|
شانۆكاران له هۆڵه‌كان نیگه‌رانن! | كامه‌ران سوبحان
به دواداچوونی: كامه‌ران

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی تیپه شانۆییه‌كانی سلێمانی له مانگی ئازاری 2007 دا ئه‌وه‌یان راگه‌یاند كه سلێمانی له‌و ساڵه‌دا ده‌بێته خاوه‌نی سێ هۆڵی تایبه‌تمه‌ندی شانۆیی، من له گۆشه‌ی سێبه‌رو له ژماره(535 ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا) جگه له بێ ئومێدبوونی خۆم له‌م هه‌وڵه نووسیومه (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی برِیاره له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگاری سلێمانی سێ هۆڵی تایبه‌تمه‌ندی شانۆیی له سلێمانی دروستبكرێت، ده‌بێ هه‌وڵی هه‌و تیپه شانۆییانه به‌رز بنرخێنین كه سه‌رقاڵی ئه‌م پرِۆژه‌یه‌ن، به‌ڵام دڵنیام جگه له نا ئومێدی هیچی تریان بۆ نامێنێته‌وه!) ئێستاش پاش دوو ساڵ تازه به تازه تیپه شانۆییه‌كان برِیاریان داوه بۆ دروستكردنی هۆڵی شانۆیی لیژنه‌ی تازه دروستبكه‌ن، پاش دوو ساڵ ئه‌و سێ هۆڵه بووه به یه‌ك هۆڵ و تا ئێستاش ئه‌و هۆڵه هیچ كه‌س نازانێت به كوێ گه‌یشتووه، ئه‌مه له كاتێكدایه كه پارساڵ هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی به بودجه‌ی زیاتر له (2 ملوێن دۆلار) نۆژه‌نكرایه‌وه، به‌ڵام پاش ئه‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ش شانۆكاران پێیان وایه ئه‌و هۆڵه هه‌تیوه‌و پشته‌وه‌ی ته‌خته‌ی شانۆ له تاو خۆڵ و خاشاك و پاشماوه‌ی كاستی پرِۆڤه‌ی شانۆییه‌كان بووه‌ته خه‌رابات، به‌رِێوبه‌ری هونه‌ریی شانۆی سلێمانیش ده‌ڵێت به‌و پاره‌یه‌ی چووته نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هۆڵی رۆشنبیریی كه زیاتر له (دوو ملوێن دۆلاره) سێ هۆڵی باشی شانۆیی پێدروست ده‌كه‌م به پێی تایبه‌تمه‌ندی جیهانی!).
له باره‌ی چیرۆكی دروستكردنی ئه‌و هۆڵه شانۆییانه بۆ شاری سلێمانی(سه‌فین شوكری-به‌رپرسی ستۆدیۆی ئه‌كته‌ر وئه‌ندامی لیژنه‌ی دروستكردنی هۆڵه شانۆییه‌كان) ده‌ڵێت :( پێشتر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی كۆكرده‌وه وه‌ك تیپه شانۆییه‌كانی شاری سلێمانی كه هه‌شت تیپی شانۆیی بووین، سێ شت بوون(نه‌بوونی هۆڵی شانۆ، نه‌بوونی بودجه‌یه‌كی پێویست بۆ چالاكییه شانۆییه‌كان، نه‌بوونی باره‌گا بۆ تیپه‌كان) ئێمه نوێنه‌ری تیپه شانۆییه‌كان چووینه لای به‌رِێز پارێزگاری سلێمانی به‌وپه‌رِی سوپاسه‌وه هاوكاری كردین، ئه‌وه بوو به هاوكاری شاره‌وانی سلێمانی له سێ جێگه‌ی جیاوازی سلێمانی زه‌وییان بۆ دابینكردین به بودجه‌ی