|
دیدار له‌گه‌ڵ : د. مه‌یمون ئه‌لخالیدی | كامه‌ران سوبحان
د. مه‌یمون ئه‌لخالیدی: هیچ نمایشێك به بێ ده‌قێكی زیندوو له دایك نابێت!
سازدانی: كامه‌ران سوبحان

د. مه‌یمون ئه‌لخالیدی، مامۆستای به‌شی شانۆی ئه‌كادیمیای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا، بۆچوونی تایبه‌تی له‌سه‌ر ده‌قی شانۆیی و نمایش هه‌یه، ئه‌و پێی وایه ده‌ق رێرِه‌وی نمایش دیاریده‌كات، كه سیمای ئه‌و شانۆییه له شانۆییه‌كی تر جیاده‌كاته‌وه، له باره‌ی شانۆی نه‌ته‌وه‌یی و سیماكانی ئه‌و شانۆییه‌ش ده‌ڵێت هه‌موو نه‌ته‌وه‌و وڵاتێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه له شانۆدا، به‌ڵام شانۆ په‌یامێكی ئینسانی و گه‌ردوونییه، ئه‌مساڵ له فێستیڤاڵێكی شانۆیی له دهۆك، ئه‌كادیمیای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا به شانۆگه‌ری (مردن وكچێنی)به‌شدارییانكرد، (د.مه‌یمون) وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداری له‌و نمایشه‌داكرد، رۆڵه‌كه‌ی جێگه‌ی سه‌رسامی بینه‌ران بوو، ئه‌م دیداره له‌و فێستیڤاڵه‌دا له‌گه‌ڵیدا سازكراوه.
* له‌و شانۆگه‌رییه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ین كه تۆ وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداریت تێداكرد، ئه‌و ده‌قه له چاو نمایشه‌كانی تردا جۆرێك له تایبه‌تمه‌ندی هه‌بوو، به تایبه‌تیش له‌و رووه‌وه كه ئێوه ویستوتانه له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌مرِۆی عێراقدا روداوی نمایشه‌كه‌تان بگونجێنن، هۆكاری ئه‌م نزیككردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ی(ئاریێڵ دۆرفمان) له نمایشه‌كه‌ی ئێوه‌و ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه بۆچی ده‌گه‌رِێته‌وه؟
- راستییه‌كه‌ی ره‌نگه به‌شێك له‌م پرسیاره په‌یوه‌ندی به (د. هه‌یسه‌م) ه‌وه هه‌بێت وه‌ك ده‌رهێنه‌ر، به‌شێكیشی په‌یوه‌ندی به منه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به منه‌وه هه‌یه ئه‌وه‌یه كه ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و ده‌قه‌مان وا هه‌ڵبژارد ده‌قێكی زیندووه، ئه‌مه بنه‌مای كاركردنه له شانۆدا، چونكه هیچ نمایشێك به بێ ده‌قێكی زیندوو له دایك نابێت، چونكه ده‌ق رێرِه‌وی نمایش دیاریده‌كات و ئه‌وه ده‌قی شانۆیه كه ده‌بێته هۆی گه‌ڵاڵه‌بوونی نمایشێكی تایبه‌تمه‌ند، كه سیمای ئه‌و شانۆییه له شانۆییه‌كی تر جیابێته‌وه، له باره‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ی كه كه‌شی گشتی ده‌قه‌كه و كه‌شی گشتی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ی پێدا تێده‌په‌رِێت، ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی باشه كه گه‌ر ئێمه هه‌ستمان پێكردبێت، چونكه ئه‌م شانۆییه‌ی ئێمه ده‌قی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مه‌ریكاى لاتینه و نووسه‌ری چیللی ( ئاریێڵ دۆرفمان) نووسیوویه‌تی، گه‌ر سه‌یری روداوه‌كانی بكه‌ین زۆر نزیكه له قۆناغی دوای ئازادی و قۆناغی بونیادنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و قۆناغی شۆرِش بۆ ئازادی و سه‌ربه‌ستی ژنان، به‌برِوای من ئه‌م هۆكاره وایكرد كه ئه‌و بینه‌ره‌ی ناو هۆڵه‌كه به‌و شێوه‌یه پێشوازی له‌و نمایشه‌ی ئێمه بكه‌ن. چونكه ئه‌م شانۆییه‌ی ئێمه به سینۆگرافیایه‌كی تایبه‌تمه‌ند و روناكییه‌كی سه‌رنجرِاكێش هێنده‌ی تر روداه‌كانی لای بینه‌ر جوانتركرد، بۆیه گه‌ر بێمه سه‌ر مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی پرسیاره‌كه‌ی تۆ كه باسی گونجاندن ده‌كه‌یت، به‌ڵێ ئه‌و دوو بارودۆخه زۆر له یه‌كه‌وه نزیكن بۆیه بینه‌ر له‌گه‌ڵ روداوه‌كانی نمایشه‌كه‌دا ده‌رِۆیشتن و ده‌بونه ته‌واكه‌ری روداوه‌كان، دیاره گه‌یاندنی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م ئیشه‌ش به‌بێ توانایه‌كی به‌رزی ده‌رهێنان و نواندن و روناكی و ره‌گه‌زه‌كانی تری شانۆ پێم وابێت جۆرێك بوو له مه‌حاڵ، بۆیه ئێمه بۆ نواندن جۆرێك له تایبه‌تمه‌ندییمان به كارهێنابوو هه‌روه‌ك خۆشت ئاماژه‌ت به‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌دا كه له شانۆییه‌كه‌ی ئێمه‌دا هه‌ستی پێده‌كرا.
