هەست و ئێستا | سابیر سدیق
هەوا سارد ..
دڵم تەنگ ،
بە نیازی خۆ خەڵەتاندن
یا بۆ ئەوەی فێڵ لە خۆ کەم
بێهودە ..
چاکتر وایە بڕۆم
پشت لە ئاوەدانی
روو لە کەناری دەریا
شوێن پێی تەنیایی هەڵگرم
بۆ راوکردنی تۆزێ خەندە
بۆ سۆراخی کەمێک هەتاو
بۆ گوێگرتن
لە قسەی روون و بێخەوشی ئاو
**
هەوا لێڵە
رۆژگار کورت و کات کابووسە
بە ژێر ئاسمانێکی گرژا
بە رێیەکی تەماویدا
سەرم کاسە
دەستم بەتاڵ
گلێنە خاڵی لە تروسکە
لێو بە بار و بێ بریسکە
هاتمەوە ماڵ
***
بە کلیلێ
بێزارتر لە دوێنێ
غەمگینتر لە پێرێ
هەرچۆنێ بوو دەرگام وازکرد
چیبێ لە ئێوە نهێنی !
بە گوڵێک سوێندتان بۆ دەخۆم
لەپڕ .. !
چەپکێ هەتاو
خۆی ئاڵان لە ملمەوە
بە کاوەخۆ
وەک و خۆشاو
خەندە و خۆشیش
تک تک ڕژایە رۆحمەوە
بە ئاسمان و ئەستێرە و ژن درۆ ناکەم
کاتی دیتم
دوو کتێبی سەوز و تازەی ( شێرکۆ بێکەس )
گەلێک ماندو و ، ماندوی رێگا
وەک دوو دیاری گەیشتبونە
رەفەی ، سەر سەرەوەی مەکتەبەکەم
............................................................
سوپاس :
* بۆ دیاریە پڕ بەها و جوانەکانی کاک شێرکۆی شاعیری گەورە و هاوڕێی ئازیزو خۆشەویستمان .
* بۆ ساکار هاوڕێی ئازیزو خۆشەویست زەحمەتی گەیاندنی کتێبەکانی کێشا .
|