شانۆ لە ئێستاداو لە دوای ڕووداوەکانی ١٧ی شوبات | سدیق عهزیز

لەدوای ڕاپەڕینەوە و بە درێژای زیاتر لە ٢٠ ساڵە ، شانۆی کوردی هەم لە قەیراندا بووە و ،هەم لە ئاست ئەو کێشە سیاسی کۆمەڵایەتیەدا نەبوە کە بتواننرێت سودی لێوەرگیرێت و بکرێتە سەرەتایەک بۆ سەرلەنوێ دروستکردنەوەو بنیاتنانەوەی پەیوەندیەکی نوێتر لە نیوان بینەرو شانۆدا کە لە ئاست تێگەیشتنی بەها فکری و مەعریفیەکانی شانۆدابێت.
دەسەڵاتی کوردی لە دوای ڕوداەکانی ١٧ ی مانگ هەڵگری مانایەکی ترو خوێندنەوەیەکی ترە هەم لە رووی سیاسی و هەم لە ڕووی کولتوریەوە. ئەگەر پێش ١٧ مانگ دوو دڵی و ئاڵۆزیەک هەبوبێت بۆ داڕشتنی پێناسەیەک بۆ دەسەڵاتی کوردی، یان بەمانایەکی تر گەر دەسەڵاتی کوردی تا ئێستا توانیبێتی لە ژێر چەندین دەمامکی جۆراو جۆر خۆی نمایش بکات ، بۆ ئەوەی هەقیقەتی خۆی بشارێتەوە، ئەوا ڕوداەکانی ١٧ مانگ سەرجەم ئەو دەمامکانی ڕاماڵیو هەقیقەتی دەسەڵاتی کوردی وەک ڕۆژی ڕوناک ئاشکرا بوو.
ڕوداوکانی ١٧ مانگ ئێمەی گەڕانەوە بۆ کۆمەڵیک بیرەوەری تاڵ و پر ئازاری ساڵانی هەشتاکان و سەردەمی فاشیترین دەسەڵات لە دونیادا کە ئەویش دەسەلاتی دیکتاتۆریەتی خیزبی بەعس بوو.
عەسکەر تاریەتی و کوشتنی کەسی بێدیفاعو رەشبگیری گەنجان و گرتنو ئەشکەنجەدان و وونکردنی ئازدیخوازان و پێشێلکردنی هەموو مافەکانی مرۆڤ تاکە ئەخلاقیەتی حیزبی بەعس بوو، ئێمە لە دوای رووداوکانی ١٧ مانگ ، هەمان ئەخلاقیەت و هەمان پرۆسەمان بینی لە دەسەڵاتی کوردی.
ئەوەی دەمەوێت بیری شانۆکارانی بخەمەوە، ڕۆژگارە ڕەشەکانی سالانی هەشتاکانە، کە ڕێژم سەرجەم جادەکانی بە سیخورەکانی خۆی تەنی بوو ، هەر نێوان چەند مەترێک و چەندین مەفرەزەو چەندین سەیتەریە ی هەبوون ،گرتنو ئەشکەنجەدانو تا ڕەمیکردنی ئازادی خوازان بە ئاشکراو بەر چاوی خەڵکەوە، ببوە کاری رۆژانەی ڕژێم. لەو ڕۆژگارانەدا و لەگەڵ ئەو هەموو ئەو زەخت و ترسیی گرتنو کوشتندا، شانۆکاران بە وورەیەکی بەرزەوە و بەو پەڕی ڕوحی بەرگریەوە لە چالاکی شانۆ نەوەستان و بەبەردەوامی شانۆکان ئەدرەوشانەوە. ئەو ڕۆژەی پێنج لاویان لە فولکەی سجن ڕەمیکرد ، ئێمە لە ئامادەیی سلێمانی پرۆڤەی شانۆیی گالیلۆگالیلی مان هەبوو. زۆر نوسینو چەندەها بابەت لەسەر ڕەوشی شانۆی ساڵانی هەشتاکان نووسراوە ،گەلێک ڕاو بۆچوبی جیواز هەیە ، بەڵام بەدەر لە هەموو ئەو ڕاو بۆ چوونە جیوازانە ،هەموو لەسەر ئەوە کۆکن کە سەردەمێکی زێڕین بووە بە تایبەتی لە ئاست بوونی بینەرێکی زۆرو عەشقێکی زۆر بۆ شانۆ.
