(ئه‌وێ)یه‌ک لێره، (ئه‌ودیو)ێک له‌مدیو (5) | سه‌ركاو هادی گۆرانی
شانۆ وه‌ک دامه‌زراوه
ئه‌گه‌ر فه‌رهه‌نگێکی زمان بکه‌ینه‌وه‌و ته‌ماشای وشه‌ی شانۆ بکه‌ین، ده‌بینین له به‌رامبه‌ریدا نووسراوه:
شانۆ ئه‌و شوێنه‌یه که تێیدا کۆمه‌ڵێک ئه‌کته‌ر چیرۆکێک به شێوه‌ی نمایش ده‌گێڕنه‌وه.
هەروەها: شانۆ هۆڵێکه، به‌شێکی پێکهاتووه له ئۆرکێسترایه‌ک و ته‌خته‌یه‌ک که مه‌ترێ یان مه‌ترو نیوێک له ئاستی زه‌ویه‌که‌وه به‌رزکراوه‌ته‌وه، به‌شه‌که‌ی تری پله پله‌یه‌و به ڕیزی کورسی چنراوه، به‌شێوه‌یه‌ک که تێکڕای دانیشتوان ته‌واوی دیکۆرو ته‌ختی شانۆکه ببینن.
ئه‌گه‌ر به‌م مانایه بێ، شانۆ له هه‌موو وڵاتێک‌دا هه‌یه، نه‌ک ته‌نها له کوردستان.
خۆ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له شانۆ نمایشێک یان کۆمه‌ڵێ نمایشی (باش) بێت، ده‌رهێنه‌رێک یان کۆمه‌ڵێ ده‌رهێنه‌ری (باش) بێت، ئه‌مه‌شیان ئه‌گه‌ر له هه‌مو وڵاتێک‌دا نه‌بێت، ئه‌وا له زۆر وڵات‌دا هه‌یه، ته‌نانه‌ت له کوردستانیش. من مه‌به‌ستم نه ئه‌میانه‌و نه ئەویان.
مه‌به‌ستم لە شانۆیه وه‌ک دامه‌زراوه. دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تی و دامه‌زراوه‌ی کۆمەڵایەتی. واته شانۆ وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی ئابووری بۆ ده‌وڵه‌ت، هەروەها وه‌ک به‌شێکی دانه‌بڕاو له بونیادی کولتووری نه‌تەوە.
گومانم له‌وه نییه، ئێوه هه‌موو له‌گه‌ڵ مندا کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که شانۆ له وڵاتی ئێمه‌دا نه دامه‌زراوه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و نه به‌شێکه له دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت. به‌ڵگه‌یه‌کی زۆر ساده‌و ساکار بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر بۆ ده ساڵ هیچ نمایشێک له کوردستاندا پێشکەش نه‌کرێت، ده‌وڵه‌ت و میلله‌ت نه‌ک هه‌ر هاواریان لێ به‌رز نابێته‌وه و ناکه‌ونه سه‌ر شه‌قامه‌کان بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین، بگره پێشی نازانن.
ساڵی ٢٠٠٥ له فه‌ڕه‌نسادا، شانۆکاران له چه‌ند فستیڤاڵێکداو بۆ ماوه‌ی وه‌رزێکی شانۆیی بڕیاریاندا نمایشه‌کانیان بوه‌ستێنن و مان بگرن، ئه‌مه کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی بۆ ده‌وڵه‌ت و بینه‌ری شانۆ درووستکرد، وه بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر بووه باسی هه‌موو میدیا‌و دانیشتنه‌کانی په‌ڕله‌مانی فه‌ڕه‌نسی. چونکه شانۆ له فه‌ڕه‌نسادا بوونی هه‌یه، هه‌رچه‌نده که ده‌کرێ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵیش نمایشێکی باشی ئه‌م شانۆیه نه‌بینین. بێگومان مەبەستم لێرەدا بەراوەردکردنی زلهێزێکی ئابووری و کولتووری وەک فەڕەنسا نییە بە کوردستان، چونکە ئەمە کارێکی گەمژانەیە. مەبەستم لە گرنگی شانۆیە لە ئێستادا کە بە وتەی هەندێک گوایە تەلەفیزۆن و سینەما ئەو گرنگیەیان لێ سەندووەتەوە.
