چراكان

ئێمه له دوی(سپۆنسۆر ، پشتگیریکه‌ر) ده‌گه‌ڕێین بۆ ماڵپه‌ڕی چراکان.(په‌یوه‌ندی بکه: info@chrakan.com
 

وەحشیگەرى.. ژیاندۆستى | ئاسۆ جه‌بار

" جیاوازى نیە لەنێوان جەلادێکى عەرەب‌و جەلادێکى کوردا، پیاوکوژێکى بەعسى‌و منداڵکوژ‌و ئینسانکوژێکى  پارتیدا، جەلادەکان لەیەک دەچن، یەک روخسار‌و یەک ئەخلاق‌و یەک عەقڵیەتیان هەیە."

جیاوازى زۆر سادەء گەوهەرى‌و پڕ مانا هەیە لەنێوان وەحشیگەرى‌و ژیاندۆستىدا، تا دەگاتە ئەو خەسڵەتە  ئاژەڵى‌و پۆست ئاژەڵیانەى کە کردەگەلى وەحشیگەرى پێ دەناسرێتەوە. بەڵام لەسەر ئاستى شارستانى، کردەگەلى وەحشیگەریى تەنها بارودۆخ‌و بابەتێکى دیاریکراو نییە، بەڵکە بیرکردنەوە‌و سیستەم‌و دنیابینى‌و پراکتیزەکردنە، بێگومان بەبێ تێڕوانین‌و دنیابینییەکى وەحشیگەرانە ئەستەمە کردەگەلى وەحشیگەریى پراکتیزە بکرێت. بەبێ پرۆگرام‌و پلانڕێژى بۆ ستەم‌و پیادەکردنى زەبروزەنگ وەحشیگەریى بوونى نییە، بێگومان وەحشیگەریى کردەگەلێکى رێکەوت‌و لەخۆوەڕا دروست نابن.
زۆر بە سادەیى، کەواتە وەحشیگەریى چیە؟ وەحشیگەرى بریتییە لەسەرلەبەرى ئەو سەرکوتکردنء ستەمکارییە نائینسانىء ناشارستانىء نائەخلاقییەى کە هێزێک لەهێزەکان، گروپێک لەگروپەکان دەرهەق بە کۆمەڵە کەسانێک یان بەرامبەر بە تاکەکەس پیادەى دەکەن، وەک کوشتنء لێدانء سەرکوتکردنى خەڵکء ستەمى ئەخلاقىء سیاسىء ئابورى، سەرکوتکردنى خۆپیشاندانء کوشتنى ئینسان بێئەندازە بەشێکى جیانەکراوەن لەپیادەکردنى وەحشیگەریى. چۆن ئینسانکوژى وەحشیگەر هەیە، دەسەڵاتء سیستمء سەرکردەء بەرپرسى وەحشیگەرء نائینسانیش بوونیان هەیە.   
وەحشیگەریى ناتوانێت ئەویدى قبوڵبکات، ئەو کە باوەڕى بە جیاوازییەکان نیە، هاوکات خەیاڵکوژء مرۆڤکوژء خەونکوژء ئارەزووکوژە، ئەو بۆیە هەموو خواستێکى نوێء جیاواز دەکوژێتء فەرامۆشدەکات، لەبەرئەوەى نەک تەنها باوەڕى بە دنیاى نوێء گۆڕانکارى مۆدێرن نیە، بەڵًکە ئەو پێیوایە هەمو حەقیقەتەکان لەلاى ئەوەء حەقیقەتێکى دیکە بونى نیە لەدەرەوەى مەوداى داخراوى روانینء دنیابینییەکانى، ئەو دەسەڵاتە هەمجییەى ئەو، کە دەسەڵاتێکە بۆ فەرامۆشکردنى هەمو کردەء بیرکردنەوەیەک لەدەرەوەى خۆى، وەحشیگەرى لەو خەیاڵە کوشندەیەدا دەژى کە دەرەوەى خۆىء ئەو جیاوازیانە ناکەونە ژێر ستەمء کوشندەیى ئەوەوە گێرەشێوێنء لادەرن، هەربۆیە هەموو هێزى خۆى دەخاتەگەڕ بۆ سەرکوتکردنء کوشتنء لەناوبردنى ئەو هێزانە.
هاوکات وەحشیگەرى لەسەر ئاستى شارستانى ئەو ماشێنە سیاسىء حیزبىء ئابورىء یاسایىء نائەخلاقىء نالۆجیکیەیە کە خاوەنى زیاد لەهێزء ئاڕاستەیەکە بۆ کۆنترۆڵکردنء تێکشکاندنء خامۆشکردنى ئەو رووبەرە شارستانىء رۆشنبیرىء ئینسانییەى کە دەبنە پێکهێنەرى کۆمەڵگەیەکى کراوەء زیندوو. بێگومان وەحشیگەریى بەبێ جەبەروتى سەرۆکء هەژموونى ناشرینى حیزبىء دەسەڵاتى رەهاى نائەخلاقیاتى سیاسىء ئابورىء پۆلیسى وجودى نییە. کاتێک سەرۆک بەرگرى لەئینسانکوژء وەحشیگەرەکان دەکات، کەواتە سەرۆکیش بەشێکى جیانەکراوەء زیندووى ئینسانکوشتنء وەحشیگەرییە، کاتێک هێزێکى میلیشیایى حیزبى بەو پەڕى جەبەڕوتەوە شارەکان خەڵتانى خوێن دەکەنء تاوانبارەکان دەشارنەوە، کەواتە ئیتر پیادەکردنى وەحشیگەریى لەئاستێکى مەترسیدارء کوشندەدایە.
