
من هیچ شتێك ناناسم له‌ژێر خۆردا،
به‌دبه‌ختر بێت له ئێوه ئه‌ی خوداوه‌نده‌كان،
ئێوه ته‌نیا شكۆمه‌ندیتان تێر ده‌كه‌ن
به ڕێگایه‌كی بچووك و نابووت،
به باجی قوربانیگه‌لێك،
به‌پاڕانه‌وه بێهووده‌كان،
ئێوه له‌برسا ده‌مردن
ئه‌گه‌ر منداڵان و درۆزه‌كه‌رانی ساویلكه،
پڕ نه‌بوونایه به هیوا به ئێوه
گۆته
قه‌سیده‌ی پرۆمسیۆس
له كتێبی (فلسفه الاخلاق فریدریك نیتشه)
_____________________________
ساڵانێكه ئێوه سه‌رقاڵی فووكردنن به شكۆمه‌ندیتاندا، ساڵانێكه ده‌تانه‌وێت شكۆمه‌ندی خۆتان و ده‌سه‌ڵاتان و حیزبه‌كانتان و باره‌گاكانتان له‌سه‌روو شكۆمه‌ندی ئینسان و نیشتمانه‌وه بێت، ساڵانێكه ماڵ و موڵك و ئینسانی ئه‌م هه‌رێمه‌تان كردووه به‌فیدای شكۆمه‌ندیتان. ئێوه پڕن له‌حه‌زێكی بێسه‌ره‌و به‌ره بۆ گه‌وره‌كردن و فووكردن به‌خۆتان و شكۆمه‌ندیتان. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئه‌م نیشتمانه‌تان داگیركردووه به باره‌گا و دیوه‌خانه‌كانتان، به‌میلیشاكانتان، به ته‌له‌فیزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامه‌كانتان، مه‌ستی شكۆمه‌ندی خۆتان بوون و له ئاست هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌گووزه‌رێ كوێر و نابینابوون. مه‌ستبوونتان به شكۆ‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆتان كارێكی كردووه زۆر بێباكانه له‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تییه بڕوانن كه خۆتان دروستان كردووه. ئێوه خه‌ڵكانێكن، ته‌نیا شتێك كه ده‌یبینن، ته‌نیا شتێك كه ده‌یزانن، ته‌نیا شتێك كه لێیتێگه‌یشتوون شكۆ‌و ده‌سه‌ڵات و گه‌وره‌ی خۆتان و حیزبه‌كانتانه. له‌دنیابینی ئێوه‌دا (هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر دنیابینیتان هه‌بێت!) نیشتمان و ئینسانی ئه‌م هه‌رێمه زۆر له‌ژێره‌وه‌ی شكۆ‌و گه‌وره‌ی خۆتان و حیزبه‌كانتانه‌وه‌یه. ئێوه ئێستا و مێژوو و ئاینده‌ش ده‌كه‌ن به‌فیدا و قوربانی شكۆ‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆتان. كه باسی شۆڕش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه نییه هه‌قیقه‌ته‌كانی مێژوو بیر بهێننه‌وه‌و ئه‌رشیفی بكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ڕوویداوه، نا، به‌ڵكو بۆ گه‌وره‌بوون و نیشاندانی شكۆی خۆتانه بۆ ئه‌و میلله‌ته‌ی ده‌تانه‌وێت وه‌ك خۆتان ته‌نیا مه‌ستی شكۆ‌و گه‌وره‌ی ئێوه بێت. ئێوه هیچ نین جگه‌له نوخبه‌یه‌ك كه ته‌نیا مه‌ستی شكۆی خۆتانن و هیچی تر.