پارێزگای سلێمانی برِیاربوو سێ هۆڵی شانۆی تایبه‌تمه‌ند له سێ جێگه‌ی جیاواز دروستبكرێت، به‌ڵام ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی له‌و سێ هۆڵه‌دا هه‌بوون ره‌نگه كوالێتی هێنده به‌رز نه‌بێـت كه پێویست بێت له هۆڵێكی شانۆییدا هه‌بێت، ئه‌وه‌بوو برِیاره‌كه وای لێهات پارچه‌یه‌ك زه‌وی له لای پرده‌كه‌ی ده‌باشان دابینكراو برِی (یه‌ك ملوێن دۆلار)یشی بۆ دابینكرا بۆ دروستكردنی هۆڵێكی شانۆیی تایبه‌تمه‌ند به نمایشی شانۆیی، برِیاربوو جگه له هۆڵه شانۆییه‌كه باره‌گای ئه‌و هه‌شت تیپه شانۆییه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆڵه‌دا دروستبكرێت، به‌ڵام تا ئێستا بۆ ماوه‌ی دووساڵه به‌هۆی رۆتینیاتی ئیدارییه‌وه ئه‌و هۆڵه هه‌ر دروستنه‌كرا، ته‌نانه‌ت دوو ئه‌ندازیاری تایبه‌تمه‌ندیش له پارێزگا له‌گه‌ڵ ئێمه قسه‌یان كرد و داوای نه‌خشه‌ی تایبه‌تی هۆڵی شانۆییان كرد كه بۆ ئه‌وه‌ی به پێی ویست و شێوازی تایبه‌تی ئێمه ئه‌و هۆڵه دروستبكه‌ن. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی تیپه شانۆییه‌كانی پارێزگا هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌و ئێستا به‌شی مۆزیك و شێوه‌كاریشی له‌گه‌ڵدایه و بووه‌ته لیژنه‌ی هونه‌ریی، نه‌ك به ته‌نها شانۆیی، برِیاره له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه هونه‌رییه‌دا كێشه‌ی ئه‌و هۆڵه شانۆییه بخه‌نه به‌رباس و چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزنه‌وه یان لیژنه‌یه‌كی تری بۆ دروستبكه‌ین. له باره‌ی هۆڵی رۆشنبیریشه‌وه كه تیپه شانۆییه‌كان پرِۆڤه و نمایشی تێداده‌كه‌ن سه‌فین كه ئێستا وه‌ك ئه‌كته‌ر رۆژانه زیاتر له سێ كاتژمێر له‌و هۆڵه‌دا پرِۆڤه ده‌كات، پێی وایه ئه‌و هۆڵه هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی شانۆیی تێدانییه و ئه‌و پێی وایه گه‌ر هۆڵی حیزبی شیوعی نه‌بوایه ده‌بوایه هه‌موو شانۆكاران بۆ پرِۆڤه‌كانیان له ماڵه‌كانی خۆیان پرِۆڤه‌مان بكردایه، چونكه هه‌موو تیپه شانۆییه‌كان له‌و هۆڵه‌ی ئه‌واندا پرِۆڤه ده‌كه‌ن و یارمه‌تیده‌رێكی باشه بۆ پرِۆڤه‌كان، ئه‌م هۆڵه‌ی كه ئێمه ئێستا پرِۆڤه‌ی تێدا ده‌كه‌ین (هۆڵی رۆشنبیریی) هۆڵێكی زۆر داماوه‌و سێ به‌رِێوبه‌رایه‌تی به‌رِێوه‌ی ده‌به‌ن و ئێستا ئه‌م هۆڵه هه‌تیوو بووه، رۆژانه ئێمه پرِۆڤه ده‌كه‌ین له پشته‌وه‌ی په‌رده‌كانه‌وه خۆمان ده‌گۆرِین، نه ژووری خۆگۆرِین نه شوێنی پشوو نه هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی شانۆیی له‌م هۆڵه‌دا بوونی نییه!
