شانۆیی ئۆڤیلیا و وه‌همى هاملێت | نیهاد جامی
وێنه‌ى یه‌كه‌م

ئۆڤیلیا له‌نهۆمى سه‌ره‌وه‌ى قه‌لاَكه‌دا له‌ژوانى هاملێتدایه، چاوه‌رِوانه له‌و به‌رزاییه‌وه له‌باوه‌شى بگرێت، بێتاقه‌ت ده‌بێت له‌دوا كه‌وتنى، له‌شوێنه‌كه‌ى خۆى هه‌ڵده‌ستێته‌وه، دێت به رِاره‌و و كوچه‌كانى قه‌لاَكه ده‌سوورِێته‌وه، له‌یه‌كێك له په‌نجه‌ره‌كانه‌وه پاشا ده‌بینێت كه رِووت كراوه‌ته‌وه و جل و به‌رگ و تاجه‌كه‌ى ده‌دزن و خۆشى ده‌خنكێنن، هاملێت له قوولاَیى قه‌لاَكه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، ئۆڤیلیا شڵه‌ژاوه، هاملێت به‌ره‌و رِووى ده‌چێت و ده‌سته‌كانى ده‌گرێت و بۆى ده‌چه‌مێته‌وه سه‌ر زه‌وى، ئۆڤیلیا رِاستى ده‌كاته‌وه به‌ره‌و رِووى یه‌ك ده‌وه‌ستن، سه‌ماى مردن ساز ده‌كه‌ن.
وێنه‌ى دووه‌م
بێده‌نگیه‌كى سه‌یر باڵى به‌سه‌ر قه‌لاَیه‌كى كۆن داگرتووه، نیوه‌رِۆیه‌كى هاوینى گه‌رم، له‌یه‌كێك له‌خانووه دوو نهۆمیه‌كانى ئه‌و قه‌لاَ خابووره، ده‌رهێنه‌رێكى شانۆیى ده‌بینرێت، سیماى ته‌واو شڵه‌ژاوه، له‌ناوه‌رِاستى نهۆمى خواره‌وه‌ى خانووه‌كه وه‌ستاوه، بیر له‌شتێك ده‌كاته‌وه، خۆشى نازانىَ چیه، ده‌یه‌وىَ بگاته نهێنیه‌ك، هاوار ده‌كات (ئۆڤیلیا.. ئۆڤیلیا بێده‌نگ بوونت ده‌مكوژێت) له‌نهۆمى سه‌ره‌وه‌ى خانووه‌كه تارماییه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، دائه‌چڵه‌كىَ به په‌یژه‌كانه‌وه به‌ره‌و خانووه‌كه سه‌رده‌كه‌وىَ، گه‌نجێك به جلێكى رِه‌شه‌وه، شمشێرێكى بریسكه‌دارى به‌ده‌سته‌وه‌یه، ده‌رهێنه‌ره شانۆیه‌كه به‌ترسه‌وه لێى ده‌چێته پێشه‌وه (تۆ تۆ كێى؟) جل رِه‌شه شمشێر به‌ده‌سته‌كه شمشێره‌كه‌ى ده‌خاته‌وه كێلاَن (من هاملێتم، ئه‌و عاشقه‌ى بووه قوربانى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى كه‌سانیتر) ده‌رهێنه‌ر زمانى ته‌ته‌ڵه ده‌كات: هاملێت! تۆ هاملێتى؟ سه‌روه‌رم دڵى من ماركۆ پۆڵۆ په‌رده‌كه‌ى هه‌ڵداوه‌ته‌وه، ته‌نیا تۆ ده‌توانى ئه‌ودیو رِووخسارم ببینى، باش لێم وورد به‌وه كه‌لاوه‌ى زه‌مه‌ن ته‌رمى خۆم و بۆنى شه‌رابى رِژاوى یار تێكه‌ڵ به بۆنى پێلاَوى كورِه گه‌نجه‌كان ده‌كات " هاملێت ده‌یه‌وىَ خۆى كۆبكاته‌وه، ده‌ست ده‌خاته سه‌ر رِووخسارى ده‌رهێنه‌ره‌كه " ده‌رهێنه‌ر هێمن نه‌بۆته‌وه: لێره كه‌س ده‌رفه‌تى نیه سه‌یرى كه‌لاوه‌ى دڵ بكات، سه‌روه‌رم هه‌ر سه‌رده‌مێك و ئۆڤیلیایه‌ك هه‌یه بمانگرێنىَ و خۆشى شێت بكات " ده‌ستى هاملێت ده‌گرێت و له‌سه‌ر په‌یژه‌كان به‌دواى خۆى رِایده‌كێشىَ، ده‌گه‌نه ژوورێكى نهۆمى خواره‌وه، هاملێت له‌وه ناچىَ ئه‌و ژووره‌ى له‌بیر مابێت، به‌حه‌سره‌ت و ترسه‌وه لێى ده‌پرسىَ " ئێره كوێیه؟ من له ژیانم ئێره‌م نه‌دیووه، خه‌ریكه دێته‌وه خه‌یاڵم جاران ئێره باخچه بوو، من و ئۆڤیلیا لێره بووین، بیرمه لێره نامه‌كه‌م پێیدا " ده‌رهێنه‌ر له‌وه به ئاگا دێته‌وه كه هاملێت شوێنه‌كانى لىَ تێكه‌ڵ بووه، بۆیه پێى ده‌ڵێت: ببووره گه‌وره‌م ئێره قه‌ت باخچه نه‌بووه، ئێره ئه‌و ژووره‌یه كه یاده‌وه‌ریه‌كانى شاى باوكتى تیا بوو، دواتر بوو به زیندان بۆ دڵى من، (ورِێنه ده‌كات) هه‌میشه ووتومه جارێكی‌تر نایه‌ڵم دڵ فریووم بدات، به‌لاَم ئه‌وه‌ته سه‌ره‌تاى هه‌ڵه‌یه‌كى نوىَ له ژیانما ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م ئێواره‌یه هه‌ستده‌كه‌م قژى درێژى ئۆڤیلیا له‌قورِگم ده‌بێته په‌تى سێداره، كچه پاڵتۆ سوره‌كه‌ى هاورِێم شه‌وان له‌كاتى خه‌ودا بیرى ده‌كه‌ومه‌وه، كه‌چى من بێده‌نگى بارانم به‌لاوه مه‌به‌ستره، ده‌مه‌وىَ برِۆمه شاخ چه‌ك هه‌ڵگرم له‌پێناو عه‌شقه‌كانى خۆمدا شه‌رِ بكه‌م و بكوژرێم، گرنگ فیشه‌كێك ساردم بكاته‌وه و بكوژرێم (هاملێت به ئاگاى دێنێته‌وه) بۆبیر له مردن ده‌كه‌یته‌وه؟ باران به بێده‌نگى ده‌مانكوژێت؟ ده‌رهێنه‌ر ده‌یبرِێت (به‌لاَم گه‌وره‌م هاملێت كچێكى پاڵتۆ سووریش ئێستا منى بیر ده‌كه‌وێته‌وه) هاملێت وون ده‌بێت، ده‌رهێنه‌ر شێتانه ته‌واوى كونج و كه‌له‌به‌رى ماڵه‌كه‌ى به‌دوا ده‌گه‌رِێت، بێ‌ئومێد ده‌بێت له گه‌رِان، ترس ته‌واو لێى ده‌نیشىَ، به‌شێوه‌یه‌ك داده‌نیشىَ وه‌ك ئه‌وه‌ى وێرد بخوێنىً: به‌سته‌زمان هاملێت وه‌ك باوكه كلۆڵه‌كه‌ى بۆته تارمایى و له‌ماڵه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه، هه‌موومان دواى مردن ده‌بینه‌وه تارمایى و له‌و ماڵه‌دا ده‌رده‌كه‌وینه‌وه. هه‌موو ژیان ویستوومه شكستى عه‌شق بنووسمه‌وه، ئێستا وورد ده‌بم و كه‌سێك له‌وانه‌ى خۆشیان ویستووم نامبینن، وه‌ك ئه‌وه‌ى جامى په‌نجه‌ره‌یه‌ك بم و مناڵێك به‌دار لاستیكه‌وه به‌ردم تێبگرێت ده‌شكێم، كه‌س شكانم نابینىَ (هه‌ڵده‌ستێته‌وه خه‌ریكى چاڵ هه‌ڵكه‌ندنه، كه‌لله سه‌رێك له چاڵه‌كه