سەرکوتکردنء داپڵۆسینى هەر چالاکىء بزوتنەوەیەکى شارستانىء فەرهەنگىء ژیاندۆستانە تەنها کردەگەلێکى نائینسانىء وەحشیگەرى سادەء ساکار نییە بۆ بەرپاکردنى فەزایەکى گەورەء گرانى پێشێلکردنى مافى مرۆڤء شەرعیەتدان بە توندوتیژىء سیستیماتیزەکردنى زەبروزەنگ لەئاستێکى باڵاى فەرمىء دەوڵەتییدا، بەڵکە پێکڕا هەر کردەیەکى وەحشیگەرانەء نائینسانیانە دەرهەق بە هەر روانینێکى نوێء دنیابینییەکى جیاواز لەو سیستمە دیکتاتۆریىء سەرکوتکارە راستەقینە ئاڵۆزەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەر کردەیەکى زەبروزەنگئاساء هەر توندوتیژییەکى فەرمى دەبنە پێکهێنەرى ئەو شوناسە زەبەلاحەى کە خولقێنەرى شەرعیەتء سیستمء دامەزراوەگەلێکى نائاسایىء نابەرجەرستەیە. تائێرە ئیتر ئینسان ناتوانێت تاکە شوناسێکى دیاریکراو بدۆزێتەوە بۆ لێشاوێک لەکارى زەبروزەنگء کوشتنء ڕفاندنء زیندانیکردنء لەسێدارەدانء کۆنترۆڵکردنى کۆمەڵگەء خامۆشکردنء سەرکوتکردنى عەقڵء جەستەء رۆحى ئینسان.
جیاوازى نیە لەنێوان جەلادێکى عەرەبء جەلادێکى کوردا، پیاوکوژێکى بەعسىء منداڵکوژء ئینسانکوژێکى  پارتیدا، جەلادەکان لەیەک دەچن، یەک روخسارء یەک ئەخلاقء یەک عەقڵیەتیان هەیە.
کەوتە جەلادەکان تەنها ئەو پیاوکوژانە نین کە پەتى قەنارە دەکەنە ملى قوربانییەکانء بەدیار دواهەناسەى مەرگەوە رادەوستن، وەکچۆن جەلادەکان تەنها ئەوانە نیین کە بەکردار جینۆسایدء کۆمەڵکوژى دەکەنء بەندیخانەکان پڕدەکەن لەنەیارء ئۆپۆزسیۆنء دوژمنەکانیان، هاوکات شارەکان پڕدەکەن لەترسء غەمگینىء تەعزیبخانەیەکى گەورەى جەستەیىء روحىء دەروونى دەخولقێنن، نەخێر وەکچۆن دیکتاتۆرەکان دروستکارء بەرهەمهێنەرى جەلادء بکوژى راستەقینەء تایبەتن، بەهەمانشێوە دەسەڵاتە ستەمکارء تۆتالیتارء مەزهەبییەکان خاوەنى دنیایەک جەلادى کولتورىء فەرهەنگىء رۆشنبیرىء شارستانیین.
ترسناکترین ئاستى ستەمکارىء چەوسانەوە لەو ساتەوەختانەوە دەستپێدەکات کە ستەمکارىء توندوتیژىء زیندانیکردنء کارە ناشارستانىء نائینسانییەکان لەسیستمێکى نوێکارىء مۆدێرندا ئەنجام دەدرین، بە ئەندازەیەک کاتێک کوشتنى ئینسان لەجەنگەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ کوشتنى ئینسان لەسەرشەقامەکانء لەناوجەرگەى شارەکانداء سوتاندنى رادیۆء تەلەفیوزیۆنەکان، کوشتنى رۆژنامەنوسء داپڵۆسینى خەڵکء ونکردنء زیندانیکردن. کاتێک بێدەنگکردنى ئینسان لەسیستمێکى هەژارى سیاسییەوە باز هەڵدەداتە نێو دۆخێکى ترسناکى یاسایىء حکومىء حیزبىء وەحشیگەرییەوە، ئەوکاتانە ئیتر قسەکردن لەسەر سەرکوتکردن لەڕێى تێزگەلێکى هەژارى کلاسیکییەوە بێجگە لەریزکردنى کۆمەڵێک حیکایەت هیچى دیکە نیین.