من ناتوانم بڵێم له کوردستاندا نمایشی باش، ده‌رهێنه‌ری باش، ته‌نانه‌ت ئه‌کته‌ری باش بوونیان نیه. به‌ڵام ده‌توانم بڵێم، شانۆ به‌و مانایه‌ی باسی لێوه ده‌که‌م، بوونی نیه له‌وێ. شانۆش به‌و مانایه نه‌بێ، ده‌بێته جۆرێک له کاتبه‌سه‌ربردنی کۆمه‌ڵێ که‌س، که ئه‌مه‌ش بێ مانایه.
ئه‌گه‌ر هه‌وڵ نه‌درێ شانۆ ببێته به‌شێکی دانه‌بڕاو له کولتووری نه‌ته‌وه، شانۆکار هه‌رگیز نابێته به‌شێک له بزوێنه‌ره‌کانی ژیانی ڕۆشنبیری نه‌ته‌وه، چ جای ببێته یه‌کێک له پێشه‌واو بڕیارده‌ران له ژیانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌دا.
ئه‌گه‌ر شانۆ نه‌بێته به‌شێک له ئابووری ده‌وڵه‌ت، وه‌ک چاپه‌مه‌نی، ڕاگه‌یاندن، گه‌شتوگوزار...، ئه‌وا شانۆکار هیچ پله‌وپایه‌یه‌کی نه یاسایی و نه مه‌ده‌نی نابێ. ته‌نانه‌ت ڕێزی لێ ناگیرێ، چونکه له ژیانی سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی و دامه‌زراوه‌یی وڵات‌دا ئاماده نیه. هه‌میشه وه‌ک پاشکۆیه‌ک، وه‌ک (لۆتیه‌ک)، بگره وه‌ک مشه‌خۆرێک و بارێک به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه‌وه، ته‌ماشاو پێناسه ده‌کرێ. تا ئه‌مڕۆش ئه‌مه پله‌و پایه‌ی شانۆکاری کورده چ له ناو کۆمه‌ڵگه‌که‌ی، وه چ له‌به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتدا.
شانۆکاری کورد داواکاره، پێویستی به‌وه‌یه (یارمه‌تی) بدرێ و خێری پێ بکرێ، له‌جێی ئه‌وه‌ی دارابێ، بگره به‌شدارو بزوێنه‌ری ئابووری وڵات بێ. ده‌سه‌ڵات و که‌سانی (پاره‌دار) یش به خێری خۆیان ئه‌گه‌ر ویستیان به‌کاری ده‌هێنن بۆ ڕاگه‌یاندن، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌کانیان، یان وه‌ک بڵندگۆ بۆ بانگه‌وازی هه‌ڵبژارنه‌کانیان، یان وه‌ک شووشه‌خانه‌یه‌ک بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی ڕووی دیمۆکراسی پارته‌کانیان. له شێوه‌ی ئه‌دیب و شاعیره کۆنه‌کانمان که کوێخای ئاغاکانی زه‌مانی کۆمه‌ڵگه فیوداڵیه‌که‌مان بوون، ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی که تا ئێسته‌ش هه‌ر ئه‌مه بنه‌ماکه‌یه‌تی.
ئه‌و کاتانه‌ی که له وڵاتێک‌دا شانۆ به قه‌یراندا تێده‌په‌ڕێ، یاخود شانۆ بوونی لەو شوێنەدا نییه، له‌بارترین کاتن بۆ بنیادنان و له‌دایکبوونی شانۆ.
