ئەکتەرێکی کورد لە شانۆگەرییەکی گەورەی سویدیدا
ھونەرمەندو شانۆکاری کورد (میران کامەلا) کە لەوڵاتی سوید نیشتەجێیە، لە بەرھەمێکی شانۆیی شانۆی شاری سوید لە یۆتۆبۆری کە گەورەترین شانۆیە لەم شارە و لە ھەموو شارەکان لقی ھەیە، وەک ئەکتەر لەپاڵ چەندین ئەکتەری سویدی بەشداری نواندن دەکات.
سەبارەت بە نیشتەجێبوونی لە وڵاتی سویدو خوێندنی ھونەر، میران وتی:(من نزیکەی٢٢ساڵە لێرە دەژیم و بواری شانۆ لە پەیمانگا و تەلەفزیۆن و سینەمام لە پەیمانگای باڵا خوێندووە وماوەی١٠ ساڵێک دەبێت لەم بوارەدا چ وەک ئەکتەر لەسەر شانۆ و بەرامبەر کامێرا کارم کردووە و ھەروەھا لەپشتی کەوالیس و پشتی کامێراش کاری جیاوازم کردووە لە شانۆ جیاوازەکان و تەلەفزیۆن و کۆمپانیا جیاوازەکانی بەرھەمھێنانی فلیم و دراما سویدییەکان). لەبارەی سەرەتای کاروانی ھونەری خۆی لە وڵاتی سوید، ھونەرمەندی ناوبراو وتی:(من ھەر لەسەرەتای گەیشتنم بەسوید پاش چەند مانگێک پەیوەندیمکرد بە تیپێکی شانۆی سویدییەوە کە کاتێ ھێشتا زمانی سویدیم نەدەزانی و لە دوو شانۆگەریدا بەشداریمکرد بە ڕۆڵی بچووک و کۆمبارس. پاشان ساڵی(١٩٩٤-١٩٩٦) بەشی شانۆم خوێند لێرە و پاش تەواوکردنی خوێندنەکەم تیپێکی شانۆیمان پێکەوەنا لەگەڵ مامۆستاو قوتابییەکان و شانۆگەرییەکمان بۆ ماوەی چەند مانگێک نمایشکردکە دەنگدانەوەیەکی باشی ھێنا لەمێدیا سویدییەکاندا). وەکچۆن ھێما بۆ ئەوەش دەکات کە لەو ماوەیەشدا لەکۆمەڵ و ڕێکخراوە کوردییەکاندا تیپی شانۆیی کوردییان ھەبووەو کاری تێداکردوون چ وەک ئەکتەر یان دەرھێنەرو بەرپرسی شانۆ. سەبارەت بە کارکردنی بەرامبەر کامێراش، میران کامەلا وتی:(لە ساڵی٢٠٠١- دا بواری کارکردنم بۆ ڕەخسا بەرامبەر کامێرا وەک ئەکتەر و لەو کاتەوە تا ئێستا لە نزیکەی پانزە کاری سینەمایی، تەلەفیزیۆنی، زنجیرە دراما و کورتە فلیمدا کارمکردووە، بێگومان ھەموویان بە سویدی، دەتوانم بڵێم کە توانیومە جێگەی خۆم بکەمەوە لەم بوارەدا وەک ئەکتەرێکی بیانی خۆشبەختانە زۆربەی کارەکانیش کە ڕۆڵم تێیدا ھەبووە سەرکەوتنیان بەدەست ھێناوە وخەڵاتیان وەرگرتووە لەفێستیڤاڵە جیاوازە سویدیی و ئەوروپییەکاندا، کە بێگومان ئەمە سودی بەمنیش گەیاندووە لەبوارەکەدا کە بتوانم بەردەوام بم و جێگەم ببێتەوە لەنێوان ئەکتەرە سویدییەکانداو دەتوانم بڵێم کە رۆڵم ھەبووە بەرامبەر زۆربەی گەورە ئەکتەرە سویدییەکان). لەباوەی پەیوەندیی خۆشی بە شانۆی شاری سویدەوە کە یەکێکە لە شانۆ بەناوببانگ و بایەخدارەکان، میران وتی:( بێگومان من لەڕێگەی ئەوکارانەی کەبەرامبەر کامێرا و لەسەر شانۆ سویدییەکان کردوومە ناسراوم لەبوارەکەدا، بەڵام ساڵی پار لە شانۆی شار وەک بەرپرسی پڕۆژەیەک کارمکرد لەم شانۆیە، بۆ وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی نمایشێک بۆ چەند زمانێک کە یەکێک لەو زمانانە کوردی بوو، بێگومان بەرپرسی پڕۆژە لە شانۆیەکی وادا نە کارێکی ئاسانە نە بەدەستھێنانیشی کارێکی ئاسانە بەتایبەتی بۆ ئێمەی بیانی واتە غەیرە سویدی، گەر مرۆ متمانەی تەواوی پێنەکرێت و دڵنیانەبن لەوکەسە