|
حه‌لاَڵكردنى خوێنى رۆژنامه‌نوسان | ئاسۆ جه‌بار
حه‌لاَڵكردنى خوێنى رۆژنامه‌نوسان : "جه‌به‌روتى مهرگو بێده‌نگكردنى كۆمه‌ڵگه "
ئاسۆ جه‌بار

ئه‌وانه كێن له‌شه‌وو رۆژێكدا خوێنى رۆژنامه‌نوسان حه‌لاَڵ ده‌كه‌ن، كێن ئه‌و پیاوكوژانه‌ى به ته‌ورى حیزبه‌وه لاپه‌رِه‌ى گۆڤاره‌كان و رۆژنامه‌كان خه‌ڵتانى خوێن ده‌كه‌ن، كێن ئه‌وانه‌ى به قاپىَ عاره‌ق كه‌له‌ى رۆژنامه‌نوسان پرِده‌كه‌ن له‌فیشه‌ك، كێبوون ئه‌وانه‌ى لیستى ره‌شیان بۆ رۆژنامه‌نوس و رۆژنامه‌و سایته سه‌ربه‌خۆكان ده‌ركرد، كێبوون ئه‌وانه‌ى خه‌ونیان به كوشتنى یه‌حیا به‌رزنجییه‌وه ده‌بینى، كێبوون ئه‌وانه‌ى ئاسۆ جه‌مال موختار‌و نه‌به‌ز گۆرانیان خه‌ڵتانى خوێن كرد، كىَ بوون ئه‌وانه‌ى خه‌ونیان به كوشتنى سۆرانى مامه‌حه‌مه‌وه ده‌بینى‌و خه‌ونه‌كه‌یان هاته دى‌و زۆر نامه‌ردانه له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ى خۆیدا كوشتیان، ئه‌ى پیاوكوژانه كێبوون ئێواره‌یه‌كى درِه‌نگوه‌خت ده‌سترِێژى مه‌رگیان له رۆژنامه‌نوس ئامانج مه‌حمود كردء خۆشبه‌ختانه نه‌كوژرا، كێ بوون ئه‌وانه‌ى پلانى مه‌رگى ئه‌حمه‌د میره‌یان دارِشت‌و سه‌رى نه‌گرت..؟
هه‌وڵى گه‌وره‌ى تێرۆركردنى رۆژنامه‌نوس ئه‌حمه‌د میره، ته‌نها پیلانێكى چه‌ته‌گه‌رى‌و مافیاگه‌رى نییه بۆ كوشتنى یه‌ك رۆژنامه‌نوس، به‌ڵكه له‌پشت ئه‌م هه‌وڵه‌وه پلانێكى ستراتیژى حیزبى‌و مافیاگه‌رى گه‌وره له‌ئارادایه بۆ كوشتن‌و ته‌سفیه‌كردنى سه‌رله‌به‌رى ده‌نگه نه‌یار‌و ره‌خنه‌گر‌و رۆژنامه‌نوسه سه‌ربه‌خۆكان، هه‌وڵى گه‌وره‌ى حیزبه‌كانء تاقه‌تپرِوكێنى هێزه ئه‌منییه نهێنییه‌كانیانء خستنه‌گه‌رى سه‌رله‌به‌رى هه‌رِه‌شه‌وگورِه‌شه‌كانیان سودى نه‌بوو له‌ترساندن‌و تۆقاندنى رۆژنامه‌نوسان‌و ره‌خنه‌گران، هاوكات تێهه‌ڵدان‌و رفاندنى چه‌ند رۆژنامه‌نوسێكى بوێر‌و چاونه‌ترس كارى نه‌كرده سه‌ر پرِۆسه‌ى ره‌خنه‌گرتن‌و ئاشكراكردنى گه‌نده‌ڵى‌و راورِوتى حیزبى‌و چه‌ته‌گه‌رى، ده‌ره‌نجام پیاوكوژه‌كانء مورته‌زه‌قه‌و ته‌سفیه‌چییه‌كانیان خسته‌كار بۆ كوشتنى رۆژنامه‌نوسێك كه به‌پىَ ئه‌رِواته‌وه بۆ ماڵه‌وه، كوشتنى سه‌رنوسه‌رێكى ساده‌وساكار به‌بىَ چه‌ك‌و چه‌قۆ‌و فیز.