ده‌دۆزێته‌وه) له‌سه‌ر خۆڵه‌كه‌ى داده‌نىَ) به‌دواى كه‌لله‌سه‌رێك ده‌گه‌رِێم له‌خۆم بچێت، خه‌ڵك چاوه‌رِوانن له‌سه‌ر ده‌ستى من شانۆ ببینن، كه‌چى من دۆرِاوێكى عه‌شقم و خه‌ون به شانۆیه‌كى نوێوه ده‌بینم، ته‌نیا شانۆ و دوا دۆرِانى حیكایه‌تێكى ته‌واو نه‌كراوم بۆماوه‌ته‌وه (چنگێك خۆڵى به‌ده‌سته‌وه‌یه، به به‌رزایى بالاَى خۆى رِووى ده‌كاته سه‌ر زه‌وى) ئیدى نه‌كه‌س ئاره‌زووى سه‌یركردنى شانۆى هه‌یه و نه مه‌خلوقێك دان به دۆرِانى عه‌شق ده‌نێت (وا پێشبینى ده‌كات، رِۆژى نمایشه‌كانیه‌تى و بینه‌ران سه‌یرى ده‌كه‌ن، خۆى هێمن ده‌كاته‌وه به‌رِاده‌ى ئه‌وه‌ى بتوانىَ سه‌رنجى بینه‌ران بۆلاى خۆى رِابكێشێت) منى شانۆكار بۆ ئه‌به‌د دۆرِام.. تا مردن خۆم به ته‌نیا له‌و قه‌لاَیه ده‌مێنمه‌وه، ئه‌كته‌رێك له‌ده‌ورم نامێنىَ، هه‌موویان به‌ره‌و رِوناكى بلاجیكتۆرِى هۆڵه نایابه‌كان ده‌رِۆن، ئه‌و شانۆیه به گه‌مه‌یه‌كى بێزاركه‌ر ده‌بینن، ئێوه‌ش نیازتانه له‌گه‌ڵ تاریكایى جێ‌مان بێلن (ده‌یه‌وىَ بینه‌ران به‌رِىَ بكات، بۆ ئه‌وه‌ى ته‌نیا خۆى بمێنێته‌وه) نا ئاساییه گه‌وره‌م خه‌مى منتان نه‌بێت، تۆزێكیتر ده‌مرم و سه‌گه‌كان ده‌ورم ده‌ده‌ن ئه‌وان له‌دوا هه‌ناسه‌ى سه‌ره مه‌رگم رِاده‌مێنن، كه دڵنیابوون له مردنم، ده‌میان له جه‌سته‌م ده‌نێن.. هه‌ر پارچه‌یه‌كم به ده‌مى یه‌كێكیانه‌وه‌یه، خواتان له‌گه‌ڵ (ئێستا پێشبینى دواى مردنى خۆى ده‌كات) چه‌ند ده‌ترسام رِۆژێك سه‌گ بمخوات، ئه‌وه‌ته به‌ده‌ست كه‌ڵبه‌ى خوێناوى سه‌گه‌كانه‌وه له‌نێو خۆڵى قه‌لاَ بۆگه‌ن ده‌كه‌م و ووشك ده‌بم، خۆر ئێسقانه‌كانم ووشكده‌كاته‌وه (هاملێت له‌سه‌ر چاڵه خۆلاَویه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌لله سه‌ره‌كه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌گرێت و تێى رِاده‌مێنىَ و ده‌یدوێنێت) رِۆژێك لێره خه‌ونت هه‌بوو، خه‌ونى پرِۆژه‌ى شانۆیى جیاواز، پێویسته تارمایه‌كه ئه‌مجاره ده‌ربكه‌وێته‌وه له‌و نهێنیه ووریاى بكه‌مه‌وه، ئه‌وه‌ى ویستى له شانۆیه‌كدا ئێمه بێنێته ئه‌و ماڵه ئه‌وه‌ته كه‌لله سه‌ره‌كه‌ى به‌ده‌ستى منه‌وه‌یه، ئه‌و جارێكی‌تر لێره خه‌ریكى شانۆ نابێت. (ده‌رهێنه‌ره شانۆییه‌كه تىَ ده‌گات له‌وه‌ى كه‌لله سه‌ره ووشك بووه‌كه سه‌رى خۆیه‌تى) به‌رِێز هاملێت ئه‌وه كه‌لله سه‌رى منه؟ باوه‌رِ ناكه‌م ئه‌وه‌ته كه‌لله سه‌رم لاى خۆمه (هاملێت به‌ره‌و رِووى ده‌چێت) ئه‌وه‌یان وه‌همى خۆته، سه‌ره رِاسته‌قینه‌كه‌ت ئه‌وه‌ته به‌ده‌ست منه‌وه‌یه.. لێى وورد به‌وه چه‌ند جار قسه‌ت پێى كردووه به‌چاوه‌كانت كه ئێستا ته‌نیا دوو كونى بۆشن پێى گریاوى، ئه‌و بۆشایه ترسناكه‌ت دیوه ئه‌وه لێوه‌كانته چه‌ندین جار له‌عه‌شقدا گه‌رمترین شوێنى تۆ بووه (ده‌رهێنه‌ر ده‌كه‌وێته گریان) مردووم.. مردووم و به خۆم نه‌زانیووه (هاملێت بێده‌نگ به‌په‌یژه‌كه سه‌رده‌كه‌وىَ به‌ره‌و ژووره‌كه‌ى سه‌ره‌وه، كه‌لله سه‌ره‌كه‌ى به‌ده‌سته‌وه‌یه، رِووى بۆ ده‌رهێنه‌ره‌كه ده‌سورِێنێت) كه‌لله سه‌ره‌كه‌ت له‌نێو تاقه‌كان داده‌نێم، به‌ته‌ك سه‌رى شا كوژراوه‌كه‌ى باوكم دایده‌نێم، ئه‌وه‌ته فرمێسك به ئێسقانى چاوه هه‌ڵكۆڵدراوه‌كانت دێته خوارىَ، به‌سه مه‌گرى دنیا ته‌واو تاریك بووه (دنیا ته‌واو تاریك داهاتووه، ده‌رهێنه‌ره‌كه ده‌چێته ناو چاڵه‌كه و هاملێت دێت به خۆڵه‌كه‌ى سه‌رى چاڵه‌كه پرِ ده‌كاته‌وه، له‌ژووره‌كه‌ى خواره‌وه هاملێت ده‌مێنێته‌وه، هه‌ندێكجار ته‌نها هه‌ست به هه‌ناسه‌ى ده‌كرىَ، جار و بارێكیش به ئاسته‌م ده‌بینرێت، دێته به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كه ده‌ڵێت) رِِۆژێك ئه‌و ماڵه ژیان و شانۆى تیا بوو .
وێنه‌ى سێیه‌م
ئۆڤیلیا شێت بووه هه‌ر له‌وشوێنه‌ى تاوانى كوشتنى پاشاى تیا بینى، ده‌رده‌كه‌وێته‌وه، ده‌نگێك ده‌رده‌خات له‌شێوه‌ى (لالالالالالالالالا) زیاتر له‌ده‌نگى گۆرانیبێژى ئۆپیرایى ده‌چێت، هاملێت ده‌ستى ده‌گرێت به‌ره‌و په‌یژه‌كان ده‌یبات، به‌یه‌كه‌وه داده‌نیشن، به بێده‌نگى ده‌رِواننه گۆرِى ده‌رهێنه‌ره شانۆییه‌كه، ئۆڤیلیا خێرا له‌سه‌ر په‌یژه‌كان ده‌چێته خواره‌وه، له‌به‌رامبه‌ر گۆرِه‌كه ده‌وه‌ستىَ، ده‌یه‌وىَ وێرد بخوێنىَ، به‌لاَم گریان رِێگاى نادات. به قوورِگى پرِ له گریان ده‌ڵێت
ئۆڤیلیا: تۆ رِۆژێك ده‌تویست من له‌سه‌ر لاپه‌رِه‌ى كاغه‌زه‌وه بكه‌یته حه‌قیقه‌ت، خه‌ونت به‌كه‌سێكى وه‌كو من عاشق ده‌بینى، گه‌وره‌م تۆ هاملێته رِاسته‌قینه‌كه سه‌ر به‌رزكه‌وه، من نازانم كامتان حه‌قیقه‌تن؟
هاملێت: "تورِه بووه و له‌سه‌ر په‌یژه‌كان هه‌ڵساوه‌ته‌وه و شمشێره‌كه‌ى به‌رِووى ئۆڤیلیا به‌رز ده‌كاته‌وه " ئۆڤیلیا! من حه‌قیقه‌تم، له‌من زیاتر كه‌س هاملێت نیه.
