بیناى رِوداو له رِۆمانی : مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته‌دا | سه‌لاح جه‌لال
حوسێن سابیر عه‌لی
سه‌ره‌تایه‌ك

لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر رِۆمان كارێكی فراوان ء گشتگیره، واته ئه‌گه‌ر بخوازێن خۆمان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ئاماده بكه‌ین ء رِۆمانیش بكه‌ینه نیازه‌كه، ئه‌وه چه‌ندین پرسیار دروست ده‌بێت، ئایا مه‌به‌ست له چى رِِۆمانه؟ مێژوی؟چۆنێتی سه‌رهه‌ڵدانی؟ ته‌كنیكی؟ جیهانبینی؟ ناوه‌رِۆك؟... تاد. ئه‌گه‌ر كاریشمان به‌ته‌واوی له‌سه‌ر گشت ئه‌و به‌شانه كرد، ئه‌وه به‌ته‌واوی ناتواندرێت مافی گشتیان بده‌ین.
بۆیه ئه‌وه‌مان به‌چاك زانی كه خۆمان له قه‌ره‌ی ته‌كنیكى رِِۆمان نزیك بكه‌ینه‌وه، له ته‌كنیكى رِِۆمانیشدا ته‌نیا(روداو)مان هه‌ڵبژارد.
بێگومان تایبه‌تمه‌ندی وتیشك خستنه سه‌ر بابه‌تێكی دیاری كرا‌و له لێكۆڵینه‌وه‌دا، سنوری كارمان بۆ دیاری و ئاسان ده‌كات. زیاتریش له پێكانی مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌كه نزیكمان ده‌كاته‌وه.
له‌م لێكۆڵینه‌وه كورته‌دا، كار له‌سه‌ر بینای رِوداو له‌رِۆماندا ده‌كه‌ین. سه‌ره‌تا باس له ناساندنی رِوداو له ژیانی ئاسایی له‌ناو رِۆماندا ده‌كه‌ین. دواتر گرنگی بینای رِوداو له‌رِۆماندا دیاری ده‌كه‌ین. دواتریش له پێكه‌هاته‌ی رِوداو ده‌دوێین وشیده‌كه‌ینه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌ویش باس له‌رِێره‌وی رِوداو له‌رِۆماندا ده‌كه‌ین وچۆنیه‌تی رِودانی رِوداوی رِۆمان دیاری ده‌كه‌ین. دواتر به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی كار له‌سه‌ر بینای رِوداو له رِۆمانی (مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته) ده‌كه‌ین وهه‌یكه‌ل و بینای رِوداوی رِۆمانه‌كه دیاری ده‌كه‌ین.
رِوداوچییه؟
له ژیانی رِۆژانه‌ماندارِوبه‌رِوی رِوداو ده‌بینه‌وه، ده‌شێش رِوبه‌رِوی رِوداوێك ،یان چه‌ندین رِوداو ببینه‌وه. واته‌رِوداو تێكه‌ڵی ژیانی مرۆڤه و به‌یه‌كه‌وه كار ده‌كه‌ن. هه‌ندێ جار رِوداو كار له مرۆڤ ده‌كات و كاریگه‌ری به‌سه‌ریه‌وه ده‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ندێ جار رِوداو كار له مرۆڤ ده‌كات ورِێره‌وی ژیانی ده‌گۆرِێت. دكتۆره(شوكریه‌رِه‌سوڵ) سه‌باره‌ت به‌رِوداو ده‌ڵێت:
( بریتیه له‌و زنجیره گۆرِانه‌ی كه به‌سه‌ر ره‌وشتی كه‌سه‌كاندا دێت له پێوه‌ندی وكارلێككردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و شتێیدا دێن و ده‌چن.1)
سه‌باره‌ت به‌چیرۆك و رِۆمانیش:
(رِوداو به‌برِبرِه‌ی پشتی چیروك داده‌نرێت، جا ئه‌و رِوداوه رِوداوێكی واقعی بێ،یان تێكه‌ڵ كردنی خه‌یاڵ و واقیع بێت. 2)
ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له نوسه‌ران پێناسه‌ی چیرۆك به‌رِوداو ئه‌ژمار ده‌كه‌ن. چیرۆكنوس و رِۆماننوس(حوسێن عارف)ده‌ڵێ:
(چیرۆك بریتییه له‌و زنجیره رِوداو و كاره‌ساتانه(به‌دیوی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌دا ) كه به‌سه‌ر كه‌سه‌كانی چیرۆك دێن وتێده‌په‌رێ. 3)
دوای ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی رِوداومان كرد، پێویست ده‌كات كه شوێنى رِِوداو له پێك هاته‌ی ده‌قی رِۆماندا دیاری بكه‌ین.
بناغه‌ی رِۆمان ته‌نیا له‌سه‌ر یه‌ك ته‌كنیك و یه‌ك بنه‌ما ورِه‌گه‌ز دروست نابێ،به‌ڵكو ده‌قی رِۆمان له‌سه‌ر چه‌ند رِه‌گه‌زێك دروست ده‌بێ. له‌م باره‌یه‌شه‌وه دكتۆره شوكریه‌رِه‌سوڵ رِه‌گه‌زه‌كانی رِۆمانی به‌م شێوه یه دیاری كردوه:
(1-رِوداو،
2- شه‌خسیات(كه‌سایه‌تییه‌كان)،
3- گێرِانه‌وه (گفتوگۆ)
4- كات و به‌شه‌كانی
5- شوێن(جۆر وخاسییه‌تی)
6- ناونیشان . 4 ).
هه‌روه‌ها دكتۆر(نه‌جم خالید ئه‌ڵوه‌نی)له‌ته‌ك رِه‌گه‌زی تاك له‌رِۆماندا،به‌م شێوه‌یه‌رِه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی رِۆمانی دیاری كردوه (كه‌سیه‌تی،رِوداو، شوێن، دایه‌لۆگ، مه‌نه‌لۆگ، حه‌كایه‌ت، گێرِانه‌وه. 5)
هه‌روها (محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن)به‌م شێوه‌یه‌رِه‌گه‌زه‌كانی دیاری كردوه:
(زمان، كاره‌كته‌ر،رِوداو، كات وشوێن، ..تاد . 6).
ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنج بده‌ینه هه‌رسێ كۆمه‌ڵه رِه‌گه‌زه‌كه‌ی رِۆمان، ئه‌وه ئه‌وه‌مان بۆ به‌دیار ده‌كه‌وێت كه‌رِه‌گه‌زی رِوداو له‌لایه‌ن هه‌رسێ به‌رِێزه‌وه ده‌ستنیشان كراوه،ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه‌رِه‌گه‌زی رِوداو رِه‌گه‌زێكی رِه‌سه‌نه وناتوانرێت له دامه‌زراندنی ده‌قی رِۆمانێكداچاوپۆشی لێبكرێت.