بە بروای من لە دوای ١٧ مانگ و لەدوای ئەو هەموو کارەساتانە ، شانۆ ئەتوانێت جارێکی تر بگەرێتەوە بۆ سەردەمی هەشتاکان ، بەڵام بە تێگەیشتنێکی تر و تێروانینێکی ترو خوێندنەوەیەکی نوێتر بۆ دۆزینەوەی پەیوەندیەکەکانی نێوان بینەرو شانۆ.بەکورتی ئەو خاڵە نێگەتیڤانەی کە هەبووە لە هەشتاکاندا سەبارەت بە پەیوەندیەکانی نێوان بینەرو شانۆ ، لە مڕۆدا ئەتوانرێت بە شیوەیەکی ترو بە میتۆدێکی جیاوازتر مامەڵە لەگەڵدا بکراێت. ئەگەر لە هەشتاکان بینەر بینەری چەپڵە و تەنفیسکردن بووە لە ئاست بیستنی هەندێک ووشەی وەک ئازادی و سەربەستی، ئەوا لەدوای ١٧ مانگەوە ئەتوانرێت پەیوەندی نیوان بینەو شانۆهەڵگریی مانایەکی مەعریفی بێت، پەیوەندیەک کە لەسەر چەمک و بنەماکانی لایەنی جوانی و بەرزڕاگرتنی بەهاکان شانۆ بنیات نرابێت. ئەگەر لە هەشتاکاندا
زروفی سیاسی و چەوساندنەوەی نەتەوایەتی هاندەری بینەر بووە بۆ شانۆ ،دەکریت لە مڕۆدا هەمان بابەت بەشێوەیەکی سەردەمیانە و بە عەقلانیتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ،نەک بۆ چەپڵە بەڵکو بۆ چێژ وەرگرتن لە لایەنی جوانیی شانۆ ،بۆ تێگەیشتن لە زمانی شانۆ و زمانی جەستەو زمانی نهێنیەکانی شانۆی سەردەم و کولوتورە جیاوازەکان. شانۆ سادەکەیەنوە بەڵام بارگاوی بەدنیای مەعریفەو فەلسەفەی جوانی شانۆ.
ئەوەی جێگای پرسیارە و جێگای خوێندنەوەیەکی ووردە هەلوێست وەرگرتنی هەندێک گروپی شانۆیی و شانۆکاران بوو سەبارەت وەستاندنی کارەکانیان ،بەرامبەر بەو لەشکرکیشیەی کە کرایە سلێمانی و سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی کرد، هەموو هەڵویست وەرگرتنێک بەرامبەر بە ناعەدالەتی و پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەڵوێستیکی پیرۆزە، خۆبەخشین لە پێناو ئازادی دروستکردنی دنیایەکی ئاسودە گەورەییە .بەلام هەندیك هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بە هەندێک ڕوداو بێئەوەی بەخۆمان بزانین دەچیتە خانەی خزمەتکردن بەدەسەڵات و لە ئاست پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دەسەلاتدا دەبێت. ئەگەر دەسەلاتێک هێندە دیکتاتۆربێت کە بە هێزی سەربازی و بە هەموو شێوە چەکێک سەرکوتی خۆپیشاندان بکات ،چ دەربەست بەوەدێت شانۆ بوەستێت یان نەوەستێت ،شانۆ هەبێت یان نەبێت. دەسەلاتییک هیچ تێگەیشتنێکی نەبێت بۆ کولتورو فکرو مەعریفە، چ جۆرە تیگەیشتنێکی دەبێت بۆ دنیای شانۆ و مانا پیرۆزەکانی شانۆ. من دڵنیاتان دەکەم ئەگەر خۆشتان کارەکانتان نە وەستاندایە ئەوە ،دەسەلات خۆی بەزۆر پییدەوەستاندن ، چونکە لەو کاتەدا نە کۆبەنەوەکان و نە چالاکیە دەستە جەمعیەکان لەخزمەتی دەسەڵاتدا نەبوون، هەر دەسەلات خۆی کۆڕەکەی شێرکۆ بێکەسی وەستاند
ناکرێت شاعیرێک بڵێت ئیتر من شعر نانوسم،یان چیرۆک نوسێک بڵێت من چیرۆک نانوسم ،ئەمانە دەبنە زەرەری کولتوری و مەعریفی و شارستانیەتی بۆ کۆمەڵگە یەک کە لە ژێر ڕکێفی ئەم جۆرە دەسەلاتە بێبەها کولتوریانەدا بێت.
ئەگەر لە ولاتێکی ئەوروپی ،هونەرمەندیک یان نوسەرێک بڕیارێکی لەو جۆرەبدات لەسەر کێشەیەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی ، دەبێتە سەردێڕی دەیان ڕۆژنامەو دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی. کام ڕۆژنامەی دەسەڵات یان حیزبی باسی ئەم هەڵوێستەی شانۆکارانی کرد ،جگە لە ڕۆژنامە ئەهلیەکان،ئەمە دەلیلە بۆ ئەوەی کە ئەم دەسەلاتە بێباکە لە بوون و نەبوونی بەها کولتوری و هونەریەکان.
بەبڕوای من لە دوای نە مانی سەرای ئازادی وسەرکوتکردنی خۆپیشەندارەن ،شانۆکان باشترین جێگا بوون بۆ کۆبونەوە و ئاڵ وگۆڕکردنی بیرو ڕا . ئەمە سەرەتایەکی تر دەبوو بۆ سەر لەنوێ لە دایک بوونەوەی شانۆ و گەرانەوەی بینەر بۆ هۆڵەکان.لێرە بەدواو دەبێت شانۆ هەڵگری خوێندنەوەیەکی تربێت. فرسەت هێننان لە ساتە وەختەکانی ژیانی ڕۆژانە لە پێناو دۆزینەوەی پەیوەندیەکی زیندوی نیوان بینەرو شانۆ ،گەڕان و کار کردن بە میتۆدێک بۆ گەیشتن بە شێوە شانۆیەکی هونەری بالای سەردەمیانە .
|