ژیاندۆستى
بەڵام کولتورى ژیاندۆستى، هێزێکە بۆ دروستکردنى پەیوەندیی شارستانىء فەرهەنگى لەنێوان گروپء روانینء دنیابینییە جیاوازەکاندا، پێکڕا ئەم کولتورە بەرهەمهێنەرى دیالۆگء هێشتنەوەى جیاوازییەکانە لەنێوان گفتوگۆء سەربەخۆییدا، لەنێوان رێزء یەکتر قبوڵکردندا، بەڵام کولتورى ژیاندۆستى بەبێ کۆمەڵێک پرینسیپى گرنگء متمانەى شارستانىء فەرهەنگى نێوان ئینسانەکان وەک دروشمێکى بەتاڵ دەمێنێتەوە، ئەو پرینسیپانەش بریتین لەسەروەرى یاساء دادپەروەرى کۆمەڵایەتىء فەرهەنگىء کولتورى کراوەء شەفاف، کاڵبونەوەى دەسەڵاتى داخراوى ترادسیۆنى کۆمەڵایەتىء روانینء دنیابینییە کوشندەء توندڕەوەکانء حسابکردن بۆ سەروەرى ئینسان وەک بوونەوەرێکى شارستانىء فەرهەنگىء بەشدار لەکایە کۆمەڵایەتىء سیاسىء فەرهەنگىء ئابوورییەکاندا.
بەبێ کولتورى ژیاندۆستىء سەرورى یاساء دادگاکانء دادپەروەرى کۆمەڵایەتىء رێزگرتنى لەمافى شارستانىء حسابکردن بۆ رایگشتىء رێزگرتن لەئازادى رادەربڕینء ئازادى گروپء پێکهاتە فەرهەنگىء رۆشنبیرییەکان، مەحاڵە باس لەدیموکراسىء ژیانێکى شارستانى شیاو بکەین بۆ کۆمەڵگەء تاکەکەس، وەکچۆن دیکتاتۆرء ستەمکارء دەسەڵاتە هەمەجییەکان بۆ داپڵۆسینء سەرکوتکردنى ئینسان پێویستیان بە کولتورى ستەمکارىء هەڕەشەکردنء مەرگدۆستییە، هاوکات کولتورى ژیاندۆستیش وەستاوە لەسەر چەسپاندنى یاسایەک کە تواناى قبوڵکردنى جیاوازىء ستانداردە جیهانییەکانى مافى مرۆڤء دادپەروەرى کۆمەڵایەتىء تاکەکەسى هەبێت.
ژیاندۆستى خەونێکە لەدەرەوەى خەونە بەباچوەکانى نەریتپارێزىء کۆنپارێزى، خولیایەکى ئینساندۆستانەء هاودەنخوازانەیە لەدەرەوەى خولیاکانى مەرگخوازىء سڕینەوەى ئەویدىء قبوڵنەکردنى جیاوازییەکان، هەستێکى شارستانى قوڵە لەدەرەوەى دنیاى کۆنکرێتى مەزهەبخوازىء حیزبخوازىء خودپەرستى، مانایەکى دیکەیە لەدەرەوەى مانا سنوردراوەکانى کۆمەڵگەى داخراوء فەرهەنگى داخراو، ژیاندۆستى فەرهەنگێکە لەدەرەوەى فەرهەنگى ئینسانکوشتنء وەحشیگەریىء گەندەڵىء بێمانایىء ناشرینکردنى خولیاو ء ئارەزوەکانى مرۆڤء فەرهەنگێکى کراوەیە بۆ شکۆداریىء رێزگرتنى مرۆڤ وەک بوویەکى داهێنەرء بیرکەرەوە.
دواجار هیچ هێزێک بەرگەى ئەو تەوژمە ژیاندۆستء ئینساندۆستانەیە ناگرێت کە بەرهەمهێنەرى هاودەنگى شارستانىء دیالۆگء رەخنەى جیدىء روانینء دنیابینییەکى نوێء هەڵگرى روحیەتییەکى گەورەى کرانەوەء زیندوبونەوەى شارستانىء کۆمەڵایەتىء فەرهەنگییە. بەهێزترین چەک دژى وەحشیگەریى چەکى ژیاندۆستىء هاودەنگى شارستانییە، هیچ دیکتاتۆرێکى ناشرینء قێزەوەن بەرگەى جوانییەکانى ژیاندۆستى ناگرێت.