گرنگی رِوداو
له ناسینی رِوداودا ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا بو كه‌رِوداو برِبرِه‌ی پشتی رِۆمان وچیرۆكه، به‌رِاستیش هه‌روایه، چونكه ئه‌گه‌ررِوداو نه‌بێت، ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كان هه‌شبن، ئه‌وه به‌شێوه یه‌كی بێ مانا‌و مه‌به‌ست رِۆڵیان له‌رِۆمانه‌كه دا ده‌بێت وهیچ كارێك رِونادات.
(رِوداو زۆر گرنگه، گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌دا به‌دیار ده‌كه‌وێ كه‌هیچ چیرۆكێك به‌بێ رِوداو نابێت، واته ئه‌گه‌ر رِوداو نه‌بێت چیرۆك دروست نابێ. 7)
ته‌نانه‌ت هه‌ندێ كه‌س وه‌ك دكتۆر (رِه‌شاد رِوشدی)پێیان وایه كه به‌بێ رِوداو چیرۆك، یان رِۆمان شێوه‌ی بۆ دروست نابێ،
(چیرۆك ئه‌وكاته رِوخساری ده‌بێ كه وێنه‌ی رِوداوێكی ته‌واو ده‌كێشێت، ئه‌و رِوداوه‌ش سه‌ره‌تاو ناوه‌رِاست و كۆتایی ده‌بێت وپه‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانی هه‌ر سێ به‌شه‌كه به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه 8)
دكتۆره (په‌رێز سابیر)یش ده‌ڵێ:
(رِوداو رِۆڵێكی سه‌ره‌كی له سازدانی بینای هونه‌ری هه‌رچیرۆكێك دا ده‌گێرِێت. 9).
ئێمه كه ده‌ڵێین رِوداو رِۆڵێكی سه‌ره‌كی له‌رِۆماندا ده‌گێرِێت، مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه كه‌رِه‌گه‌زه‌كانی دیكه ناسه‌ره‌كین و رِۆڵی كارایان نییه، نه‌خێر، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه كه رِوداو شان به‌شانی چه‌ند رِه‌گه‌زێكی دیكه‌ی رِۆمان ته‌لاری رِۆمان دروست ده‌كه‌ن:
(هه‌مورِه‌گه‌زه‌كانی ناو هونه‌ری چیرۆك نوسین یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن، هیچكام له‌و رِه‌گه‌زانه به‌ته‌نیا ناتوانێ چیرۆكێكی جوان بخوڵقێنێ بۆنمونه به‌ته‌نیا زمانێك ناتوانێ چیرۆك دروست بكات، یان به‌ته‌نیا روداوه‌كان.10)
به‌ڵام گرنگییه‌كه‌ی رِوداو له‌وه‌دایه كه زۆربه‌ی رِه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی رِۆمان له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی كۆده‌كاته‌وه‌و رِایه‌ڵیان ده‌كات.
ئه‌گه‌ر له ده‌قی رِۆمانێك دا رِوداوێك، یان چه‌ند رِوداوێك هه‌بو، ئه‌وه پێویست به‌وه ده‌كات كه كه‌سایه‌تی هه‌بێت بۆجێبه‌جێكردن و رِۆڵگێرِانیان له وازیكردنی ئه‌نجام دانی رِوداوه‌كان. كه‌رِوداو وكه‌سایه‌تیت هه‌بو، ئه‌وه پێویست ده‌كات شوێنیشت هه‌بێ و كاره‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نجام بده‌ی. كه ئه‌و سێ رِه‌گه‌زه‌شت هه‌بو، ئه‌وه به‌شێوه یه‌كی پێویست كات خۆی رِه‌پێش ده‌كات و هه‌مویان له ماوه‌یه‌كی دیاری كرا‌و كۆده‌كاته‌وه.رِه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ش به هه‌مان شێوه رِۆڵی خۆیان له تێكسته‌كه ده‌بینن، به‌ڵام ئه‌وه‌نده هه‌یه له‌هه‌ندێ ده‌قی رِۆماندا هه‌یه‌رِوداوی زۆری تێدایه زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه. له‌هه‌ندێ رِۆمانی دیكه شوێن زۆر به‌رجه‌سته كراوه وتیشكی خراوه‌ته سه‌ر.رِه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ش به‌هه‌مان شێوه ئه‌و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. هه‌رچۆنێك بێ رِوداو له‌هه‌مو ده‌قێكی رِۆماندا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه كه‌می و زۆری، یان ساده‌ی و ئاڵۆزی به‌كار هێنانیه‌تی.
گرنگی رِوداو له‌م رِۆمانه‌دا پێك هاته و رێره‌وی رِوداو
هه‌رچه‌نده روداو وه‌كو رِه‌گه‌زێكی رِۆمان سه‌یر ده‌كرێت وبه‌شێكه له‌به‌شه پێكهێنه‌ره‌كانی رِۆمان، به‌ڵام رِوداویش له‌ناو خۆی دا شێوه پێكهاته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه وله‌چه‌ند به‌شێك پێك دێت.
(ئه‌و رِوداوانه‌ی كه چیرۆكنوس هه‌ڵیان ده‌بژێرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن چیرۆك دروست بكه‌ن پێویستیان به‌رِێكخستن هه‌یه، چونكه چیرۆكنوس ئه‌ورِوداوانه‌ی كه‌وه‌ریان ده‌گرێت به‌روتی وه‌ك خۆیان وه‌ریان ناگرێت، به‌ڵكو گیانی ئه‌ورِوداوانه وه‌رده‌گرێت و دوباره به‌سه‌ریان دا دێته‌وه وده‌سكاریان ده‌كات وگۆرِانیان به‌سه‌ردادێنێت ودایان ده‌رِێژێته‌وه، ئه‌و رِێكخستن و دارِشتنه‌وه‌یه پرۆسه‌ی پێكهاتنی پلۆتی چیرۆك پێك ده‌هه‌ێنن.11)، پلۆت (گرێچن-حبكه)ته‌نیا خاڵێكی رِوداوی چیرۆك، یان رِۆمان نییه، به‌ڵكو(پلۆتی هه‌ر چیرۆكێك له‌سه‌ر سێ به‌ش پێك دێت، سه‌ره‌تا وناوه‌رِاست وكۆتایی .12).واته پلۆت له سێ به‌ش پێك دێت،به‌هه‌ر سێكیان میكانیزمی ته‌واوی رِوداوێك پێك ده‌هێنن.
ئه‌گه‌رهێڵكارییه‌ك بۆ پلۆت ، یان هه‌ندێ كه‌س گرێچنیشی پێده‌ڵێن ئه‌وه خۆی به‌م شێوه‌یه نیشان ده‌دات.
