌كانى بایۆلۆژیا
بۆ هستریامه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى
یه‌كه‌مین شوێن پێى مرۆڤێك
له‌تان و پۆكانى شوێن
كام شوێنه‌ ئه‌وداڵیم
ئه‌و شوێنه‌ى كه‌خالیق دروستیكرد
یان ئه‌و شوێنه‌ى پێش ئه‌ویش هه‌ر هه‌بوو
كام شوێنه‌ سه‌وداسه‌رى بینینیم
ئه‌و شوێنه‌ى به‌ردمانكرده‌
سه‌ره‌تاى ئه‌وه‌ى ئێستا
به‌رد بارانمان ده‌كا
یان ئه‌و شوێنه‌ى قورِمان تیاكرده‌
سه‌ره‌تاى حیكایه‌تاكان
تا هه‌موو حیكایه‌ته‌كانمان له‌قورِهه‌ڵشێلین
كام شوێن
ئه‌و شوێنه‌ى زمانمان تیا پژا
به‌سه‌رجه‌م ئاوه‌ڵناوه‌كانى جه‌هل
ئه‌و شوێنه‌ى بۆ یه‌كه‌مجار
خوێنى ئاژه‌ڵه‌كانمان
تیاكرده‌ یه‌كه‌مین وێنه‌كانى
سه‌ر دیوارى ئه‌شكه‌وت
ئه‌و شوێنه‌ى هێنده‌ى قووڵایى زه‌مه‌ن
یه‌كترمان تیا ئه‌تكرد و
پرِبه‌دڵى خۆمان سوارى
ئه‌ندێشه‌ى هه‌موو ئه‌وانه‌ بووین
كه‌ له‌ئێمه‌ ده‌چوون
یان ئه‌و شوێنه‌ى
به‌شێكه‌ له‌خه‌یاڵى نه‌وه‌یه‌ك
له‌مردووه‌كانى ناشوێن
به‌شێكه‌ له‌خه‌یاڵى ره‌وێك
له‌ حه‌یوانه‌كانى ئه‌زه‌ل
من له‌كوێم
له‌ چ شوێنێكا خه‌وتووم
خه‌ون به‌چ نه‌هامه‌تییه‌كى دیكه‌ى
سیماى ئاگره‌وه‌ ده‌بینم
سه‌یرى كام دۆزه‌خ ده‌كه‌م
كه‌ گوناهه‌كانم ناگرێته‌ خۆى
بیر له‌چ كوفرێك ده‌كه‌مه‌وه‌
تا ده‌ركه‌كانى ئه‌و دۆزه‌خه‌م
بۆ بخرێته‌ سه‌ر پشت
حه‌زم به‌بینینى كام زه‌بانییه‌و
جه‌للاد و ئه‌ژده‌هاى
پشتى ئه‌و دۆزه‌خه‌یه‌
تا هێنده‌ تینووى بینینى بم
نازانم له‌كام رێگه‌وه‌ بچمه‌وه‌ سه‌رى
تا له‌به‌هه‌شتى ئه‌م دنیایه‌ هه‌ڵبێم
كام رێگه‌ى تاوان بگرمه‌ به‌ر
شه‌رِ به‌كامه‌ ئه‌فسانه‌ بفرۆشم
له‌گه‌ڵ كام داستان بجه‌نگێم
نه‌فره‌ت له‌كام فریشته‌ بكه‌م
كام خوداوه‌ند له‌خۆم توورِه‌بكه‌م
نازانم له‌كام مێژووه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌م
ببمه‌ فه‌رماندارى كام سوپاى خوێناوى
سه‌فه‌ر به‌كام رێگه‌ى كوشنده‌یا بكه‌م
له‌كه‌لله‌سه‌رى كام میلله‌ت
قه‌ڵا و قووله‌ دروست بكه‌م
وێنه‌ى كام جه‌نگاوه‌ر به‌رزكه‌مه‌وه‌
له‌گه‌ڵ كامیان ببمه‌ هاورِآ
بچمه‌ سه‌ردانى كامیان
له‌حزوورى كامیانا بنووشتێمه‌وه‌
نازانم له‌جه‌نگیزخانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌م
یان له‌و كۆنتر بكه‌مه‌ هاورِێى
سه‌فه‌رى قرِكردنى به‌شه‌ر
نازانم به‌هه‌مان رێگه‌ى ئه‌وانا ره‌وبكه‌م
یان ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ خۆم به‌رمه‌
سه‌مه‌رقه‌ند، دواتر بوخارا و هیند
پاش زه‌مه‌نێكیش له‌رێكردن بیانبه‌مه‌
سه‌ر شوێنى سرِدراوه‌ى كارتاج
یان هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌م
له‌شوێنجێگه‌ى زامه‌كانى
هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ى بۆ بینینى خوا
وه‌ك هیچێتى دنیا توانه‌وه‌
وه‌ك  هه‌موو ئه‌وانه‌ى
 وه‌ك حه‌للاج
له‌رێگه‌ى دۆزینه‌وه‌ى خوایا
خۆیان له‌نێو سه‌جع و ره‌وانبێژى عه‌ده‌ما
له‌رۆژگارێكى خۆڵاویا له‌بیرچوو
به‌ڵام هه‌ر رۆیشتن
تابوونه‌ هه‌ڵم و ته‌م و هه‌ور
بوونه‌ باران بۆ هه‌موو
ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه‌نه‌بوون
بوونه‌ خه‌یاڵى قوربانییه‌كى ماسۆشى
كه‌به‌شوێن سادییه‌تى جه‌للادێكا ده‌گه‌رِىَ
كه‌خۆى نه‌مابێت و بووبێته‌ ته‌ور
بووبێته‌ نه‌فره‌ت و رك
تاوه‌ك ئه‌و فریشته‌یه‌ى رۆح ده‌كێشێت
رۆحیان بكێشێت
نازانم له‌كوێوه‌ ده‌ستپێبكه‌م
له‌كام كیشوه‌ره‌وه‌ رێگه‌ بگرمه‌به‌ر
له‌كام ده‌ریاوه‌ سه‌فه‌ر بكه‌م
كام توخمى به‌شه‌ر
بكه‌مه‌ هاورِێى سه‌فه‌ر
بگه‌مه‌ چه‌ند به‌نده‌رو
له‌نێو گه‌ڵى چه‌ند سۆزانیا بخه‌وم
بۆنى سنگى كامیان
له‌گه‌ڵ خۆم بێنم
یاده‌وه‌ریه‌كانى كامیان
بخه‌مه‌ پریاسكه‌ى سه‌فه‌رم
بیر له‌نێوگه‌ڵى كامیان بكه‌مه‌وه‌
چاوى شه‌هوانى كامیان
بكه‌مه‌ فیگورى حه‌زى شێتانه‌م
بۆ كام دڵۆپه‌ سپێرمم
حیكایه‌تى دۆرِانى ئه‌وان بگێرِمه‌وه‌
وێنه‌ى ئاڵۆشاوییانه‌ى كامیان بهێنمه‌وه‌
تا هه‌موومان له‌ماناكانى یه‌ئس بگه‌ین
حه‌ز له‌كامیان بكه‌م و
كامیان له‌ویتریان جوداتر ببینم
من له‌كوێم
له‌كام شوێنى ئه‌م دنیایه‌
بۆ تۆ بگه‌رِێم و
نه‌تدۆزمه‌وه‌