ئه‌م ده‌سته مافیاگه‌رو پیاوكوژ‌و رۆژنامه‌نوسكوژانه ده‌مێكه به‌شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا ئازادانه وه‌ك جه‌لاد به شه‌رِواڵ‌و كوته‌كى خوێناوییه‌وه، به كه‌واوسه‌ڵته‌و شمشێرى ژه‌نگاوییه‌وه، به ده‌مانچه‌ى زۆر بێده‌نگه‌وه به‌دواى نێچیره‌كانیاندا ده‌گه‌رِێن‌و ده‌یانكوژن، هه‌ر له‌رفاندن‌و لێدانى نه‌به‌ز گۆرانه‌وه تاده‌گاته شكاندنى سه‌روگوێلاك‌و په‌راسوى ئاسۆى جه‌مال موختار‌و تاده‌گاته هه‌رِه‌شه‌و گورِه‌شه‌كانى مه‌سعود به‌رزانى‌و گاڵته‌كردنى مام جه‌لال به رۆژنامه‌نوسان‌و تاده‌گاته چاوسوركردنه‌وه‌و هه‌رِه‌شه‌ى مه‌سئوله داخ له‌دڵ‌و عه‌نته‌ر‌و پیاوكوژه‌كانى حیزب، تا سازكردنى مه‌نجه‌نیقى رقى ده‌زگاى پاراستن بۆ دروستكردنى لیستێكى ره‌ش بۆ رۆژنامه‌نوسان‌و ره‌خنه‌گران، ئاشكرایه ئه‌وانه‌ى كه ناویان له‌و لیسته ره‌شه‌دا بوو یه‌ك به‌یه‌ك هه‌وڵى كوشتن‌و ده‌مكوتكردن‌و مه‌رگیان بۆ دراوه، ئه‌وه‌بوو نه‌به‌ز گۆرانیان رفاند‌و به‌قۆناغه تفه‌نگى شه‌رِى براكوژى لێیاندا، پاش ئه‌و ئاسۆى جه‌مال موختار، دواجار ده‌ستیان ره‌قاس بوو بۆ كوشتنى شه‌هید سۆرانى مامه حه‌مه، زۆر لێزانانه كوشتیان، ئه‌وانه‌ى حیزبه پیاوكوژه‌كان خستویانه‌ته لیستى ره‌شه‌وه له‌ژێر چاودێرى‌و زانیاریدان، ئاشكرایه گۆڤارى لڤینیش له‌و لیسته ره‌شه‌دایه، بێجگه له‌و هه‌رِه‌شانه‌ى كه له‌سه‌ر گۆڤاره‌كه‌و ستاف‌و نوسه‌رانى گۆڤاره‌كه هه‌یه، سۆرانى مامه‌حه‌مه‌ى رۆژنامه‌نوسیشیان به ناشرینترین‌و ترسنۆكانه‌ترین شێواز شه‌هید كرد، پاش ئه‌وه پیاوكوژه‌كان دڵیان خوێنى نه‌خوارده‌وه خۆیان گورجكرده‌وه بۆ كوشتنى سه‌رنوسه‌ر ئه‌حمه‌د میره. ئاشكرانه‌كردنى ئه‌م دۆسییه به‌ڵگه‌یه بۆ زینده‌به‌چاڵكردنى سه‌رله‌به‌رى هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ‌و پلانه ستراتیژیانه‌ى كه دانراون بۆ كوشتن‌و رفاندنى رژنامه‌نوسان‌و ره‌خنه‌گران.
ئاسایشى سلێمانى بۆچى ئه‌و پیاوكوژانه ناهێنێته سه‌ر ته‌له‌فیزیۆن‌و ئاشكرایان بكات، بۆچى نایانه‌وێت ناوى ئه‌و حیزبه پیاوكوژ‌و رژنامه‌نوسكوژه ئاشكرا بكه‌ن كه ده‌ستیان له‌خوێنى چه‌ندین بێگوناه‌و گۆروون دایه.
بێده‌نگى به‌رامبه‌ر كوشتن‌و رفاندن‌و هه‌رِه‌شه‌ى مه‌رگ له‌سه‌ر رۆژنامه‌نوسان‌و ره‌خنه‌گران، بێده‌نگىیه به‌رامبه‌ر مافیاگه‌رى‌و چه‌ته‌گه‌رى حیزبى‌و ده‌ستكرانه‌وه‌ى ئه‌و به‌رپرس‌و ده‌سه‌لاتدارانه‌یه بۆ گه‌نده‌ڵى‌و روارِوتى زیاتر‌و تالاَنخۆرى‌و كوشتن‌و هه‌رِه‌شه‌كردنى زیاتر.