له باره‌ی بایه‌خی هۆڵی شانۆ بۆ هونه‌رمه‌ندی كورد(به‌كر رِه‌شید- ده‌رهێنه‌ر) به هه‌مان تێرِوانینی سه‌فین و شانۆكارانی تره‌وه بایه‌خی ئه‌و جێگه‌یه له شانۆی كوردیدا ده‌خاته رِوو، به‌كر به‌و پرسیاره ده‌ستپێده‌كات و ده‌ڵێت:( پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت بپرسین تایبه‌تمه‌ندبوونی هۆڵی شانۆیی بۆ شانۆكاری كورد چییه؟ به برِوای من (هۆڵی شانۆ) ئه‌و پانتاییه مه‌زنه‌یه كه شانۆكار گه‌مه‌ی تێدا ده‌كات و خه‌ونه‌كانی تێدا ده‌هێنێته‌دی، به‌ڵام مه‌خابن ئێمه‌ی شانۆكاری كورد تا ئێستا ئه‌و سه‌كۆ تایبه‌تمه‌ند و كوالیتییه‌مان نییه، ئه‌وه‌ی هه‌شه هۆڵی سیمینار و كۆرِ و ئاهه‌نگه و به ناچاری خۆمان ناومان ناوه هۆڵی نمایشی شانۆیی! بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ناچار منی شانۆكار ده‌بێت دیلبم بۆ ئه‌وه‌ی سه‌كۆیه بدۆزمه‌وه كه هاوسه‌نگ بێت له‌به‌رده‌م ئه‌كته‌ر و بینه‌ردا، ئه‌گینا هۆڵێكی تایبه‌تمه‌ندی شانۆیی به راشكاوانه بڵێین له‌كوردستاندا بوونی نییه، گه‌ر سه‌یرێكی سه‌رجه‌م ئه‌و به ناو هۆڵه شانۆییانه بكه‌ین هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تێدا نییه كه پێویسته له هۆڵی شانۆدا هه‌بێت ، بۆ نموونه ژوورێك نییه ئه‌كته‌ر پشووی تێدابدات، جلووبه‌رگی پرِۆڤه‌ی تێدا دابنێت، میكیاژی تێدا بكات، ئه‌وه‌ی هه‌یه و نییه كه‌والیس و پشتی شانۆیه، ئه‌و خه‌راباته‌یه كه ئێمه ده‌یبینین و بینه‌ری داماو نایبینێت، دڵنیام بینه‌ر پشته‌وه‌ی شانۆكانی ئێمه‌ی ببینیایه هه‌رگیز تاقه‌تی نه‌بوو به دیار ئێمه‌وه دابنیشێت و سه‌یری شانۆییه‌كانمان بكات! ئه‌مه جگه له نه‌بوونی w.c و ساردی و گه‌رمی و دنیایه‌ك تایبه‌تمه‌ندی تر، خۆ باسی ئه‌وه ناكه‌م له‌به‌ر ده‌به‌ی به‌تاڵی ئاو و سوتكی جگه‌ره و كاغه‌ز و خۆڵ و پیسی توانای ئه‌وه‌ت نامێنێت چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك له‌و پشته‌وه‌ی هۆڵه‌كه كه ناونراوه شوێنی ئه‌كته‌ر و هونه‌رییه‌كان دابنیشیت، جا بۆ ئه‌م گرفتانه رِووبكه‌ینه كێ؟ خۆشمان نازانین؟ ئایا شانۆكار لێی به‌رپرسه یان حكومه‌ت و وه‌زاره‌ت؟ رِه‌نگه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره لای هه‌ریه‌كه‌مان به شێوازێك بكه‌وێته‌وه؟)
له باره‌ی ئه‌و هۆڵه شانۆییانه‌ی ئێستا هه‌ن هه‌روه‌ك شانۆكاران رِایده‌گه‌یه‌نن ئاستی خزمه‌تگوزاریی له ژێر سفره‌وه‌یه و به‌رده‌وام ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌رانی شانۆ گله‌یی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و شوێنه‌ی كه پرِۆڤه‌ی تێدا ده‌كه‌ن هیچ پێداویستییه‌كی پرِۆڤه‌ی تێدا نییه ، به‌رپرسانی شانۆش له‌م شاره‌دا جگه له‌وه‌ی بۆچوونی تایبه‌تییان له‌سه‌ر ئه‌و گرفته هه‌یه له هه‌مانكاتدا به‌شێك له‌و كێشه‌یه روبه‌رِووی شانۆكاران ده‌كه‌نه‌وه.)