*پێت وایه له‌م بارودۆخه‌ی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه پێویسته ده‌رهێنه‌ره‌كان به دوای ئه‌و ده‌قانه‌دا بگه‌رِێن كه روداوه‌كانی له روداوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه‌وه نزیكبن؟
- هه‌رگیز نه‌خێر، چونكه وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد شانۆ په‌یامێكی ئینسانی گه‌ردوونی پێیه، ناكرێت ته‌نها به دوای ئه‌و ده‌قانه‌دا بگه‌رِێین، به‌ڵكو پێویسته ئێمه به دوای داهێناندا بگه‌رِێین، به‌بێ داهێنانێكی راسته‌قینه هه‌رگیز شانۆ له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا پێشناكه‌وێت، چونكه ده‌یان شانۆگه‌ریی هه‌یه روداوه‌كانی چه‌ندین سه‌ده پێش ئێستا رویان داوه‌و هیچ هێڵێكی نییه نزیك بێت له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌وه‌و كاتێك له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ ده‌یان بینین، داهێنانێكی گه‌وره‌یان تێدایه‌و زۆر سه‌رنجرِاكێشن بۆ بینه‌ر، ئه‌ده‌بیاتی شانۆی كلاسیك و ئۆدیبۆس چ هیڵێكی هه‌یه په‌یوه‌ندی هه‌بێت به روداوه‌كانی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقه‌وه؟ به‌ڵام من نمایشی ئۆدیبم بینییوه زۆر سه‌رنجرِاكێش و پرِ له داهێنان بووه، به هه‌مان شێوه (ئه‌فگینا له ئۆلیس، ماكپێس، هاملێت، یۆلیۆس قه‌یسه‌ر، شورای چین....هتد) ئه‌مانه هه‌ریه‌كه‌یان تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه و له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ریه‌كه‌یان به‌رهه‌می ئه‌ندێشه و بیركردنه‌وه‌یه‌كی جیاوازن و به هه‌ناسه‌یه‌كی جیاوازیش نووسراون، به ده‌یان شێوازی جۆراوجۆریش نمایشكراون و هه‌رگیزیش كاری له‌وه نه‌كردووه روداو و چیرۆكه‌كانیان له چیرۆكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه و ئه‌م بارودۆخه‌وه دووره.
*له باره‌ی شانۆی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه رۆژگارێك زۆر به به‌رفراوانی له شانۆی عه‌ره‌بی و عێراقیدا باسی لێوه ده‌كرا، ئه‌م بارودۆخه‌ش به شێوازێك له شێوازه‌كان به ئێستاشه‌وه بێت له نێوه‌ندی شانۆی كوردیدا باسی لێوه‌ده‌كرێت، به بۆچوونی تۆ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و شانۆ نه‌ته‌وه‌ییه كامانه‌ن؟
- پرسیاره‌كه‌ت سه‌ر ده‌كێشێت بۆ زۆر لایه‌نی جۆراوجۆر، كه ره‌نگه خزمه‌ت به گفتوگۆكه‌مان نه‌كات، چاكی بۆچویت كه ساڵانێكی زۆر ته‌نانه‌ت له نێوه‌ندی ئه‌كادیمیشماندا قسه و باسێكی به‌رفراوان له شانۆی نه‌ته‌وه‌یی و سیما و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌كرا، دیاره به‌هۆی هه‌ندێ شانۆكاری ئێره‌شه‌وه ئاگام لێیه ئه‌و باسه گوێزراوه‌ته‌وه بۆ شانۆكه‌ی ئێوه‌و شانۆكارانی ئێوه‌ش باس و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام بیرمان نه‌چێت كه هه‌موو نه‌ته‌وه‌و وڵاتێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه له شانۆدا، گه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وه‌و