دواجار حیزبه گه‌نده‌ڵ‌و مافیاكان له‌وه تێگه‌یشتن كه نه به یاسا نه به هه‌رِه‌شه‌و رفاندن ناتوانن به‌ر به ئازادى‌و سه‌ربه‌خۆیى رۆژنامه‌نوسان‌و نوسه‌ره سه‌ربه‌خۆكان بگرن، ئیتر گه‌یشتنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته خوێناوییه‌ى كه ده‌بێت پلان‌و نه‌خشه‌ى ستراتیژى دارِێژێن‌و بۆ كوشتن‌و گۆرونكردنى رۆژنامه‌نوسان‌و ره‌خنه‌گران.
یاساى رێكخستنى كارى رۆژنامه‌گه‌رى نه‌یتوانى ببێته قفڵێكى ژه‌نگاوى بۆ ده‌مى رۆژنامه‌نوسان، نه‌یتوانى ببێته كۆتوبه‌ندێكى ئه‌خلاقى‌و حیزبى‌و یاسایى بۆ دوورینه‌وه‌ى ده‌مى رۆژنامه‌و رۆژنامه‌نوسان، ئه‌م یاسایه به‌هه‌وڵ‌و ره‌خنه‌و زه‌لیلكردنى له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نوسان‌و نوسه‌ران‌و رۆشنبیره جیدییه‌كانه‌وه چه‌ندین كۆتوبه‌ندى ئه‌خلاقى‌و حیزبى لێكرایه‌وه‌و مه‌سعود به‌رزانیمان ناچاركرد ئیمزاى نه‌كات، كردمان به هه‌لاَیه‌كى گه‌وره له‌سه‌رى. به‌لاَم دواجار مافیاكانى حیزب رێگه‌چاره‌یه‌كى خوێناویتر‌و به زه‌برتریان دۆزیه‌وه ئه‌ویش كوشتنى رۆژنامه‌نوسان‌و هه‌رِشه‌وگورِه‌شه‌ى مافیایى‌و حیزبىیه، دواجار خستنه‌گه‌رِى كۆمه‌ڵێك پیاوكوژ له‌لایه‌ن چه‌ند بارۆنێكى قاتل‌و خوێنرِێژه‌وه هه‌نگاوێكى ترسناكه به‌ره‌و سازكردنى رووبه‌رێكى گه‌وره له‌بێده‌نگى‌و خوێنرِێژى، ته‌رخانكردنى سه‌رزه‌مێنێكى ترسناكه بۆ گه‌نده‌ڵى‌و حه‌لاَڵكردنى ئینسانكوژى.
داخستنى دۆسیه‌ى كوشتنى سۆران مامه‌حه‌مه‌ى رۆژنامه‌نوس، واته داخستنى هه‌موو كوشتنه‌كانى دیكه، واته ونكردنى خوێنى سه‌رله‌به‌رى رۆژنامه‌نوسان، واته گۆرِونكردنى سه‌رله‌به‌رى ئه‌و هه‌رِه‌شه‌و لیسته ره‌شانه‌ى كه حیزب‌و ده‌سته‌و تاقمه مافیایى‌و پیاوكوژه‌كان ئاماده‌یان كردووه بۆ كوشتن‌و رفاندن‌و هه‌رِه‌شه‌كردن لێیان. لێره‌دا ده‌بێت ئه‌و پرسیاره بكه‌ین..ئه‌وانه كێن ده‌یانه‌وێت دۆسیه‌ى كوشتن‌و مهرگو رفاندن دابخه‌ن..؟ كێن ئه‌و عه‌نته‌ر‌و مافیایانه‌ى ده‌یانه‌وێت ده‌ستوپه‌نجه‌ى خوێناوى تاوانباران بشارنه‌وه‌و بكوژانى سۆران مامه‌حه‌مه له‌باخه‌ڵى حیزب‌دا بشارنه‌وه..؟ كێن ئه‌و مه‌سئول‌و به‌رپرسه وه‌همیانه‌ى ده‌یانه‌وێت ئه‌و كتێبى مه‌رگه بشارنه‌وه كه دۆسێیه‌ى چه‌ندین كوژراو و رفێنراو و سه‌رنگومكراو و ونكراوى تیادا تۆماركراوه.