ئێوه لێره نین له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌بێت لێره‌بن وه‌ك هه‌ر ئینسان و هاوڵاتییه‌كی ئه‌م هه‌رێمه، ئێوه لێره‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی ژیان له‌پێناو شكۆمه‌ندی ئێوه‌دایه. سامانی ئه‌م وڵاته له‌پێناو شكۆی ئێوه‌دایه، سیاسه‌ت له‌پێناو شكۆی خۆتان و حیزبه‌كانتاندایه، حكومه‌ت و هێز و ده‌سه‌ڵات له‌پێناو شكۆی ئێوه‌دایه. ئێوه لێره‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌نا كه هاونیشتمانییه‌كن و مافی ئه‌وه‌تان هه‌یه وه‌ك هه‌ر ئینسانێكی ئه‌م هه‌رێمه ده‌بێت لێره‌بن، به‌ڵكو لێره‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌ت و سامانی ئه‌م خه‌ڵكه‌تان كردۆته قوربان و فیدای شكۆی خۆتان. ئێوه به‌چه‌شنێك مه‌ستی شكۆی خۆتان بوون، ته‌نانه‌ت گه‌نجێكی ئه‌م هه‌رێمه كاتێك ده‌یه‌وێت له‌فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومیدا به بڕوانامه‌كه‌ی خۆی دابمه‌زرێت، ده‌بێت پێشوه‌خت شكۆی خۆتانی پیشانبده‌ن و ناچاری بكه‌ن به‌وه‌ی سووژده بۆ شكۆی ئێوه به‌رێت و بێته به‌رقاپی باره‌گاكانتان و (ته‌زكیه!)ی بكه‌ن. ئه‌مه چ مه‌ستبوونێكی كوێرانه‌یه به شكۆی خۆتان؟! ئه‌مه چ وه‌همێكه ئێوه له‌سه‌ری ده‌ژین؟! ئه‌مه چ جه‌هه‌ننه‌مێكه بۆ خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌تان داخستووه؟! ئاخر شكۆی ئێوه هیچ نییه جگه‌له وه‌همێك كه ته‌نیا ئێوه‌ی نوخبه‌ی حاكمی ئه‌م وڵاته خۆتان بۆخۆتان دروستان كردووه. وه‌همێك له‌تێنه‌گه‌یشتنتان له‌سیاسه‌ت و حكومكردنه‌وه له‌دایكبووه‌و ڕۆڵه‌ی خه‌یاڵدانێكی نه‌خۆشه.
كێشه‌ی قووڵی ئێوه له‌حكومكردن له‌وێووه نییه وه‌ك خۆتان دانیپێداده‌نێن كه(كه‌موكوورتی هه‌یه) یاخود (ئه‌زموونه سیاسییه‌كه‌مان تازه‌یه بۆیه كه‌مووكورتی هه‌یه)، ئه‌مه به‌هانه‌یه‌كه ده‌تانه‌وێت بیهێننه‌وه تاكو له شكۆتان كه‌منه‌كاته‌وه، له‌شكۆی ده‌سه‌ڵاتی بیست ساڵی ڕابردووتان، شكۆی بیست ساڵ له‌فووكردن به‌خۆتان و حیزبه‌كانتان و باره‌گای حیزبه‌كانتان، بیست ساڵ له‌داگیركردنی ژیانی ئینسانه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه بۆ گه‌وره‌كردن و قه‌به‌كردنی ئه‌و شته‌ی خۆتان ناوتان لێناوه حیزبی سیاسی! ئه‌مه به‌هانه‌یه‌كه ده‌تانه‌وێت لێیه‌وه پێمانی بڵێن كه ناعه‌داله‌تییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه زاده‌ی حوكمی ئێوه نین، زاده‌ی فه‌شه‌ل و تێنه‌گه‌یشتنی ئێوه نییه له‌چۆنییه‌تی حوكمكردن؟ ده‌تانه‌وێت بڵێن كه ئه‌وه ئێوه نین ئه‌م هه‌رێمه‌تان كردووه به‌دوو مقه‌ڕی حیزبی! به‌ڵكو ده‌تانه‌وێت بڵێن ئه‌م دۆخه سروشتێكه له‌گه‌ڵ هه‌موو حوكمكردنێكی تازه‌دا له‌دایكده‌بێت. له‌ڕێی ئه‌و به‌هانه‌یه‌وه، كه‌باشتر وایه بڵێین له‌ڕێی ئه‌م درۆیه‌تانه‌وه، ده‌تانه‌وێت پێمانیبَڵێن كه ئه‌مه قۆناغێكه ده‌بێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی تازه پێیدا تێپه‌ڕببێت. به‌مانایه‌كی تر