واته گرێچنی رِۆمانێك له سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێده‌كات و به‌ره‌و هه‌وراز هه‌نگاو ده‌نێ، دواتر ورده ورده به‌ره‌و خوار دێته‌وه. به‌م شێوه‌یه خۆی له‌م هاوكێشه‌یه ده‌بینێته‌وه :
رِوداو ناوه‌راست
كوَتایی سه‌ره‌تا
رِوداو= سه‌ره‌تا > ناوه‌رِاست > كۆتایی.
به‌ڵام جاری واهه‌یه ده‌قێكی رِۆمان ئه‌م هاوكێشه باوه ده‌شكێنێت وخۆی به‌جۆرێكی دیكه نمایش ده‌كات،
وه‌ك:
رِوداو= ناوه‌رِاست > سه‌ره‌تا > كۆتایی.
یان به‌م شێوه‌یه:
رِوداو = كۆتایی > ناوه‌رِاست >سه‌ره‌تا.
كه‌دیاره ئه‌مه‌ی دوایی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی شێوه باوه‌كه‌یه.
سه‌ره‌رِای ئه‌م شێوه جیاوازانه، ((ئه‌م سێ به‌شه (سه‌ره‌تا، ناوه‌رِاست، كۆتایی)بایه‌خێكی یه‌كجار گه‌وره‌یان هه‌یه‌و ده‌بێ گرنگییه‌كی زۆریان پێ بدرێت ،چونكه هه‌ریه‌كه له‌شوێنی خۆی بایه‌خێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه ))(13).ئه‌م سێ به‌شه‌ی چیرۆك و رِۆمان هه‌ریه‌كێكیان گرنگییه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه.
(سه‌ره‌تا له‌چیرۆكدا بایه‌خی زۆری هه‌یه، چونكه ده‌ست پێكردنی رِوداوه‌كان له‌وێوه‌یه. ده‌روازه‌یه‌كه بۆچونه ناورِوداوه‌كانی چیرۆكه‌كه. جابۆیه ده‌بێت چیرۆكنوس به‌شێوه‌یه‌كی وا سه‌رنج رِاكێشانه ده‌ست پێ ده‌كات كه خوێنه‌ر كێش بكات بۆ ناو چیرۆكه‌كه و وای لێبكات نه‌توانێت واز له خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه بهێنێت.
ناوه‌راست شێوه‌ی دوه‌مه كه‌رِوداوه‌كان له ناوه‌رِاسته‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن. واته له‌كاتی ئاڵۆزبونی رِوداوه‌كان. كاتێكردنی رِوداوه‌كان گه‌یشتونه‌ته لوتكه چیرۆكه‌كه ده‌ست پێ ده‌كات.
كۆتایی بایه‌خی خۆی هه‌یه، چونكه هه‌موشته‌كان وئه‌نجامه‌كان لێره‌دایه وهه‌مو شتێ رِون ده‌بێته‌وه. ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری وا بنوسرێ تاكوخوێنه‌ر هه‌وڵ بدات زو بگاته كۆتایی تاكو بزانێ رِوداوه‌كان چی ده‌بێت 14).
رِوداوله‌رِۆمانی مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته دا
دوای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تایه‌كی تیۆریمان له‌باره‌ی رِوداو له‌رِۆماندا خسته‌رِو، گرنگی ئه‌و رِه‌گه‌زه‌مان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌و رِێرِه‌وی كاركردنی رِوداو له‌رِۆماندا شیكرده‌وه، لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌به‌ر تیشكی ئه‌و چه‌مكانه، بینای رِوداو له‌رِۆمانی (مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته‌دا 15) دیاری بكه‌ین و شی بكه‌ینه‌وه.
رِۆمانی مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته كه‌نوسه‌ر(سه‌ڵاح جه‌لال)له /4/12/1991 له‌نوسینه‌وه‌ی بۆته‌وه وله ساڵی 1997چاپی كردوه، له (92) لاپه‌رِه‌و نۆ چاپته‌ر پێك هاتوه. شاڵ سه‌وز كه‌سێتی سه‌ره‌كی رِۆمانه‌كه‌یه وهه‌ندێ جاریش به‌كفن پۆش و هه‌ندێ جاری دیكه‌ش به خه‌لیفه محمود و هه‌ندێ جاری دیكه‌ش به شێخه په‌رِۆ ناوی هاتوه. له‌پاڵ ئه‌ویش كه‌سێتی شاڵ سپی هه‌یه كه به‌كه‌سی دوه‌می رِۆمانه كه داده‌نرێت.
بێجگه له‌و دو كه‌سه، كه‌سانی دیكه‌ش هه‌ن، وه‌ك(ئاراس، نیاز، شه‌ونم، میمكه مریه‌م، ناسكۆڵ، مامه قاله، شێرزادی بازرگان، مام مه‌حمود، فه‌رهاد، عه‌لی جه‌رِاح، خاته شێت، حه‌مه‌ی بێگۆرِ، گۆرِهه‌ڵكه‌ن، ئه‌حه چه‌قۆ)له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سی دیكه كه‌له‌رِومانه‌كه‌دا هه‌ن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی رِاسته‌وخۆ ناویان نه‌هاتوه، زۆربه‌ی رِوداو به‌سه‌رهات وكه‌سه‌كانی ناورِۆمانه‌كه له‌لای شاڵ سه‌وز ده‌رده‌چن وده‌گه‌رِێنه‌وه.
بنیادی ئه‌م رِۆمانه ته‌نیا له‌سه‌ر یه‌ك رِه‌گه‌زی دانه‌مه‌زراوه، به‌ڵكو وه‌كو ته‌ونی جاڵجاڵۆكه زۆربه‌ی رِه‌گه‌زه‌كان رِۆڵی خۆیان له‌بنیاد نانی جه‌سته‌ی ده‌قه‌كه دیوه‌و پێكه‌وه به‌شدارییان كردوه.
به‌ڵام ده‌توانین ئه‌وه بڵێین كه‌دورِه‌گه‌ز له‌م رِۆمانه زیاتر كاره‌كانیان له ئه‌ستۆ گرتوه، ئه‌وانیش(كه‌سایه‌تی ورِوداو)ن پێشتر ئه‌وه‌مان رِونكرده‌وه كه شاڵ سه‌وز كه‌سێتی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه و زۆربه‌ی رِه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ش به شاڵ سه‌وزه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه، گومانیشی تێدانییه رِوداویش وه‌كو رِه‌گه‌زه‌كانی دیكه په‌یوه‌سته به‌شاڵ سه‌وزو له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاو ده‌هاوێژێ وهه‌ردوكییان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن.