هیوا رِه‌ئوف (به‌رِێوبه‌ری هونه‌ری شانۆ/سلێمانی) كه به‌رِێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی تاكه فه‌رمانگه‌ی حكومی شانۆیه له‌م شاره‌دا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی به‌كر ره‌شیدی هاوپیشه‌ی ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت: بۆ وه‌ڵامی گله‌یی و ره‌خنه‌كانی ئه‌و شانۆكارانه پێموایه هه‌موو گرفته‌كان لای حكومه‌ت نییه، ئه‌و به‌شێك له‌و گرفتانه‌ش رِوبه‌رِووی خودی شانۆكاران و ئه‌و كه‌سانه ده‌كاته‌وه كه له‌و هۆڵانه‌دا پرِۆڤه ده‌كه‌ن و ده‌ڵێت:(خودی شانۆكاره‌كانن وایان له پشته‌وه‌ی شانۆكان كردووه كه قێزبكه‌ینه‌وه له به‌ر پیسی و خۆڵ و خاشاكی پشته‌وه‌ی ته‌خته‌ی شانۆ، ئه‌و پیسییه وایكردووه هیچ شانۆكارێك نه‌توانێت له‌پشته‌وه تۆزێك دابنیشێت له‌به‌ر بۆنی پیسی و پاشماوه‌ی خۆڵ و خاشاك، زۆر له‌و كاسته شانۆییانه‌ی پرِۆڤه‌ده‌كه‌ن پاكوخاوێنی هۆڵه‌كه ناپارێزن، ئه‌و خواردنه‌ی ده‌یخۆن پاشماوه‌كه‌ی جێ‌دێڵن له‌پشته‌وه‌ی شانۆ، ئیدی چۆن پشته‌وه‌ی شانۆ نابێت به خه‌رابات؟ هه‌ندێ جار رایكه‌ری دیكۆریسته‌كان ده‌چنه پشته‌وه‌ی شانۆ له‌سه‌ر دیواره‌كان شت ده‌نووسن، له بیریشمان نه‌چێت شانۆكار ده‌چێته ئه‌و هۆڵه‌وه خۆ خه‌ڵكی تر ناچێته ئه‌و هۆڵه‌وه تا وای لێبكات، ئه‌گه‌ر خودی ئه‌و شانۆكاره‌كانه‌ی پرِۆڤه ده‌كه‌ن رۆژێك دوای پرِۆڤه گسكێك له هۆڵه‌كه بده‌ن ئه‌وا ئه‌و هۆڵانه به‌م ده‌رده‌ی ئێستا نه‌ده‌گه‌یشتن، حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌م هۆڵه‌ی رۆشنبیریی كه به‌رِێوبه‌رایه‌تی رۆشنبیریی سلێمانی لێی به‌رپرسه، ئێمه وه‌ك به‌رِێوبه‌رایه‌تی شانۆ/سلێمانی هاوكاری ئه‌وانین تا ئێستا یه‌ك پاكه‌ره‌وه‌و خزمه‌تگوزارێك نییه ئه‌و هۆڵه پاك بكاته‌وه، ئه‌م هۆڵه تا ئێستا پاسه‌وانی نییه و كارمه‌ندێك نییه سه‌رپه‌رشتی ئه‌و هۆڵه بكات و بیبات به‌رِێوه، بۆیه هه‌موو ئیشه‌كان كه‌وتووه‌ته سه‌ر (به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیریی و به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی سینه‌ما و به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی شانۆ) له‌باره‌ی پێشنیاری دروستكردنی هۆڵی شانۆیی و بایه‌خدانی زیاتر به هۆڵه شانۆییه‌كان، له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌كه‌یه‌وه ده‌ڵێت:( پێشنیارمان كردووه، ئێمه له دروستبوونمانه له دوای 2005 وه یه‌كێك له ئه‌جنده‌كانمان ئه‌وه بوو كه پێویسته له شاری سلێمانی و قه‌زاو ناحیه‌كانیدا هۆڵی شانۆیی تایبه‌تمه‌ند دروستبكرێت به كوالێتی شانۆیی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی بۆ نمایشه شانۆییه‌كان، به‌ڵام دیاره له ئه‌جنده‌ی حكومه‌ت، یان وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی كاری بۆنه‌كراوه. چونكه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ده‌یان باڵه‌خانه‌و ده‌یان شوێنی نیشته‌جێبون ده‌كرێته‌وه، هۆڵێكی تێدا نییه ته‌نانه‌ت بۆ كۆبوونه‌وه‌ش نه‌ك بۆ نمایشی شانۆیی) به‌رِێوه‌به‌ری شانۆ له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: (گه‌ر ده‌سه‌ڵات بده‌نه ده‌ست من بۆ دروستكردنی هۆڵی شانۆیی جوانترین هۆڵ دروست ده‌كه‌م به كه‌مترین كولفه، به‌و پاره‌یه‌ی چووته نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هۆڵی رۆشنبیریی كه زیاتر له دوو ملوێن دۆلاره، سێ هۆڵی باشی شانۆیی دروست ده‌كه‌م به پێی تایبه‌تمه‌ندی جیهانی!
