
له ژماره سى و دووى گۆڤارى كاروان
له لاپه‌رِه‌ى ئه‌ده‌بى لاوان
دوو لاو
من و تۆ
دوو هۆنراوه‌مان دابووه ده‌ست خه‌زان
ئه‌وه‌ى تۆ ( به‌سه‌رهاتى رِاوچیه‌ك )
ئه‌وه‌ى من ناوى به‌رگى چیا بوو
ئه‌مه ساڵى چه‌ند ؟ ساڵى هه‌شتا وپێنج
داى تێپه‌رِ بوونى بیست و سىَ ساڵىَ
تۆ پشیله‌یه‌كت پىَ نه‌پارێزرا و
من كه‌س دوو ووشه‌م ده‌رباره ناڵىَ
پاییز زه‌ردتره
دڵى كلاَشینكۆف رِه‌قتر
به‌ردتره
كاسكێت و بێرى
تاڵتر
زبرتر
نامه‌ردتره
شه‌قام خۆڵ خواردى
گه‌لاَ بوو به ژێر پێى دۆلاره‌وه
نه‌وت بوو به ئاگر بۆ گیانى هه‌ژار
بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندیش كرا به دۆلار
عه‌ره‌بێكى رِه‌ش
له مه‌غریبه‌وه
دێت و قه‌سیده‌ى عروبه لێره هه‌ڵده‌رِێژێت و
كۆمه‌ڵىَ به‌رمیل له باباگورِگورِ
ئه‌خاته گیرفان
كۆمه‌ڵىَ پۆلیس به‌رگى شاعیریان پۆشیوه و
له‌گه‌ڵ
رِیزێك پاسه‌وان
ئه‌ده‌بى كوردیان كردووه به زیندان
ئیتر شیعرى چى ؟؟ شاعیرى خه‌زان ..
من به شه‌رمه‌وه شیعر ئه‌نووسم و
چه‌ند جارىَ بۆ خۆم ئه‌یخوێنمه‌وه و
جا ئه‌یدرِێنم
دره‌خت شه‌رم ئه‌كا گه‌لاَ ده‌ربكا و
باران شه‌رم ئه‌كا بێته خواره‌وه
گه‌لاَ شه‌رم ئه‌كا
به‌رگى ئاڵتوونى بپۆشێت و
له‌گه‌ڵ سه‌مادا بێته سه‌رشه‌قام
سوپاست ئه‌كه‌م كه تۆ بێده‌نگیت هه‌ڵبژاردووه و
وه‌ك دره‌ختێكى مانگرتووى توورِه
ئیتر نه گه‌لاَى سه‌وز
و
نه زه‌رد و
نه هیچ جۆرىَ به‌ر
ناده‌ى به خه‌ڵكێك بۆ رِاوه دۆلار
رِێگا نه‌ماوه نه‌یگرنه به‌ر
سوپاست ئه‌كه‌م
كه خۆت ته‌رخان كرد بۆ دنیاى شیعر و
ئه‌و هه‌موو پاره و پۆلیس و دزه
نه‌یانتوانى تۆ
له كۆشكى پاییز ده‌ربكه‌نه ده‌ر
شیعرى : نه‌وزاد ئه‌حمه‌د حسێن