رِوداوی سه‌ره‌كی رِۆمانه‌كه
(له‌سه‌ر ئاشكرابونی نهێنی ژیان ورِابردوی شاڵ سه‌وز وه‌ستاوه، چونكه‌رِابردوی شاڵ سه‌وز له ده‌قه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی په‌نهان وئاڵۆزه كه به‌دوادا چون وئاشكرا كردنی ئه‌و رِابردوه بۆته گرێچنی ده‌قه كه و هه‌مو نهێنی و هه‌وڵدانێكی له‌خۆی دا فۆرِمه‌ڵه كردوه .16).
بنیادی ئه‌ورِوداوانه‌ی كه به‌شاڵ سه‌وزه‌وه به‌نده، ئه‌وه‌یه كه شاڵ سه‌وز كه‌سێتییه‌كی شاراوه‌ی هه‌یه، شاڵ سپیش له‌رِێگه‌ی پرسیاره‌وه هه‌وڵی ئاشكرابون وئاشكراكردنی شاڵ سه‌وز و ئه‌و رِوداوانه‌ی كه به‌وه‌وه به‌ندن ده‌دات. واته ده‌قه‌كه له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك به‌ناوی شاڵ سه‌وزه‌وه دامه‌زراوه، ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ش نهێنی تایبه‌ت به‌شاره‌كه‌ی(سلێمانی)هه‌یه، شاڵ سپیش هه‌وڵ ده‌دات كه‌ئه‌و نهێنییانه ئاشكرا بكات، ئه‌مه كرۆكی رِۆمانه‌كه‌یه.
به‌ڵام بێجگه له‌م كه‌سێتییه و ئه‌و رِوداوانه‌ی كه په‌یوه‌ستن پێیه‌وه، چیرۆكی دیكه‌ش هه‌یه و به‌شدارن له بنیاد نانی رِۆمانه‌كه و به‌رِێوه‌چونی رِوداوه‌كانی رِۆمانه‌كه، وه‌ك:
1- چیرۆك، یان رِوداوی له‌سێداره‌دانی لاوێكی هه‌ژده ساڵان كه خه‌لیفه له لاپه‌رِه(15)باسی ده‌كات و بۆپرِۆسه‌كه‌ی ده‌چێت.
2- چیرۆكی شه‌ش مانگ پێش مه‌رگی ئاراس، له‌كاتێكدا بۆ خوێندن بۆ پایته‌خت ده‌چو، چیرۆكه‌كه‌ش بریتییه له‌چیرۆكی خۆشه‌ویستی ئاراس ونیاز، له‌گه‌ڵ پێكه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی به چیرۆكی ئاراس وشه‌ونم كه پێكه‌وه له به‌غدا ده‌یان خوێند، تا چیرۆكی شه‌هید بونی ئاراس ته‌واو ده‌بێ.
3-رِوداوی به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی و ئه‌و رِوداوانه‌شی كه‌به‌هۆی شه‌رِی به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی دروست ده‌بن.
4- چیرۆك و رِوداوه‌كانی ئه‌نفالی كوردستان وگێرِانه‌وه‌ی مه‌رگی تراژیدی وچنینی له‌گه‌ڵ گێرِانه‌وه‌ی رِوداوه مه‌رگ ئامێز وجه‌رگ برِه‌كانی دیكه.
5- چرۆكی میمكه مریه‌م، كه‌سێ كاتژمێر له‌خۆ ده‌چێ وكه به ئاگاش دێته‌وه له نێو كاره‌ساتی شاره‌كه خۆی ده‌بینێته‌وه.
6- چیرۆكی ئه‌و سێ ته‌رمه‌ی كه كه‌له‌لایه‌ن گۆرِهه‌ڵكه‌نه‌وه بۆشاڵ سه‌وزی ده‌گێرِێته‌وه كه‌خێزانێكی خۆفرۆش و داوێن پیس بونه، دوای ئه‌وه‌ی ئاشكراده‌بن ده‌یان كوژن.
7-رِوداوه‌كانی په‌یوه‌ست به خۆشه‌ویستی ئاراس ونیاز، به‌ڵام دواتر نیاز فێڵ له ئاراس ده‌كات و له‌گه‌ڵ شێرزادی بازرگان ده‌ستی تێكه‌ڵ ده‌كات، ئه‌و بازرگانه‌ش له‌گه‌ڵ نیازدا ده‌گاته مه‌رامی تایبه‌تی خۆی.
8-رِوداوی ناو به‌ندیخانه، یان زیندانی مام محمود وفه‌رهاد، كه فه‌رهاد خۆی مردن هه‌ڵده‌بژێرێ و مام مه‌حمود گوێی له رِێژنه‌یه‌ك گوله ده‌بێ و دواتر ده‌زانێت كه‌فه‌رهاد كوژراوه.
9- چیرۆكی میمكه مریه‌م، كه‌له‌رِۆژێكدا دوای ماوه‌یه‌كی زۆر شاڵ سه‌وز ده‌چێته ناو شار‌و ده‌چێته ماڵی میمكه مریه‌م وپرسیاری مۆركردنی ماڵه‌كه‌یانی لێده‌پرسێ، ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا پێی رِاده‌گه‌یه‌نێ كه‌ئه‌مه په‌یوه‌سته به‌كوژرانی سێ جاسوس وئه‌فسه‌رێك.
10-رِوداوی حه‌مه‌ی بێگۆرِی به‌تێزه‌ب سوتاو، كه ئه‌فسه‌رێكی به‌ناو(س)ده‌كوژرێ، له‌حه‌مه ده‌ده‌ن، ئه‌ویش دانی پیانانێ وده‌یخه‌نه ناو تیزابه‌وه. دوای ئه‌وه‌ش دایكی حه‌مه كه‌ناوی(خاته)یه شێت ده‌بێت وبه‌خاته شێت ده‌ناسرێت.
جێی ئاماژه‌یه (سابیررِه‌شید)ی چیرۆكنوس له ژماره(146)گۆڤاری(كاروان)دا(17) ئه‌وچیرۆك ورِوداوانه‌ی به‌بێ ژماردن دیاری كردوه، له‌رِوداوی په‌یوه‌ست به ئاراس و نیاز، وتویه‌تی كه‌نیاز و شه‌ونم له‌به‌غدا پێكه‌وه ده‌یانخوێند، به‌ڵكوئاراس و شه‌ونم له به‌غداپێكه‌وه ده‌یانخوێند رِاستییه‌كه‌یه‌تی، پێده‌چێت له‌به‌رزۆری دوباره بونه‌وه‌ی لێی تێكه‌ڵ بوبێ. ئه‌مانه‌ی باسمان كرد، گرنگترین رِوداوه‌كانی ناو ده‌قی مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته بون. واته ئێمه‌رِوداوێكی سه‌ره‌كیمان هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌ورِوداوه سه‌ره‌كییه چه‌ندین رِوداوی دیكه‌ش هه‌یه كه په‌یوه‌ستن به‌رِوداوه سه‌ره‌كییه‌كه‌و هه م‌و لایه‌ك به‌یه‌كه‌وه یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن. رِوداوه سه‌ره‌كییه‌كه و رِوداوه‌كانی دیكه. بۆ زیاتررِون كردنه‌وه‌یان ده‌توانین له‌م هێڵكارییه بیخه‌ینه‌رِو:
رِ. ژ. یه ك رِ. ژ. دو رِ. ژ. سێ رِ. ژ. چوار رِ. ژ. پێنج
رِوداوی په‌یوه‌ست به شاڵ سه‌وز
رِ. ژ. شه‌ش رِ. ژ. حه‌وت رِ. ژ. هه‌شت رِ. ژ. نۆ رِ.ژ. ده
گرنگی رِوداو له‌هه‌ر رِۆمانێك دا له‌دوخاڵ خوَی ده‌نوێنێ:
1- بۆ بنیادنانی هه‌ر رِۆمانێك، چونكه رِۆمان به‌بێ رِوداو نابێ.