یه‌كێك له‌و میراته گه‌ورانه‌ى كه له‌دیكتاتۆره گه‌وره‌كان به‌جێده‌مێنێ كولتوری هه‌رِه‌شه‌كردن‌و بێده‌نگكردنه، ده‌سه‌ڵاته سته‌مكاره‌كان به‌رله‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه كۆنترۆڵ بكه‌ن، به‌رله‌وه‌ى وڵات بكه‌ن به گرتوخانه‌یه‌كی گه‌وره، به‌رله‌وه‌ى میكانیزمى كوشتنی ئۆپۆزیسیۆن‌و رایگشتی‌و میدیای ئازاد بگرنه‌به‌ر، هه‌رِه‌شه‌ى سیاسى‌و ئابورى له‌ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌و گروپه رۆشنبیرى‌و فه‌رهه‌نگیى‌و ده‌نگه جیاوازه‌كان ده‌كه‌ن، هه‌رِه‌شه له‌خوێندكار‌و مامۆستا‌و رۆشنبیر‌و رۆژنامه‌نوس‌و نوسه‌ر‌و ره‌خنه‌گران ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌پشت ئه‌م هه‌رِه‌شه‌و چاوسوركردنه‌وه‌یه‌وه هێزێكى گه‌وره‌ی سه‌ربازی‌و میلیشیایى‌و ده‌زگای نهێنی به‌ناوی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ئاماده‌باشكراوه بۆ چاودێریكردنی تاكه‌كه‌س‌و رۆژنامه‌نوس‌و رۆشنبیران‌و سه‌رله‌به‌ری كایه‌و ده‌زگا فه‌رهه‌نگی‌و میدیایی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
ئه‌م هێزانه ته‌نها هێزه‌گه‌لێكی چاودێركارو ورده‌كار نین، به‌ڵكه هێزگه‌لێكی ئاماده‌باشن بۆ سازدان‌و كۆنترۆڵكردن‌و خامۆشكردن‌و هێزێكن بۆسازكردی پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی داگیركراو و بێده‌نگكراو.
قه‌پاڵى حیزب‌و غه‌بغه‌به‌ى هه‌رِه‌شه
له‌رِاستىدا ئه‌وه‌ى له‌گه‌نده‌ڵى‌و ناعه‌داله‌تى‌و سته‌مكاریى ده‌مێنێته‌وه نیشتیمانێكى جوان نییه، به‌ڵكه پاشماوه‌ى ئه‌و كه‌لاكه ئابوریى‌و فه‌رهه‌نگى‌و شارستانیه‌یه كه سه‌رله‌به‌رى جه‌سته‌ى جێى قه‌پاڵى حیزب‌و به‌رپرس‌و هێزه نهێنییه‌كانه، وه‌كچۆن به‌رماوه‌ى گه‌نده‌ڵى‌و تالاَنخۆرى بێجگه له‌نیشتیمانێكى وێران‌و موحتاج له‌رووى ئابوریه‌وه، بێجگه له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى هه‌ژار له‌رووى ژیانه‌وه هیچى تر نییه، ئه‌وه‌ى له‌قه‌پاڵى درِه‌نده‌كانى ناعه‌داله‌تى‌و ده‌ره‌به‌گه سیاسى‌و ئیدارییه‌كان ده‌مێنێته‌وه ته‌نها ده‌زگاگه‌لێكى به‌تاڵ له‌پرۆژه، به‌لاَم پرِ له‌وه‌هم، به‌تاڵ له‌خه‌ون به‌لاَم لێوانلیۆ له‌به‌ڵێن‌و چه‌واشه‌كارى، سه‌رزه‌مینێكى خاڵى له‌نه‌زاهه‌ت‌و خه‌مخۆرى، به‌لاَم لێوان له‌بێمتمانه‌یى‌و نادڵنیاى‌و غه‌مگینى‌و ره‌زاله‌تى سیاسى‌و ئابورى‌و فه‌رهه‌نگى‌و رۆشنبیرى‌و شارستانى.
ره‌نگه سه‌یر بێت به‌لاى هه‌ندێك خوێنه‌ره‌وه كه من له‌م نوسینه‌دا وشه‌و ده‌سته‌واژه‌ى سه‌یرم به‌كارهێناوه، به‌لاَم ئه‌م نوسینه ئیشكردنه له‌سه‌ر عه‌قڵیه‌تى عه‌نته‌ریاتخۆرى‌و گه‌نده‌ڵخۆرى‌و كۆمه‌ڵگه‌خۆرى له‌لایه‌ن قه‌پاڵى حیزبء به‌ر ورگى مه‌سئوله تالاَنخۆره‌كانه‌وه.