وڵاته شانۆی هه‌بێت، به‌ڵام په‌یامی شانۆ په‌یامێكی ئینسانی و گه‌ردوونییه، ناكرێت سیمای شانۆیه‌كی عه‌ره‌بی له سیمای شانۆییه‌كی فه‌ره‌نسی جودا نه‌بێت، یان شانۆیه‌كی كوردی له شانۆیه‌كی ئه‌ڵمانی جودا نه‌بێت، هه‌روه‌ك من لێره چه‌ند شانۆییه‌كم بینی كه هه‌موویان یه‌ك ده‌قبوون، ده‌رهێنه‌ری (عه‌ره‌ب، كورد، ئه‌ڵمانی، نه‌مسا) كاریان تێدا كردبوو، بینیت هه‌ریه‌ك له‌و ده‌رهێنه‌رانه به پاشخانی جیاوازی كلتووری و رۆشنبیریی خۆیه‌وه كاری له‌و ده‌قه‌دا كردبوو، ئیتر بمانه‌وێت یان نا، ئه‌وه‌ی (ئۆلریگا دوریگه‌ر) ده‌رهێنه‌ری بوو له‌وه‌ی (عادل حه‌سه‌ن) جیاوازتر بوو، ده‌توانین بڵێن یه‌كه‌میان شانۆیه‌كی نه‌مساوییه و دووه‌میان شانۆیه‌كی كوردی، له‌گه‌ڵ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تر له ورده‌كاری ستراكتۆری شانۆدا كه ره‌نگه هه‌ر وه‌ك وتم په‌لكێشمان كات بۆ هه‌ندێ بابه‌تی جیاوازتر كه لێره‌دا ده‌رفه‌تی ته‌واونه‌بێت بۆ گفتووگۆكردن له باره‌یه‌وه، ئه‌وه جێدێڵین بۆ بابه‌تێكی تر و دیالۆگێكی تر، به‌ڵام بیرت ده‌خه‌مه‌وه ئه‌وه شانۆكارانی ئێوه نین به ته‌نها خۆیان به‌و بابه‌ته‌وه سه‌رقاڵكردووه، به‌ڵكو نموونه‌یان له شانۆی میلله‌تاندا یه‌كجار زۆره و بابه‌تێكی پرِ له كێشمه‌كێش و جیاوازییه. زۆر جاریش ئه‌و جیاوازییه به‌ره‌و جۆرێك له سه‌ركێشی و جیابوونه‌وه ده‌چێت، به تایبه‌تیش له‌و بۆچوونه جیاوازانه‌ی كه له‌سه‌ر شانۆی نه‌ته‌وه‌یی دروستده‌بن له لایه‌نی (ده‌ق، شوناس، سیما و تایبه‌تمه‌ندی) دیاره ئه‌م گرفتانه به ته‌نها گرفتی شانۆی كوردیی نییه له كوردستان، هه‌روه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێكرد، به‌ڵكو گرفتی شانۆی عێراقی و شانۆی زۆرێك له وڵاتی تری دونیایه، ئه‌و قۆناغه‌ی ئێوه له گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكانه، ئێمه‌ش ساڵانێكی زۆر له عێراق ئه‌و گفتوگۆیه‌مان كردووه، به‌ڵام رِه‌نگه به‌رهه‌مه‌كان له وڵاتێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر جیاوازبێت، پێم وابێت به پێی ئه‌و وتوێژانه‌ی من كردوومه له‌گه‌ڵ هه‌ندێ شانۆكاری ئێوه‌دا، وای ده‌بینم گه‌نجه‌كان ده‌یانوێت شانۆییه‌كی هیومانیزمی گه‌ردوونی ببێته سیمای شانۆكه‌یان، به‌ڵام بۆچوونێكی تر كار بۆ ناسنامه‌و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی شانۆ ده‌كات، پێم وابێت حه‌قیقه‌تێكی نسبی لای هه‌ردوو لا هه‌یه، به‌ڵام چۆن به هه‌موو لایه‌ك و له ئه‌نجامی گفتوگۆكانه‌وه ئه‌و بۆچوونانه بخه‌ینه چوارچێوه‌یه‌كی مه‌عریفیانه‌ی شانۆ، ئه‌وه خاڵ و گه‌وهه‌ری گرنگی گفتوگۆ‌و بۆچوونه‌كان زیاتر به‌رهه‌دارتر ده‌كات.

|
|
|
| |
بۆچوون نووسین
ناردنی ئه‌م بابه‌ته بۆ هاوڕێیه‌ك
|
|
|
ماڵپه‌ڕی ( چــــــراکــــــــان ) |
|
سەرپەرشتیارى
گشتیى: میران ئابراهام
سەرنووسەر: شۆڕش محەمەد حسێن
ستاف‌و دانه‌ری به‌شی موزیک: غەمگین فەرەج
ستافی کارا : هەژار مەعروف (دەوەن) |
ماڵپه‌ڕی چــــــراکــــــــان
|