شێکسپیر، ئیبسن، مۆلیێر، مارلۆ نموونه‌ی ئه‌و شانۆکاره گه‌ورانه‌ن که قه‌یرانه‌کانی شانۆ له وڵاته‌کانیاندا به‌رهه‌میان هێنان. پلوتارک و سێنێک له سه‌ده تاریکه‌کانی ناوه‌ڕاستدا به‌رزترین نمایش و نمایشنامه‌کانی خۆیان به‌رهه‌م هێنا.
گه‌ر سه‌رنجی کوردستانی ئه‌مڕۆ بده‌ین ده‌بینین که هیچ کاتێ له‌ئێستا له‌بارتر نیه بۆ له‌دایکبوونی شانۆ، زه‌ویێکه به هه‌موو شێوه‌یه‌ک کێڵراوه و به هه‌موو باره‌کاندا وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه، ئاماده‌یه‌و چاوه‌ڕێی کشتوکاڵه.
شانۆکارمان پیشه‌که‌ی خۆی وه‌ک چالاکیه‌کی گرنگی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری نابینێ، بۆیه هه‌رگیز هه‌وڵی نه‌داوه (ئه‌گه‌ر هه‌وڵیشی دابێ نه‌یتوانیوه) به‌و جۆره به کۆمه‌ڵگه‌که‌ی بناسێنێ. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه که نه‌یتوانیوه بیکاته به‌شێک له ژیانی کولتووری ئه‌و کۆمەڵگەکەی خۆی.
وه ئه‌گه‌ر نه‌یتوانیبێ له‌ناو دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تدا جێی شانۆ بکاته‌وه، هۆی ئه‌وه‌یه که یه‌که‌م جار ده‌بوو له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا جێی بکاته‌وه‌و بیکاته به‌شێک له ڕۆشنبیری و ماڵ و سامانی نه‌ته‌وه، ئه‌وکات نه‌ته‌وه بۆ خۆی ده‌یکرده به‌شێک له دامه‌زراوه‌ی ده‌سه‌ڵات.
ئێستا کێشه‌ی شانۆکار له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌وه‌یه که داوای مووچەیەک و به‌رگری له مافێک دەکات بۆ چالاکییه‌ک که بوونی نییه، بوونیشی هه‌بێ نه‌بۆته پێویستی. هەرچەندە کە ئەگەر داواکەشی ڕەوا بێت، وەڵامەکەی وەک هەموو داواکانیتری توێژ و بەشەکانی تری کۆمەڵگە دەبێت کە یچ وەڵامێک بەدەست ناێنێت لە دەسەڵاتێکی ئەوا ناشارستانی بگرە نەخوێندەوارەوە.
ڕژێمی دارایی و ئابووری و بودجه‌ی هۆڵ و تیپ و قوتابخانه تایبه‌ته‌کانی شانۆ (له کوردستان له‌م جۆره قوتابخانه‌یه بوونی نییه هێشتا)، باسکردنی ئه‌مانه له‌مڕۆدا وه‌ک داوای به‌خشیش و خێر‌و سواڵکردنه نه‌ک مافی ڕه‌وا. چونکه ماف هه‌میشه له به‌رامبه‌ری ئه‌رکدایه، تا شانۆیش وه‌ک نه‌خۆشخانه، وه‌ک قوتابخانه، وه‌ک هه‌ر پیشه‌و دامه‌زراوه‌یێکی تر ئه‌رکه‌کانی به‌جێ نه‌هێنابێ و نه‌بووبێته ئه‌و پێویستیه‌ی که کۆمه‌ڵگه‌که‌ی به بێ ئه‌و نه‌ژی، ناتوانێت باسی مافیش بکات.
هه‌ڵه‌ی شانۆکاری ئێمه له‌وه‌دایه که ڕوو له ده‌سه‌ڵات ده‌کات، له‌جێی ئه‌وه‌ی له‌ناو هۆش و ژیان و ڕۆشنبیری میلله‌ته‌که‌یداجێی خۆی بکاته‌وه، که ئه‌گه‌ر مافه‌کانی پێشێل کران، میلله‌ت پشتیوانی بکات بۆ ده‌سته‌به‌رکردنیان.