ئایا سه‌ركوتكردنى خۆپیشاندان‌و رێپێوانه‌كان ناكاته ئه‌وه‌ى كه ئێمه له‌ژێر سایه‌ى ده‌سه‌لاَتێكى پۆلیسى‌و نادیموكرات داین، ئایا داگیركردنى سه‌رله‌به‌رى سه‌رچاوه رۆشنبیرى‌و فه‌رهه‌نگییه‌كان له‌لایه‌ن حیزب‌و دامه‌زراوه‌كانیانه‌وه بریتى نییه له‌پێشێلكردنى ئازادى راده‌ربرِین، ئایا بوونى په‌رله‌مانێكى بێده‌نگ‌و قسه‌نه‌كه‌ر‌و خه‌مخۆرى گیرفان‌و په‌رله‌مانێك كه تواناى لێپێچینه‌وه‌و لیپرسینه‌وه‌ى نییه له‌سه‌روه‌ت‌و سامانى بێئه‌ندازه‌ى ئه‌و هه‌موو به‌رپرسه عه‌نته‌ره‌ى حیزب كه كه‌س نازانێت چۆن بوونه‌ته زه‌نگینترین پیاوانى دنیا، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌لاَتى كوردى ده‌سه‌لاَتێكى داخراو و ناشه‌فاف‌و ناعادیل‌و گه‌نده‌ڵه، ده‌سه‌لاَتێكیشه به‌وه ناسراوه له‌دنیادا كه یه‌كێكه له‌و ده‌سه‌لاَتانه‌ى كه مافى مرۆڤ پێشێلده‌كات‌و حساب بۆ رایگشتى‌و ره‌خنه‌گران‌و رۆشنبیران‌و رۆژنامه‌و هاولاَتیان ناكات به‌گشتى(به‌پێى راپۆرته‌كانى یونامى‌و ده‌زگاى هه‌واڵگیرى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا‌و راپۆرتى رێكخراوه سه‌ربه‌خۆكانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى). هاوكات هه‌ردوو حیزبى ده‌سه‌لاَتدار بوونه‌ته دوو هێزى داگیركار‌و ده‌ره‌به‌گ‌و دیكتاتۆر بۆ داگیركردنى ئابورى‌و كۆمپانیا‌و رێكخراوه‌كان‌و سه‌رله‌به‌رى ده‌زگا رۆشنبیرى‌و فه‌رهه‌نگییه‌كان‌و ده‌زگاكانى چاپ‌و بلاَوكردنه‌وه. ئائه‌مه‌یه ئه‌و مۆدێله دیموكراسییه‌ى كه سه‌ركرده‌ء به‌رپرسه حیزبییه مورتاحه‌كانى حیزب ته‌له‌فیزیۆن‌و رۆژنامه‌كانى خۆیانیان لىَ پرِكردووه له‌هاشوهوشى دیموكراسى‌و بازارِى ئازاد‌و مافى مرۆڤ‌و شتى له‌وجۆره. ئه‌م مۆدێله به حساب دیموكراسییه‌ى كه له‌هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه چه‌ند دووره له‌دیموكراسی‌و مافه‌كانى مرۆڤه‌وه ده‌ئه‌وه‌نده‌ش نزیكه له دیكتاتۆرییه‌ت‌و ده‌سه‌لاَتى پۆلیسى‌و نهێنییه‌وه.
دیكتاتۆره‌كان خولقێنه‌رى سنورى پۆلاَرِێژ‌و قفڵى گه‌وره‌ن بۆ ئازادى راده‌ربرِین.
ئه‌وانه‌ى باس له‌دیموكراسیه‌ت ده‌كه‌ن‌و مافى مرۆڤ پێشێلده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ى سه‌رله‌به‌رى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن پرِده‌كه‌ن له‌هه‌راوهوریاى ئازادى‌و قیرِه‌قیرِى خزمه‌تگوزارى‌و له‌كاتێكدا ناتوانن ساده‌ترین خزمه‌تگوزارى پێویست بۆ هاولاَتیان دابینبكه‌ن، هاوكات پێشێلكارێكى راسته‌قینه‌ى ئازادى راده‌ربرِین‌و ئازادى قه‌ڵه‌مه‌كانمانن. دواجار ئه‌م هێز‌و ده‌سه‌لاَتانه‌ش ده‌توانن سنورى ئاشكرا‌و نهێنى بۆ ئازادى دروستبكه‌ن.
كۆمه‌ڵگه‌و كولتوریش دوو هێزى مه‌ترسیامێزن بۆ مینرِێژكردنى ئازادییه‌كانى تاكه‌كه‌س‌و گروپه‌كان.