(كاروان سۆفی- ده‌رهێنه‌ری شانۆ) له بایه‌خی ئه‌و هۆڵه شانۆییانه كه‌م ده‌كاته‌وه‌و پێی وایه ئه‌و هۆڵانه بۆ سیمینار و شه‌كراو خواردنه‌وه گونجاون نه‌ك نمایشی شانۆیی، كاروان له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: (ئێمه هۆڵی تایبه‌ت به شانۆمان نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه بۆ كۆرِو سیمینار و كۆبوونه‌وه‌ی حیزبی كراونته‌وه، نه‌ك نمایشی شانۆیی، نانه‌ت وایلێهاتووه خه‌ریكه مه‌راسیمی شه‌كراوخواردنه‌وه‌ش له‌م هۆڵانه‌دا سازده‌كرێت.
هۆڵه‌كانی به‌ناو شانۆ، گه‌رچی كه‌میشن، هیچیان تایبه‌تمه‌ندییان تێدا نییه بۆ نمایشێكی شانۆ بشێن، نه له رِوی دیزاینه‌وه نه له رِووی خزمه‌تگوزارییه‌وه، به‌داخه‌وه له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا ژماره‌ی باره‌گای حیزبی و ته‌عزێخانه و چایخانه و باڵه‌خانه‌ی پیاوه بێ سه‌رو بنه‌كان كه‌لاوه فه‌رامۆشكراوه‌كانی كوچه و كۆڵانه‌كان زۆر زیاترن له هۆڵه شانۆییه وێرانه‌كانی ناو شار، ئه‌ی چۆن سلێمانی پایته‌ختی روناكبیری بێت كه شانۆكارانی ئه‌م پایته‌خته رِوناكبیرییه له ژوورێك سێ به چواردا پرِۆڤه بكه‌ن؟ له‌و لاشه‌وه له‌م شاره‌دا ته‌لارێك به ناوی هونه‌ره‌وه دروستكراوه كه‌س نازانێ ئه‌م هۆڵه بۆ كێیه و ده‌بێت كێ كاری هونه‌ری تێدا بكات؟ ئه‌وه‌نده نه‌بێت ده‌رگای ئه‌م (هۆڵی هونه‌ره) بۆ هونه‌رمه‌نده بێگانه‌كان واڵایه به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به ده‌فته‌ره دۆلار پاره‌و پاداشتیان ده‌ده‌نێ و ئه‌مه جگه له‌وه‌ی جار‌و باریش ئه‌م هۆڵی هونه‌ره كۆبوونه‌وه‌ی حیزبی تێدا ده‌كرێت.
له‌م شاره‌دا سۆپه‌ر ماركێت گرنگه، به‌ڵام گروپی هونه‌ریی نا، لێره خاوه‌ن چێشتخانه‌ی راقی به‌رِێزه، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند نا، له‌م شاره كۆمپانیا و پێشانگه‌ی ئۆتۆمبێل و رێستۆرانت و چایخانه و گازینۆ و باره‌گای حیزبی گرنگه هه‌بێت، به‌ڵام شانۆ و هونه‌ره‌كانی دیكه زیاده‌ن با نه‌بن! گه‌ر وانییه تۆزێك گوێ له هونه‌رمه‌ندان ده‌گیرا له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا!
