غه‌فورعه‌بدوڵڵا: له‌م فێستیڤاڵه‌دا هه‌وڵی جوانمان بینی! | چراكان

غه‌فور عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی به‌رِێوبه‌ری به‌رهه‌مهێنانی هه‌ردوو شانۆگه‌ریی (ماڵێك له خه‌رابات، ماڵی قرژاڵه‌كان) له‌م دیداره‌دا تیشك ده‌خاته سه‌ر شێوازی به‌رِێوبردنی فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ هونه‌ری شانۆ، چۆنییه‌تی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌مه شانۆییه‌كان ده‌خاته‌رِوو، غه‌فور پێی وایه له‌م فێستیڤاڵه‌دا له‌گه‌ڵ بوونی كه‌م و كورتی به‌ڵام هه‌وڵی جوانیش بینرا.
* به شێوه‌یه‌كی گشتی ئاستی فێستڤاڵی سلێمانی بۆهونه‌ریی قه‌زاكان چۆن ده‌بینی؟
-دیاره هیچ فێستیڤاڵ و چالاكییه‌كی هونه‌ریی له دونیادا نییه بێكه‌م و كورتی بێت، به‌ڵام ئاستی ئه‌و كه‌م و كورتییانه‌ش له فێستیڤاڵێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر ده‌گۆرِێت، من ناڵێم ئه‌م فێستیڤاڵه ته‌واو ئیتر زۆر بێكه‌م و كورتییه، به‌ڵام به‌راورد به زۆرێك له فێستیڤاڵه شانۆییه‌كانی تر، ئاستێكی باشی هه‌یه، به‌تایبه‌تیش ئاستی ئیداری و به‌رِێوبردن و راگه‌یاندن و پرِۆگرامه‌كانی فێستیڤاڵ، به‌ڵام له رِووی هونه‌رییه‌وه بێگومان كه‌م و كورتی هه‌یه.
*ده‌كرێت بزانین ئه‌و كه‌م و كورتییانه چین و له چ ئاستێكدان؟
-بێگومان بۆ نا، دیاره ئه‌م قه‌زایانه (هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، شاره‌زوور، ده‌ربه‌ندیخان، كه‌لار، چه‌مچه‌ماڵ)ئه‌مه یه‌كه‌مینجارییانه به‌شداری فێستیڤاڵێكی شانۆیی بكه‌ن له سلێمانی، بێگومان ئه‌مه بۆ ئه‌وان زۆر خۆشه و ئاستی ململانێكانییان ده‌باته پێشه‌وه، ئێمه له‌م فێستیڤاڵه‌دا هه‌وڵی جوانمان بینی، به‌ڵام له هه‌ندێ به‌رهه‌میشدا كه‌م و كورتی هه‌بوو، ده‌رهێنه‌ره‌كانیش خۆیان هه‌ستیان به‌و كه‌مو كورتییانه كردبوو، به‌ڵام هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێدا هیچ كارێكی هونه‌ریی بێكه‌م و كورتی نابێت، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌مه ببێته ئه‌زموونێك و به‌رِێوبه‌رایه‌تی شانۆ بتوانێت له فێستیڤاڵه‌كانی داهاتوودا به‌سه‌ر ئه‌م كێشانه‌دا زاڵ بێت و ئه‌و گرفتانه‌ی له‌م فێستیڤاڵه‌دا هه‌بووه له فێستیڤاڵه‌كانی تری‌دا نه‌بێت.
*باسی كه‌م و كورتیت كرد، به‌ڵام ئێوه پێشتر وه‌ك به‌رِێوبه‌رایه‌تی شانۆ، لیژنه‌یه‌كتان دانابوو سه‌یری ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كردووه، ئایا گه‌ر سه‌یریان كردووه ئه‌ی كه‌م و كورتییان بۆ هه‌یه؟
- به‌ڵێ راسته ئه‌و لیژنه‌یه سه‌یری هه‌مو به‌رهه‌مه‌كانی كردووه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت بڵێین ئیتر ئه‌و لیژنه‌یه ده‌سكاری هه‌موشتێكی كردبێت، نه‌خێر ته‌نها گه‌ر خه‌له‌لێك یان گرفتێكی هونه‌ریی هه‌بوبێت له نمایشێكدا هاوكاری ده‌رهێنه‌ری كردووه‌و به هاوكاری ده‌رهێنه‌ر چه‌ند سه‌رنجێكی داوه، بێگومان ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ش زۆریان پێخۆش بووه و به رۆحێكی هونه‌ریی ئه‌و سه‌رنجانه‌یان وه‌رگرتووه.
*تۆ وه‌ك به‌رِێوبه‌ری به‌رهه‌می هه‌ردوو شانۆگه‌ری (ماڵێك له خه‌رابات، ماڵی قرژاڵه‌كان) ئایا هیچ گرفت و كێشه‌یه‌كتان هه‌بووه له رِووی ئیدارییه‌وه؟
-نه‌خێر به‌سوپاسه‌وه هه‌مو پێداویستییه‌كانی ئه‌و دوو نمایشه له‌لایه‌ن به‌رِێوبه‌رایه‌تی شانۆ وه بۆمان دابینكراوه‌و به‌مه‌ش نمایشه‌كه چ پێداویستییه‌كی هه‌بوبێت به‌پێی پرِۆپۆزۆڵ داوا له ئێمه‌كراوه‌و ئێمه‌ش بۆمان دابینكردوون.
|