ژن و شانۆ (1) | زاهیر عه‌بدوڵا ڕه‌ش
بێگومان ئێمه ناتوانین باسی ژن له شانۆدا بکه‌ین ئه‌گه‌ر شانۆ پێناسه‌ی شانۆ نه‌که‌ین!... ئێمه نا‌توانیین باسی ژن بکه‌ین له شانۆدائه‌گه‌ر باسی خودی ژن نه‌که‌ین که چ پله و پایه و مه‌قامێکی هه‌یه له کۆمه‌ڵگادا؟. ئێمه ناتوانین باسی شانۆ‌و ژن بکه‌ین ، که چ کاریگه‌ریه‌ک به‌جێده‌هێڵن له کۆمه‌ڵگادا هه‌تا باسی مه‌عریفه و ڕۆشنبیری نه‌که‌ین له‌و کۆمه‌لگایه‌دا؟. له پێناسه‌ی شانۆدا که ده‌ڵێن : شانۆ به‌رجه‌سته‌کردنی ژیانه لێره‌دا و له ئێستادا یان ره‌نگدانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه. جا ژیان و کۆمه‌ڵگاش خۆی پڕه له پرس و چورتم و هه‌وراز به خۆشی و ناخۆشیه‌کانیه‌وه.
چ له شانۆ ، دراما یان تێکستی شانۆدا، تا چه‌ند توانیومانه پرس و گرفته‌کانی ژنان پیشان بده‌ین، ئه‌ی ژن خۆیان تا چه‌ند توانیویانه گرفته‌کانی خۆیان به‌رجه‌سته بکه‌ن؟. جا ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌مان دایه‌وه، ئه‌وکاته ده‌توانین ده‌ستنیشانی بکه‌ین و پیشانی بده‌ین که گرفته‌کانی ژن و شانۆ چین؟ کێشه‌ی ژنان له چ مه‌وقیعێکدایه له شانۆدا.
بێگومان ئه‌گه‌ر شانۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگابێت، پاش هه‌ڵکۆڵین و ووردبونه‌وه له کێشه‌ی خودی ژن به‌شێوه‌یه‌کی زانستی ئه‌وسا زۆر به رونی ده‌یبینین که ژن له کام گۆشه‌ی شانۆدا وه‌ستاوه.
پرسیار، ئایا ژن له کۆمه‌لگای ئێمه‌دا ئازاده؟... ۆه‌ڵام، نه‌خێر!!!
که‌واته له کۆمه‌ڵگایه‌کدا گه‌ر ژن ئازاد نه‌بێت ئه‌وه بیگۆمان پیاویش ئازاد نییه، چونکه سه‌ربه‌ستی ژن پێودانگه بۆ سه‌ربه‌ستی کۆمه‌ڵگا... جا گه‌ر کۆمه‌لگامان ئازاد نه‌بیت، خۆدی شانۆشمان ئازاد نابێت.، ئازادی ژنیش به‌مانای دره‌وشانه‌وه‌یان له پانتاییه گشتیه‌که‌یدا له به‌ر ئه‌وه‌ی شانۆ به‌رهه‌می هزر و بیری کۆمه‌ڵگایه، ئه‌م کێشه‌یه‌ش هی ئێستا نی یه، به‌ڵکو ڕه‌گێکی قوڵی هه‌یه، هه‌تا چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌ت هه‌بوبێت ئه‌م کێشه‌یه‌ش هه‌ر هه‌بووه و له کۆمه‌ڵگای باوک سالارییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
|