رۆژگار كۆتایی خەونەكانی ژن نیشان دەدا | مەسعود مەلا هەمزە
لە هەوڵێكی دیكەیانداو لە ئامادەكردن و دەرهێنانی رۆژگار كەریم رۆژ تیپی شانۆی تیشك شانۆگەرییەكی تایبەت بە پرسی ژن لە كوردستان نمایش دەكات.
شانۆگەری كۆتایی خەونەكان كە لە ئامادەكردن و دەرهێنانی هونەرمەند رۆژگار كەریم رۆژەو لە ئێستادا دەستكراوە بە قۆناغی ئامادەكارییەكانی كاركردن لەو شانۆگەرییەو بڕیارە لە هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان نمایش بكرێ.
لە لێدوانێكی تایبەتدا رۆژگار كەریم رۆژ ئامادەكارو دەرهێنەری شانۆگەرییەكە گوتی"لە نوێترین كاری خۆماندا سەرقاڵی كاركردنین لە شانۆگەری كۆتایی خەونەكان كە باس لە بێ بایەخ بوونی پرسی ئافرەت و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی شێوازەكانی ئازاردان و توندوتیژی دژی ئافرەت دەكاو دەیخاتەڕوو".
رۆژگار گوتیشی"لەم شانۆگەرییەدا كار لەگەڵ كۆمەڵێك ئەكتەر دەكەم كە بۆ یەكەمجارە دێنە سەر تەختەی شانۆ، كە ئەوەش ئامانجێكی خۆمەو دەمەوێ كار لەگەڵ چەند كەسێكی تازە بكەم و بیانهێنمە سەر تەختەی شانۆ".
شایانی باسە رۆژگار كەریم رۆژ دەرچووی بەشی شانۆی كۆلیژی هونەرەجوانەكانەو پارساڵ بە شانۆگەری "ماڵئاوایی شاعیران" كە وەك تێزی دەرچوونی نمایشی كرد توانی پلەی ئیمتیاز وەربگرێ.
|