چاپكردنی ئه‌م بابه‌ته‌

بۆچوون نووسین

ناو:
تكایه‌ ناوی خۆت بنووسه‌
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
تكایه‌ بۆچوونه‌كه‌ت بنووسه‌ و پاشان بینێره‌
 
   
مه‌رجه‌كانی بۆچوون نووسین:
  • پێویسته‌ نوسینه‌که‌ت له‌(٧٥٠) پیت تێپه‌ڕنه‌کات.
  • سه‌رنجه‌كه‌ت ده‌بێت له‌فۆرمێكی گونجاو‌دا بێت، كه‌س بریندار نه‌كات.
  • چراكان ‌مافی پێداچونه‌وه‌ وگونجاندنی نوسینه‌که‌ی هه‌یه.
  • گه‌ر به‌  لاتینی ده‌نوسیت تكایه‌ هه‌مووی به‌كاپیتاڵ مه‌نوسه‌.
  • چاوه‌ڕوان مه‌به یه‌کسه‌ر سه‌رنجه‌که‌ت بڵاوبێته‌وه، تکایه چاوه‌ڕوانبه!!

ناردنی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێیه‌ك

ناساندن
ئیمه‌یلی خۆت (E-mail)
(E-mail)

 

               
فڕینی سپی، له زمانی جه‌سته‌دا
ئەسترۆفسکی ئاوێنەیەک بۆ ژیان.
ئاماده‌یی‌ گرۆتۆفسكی‌ له‌ لابۆره‌ ئه‌زموونكارییه‌كه‌ی‌ تیپی‌ ئه‌زموونگه‌ری‌ كه‌ركووك
شانۆیی به‌ڕێكه‌وت مردنی‌ ئانارشیستێك
مرۆڤ و ژیان له‌ درامای دکتۆر هۆرجوندا.
واده‌ گرتوه‌کانی مه‌رگ بۆ گیانی(سه‌رده‌شت عوسمان)  واده‌ گرتوه‌کانی مه‌رگ بۆ گیانی(سه‌رده‌شت عوسمان)
کاتێک کلک سه‌گ‌ ده‌له‌قێنێ کاتێک کلک سه‌گ‌ ده‌له‌قێنێ
مریشک و  قه‌ره‌چی مریشک و قه‌ره‌چی
 سه‌رگوشته‌ی‌ ڕۆمانی‌ ده‌ربازبوون سه‌رگوشته‌ی‌ ڕۆمانی‌ ده‌ربازبوون
عومه‌ر جه‌لال، شاعیری‌  زه‌وییه‌كی‌ دی‌ عومه‌ر جه‌لال، شاعیری‌ زه‌وییه‌كی‌ دی‌
بڵند باجەلان و داهێنان لە شیعردا. بڵند باجەلان و داهێنان لە شیعردا.

 

ماڵپه‌ڕی ( چــــــراکــــــــان )

سەرپەرشتیارى گشتیى: میران ئابراهام
سەرنووسەر: شۆڕش محەمەد حسێن
ستاف‌و دانه‌ری به‌شی موزیک: غەمگین فەرەج
ستافی کارا : هەژار مەعروف (دەوەن)

ماڵپه‌ڕی  چــــــراکــــــــان

مافی هه‌موو نووسراوو وێنه‌یه‌کی نێو ماڵپه‌ڕی چراکان پارێزراون بۆ چراکان و نووسه‌ر، تكایه‌
 به‌بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن هیچ بابه‌ت و نووسراوه‌یه‌ك له‌ چراکان ـه‌وه‌ ڕوونووس مه‌كه‌ ..

Copyright © 1997-2011 Chrakan.com