2- تایبه‌تمه‌ندی رِوداو له‌رِۆمانێكی دیاری كرا‌و، واته تا چه‌ندرِوداو له پاڵ رِه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی رِۆمانه‌كه رِۆڵی له‌دروستكردنی بنیادی رِۆمانێكی دیاری كرا‌و هه‌یه وتا چه‌ند توانیویه‌تی جوان كاری به‌ده‌قه‌كه بدات و تا چه‌ند توانیویه‌تی رِۆلی هونه‌ریانه‌ی خۆی بگێرێ.
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م دوخاڵه سه‌یری (مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته)بكه‌ین، به‌وه‌خاڵی یه‌كه‌م زۆر به‌ئاشكرا دیاره كه‌ئه‌مرِۆمانه وه‌ك گشت رِۆمانێك رِوداوی تێدایه.
خاڵی دوه‌میش كه‌زیاتر جێی هه‌ڵوه‌سته‌ی ئێمه‌یه، ئه‌وه ده‌بینین كه‌رِوداو له‌م رِۆمانه شان به‌شانی كه‌سێتی،رِۆڵیكی سه‌ره‌كی له بنیادنانی رِۆمانه‌كه ده‌گێرِێ، به‌ڵام جاری واهه‌یه كه‌سێتی و رِوداوه‌كان كار له‌یه‌كتری ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری یه‌كتر.
(شاڵ سه‌وز له‌ساته‌وه‌ختی رِۆمانه‌كه‌دا رِابردویه‌كی ون وئاڵۆزی هه‌یه وزۆری رِوداوه تراژیدییه‌كانی وای لێكردوه كه‌به‌به‌رده‌وامی سه‌رقاڵی بیركردنه‌وه بێت وله‌حاڵه‌تێكی پشێویدا بژی وحه‌ز به‌وه‌نه‌كات كه‌هه‌رگیز بۆ رِابردوی خۆی بگه‌رِێته‌وه .18).
لێره‌دا گرنگی وكاریگه‌ری رِوداومان به‌سه‌ر كه‌سێتی سه‌ره‌كی رِۆمانه‌كه بۆ به‌دیار ده‌كه‌وێت كه‌شاڵ سه‌وز كه‌سێكی دوره په‌رێز ونه، ئه‌م باره‌ش به‌هۆی رِوداوه تراژیدییه‌كانی پێش‌و به‌سه‌ری هاتوه كه پێشتر له‌ده خاڵ دیاریمان كردون.
له‌لاپه‌رِه 31ی رِۆمانه‌كه‌دا شاڵ سه‌وز له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی شاڵ سپی‌دا ده‌ڵێ:
(به‌سه به‌س چیتر باسی رِوداوی ئه‌و شاره‌م لێ مه‌پرسه نامه‌وێت نه‌شته‌ر له‌جه‌رگم بده‌م )
دیاره ئه‌مه‌ش رِاسته‌وخۆ رِاستی تێبینییه‌كانی پێشومان ده‌سه‌لمێنێ كه‌شا كه‌سی رِۆمانه‌كه كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری رِوداوه‌كان.
له‌لایكی دیكه شاڵ سه‌وز
(یه‌ك جۆر رِوانینیشی نییه له‌سه‌ره‌تا تا كۆتایی ده‌قه‌كه، به‌ڵكو به‌پێی گۆرِانكاری و به‌ره‌و پێش چونی رِوانینی شاڵ سه‌وزیش ده‌گۆرِێ .19).
له‌سه‌ره‌تای رِوداوه‌كان ده‌بینین وشه و په‌یڤه‌كانی شاڵ سه‌وز ساده‌ن
(رِۆڵه هه‌ركاتێك خوێندنت ته‌واوكرد سه‌ربه‌ستیت هه‌رچییه‌ك ده‌كه‌یت بیكه‌ل22.)
دیاره ئه‌مه‌ش له‌سه‌ره‌تاوه‌یه پێش ئه‌وه‌ی ئاراسی كورِی بكوژرێ، وشه‌و قسه‌كانی شاڵ سه‌وز ساده‌یه.
به‌ڵام له‌وكاته‌ی كه كاره‌سات ورِوداوی زۆری به‌سه‌ردا هاتوه وكه‌وتۆته ناو گۆرِستان، قسه‌و بیركردنه‌وه‌ی ده‌گۆرِێ
(ئێمه له‌جیهانێكی ون وئاشكراوه سه‌یریان ده‌كه‌ین له‌ئه‌نجامی كاره نارِه‌واكانی ئه‌وانه‌وه كه‌وتوینه‌ته ئێره‌وه له‌ژێر چاودێری تیشكه‌كانی ئێمه‌دان پانتایی مردن وژیان زۆربون و چاره‌سه‌ر ناكرێن فراوانن . ل9.)
لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرابوكه‌به‌هۆی رِوداوه‌كان هزر وتێرِوانینه‌كانی كه‌سێتی سه‌ره‌كی رِۆمانه‌كه گۆرِاوه وبه‌رِوداوه‌كانه‌وه كاریگه‌ربوه.
پێكهاته ورِێرِه‌وی رِوداوه‌كانی رِۆمانه‌كه:
له‌سه‌ره‌تادا به‌شێوه‌یه‌كی تیۆری ئه‌وه‌مان، باس كرد كه‌رِوداو له‌هه‌ر ده‌قێك سێ شێوه‌ی هه‌یه(هه‌ندێ جار له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێده‌كات، پاشان هه‌ڵده‌كشێ و بۆخواره‌وه دێت، واته كۆتایی ده‌قه‌كه. هه‌ندێ جاری دیكه‌ش رِوداو له‌ناوه‌رِاسته‌وه ده‌ست پێده‌كات، پاشان بۆسه‌ره‌تای ده‌قه‌كه دێته‌وه‌و ئینجا بۆكۆتایی ده‌چێ،
جاری واش هه‌یه سه‌ره‌تای ده‌قێك كۆتایی رِۆمانه‌كه‌یه، واتارِۆمانه‌كه له‌كۆتایی ده‌ست پێده‌كات و دێته سه‌ره‌تاو پاشان ده‌چێته ناوه‌رِاست.