له باره‌ی پێگه‌و بایه‌خی هۆڵه شانۆییه‌كان له مێژووی شاری سلێمانیدا و ئه‌و شانۆییانه‌ی كه بایه‌خێكیان بۆ بزوتنه‌وه‌ی شانۆ له‌م شاره‌دا دروستكردووه له‌سه‌ر هۆڵه ساده‌و ساكاره‌كانی فارابی و سه‌ڵاحه‌دین و راپه‌رِین بوون، له باره‌ی ئه‌و هۆڵانه‌و بزوتنه‌وه‌ی شانۆ له و قۆناغه‌دا هیوا رِه‌ئوف ده‌ڵێت: (شاری سلێمانی له په‌نجاكانه‌وه له بوژانه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی هونه‌ریی و شانۆییدا بووه، به‌تایبه‌تیش له حه‌فتاكان و هه‌شتاكاندا كۆمه‌ڵه تیپێكی شانۆیی له‌م شاره‌دا چالاكی باشیان هه‌بووه‌و هۆڵه‌كانی شانۆش زۆر مته‌وازع بوون به تایبه‌تیش له دروستبوونی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانیه‌وه تا سه‌ره‌تای رِاپه‌رِین، ئه‌و هۆڵه شانۆییانه‌ش (هۆڵی دواناوه‌ندی سه‌ڵاحه‌دین و هۆڵی فارابی وهۆڵی راپه‌رِین بوون و دواجاریش هۆڵی رۆشنبیریی) ئه‌و شانۆییانه‌ی كه سه‌روه‌رییه‌كیان بۆ شانۆی كوردی دروستكردووه له‌سه‌ر ئه‌و هۆڵه شانۆییه مته‌وازعانه‌وه بووه، به‌ڵام دوای راپه‌رِین هه‌موو ئه‌و هۆڵه شانۆییانه نه‌مان و به‌هۆی كه‌می چالاكی شانۆیی و كه‌می تیپی شانۆییه‌وه بزوتنه‌وه‌ی شانۆ توشی جۆرێك له په‌رته‌وازه‌یی بوو، ئێستاش له دوای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه سلێمانی شارێكه كۆمه‌ڵێك زۆر شانۆكاری ئه‌كتیڤی تێدا كۆبووه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌راوردی هۆڵه شانۆییه‌كانی خۆمان به هۆڵی شانۆی جیهانی یان وڵاتانی دراوسێ، ته‌نانه‌ت به‌وانه‌ی به‌غداش به‌راوردبكه‌ین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت هۆڵی شانۆكانی ئێمه چه‌ند هه‌ژاره و چه‌ند كوالێتی نزمه.
نیگه‌رانی شانۆكاران له هۆڵه‌كانی شانۆ په‌لیان ده‌كێشێت بۆ گۆرِینی ئه‌و ئه‌و واقیعه تاڵه‌ی كاری هونه‌ریی، كاروان سۆفی پێی وایه له‌م وڵاته‌ی ئێمه هونه‌ر باڵه شكاوه‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆیه و باڵه ساغه‌كه‌شی سه‌ر به حیزب و ده‌سه‌ڵاته، واته ئه‌وانه‌ی پرسی هونه‌رمه‌ندانیان به ده‌سته و كێشه‌ی هونه‌رمه‌ندان لای ئه‌وانه بۆخۆیان سه‌ر به حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانن ئیتر له‌م به‌ینه‌دا نازانین دوعای خێر بۆ كامیان بكه‌ین، ئه‌وه‌نده هه‌یه له‌م وڵاته ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی ئیداریی لای هونه‌رمه‌نده حیزبییه‌كانه نه‌ك هونه‌رمه‌نده بێلایه‌نه‌كان.
(به‌كر رِه‌شید)یش پێی وایه‌بۆ رِه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و نیگه‌رانییانه به‌رامبه‌ر به هۆڵه‌كانی شانۆ، به كار‌و شانۆی جدی ده‌توانین ئه‌و واقیعه بگۆرِین و حكومه‌ت ناچاربێت گرنگی به‌و هونه‌ره مه‌زنه‌بدات، گه‌ر وانه‌كه‌ین هونه‌ره‌كه‌مان كاریگه‌ریی نامێنێت.
(سه‌فین ئه‌نوه‌ر شوكری) پێی وایه هه‌موو رێگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و شارستانی بگیرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هۆڵی شانۆ دروستبكات، به تایبه‌تی پارێزگاری سلێمانی كه له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا بۆچوونی زۆر باشی هه‌بووه له‌و باره‌یه‌وه‌و پشتگیریی ته‌واوی شانۆكارانه بۆ دروستكردنی هۆڵی شانۆیی.

دیمه‌ن له پشته‌وه‌ی ته‌خته‌ی شانۆ
|
|
|
| |
بۆچوون نووسین
ناردنی ئه‌م بابه‌ته بۆ هاوڕێیه‌ك
|
|
|
ماڵپه‌ڕی ( چــــــراکــــــــان ) |
|
سەرپەرشتیارى
گشتیى: میران ئابراهام
سەرنووسەر: شۆڕش محەمەد حسێن
ستاف‌و دانه‌ری به‌شی موزیک: غەمگین فەرەج
ستافی کارا : هەژار مەعروف (دەوەن) |
ماڵپه‌ڕی چــــــراکــــــــان
|