2008
 

E-mail : info@chrakan.com

چاپكردنی ئه‌م بابه‌ته‌

بۆچوون نووسین

ناو:
تكایه‌ ناوی خۆت بنووسه‌
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
تكایه‌ بۆچوونه‌كه‌ت بنووسه‌ و پاشان بینێره‌
 
   
مه‌رجه‌كانی بۆچوون نووسین:
  • پێویسته‌ نوسینه‌که‌ت له‌(٧٥٠) پیت تێپه‌ڕنه‌کات.
  • سه‌رنجه‌كه‌ت ده‌بێت له‌فۆرمێكی گونجاو‌دا بێت، كه‌س بریندار نه‌كات.
  • چراكان ‌مافی پێداچونه‌وه‌ وگونجاندنی نوسینه‌که‌ی هه‌یه.
  • گه‌ر به‌  لاتینی ده‌نوسیت تكایه‌ هه‌مووی به‌كاپیتاڵ مه‌نوسه‌.
  • چاوه‌ڕوان مه‌به یه‌کسه‌ر سه‌رنجه‌که‌ت بڵاوبێته‌وه، تکایه چاوه‌ڕوانبه!!

ناردنی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێیه‌ك

ناساندن
ئیمه‌یلی خۆت (E-mail)
(E-mail)

 

               
ڕۆژانـــه‌كانـــــی‌ دلۆپــــه‌ ئاوێـــك
میدیا بێگه‌رد چیرۆكه‌كانی‌ هه‌زار‌و یه‌ك شه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌
پرسیاره‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كان له‌ نمایشی‌ (خوێنی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌)
شانۆی نه‌ته‌وه‌یی له‌ئه‌فغانستانه‌وه‌ بۆ كوردوستان
به‌"سێوه‌كه‌ی خۆم" بوونی ته‌نگژه‌ی شانۆیان ڕه‌ت كرده‌وه‌.
لێكبوردن‌و مه‌رجه‌كانی‌ لێكبوردن‌و مه‌رجه‌كانی‌
ڕەوەندی کوردی سەبارەت بەتیرۆری سەردەشت عوسمان و ئازادی رۆژنامەنوسی پڕۆژەی کەمپینیک پێشنیاردەکەن. ڕەوەندی کوردی سەبارەت بەتیرۆری سەردەشت عوسمان و ئازادی رۆژنامەنوسی پڕۆژەی کەمپینیک پێشنیاردەکەن.
زه‌بروزه‌نگ و فه‌نتازیاكانی*‌ زه‌بروزه‌نگ و فه‌نتازیاكانی*‌
ده‌رباره‌ی‌ وه‌رگێڕان، ئه‌و كتێبه‌ی‌ پێویسته‌ هه‌موو وه‌رگێڕێك بیخوێنێته‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ وه‌رگێڕان، ئه‌و كتێبه‌ی‌ پێویسته‌ هه‌موو وه‌رگێڕێك بیخوێنێته‌وه‌
سه‌باره‌ت به‌خۆشه‌ویستی‌ و خۆشه‌ویستی‌ پاكیزه‌یی‌ سه‌باره‌ت به‌خۆشه‌ویستی‌ و خۆشه‌ویستی‌ پاكیزه‌یی‌
ئایا رۆمان له‌به‌رده‌م كرانه‌وه‌دایه‌ به‌سه‌ر ژانره‌كانی‌ تری‌ ئه‌ده‌بدا ئایا رۆمان له‌به‌رده‌م كرانه‌وه‌دایه‌ به‌سه‌ر ژانره‌كانی‌ تری‌ ئه‌ده‌بدا

     
 
په‌ڕه‌ی سه‌ره‌تای ماڵپه‌ڕی چراكان زانیاریی له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی چراكان په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی چراكان