رِوداو له‌رِۆمانی (مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته)دا له‌جۆری سێیه‌مه، واتا سه‌ره‌تا رِۆمانه‌كه كه چاپته‌ری یه‌كه، كۆتایی رِۆمانه‌كه‌شه.رِۆماننوس به‌چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی ورد‌و شاراوه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌شاڵ سه‌وز مردوه. یه‌كه‌م په‌ره‌گرافی رِۆمانه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێده‌كات
(چه‌رچه‌فێكی خوێنین به‌ری ئاسمانی شاره‌كه‌ی گرتبو كه‌فی تواوه‌ی خۆر له‌ئاپوره‌ی كۆچدا خرِده‌بوه‌وه له‌ناو شه‌پۆلی شینی چینه‌كانه‌وه رِه‌نگی ده‌دایه‌وه به‌كزه‌یه‌كی به‌هێزه‌وه ده‌كشاو له‌سه‌ر ئاستی گۆرِستانه‌كه گرِمۆڵه‌ده‌بو به‌چه‌ندرِه‌نگێكی ماته‌وه كێل وگڵ و به‌ردیان رِاده‌چڵه‌كاندو له‌سه‌ر ته‌رمه‌رِاكشاوه‌كه وێنه‌یان ده‌كێشا .ل3.)
ئه‌مه په‌ره‌گرافی یه‌كه‌می رِۆمانه‌كه‌یه، وشه‌ی ته‌رمی رِاكشاو به‌كار هاتوه، مه‌به‌ستیشی شاڵ سه‌وزه.
دوای ئه‌وه ده‌ڵێ:
(له‌رِاست وچه‌پ وخۆرئاوا وخۆرهه‌ڵات رِوبه‌ری گۆرِه‌كان ببو به زرنگه‌ی خه‌زانێكی تورِه گه‌ڵا ولق وچڵ ودارو دره‌خت پێڵوی ماته‌میان جۆگه‌له‌ی فرمێسكی تیا ده‌بینرا ل3.)
لێره‌شدا باس له‌خه‌زان وه‌رینی گه‌ڵای دار‌و دره‌خت ده‌كات. ئه‌م چه‌مكاناش نیشانه‌ی هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵای دارن، كه‌ئه‌مه‌ش واتای مه‌رگ ده‌دات.
له‌دوای ئه‌مه‌ش رِۆمانوس ده‌ڵێ:
(ئه‌ستێره‌ی ژوانی گۆرِه‌كان له‌ژێر په‌رده‌یه‌كی دینامیكی نه‌بینه‌وه كپ ببو وه‌ك له‌مه‌داری جارانی ده‌رچوبێت .ل3.)
كپ بونی ئه‌ستێره واتای كوژانه‌وه‌ی ئاستێره ده‌دات، كوژانه‌وه‌ش واتای نه‌مان ده‌دات، نه‌مانیش به‌واتای مه‌رگ. له‌شوێنێكی دیكه‌رِاسته‌و خۆده‌ڵێ:
(دشداشه سپییه‌كه‌ی تاسه‌ر سنگی هاتبو توكه سپییه‌كانی سینه‌ی به‌گرژی مابونه‌وه هه‌ردو ده‌ستی به‌سه‌ر زبرایی ته‌خته به‌نده‌كه بڵاو ببوه‌وه.ل5.)
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌وشه‌ی (بڵاوببوه‌وه) بده‌ین، تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه بڵاو بونه‌وه‌كه له‌سه‌ر ویستی خۆی نه‌بوه، هێزی نه‌مابو بۆیه به‌م شێوه‌یه بڵاو بۆته‌وه، واته له‌ژێر ویستی شاڵ سه‌وز نه‌بوه.
ئه‌مانه‌و چه ند نیشانه‌یه‌كی دیكه‌ش باس له‌مه‌رگی شاڵ سه‌وز ده‌كه‌ن و له‌سه‌ره‌تای رِۆمانه‌كه‌شدا نوسراون. به‌مه‌ش ده‌گه‌رِێینه‌وه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌كۆتایی رِۆمانه‌كه له‌سه‌ره‌تادا تۆمار كراوه، دواتر به‌هۆی فلاشباك و مه‌نه‌لۆگ ودیالۆگی نێوان شاڵ سه‌وز وشاڵ سپی ،رِوداوه‌كان ده‌ست پێده‌كه‌ن و به‌ره‌و هه‌وراز هه‌نگاو ده‌نێن.
نوسه‌ری رِۆمان هه‌رچه‌نده له‌سه‌ره‌تادا چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی رِاست ورِه‌وانی له‌باره‌ی مردنی شاكه‌سه‌وه ده‌رِبرِیوه، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ی تارِاده‌یه‌ك به په‌نهانی هێشتۆته‌وه، تاوه‌كو ده‌گه‌ینه لاپه‌رِه(60) ئینجا ده‌ڵێ:
(بیست و چواركاتژمێر له‌جێگه‌ی خۆیدا كه‌وت هه‌ر شه‌ست چركه جارێك خۆی لێده‌بو به‌یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ ته‌واو بونی دوا چركه‌دا تێكه‌ڵ بون بیست و چوارجارله‌رزی وگیانی ده‌رچو تفتی وتاڵیه‌كانی ژیانی كه‌فێكی سپی بون لێویان داگیرده‌كرد ئێستاش ته‌رمه‌كه‌ی هه‌مان شاڵاوی نهێنی به‌سه‌ره‌وه بو).
لێره‌دا به‌ته‌واوه‌تی مردنی شاكه‌سی رِۆمانه‌كه كه‌ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی گشت رِۆمانه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو رِاده‌گه‌یه‌نێ. ئه‌مه له‌باره‌ی سه‌ره‌تای رِۆمانه‌كه‌وه كه هاوكات كۆتایی رِۆمانه‌كه‌شه.
سه‌باره‌ت به‌رِاستی رِۆمانه‌كانیش، له ده رِۆژ پێش مردنی شاڵ سه‌وزده‌ست پێده‌كات كه‌دوچاری نه‌خۆشییه‌ك ده‌بێت وبه‌نه خۆشییه‌كه‌ش گیان له‌ده‌ست ئه‌دات.