کە لە سەدا سەد سەرکەوتن بەدەست دەھێنێت، خۆشبەختانە من دەستنیشانکرام بە بەرپرسی ئەو پڕۆژەیە و لە نێوان چەند کەسێکی کارامە و بە ئەزموون و سویدی بەھۆی ئەم کارەوە ئاشنایەتییەکی زیاترم پەیداکرد لەگەڵ بەڕێوەبەری شانۆکەو دەرھێنەرو کارمەندەکانی تر کە ئەمە بوو بەھۆی ئاشنابوونم بە دەرھێنەری شانۆگەری بیبل کە خۆی خەڵکی وڵاتی سویسرایەو پار کاری دەرھێنانی بۆ شانۆگەرییەکی تر دەکرد لێرە و لەوێوە بانگھێشتکرابوو، پاش ئەوکارەی پاری دیسانەوە بانگھێشتکرایەوە بۆ سوید و کاری دەرھێنانی پێ بەخشرا و لەکاتی ھەڵبژاردنی ئەکتەرەکاندا باسی منیان بۆکردبوو منیش زووتر خۆمم پێناساند بوو ھەروەھا چەند کارێکی منی بینی بوو ھەربۆیە بانگھێشتی کردم بۆ چاوپێکەتن و تاقیکردنەوە، پاش گەڕانەوەی بۆ وڵاتی ئیسپانیا کە لەوێ نیشتەجێیە، ڕۆژێک بە تەلەفوون داوای لێکردم کە لەو شانۆگەرییەدا بەشداری بکەم وەک ئەکتەر). لەبارەی کارکردن لەو شانۆ گەورەیەدا و لەو پرۆژە شانۆییەدا، میران وتی:(بێگوومان ئەمە بۆ من وەک خەونێک وابوو، ھەربۆیە پاش داخستنەوەی تەلەفونەکەی، خێرا تەلەفونمکرد بۆ ھاوڕێیەکم کە لەشانۆی شاردا کاردەکات تابزانم ئەو ھیچ زانیارییەکی ھەیە لەو بارەیەوە، بەڵام ئەو ھیچی نەدەزانی و بۆیە خۆم تەلەفونم بۆ دەرھێنەرەکە کردەوە تا دڵنیابم لەوەی کە بە ھەڵە تێنەگەیشتووم، وەڵامی ئەویش بۆمن ئەوەبووکە (ئەمە نە خەونە و نەخەیاڵ و ھەردووکمان بێدارین و جارێکی تر داواکەی دووپاتکردەوە، بێگومان بێ دوودڵی و بیرکردنەوە وەڵامم دایەوە) چونکە ئەوە خەونێکی مێژینەی من و زۆربەی ئەکتەرە سویدیی و بیانییەکانیشە کە بەتایبەت لە شانۆی شاردا کاربکات، چونکە گەورەترین و کۆنترین شانۆیە لەوڵاتی سویدو لە ھەموو شارەکان لقی ھەیە و کارکردنو وەرگرتن تێیدا ئاسان نییە). سەبارەت بە رۆڵی لەم شانۆگەرییەشدا، ھونەرمەندی ناوبراو وتی:(لەم شانۆگەرییەدا چەند ڕۆڵێکی جیاوازم ھەیە، ئێمە تەنھا ١٣ئەکتەرین و ھەشت کەسمان ھەریەکەمان پێنج تا شەش ڕۆڵی دیاری ھەیە کە زیاتر لە پەنجا کارەکتەر دابەشکراوە بە سەرمانداو ھەروەھا لە سەرەتاوە تا کۆتایی لە زۆربەی دیمەنەکاندا لەسەر شانۆین و شانۆگەرییەکەش نزیکەی پێنج کاتژمێرە). میران کامەلا سەبارەت بە ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکەش وتی:( ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکە لە ھەردوو پەرتوکی ئاینی مەسیحی ئنجیل و تەوراتەوە وەرگیراوە، بێگومان مەبەستیش لەم نمایشە بۆ بڵاوکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ئاینی مەسیحی نییە، بەڵکو وەک گێڕانەوەیەک لەو ڕووداوە مێژووییانەیە کە لە ھەموو ئاینەکانی تریش باسدەکرێت، لە درووستبوونی کەون و ئادەم و حەواوە تا گەیشتنی عیساو لەخاچدانی، وەک چۆن لەو دوو پەڕاوە ئاینییەدا ھاتووە). سەبارەت بە ھاتنەدی خەونەکەشی، میران وتی:(ئەمە یەکێک بوو لە خەونە گەورەکانم کەزیاتر لە ٢١ ساڵە لەگەڵمدایە و بێگومان مرۆڤ ھەمیشە خەونی نوێی ھەیە گەر بێ خەون بێت ئەوا ھەرگیز لەجێگەی خۆی نابزوێت و ھیچ ھەنگاوێک بەرەوپێش نانێت).