بێگومان مه‌به‌ستم له‌وه نیه که تا ئه‌وکاته‌ی شانۆ ده‌بێته دامه‌زراوه، شانۆکار نابێ هیچ داواکارییه‌ک و ڕه‌خنه‌یه‌کی نه‌بێ له ده‌سه‌ڵات، شانۆکار خه‌بات بۆ مافه گشتیه‌کان ده‌کا وه‌ک هه‌ر توێژێکی تری کۆمه‌ڵگه.
یه‌کێکی تر له کێشه کوشنده‌کانی شانۆ له وڵاتی ئێمه‌دا ئه‌وه‌یه، که دابڕاوه له کایه‌کانی تری زانین، بگره هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ زانست و بواره‌کانی تری ڕۆشنبیریدا به‌رقه‌رار نه‌کردووه‌و خۆی به‌و شێوه‌یه ناساندووه. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کڵۆڵی و نه‌زانی شانۆکارو، خراپی و هه‌ژاری پرۆگرامی خوێندن له قوتابخانه‌کانی شانۆدا. به تایبه‌ت له به‌غدا چونکه هه‌موو ئه‌وانه‌ی شانۆیان هێنایه کوردستانی باشوور ده‌رچووی ئه‌و قوتابخانانه بوون.
کۆلێژی فه‌ڕه‌نسی له دوای ئۆکسفۆرد، بگره له‌گه‌ڵ ئۆکسفۆرددا گه‌وره‌ترین دامه‌زراوی زانستیه له ئه‌ورووپاو ڕۆژئاوادا. له‌هه‌ر بوارێکی زانستیدا نوێنه‌رێکی هه‌یه، که زوربه‌یان خاوه‌نی نۆبڵن له‌و بواره‌ی خۆیاندا. به یه‌کێک له سه‌چاوه و مه‌ڵبه‌نده‌کانی زانین و به عه‌قڵی ڕۆژئاوا داده‌نرێ. یه‌که‌م شانۆکار که بووه ئه‌ندام له‌م شوێنه جیرزی گرۆتۆڤسکی بوو، ئه‌مه‌ش وه‌ک دانپیانانێک بوو له لایه‌ن زانسته‌کانی تر به‌وه‌ی که شانۆ زانسته.
مه‌به‌ستم لێره‌دا ته‌نها ئه‌وه‌یه که گرنگی شانۆ باس بکه‌م، نه‌ک ته‌نها وه‌ک چالاکیه‌کی پێویستی کۆمه‌ڵایه‌تی، بگره وه‌ک به‌شدارێک له دروستکردنی گه‌نجینه‌ی بیری مرۆڤایه‌تیدا.
شانۆ ناتوانێ دابڕاوبێ له بواره‌کانی تری ڕۆشنبیری، به‌تایبه‌ت له زانسته‌کان، چ زانسته ته‌واوه‌کانی وه‌ک فیزیا، ته‌ندروستی، بیۆلۆژی، میکانیک، نۆرۆلۆژی...و چ زانسته تیۆریه‌کانی وه‌ک ئه‌نسرۆپۆلۆژی، سایکۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی، زمانه‌وانی... شانۆی ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌چووه به‌لای ئه‌م بوارانه‌دا، بۆیه نه‌بووه‌ته به‌شێک له ژیان و ژێرخانی کولتووری و ڕۆشنبیری ته‌نانه‌ت خودی شانۆکاری کوردیش.