(له‌پرِ جیهان له‌به‌ر چاوی بو به‌جاڵجاڵۆكه، خه‌ونه‌كانی ئاڵۆسكاو رِۆشنایی ته‌نرا یه‌ئجوج تره‌كینه‌وه جیهانیان پۆشی ئاسمانیان گرت وله كانیاو و رِوبار و ئه‌ستێڵ وچۆمه‌وه به‌چكه‌یان كاروانی ده‌گرت شه‌به‌قی خۆر ملیۆ نانی ده‌خسته‌وه سه‌رتاپای گه‌ردون ته‌لبه‌ند كرا‌و به‌و شه‌پۆلانه له‌ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا تڵیسایه‌وه چاوی زه‌ق بون برۆی هه‌ڵگێرِایه‌وه و رِه‌نگی تێك چو شاڵ سپی به‌دیارییه‌وه كه‌وته گریان وهاواری كرد چه‌ند جار ده‌ستی خسته سه‌رسنگی چركه‌ی هه‌ناسه‌كانی تاقی ده‌كرده‌وه ناچار كه‌وته دوعاكردن، نوێژی بۆ خوێند ئه‌ویش له‌ده‌مه‌و به‌یاندا چاوی كرده‌وه زمانی بۆ نه‌ده‌جوڵا ته‌نیا چركه‌ی مردن له‌رِه‌نگییه‌وه دور كه‌وتبوه‌وه به‌وچه‌شنه‌ش یه‌ك هه‌فته به‌بێ قسه كردن مایه‌وه.ل52-53.)
تا ده‌گه‌ینه نه‌خۆش كه‌وتنی شاڵ سه‌وز.رِوداوه‌كانی دیكه‌ی رِۆمانه‌كه‌ش ورده ورده هه‌ریه‌ك به‌پێی قه‌واره‌ی خۆی به‌ره‌و چاره‌سه‌ری ونه‌مان ده‌چن. له‌دوای نه خۆشییه‌كه‌ش پانتایی ده‌قه‌كه بۆ باس كردنی چۆنییه‌تی گه‌یاندن و ئه‌و غه‌م و یادگاریانه ته‌رخان ده‌بێت كه‌شاڵ سپی به‌دیار جه‌سته‌ی پاڵ كه‌وتوی شاڵ سه‌وزه‌وه داماوه. ئینجا ورده ورده باس له‌دوا ساته‌كانی مه‌رگه‌كه‌ی ده‌كات كه‌رِه‌نگی به‌سه‌ر گشت بونه‌وه‌ر و پێكهاته‌كانی گۆرِستانه‌كه‌دا كێشا بو.
(گۆرِستان له‌رزێكی تێكه‌ڵاوی گرت، داره‌كان به‌كزه‌یه‌كی به‌هێزه‌وه رِاده‌وه‌شێن لق وچڵ وپۆپ به‌یه‌كدا ده‌دران گه‌ڵای بێ‌ناز ده‌وه‌ری سه‌گ وتوله وتوتك كه‌وتنه قروسكه‌و وه‌رِین، مارو مێرو خۆیان له‌كون خزاند وه‌كو باڵنده كۆچی سه‌رو و ژورویان كرد شینه شاهۆكان له‌شه‌قه‌ی باڵیان ده‌دا ساتێك بو به‌حه‌واوه‌وه ده‌خولانه‌وه ده‌نوكیان گرتبوه سه‌رته‌رمه‌كه‌ی چركه‌ی رِاست بونه‌وه‌ی شانۆی رِۆژانی رِابردو لای داب‌و چه‌ند چركه‌یه‌ك بو باڵه فرِه‌یان ده‌كرد ناچار نیشتنه‌وه و باڵه‌كانیان به‌یه‌كداداو په‌رِیان به‌سه‌ردا وه‌راند له‌گه‌ڵ ده‌نگه خنكاوه‌كه‌ی سروشتدا مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته‌ی شاڵ سه‌وزیان ده‌ژه‌ند چاویان په‌ڵه‌ی تازیه‌ی لێ ده‌بینرایه‌وه و نهێنی ته‌رمه‌كه‌یان ده‌رده‌خست گڵۆپه‌كانی شاره‌كه‌ش هه‌ڵكران له‌گه‌ڵ كۆچی خۆره‌كه‌دا به‌شه‌رِ ده‌هاتن دو هێزبون له‌گه‌ڵ مۆسیقا خامۆشاكانی مه‌رگی ناوه‌خته‌دا تێكه‌ڵاو ده‌بون به‌شنه‌ی بایه‌كی تیژه‌وه گۆرِستانه‌كه‌یان ده‌هه‌ژاند.ل92،)
كه‌ئه‌مه كۆتایی رِۆمانه‌كه‌شه.نوسینی هه‌رده‌قێك، به‌تایبه‌تی رِۆمان هه‌رته‌نیا پرِكردنه‌وه‌ی كاغه‌ز نییه، به‌ڵكو هه‌رنوسه‌رێك به‌تایبه‌تی له‌به‌رهه‌مێكی هونه‌ریدا مه‌به‌ستێكی هه‌یه،
(هۆی هه‌ڵبژاردنی هه‌ر رِوداوێك لای چیرۆكنوس گه‌یاندنی مه‌به‌ستێكی دیاری كراوه، ئه‌ومه‌به‌سته(تیم )ی چیرۆك ده‌نوێنێت، وه‌ك (په‌ند)یان(په‌ندی رِه‌وشتی) كه‌له دوای خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه لێی تێده‌گه‌ین، یان ئه‌و بابه‌ته سه‌ره‌كییه یه كه‌رِوداوه‌كانی چیرۆك چاره‌سه‌ری ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێین:
(تیمی فڵانه چیرۆك بریتییه له‌كێشه‌ی نێوان چاكه وخراپه. 20).
به‌پێی ئه‌م چه‌مكه مه‌به‌ستی ده‌قی رِۆمانی (مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته) باسكردنی مردنه، یان فه‌لسه‌فه‌ی مردنه، (رِۆمانه‌كه ئه‌وه‌نده خه‌ماوییه بارگاوی مه‌رگ كراوه. خوێنه‌ر تاته‌واوی ده‌كات تێكه‌ڵ به‌ژانی مردن ده‌بێت.21)، ئه‌وه‌نده‌ش به‌سه كه‌مه‌رگ تیمی رِۆمانه‌كه‌بێ، چونكه مه‌رگ رِوداوێكه هه‌ر له‌دێر زه‌مانه‌وه تاك و‌ئێستا بیر‌و هۆشی مرۆڤی جه‌نجاڵ كردوه.
چه‌ند سه‌رنجێك
ده‌قی رِۆمانی مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته له‌رِوی دارِشتنه‌وه هه‌ست ده‌كرێت به‌یه‌ك نه‌فه‌س نوسراوه،رِوداوه‌كانی زۆر پچرِپچرِوتێكچرِژاون. زو زو به‌دیارده‌كه‌ون و ون ده‌بن.