ئۆڤیلیا: به‌لاَم تۆ پێت ووت كه كه‌لله سه‌ره‌كه كه‌لله‌ى ئه‌وه نه‌ك هاملێت، ببوره هاملێتى دانیماركى، تۆ خۆت دانت به‌وه نا كه ئه‌و هاملێتى رِاسته‌قینه‌یه، منیش چیتر ئه‌و ئۆڤیلیایه نیم كه له شانۆگه‌ریه‌كه ده‌خوێنرێمه‌وه، ئه‌وه‌ته منیش هاتمه ده‌ره‌وه‌ى گه‌مه‌ى نووسین و بوومه به شێك له حه‌قیقه‌ت، ئه‌گه‌ر شێتیش بم ئه‌وه له ئه‌نجامى گه‌رِانى به‌ردواممه به‌دواى هاملێتى رِاسته‌قینه، تۆش "ئاماژه بۆ هاملێت ده‌كات " پێویسته به‌دواى ئۆڤیلیاى رِاسته‌قینه‌ى خۆت بگه‌رِێى نه‌ك من، چونكه ئه‌وه‌ته عاشقه‌كه‌ى من له‌ناو گۆرِه "ده‌رهێنه‌ره‌كه ده‌دوێنێت " سه‌روه‌رم سه‌ر به‌رز كه‌وه من خۆشم ئه‌وێى
هاملێت: "توورِه بوونێكى شێتانه به‌رِووخساریه‌وه دیاره هه‌ر به‌و شیتایه‌یته‌وه له‌سه‌ر په‌یژه‌كان دێته خواره‌وه، ئۆڤیلیا ده‌كوژێت "
ئۆڤیلیا: "به برینداریه‌وه " ئه‌وه‌ته هاتم به‌ره‌و رِووت هاملێتى خۆم، هاملێتى سه‌ر كاغه‌ز منى كوشت، ئه‌و ده‌یویست بۆ ئه‌و بم گه‌ر بۆ ئه‌و نه‌بم ده‌بىَ بمكوژىَ، ئه‌و زۆر ته‌ڵه‌كه‌باز بوو كه بۆ ئه‌و نه‌بم ده‌بىَ بكوژرێم، سه‌روه‌رم ئامێزت بكه‌وه با بێمه گۆرِه‌كه‌ته‌وه.
"رِوناكى له‌سه‌ر ئۆڤیلیا و گۆرِه‌كه نامینێت، ته‌نیا شمشێره به‌خوێنه‌كه‌ى هاملیت ده‌بینین، خوێن ته‌واوى قه‌لاَكه‌ى داگرتووه، واتێده‌گات هه‌موو دونیا به شمشمێر رِووبه‌رِووى ده‌بنه‌وه، شه‌رِى هه‌مووان ده‌كات، به‌ترسه‌وه پشتاو پشت ده‌گه‌رِێته‌وه سه‌ر په‌یژه‌كه، شمشێره‌كه‌ى خۆشى دژى رِاده‌وه‌ستێته‌وه، تارمایه‌كى نادیار به شمشێره‌كه‌ى خۆى ده‌یكوژێت، له‌سه‌ر په‌یژه‌كان غلۆر ده‌بێته‌وه خواره‌وه " .
5 ى ئادارى 2008
كه‌ركوك
|