به‌ده‌ر له‌وه‌ی که شانۆی ئێمه له ناو میلله‌تدا جێی خۆی نه‌کردۆته‌وه، وه له ناو پانتایی ڕۆشنبیریشدا هیچ ڕۆڵێکی نه‌بینیوه، ئه‌م شانۆیه بابه‌تی کارکردنی نییه، واته نازانی له‌چی ئه‌دوێ و باسی چی ده‌کات، ئه‌و کێشانه‌ی گیرۆده‌یکردوون کامانه‌ن؟ ئه‌و کێشانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی پێویستی به شیکردنه‌وه‌و ڕوونکردنه‌وه و، پێویستی به‌وه‌یه له‌سه‌ریان بوه‌ستێ، هیچ نه‌بێ ناویان بهێنێ کامانه‌ن؟. چونکه ئه‌گه‌ر ئێمه بڵێین زانسته‌کان به‌شێکن له پێکهاته‌ی بیری شانۆیی، ئه‌وا شانۆ وه‌ک بابه‌تی کارکردن، ده‌بێ کار له‌سه‌ر هه‌موو بواره‌کانی تری ژیانی ڕۆشنبیری، ته‌نانه‌ت ژیانی ڕۆژانه‌و ترس و خه‌ونه‌کانی میلله‌ت، ئابووری، کشتوکاڵ، کۆمه‌ڵایه‌تی، تاک، سیاسه‌ت... بکات، که شانۆ لەو هەرێمەدا نه‌یکردووه.
ده‌بینین شانۆی ئێمه چه‌نده ڕووت و ڕه‌جاڵه، چه‌نده نه‌زان و داماوه، چه‌نده هه‌ژارو بێ ئاگایه، که‌چی له‌هه‌مان کاتدا هێنده له‌خۆباییه که هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ک په‌سه‌ند ناکات.
ئه‌م شانۆیه تاکه ڕێگه‌ی له‌دایکبوونی، یان ئه‌گه‌ر بڵێین هه‌یه‌و له قه‌یراندایه، تاکه ڕێگه‌ی ده‌رچوونی، ئه‌وه‌یه ڕوو بکاته بینه‌ر، وه بینه‌ر بکاته سه‌رچاوه‌ی ئابووری خۆی، وه زانست بکاته بنه‌مای کارکردنی، وه پرسیاره مرۆیی و ڕۆشنبیری و مێژوویه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی بکاته پانتایی بابه‌ته‌کانی، وه ده‌سبکات به ئه‌رکیۆلۆژیایه‌کی وردی ئه‌ده‌ب و زمان و (نه‌ستی مێژوویی) بینه‌ره‌که‌ی
ئه‌گین هه‌ر وا ده‌مێنێته‌وه که هه‌یه، واته:
سۆزانیه‌ک پێش ئه‌وه‌ی گه‌وره‌بێ پیر بووه.. له پاش ئه‌وه‌ی که سیاسیه‌کان لێ تێر بوون، به شه‌ق له لای خۆیان ده‌ریان کردووه.. ئه‌ویش هاتۆته‌وه بۆ لای کڕیاره کۆنه‌کانی.. کاتێک که ده‌یه‌وێ به‌یادی جارانه‌وه بچێته سه‌ر مێزی شه‌رابه‌که و سه‌ما بکات، به‌ڵکو دڵیان بکڕێته‌وه، موغه‌کان هه‌موو پشتی تێ ده‌که‌ن، نه‌وه‌ک خۆی ڕووت بکاته‌وه‌و مله چرچه‌که‌ی و مه‌مکه شۆڕه‌کانی و ڕانه ئاوساوه‌کانی ئێستای ببینن.. چونکه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ هه‌ر به‌و شێوه‌یه له یاده‌وه‌ریاندا بمێنێته‌وه که بۆ یه‌که‌مجار بینیان.
شانۆی لە کوردستان ده‌بێ (وه‌ک خیام ده‌ڵێ: ئه‌م ڕه‌زه پیره جێ ده‌هێڵم و بووکی تازه‌ی شه‌راب ماره ده‌که‌م) حیزب و سیاسی و عه‌قڵی پیری خۆی جێ بهێڵێت و بووکی تازه‌ی بینه‌ر ماره بکا.
|