سه‌رتاپای تێكسته‌كه دوره له‌نیشانه‌كانی خاڵ به‌ندی، به‌هیچ جۆرێك وێرگوڵ(،)به‌كارنه‌هاتوه.بۆ وه‌ستان (.)تۆمار نه‌كراوه.له‌سه‌ره‌تای تێكسته‌كه كه‌وانه‌یه‌ك كراوه‌ته‌وه‌و له‌كۆتایشدا داخراوه، له‌دوای كه‌وانه‌كه‌ی كۆتاییش خاڵێك دانراوه. ته‌نانه‌ت له‌كۆتایی هه ر نۆ چه‌پته‌ره‌كه خاڵ دانه‌نراوه، ئه‌مه‌ش دیاره كرانه‌وه‌ی ده‌قه‌كه نیشان ده‌دات، سه‌ره‌رِای په‌یوه‌ستی نێوان گشت رِوداوه‌كانی ده‌قه‌كه. له سه‌رتاپای ده‌قه‌كه ته‌نیا چه‌ندجارێ نیشانه‌ی سه‌رسورِمان (!)به‌كار هاتوه. یه‌ك جاریش نیشانه‌ی پرسیار(؟)به‌كار هاتوه. كه‌ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی به‌رده‌وامی به‌قسه و رِوداوه‌كان ده‌دات به‌شێوه‌یه‌كی په‌نهان.
وشه‌كانی (مردن، مه‌رگ، قریشكه)زۆرترین ژماره‌یان هه‌یه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ وشه‌ی دیكه‌ی ناورِۆمانه‌كه، كه ئه‌م وشانه‌ش نیشانه‌ی مه‌رگ ونه‌هامه‌تین.
رِۆماننوس له‌لاپه‌رِه 2ی ده‌قه‌كه‌دا نوسیویه‌تی (پێشكه‌شه به‌باوكم كه‌كفن پۆش بو، شه‌وێك له‌گه‌ڵیا ئێشكی جێگه‌كه‌ی كفن پۆشمان گرت ئه‌م رِۆمانه چركه ساتی ئه‌وشه‌وه‌یه)
كه‌ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆئاشكرا ده‌كات كه‌مه‌به‌ستی هه‌ره سه‌ره‌كی نوسینی ئه‌و رِۆمانه مردن بوه.
ئه‌نجام:
له‌دوای ئه‌ولێكۆڵینه‌وه كورته سه‌باره‌ت به‌بینای رِوداو له‌رِۆمانی (مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته-ی سه‌ڵاح جه‌لال)دا، گه‌یشتینه چه‌ند ئه‌نجامێك، وه‌ك:
1- بینای رِوداو له‌ته‌ك بینای كه‌سێتی كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كین له‌دامه‌زراندنی بینای ده‌قه‌كه‌دا.
2- زۆرجار رِوداو كاریگه‌ری له‌شاكه‌سی رِۆمانه‌كه كردوه وكاریگه‌ری له‌سه‌ر بیرورِاو هه‌ڵوێست وبیركردنه‌وه‌ی به‌جێ هێشتوه.
3- سه‌ره‌تای رِۆمانه‌كه كۆتایی رِوداوه‌كانی رِۆمانه‌كه‌یه، كه‌باس له مردنی شاڵ سه‌وزی كه‌سێتی سه‌ره‌كی رِۆمانه‌كه ده‌كات و به‌چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی په‌نهان ده‌ری خستوه.
4- زۆربه‌ی رِوداوه‌كانی ده‌قه‌كه له ده‌وری شاڵ سه‌وز ده‌سورِێته‌وه .سه‌ره‌رِای هه‌بونی چه‌ند رِوداوێكی دیكه‌ش.
سه‌رچاوه‌و په‌راوێز:
1-دكتۆره شوكرییه‌رِه‌سوڵ، ئه‌ده‌بی كوردی و هونه‌ره‌كانی ئه‌ده‌ب، مگابع التعلیم العالی, اربیل, 1989,ل151.
محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ، بینای رِوداو له‌چیرۆكدا، گۆڤاری رِامان، ژماره(115)له 5/12/2006،ل111.
3- حوسێن عارف، چیرۆكی هونوری كوردی، دار الحریه للگباعه, بغداد,1977,ل111.
4- عه‌بدوڵڵا سه‌راج، ته‌وه‌ره‌ی رِۆمان، گۆڤاری كاروان ژماره(108)شوباتی1997، ل(86)، شایه‌نی سه‌رنجه عه‌بدوڵڵا سه‌راج بیرورِای چه‌ند كه‌سێكی له‌باره‌ی رِۆمان وه‌رگرتوه،یه‌كێك له‌به‌شدار بوه‌كان د.شوكرییه‌یه.
5-نه‌جم خالید نه‌جمه‌ددین ئه‌ڵوه‌نی، بینای كات له‌سێ نمونه‌ی رِۆمانی كوردیدا، ده‌زگای چاپ وپه‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2004،ل17.
6- محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن، بینای رِوداو له‌چیرۆكدا، ل.11.
7- سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل111.
8- د.ره‌شاد ره‌شیدی,فن القێه القێه‌قێیره,مكتبه انجلو المێریه,1997 ,ێ 115.
9- په‌رێز سابیر، بینای هونه‌ری چیرۆكی كوردی، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی،2000،ل82.
10- شێركۆ بێكه‌س، چه‌ند په‌یڤێك ده‌رباره‌ی چیرۆكی كوردی، گۆڤاری ئاینده، ژماره(49)ساڵی 2003، ل119.
11- په‌رێز سابیر، بینای هونه‌ری چیرۆكی كوردی، 105.
12- سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل109.
13- محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن، بینای رِوداو له‌چیرۆكدا،ل113.
14- سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل114.
15- سه‌ڵاح جه‌ڵال عه‌بدوڵڵا، مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته،رِۆمان،سلێمانی،چاپی یه‌كه‌م(چاپخانه‌كه‌ی نه‌نوسراوه)1997.
16- سیامه‌ند هادی، كه‌سێتی(شاڵ سه‌وز)له‌رِۆمانی(مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته))دا،گۆڤاری رِامان،ژماره(41) له 5/11/1999،ل70.
17- سابیررِه‌شید، فه‌لسه‌فه‌ی مردن له‌رِۆمانی مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته‌دا، گۆڤاری كاروان، ژماره(146)ساڵی 2000، ل132-133.
18- سیامه‌ند هادی، كه‌سێتی (شاڵ سه‌وز)له‌رِۆمانی ((مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته))
دا،ل70.
19- سه‌رچاوه‌ی پێش‌و،ل71.
20- په‌رێز سابیر، بینای هونه‌ری چیرۆكی كوردی، ل81.
21- سابیررِه‌شید، فه‌لسه‌فه‌ی مردن له‌رِۆمانی مۆسیقای مه‌رگی ناوه‌خته‌دا، ل131.
له ژماره 125 گوَڤاری رامان 5/10/2007 بڵاوبوَته‌وه.
|