وه‌زیرێك‌و په‌رله‌مانێك‌و مه‌لایه‌ك‌و خوتبه‌به‌ێژێك‌و حیزبێك‌و به‌رپرسێك‌و سه‌رۆكێك پێكرِا هه‌موو ئه‌مانه به‌جیا‌و به‌هه‌ماهه‌نگى ده‌توانن سنورى ناشارستانى بۆ ئازادییه‌كانى راده‌ربرِین دابنێن.
ئه‌وه‌مان له‌بیرنه‌چێت ده‌سه‌لاَت‌و حیزبه‌كان له‌م پارچه خاكه‌دا خاڵێن له‌سیاسه‌تء سازكردنى پرِۆسه‌ى سیاسى‌و دبلۆماسیه‌ت، به‌لاَم لێوانلێون له‌حیكایه‌تء یاده‌وه‌رى‌و بێئه‌ندازه‌ش تواناى ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌سه‌ر به‌ربومه‌كانى رابردوو بژین‌و مانه‌وه‌ى خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن.
هاوكات نه‌بوونى ئۆپۆزسیۆنێكى فه‌رهه‌نگى‌و رۆشنبیرى‌و شارستانى بووته رێخۆشكارێكى به‌هێز بۆ ئه‌و ده‌سه‌لاَته كۆنپارێز‌و نابه‌ڵه‌دانه‌ى كه نه حساب بۆ رایگشتى ده‌كه‌ن نه‌حساب بۆ ره‌خنه‌و پێشنیار‌و روانین‌و دنیابینییه جیاوازه‌كان ده‌كه‌ن.
كۆمه‌ڵگه‌ى زیندوو كۆمه‌ڵگه‌ى ئازادییه راسته‌قینه‌كانه، كۆمه‌ڵگه‌ى مردووش كۆمه‌ڵگه‌ى سته‌مكارییه راسته‌قینه‌كان‌و بێده‌نگخانه‌یه‌كى گه‌وره‌و گرانه بۆ دروستبوونى دیكتاتۆر‌و كوشتنى رایگشتى‌و بیرورِاى ئازاد.
كۆمه‌ڵگه‌ى بێده‌نگ به‌رامبه‌ر ناعه‌داله‌تى‌و گه‌نده‌ڵى‌و كوشتنى رۆژنامه‌نوسه‌كانى، ده‌ره‌نجام ده‌بێته كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى زه‌لیل‌و موحتاج‌و ده‌سته‌مۆ له‌به‌رده‌م جه‌به‌روتى حیزب‌و قه‌پاڵى حیزب‌دا، ده‌بێته ناشرینترین كۆمه‌ڵگه له‌رووى كولتورى‌و شارستانییه‌وه.
حه‌لاَڵكردنى خوێنى رۆژنامه‌نوس، واته حه‌لاَڵكردنى مهرگو پیاوكوشتن، واته حه‌لاَڵكردنى بێده‌نگى‌و سته‌مكاریى. واته ئه‌وه‌ى یاسا‌و كۆتوبه‌ندى ئه‌خلاقى‌و حیزبى‌و ئاینى‌و كولتورى ناتوانێت بێده‌نگى بكات، پیاوكوژه‌كان ده‌توانن بێده‌نگى بكه‌ن، عه‌نته‌ره‌كانى حیزب بێده‌نگیان ده‌كه‌ن. به‌لاَم به پێچه‌وانه‌وه هیچ كاتێك زه‌بر‌و كوشتن‌و هه‌رِه‌شه‌كردن نه‌یتوانیوه تاسه‌ر رۆژنامه‌نوسان‌و ره‌خنه‌گران‌و رۆشنبیرانى سه‌ربه‌خۆ بێده‌نگ بكاتء قفڵ بدات له‌ده‌ست‌و ده‌مى نوسین‌و ئازادى قه‌ڵه‌مه‌كان.
|
|
|
|
|
بۆچوون نووسین
ناردنی ئه‌م بابه‌ته بۆ هاوڕێیه‌ك
|
|
|
ماڵپه‌ڕی ( چــــــراکــــــــان ) |
|
سەرپەرشتیارى
گشتیى: میران ئابراهام
سەرنووسەر: شۆڕش محەمەد حسێن
ستاف‌و دانه‌ری به‌شی موزیک: غەمگین فەرەج
ستافی کارا : هەژار مەعروف (دەوەن) |
ماڵپه‌ڕی چــــــراکــــــــان
|