ده‌تانه‌وێت بڵێن كه هه‌موو ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ی خه‌ڵك باسی لێوه ده‌كه‌ن سروشتییه! سروشتییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێوه ته‌مه‌نتان له‌حوكمكردن زۆر كه‌مه و وه‌ك ئه‌و وڵاتانه نین كه چه‌ند سه‌ده‌یه‌كه حوكمده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌م به‌هانانه‌ی ئێوه‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی تێنه‌گه‌یشتنه له‌جه‌وهه‌ری قه‌یران و كێشه ڕاسته‌قینه‌كه. كێشه‌كه لێره‌دا نییه، كێشه‌كه موقاره‌نه‌كردن نییه له‌ژماره‌ی ساڵه‌كانی حكومكردنی ئێره‌و ئه‌وێ. ئه‌و نوخبه سیاسییه‌ی ده‌یه‌وێت ژماره‌ی ساڵه‌كانی حوكمكردن بكاته به‌هانه‌ی ناعه‌داله‌تی، تاكو سه‌ر ئێسقان تێنه‌گه‌یشتووه له‌سیاسه‌ت و هونه‌ری حوكمكردن. یاخود به‌دیوێكی تردا ده‌شێ بگووترێ كه ئه‌و نوخبه‌یه تا ئه‌و شوێنه سه‌رسه‌خته له‌وه‌ی جورئه‌ت بكات و شكۆی خۆی بریندار بكات، یاخود ڕاستر وایه بڵێین جورئه‌ت بكات و دان به‌وه‌دا بنێت كه ئه‌م نوخبه سیاسییه له وه‌همێكی گه‌وره‌دا ده‌ژی. وه‌همێك كه بیست ساڵه له‌سه‌ری ده‌ژی و له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌م وه‌همه له‌گه‌ڵ خۆیدا جه‌هه‌ننه‌مێكی بۆ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ش داخستووه. وه‌همی ئێوه به‌وه‌ی باشترین خه‌ڵكن كه به‌حیكمه‌تی خۆتان توانیووتانه هه‌رێمێك له‌ناوچه‌یه‌كی پڕ له‌دوژمن و چاوبرسیدا گه‌شه پێبده‌ن و بیخه‌نه سه‌رپێی خۆی، ته‌نیا شتێكه كه ئێوه‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌نرخی هه‌قیقه‌ت لێیده‌ڕوانن. ته‌نیا خۆتانن كه پێتان وایه ژیان له‌م هه‌رێمه له گه‌شه‌كردندایه، ته‌نیا خۆتانن و كه مه‌ستبوون به شكۆی خۆتان وایلێكردوون ئه‌و جه‌هننه‌مه نه‌بینن كه بۆ ئه‌م نیشتیمانه ماندووه‌تان داخستووه، جه‌هه‌ننه‌می ناعه‌داله‌تی و نا به‌رپرسیارێتی و دزین و به‌هه‌ردان و به‌فیڕۆدانی سامانی ئه‌م هه‌رێمه. جه‌هه‌ننه‌می گه‌وره‌كردنی ئه‌و شته‌ی خۆتان ناوتانلێناوه (حیزب!). ئه‌و حیزبه‌ی هاتۆته ناو بچووكترین ته‌فاسیڵه‌كانی ژیانی ئێمه‌ی هاونیشتمانیانی ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌و له‌ساده‌ترین وه‌رده‌كارییه‌كانی ژیانماندا ئاماده‌یه، له‌دامه‌زراندنی كه‌سێك وه‌ك فه‌رمانبه‌رو مامۆستا، له‌گواستنه‌وه‌ی كارمه‌ندێك له‌فه‌رمانگه‌یه‌كه‌وه بۆ فه‌رمانگه‌یه‌كی دیكه، له‌دانانی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ك. له وه‌رگرتنی ده‌رچوویه‌كی زانكۆ له‌خوێندنی باڵا و له به‌خشینی مۆڵه‌ت به كۆمپانیایه‌ك. حیزبه‌كانتان كه ته‌عبیر ده‌كه‌ن له شكۆی درۆینی ئێوه، له‌هه‌موو شوێنێكی ژیانی ئێمه‌دا ئاماده‌یه، ته‌نانه‌ت له ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی سه‌دان و بگره هه‌زاران كه‌سی نزیك له‌خۆتان. ده‌بینیت دوێنێ كه‌سێكی زۆر ساده‌بووه‌و ئه‌مڕۆ به‌هۆی حیزبه‌كانتانه‌وه ده‌بێته سه‌رمایه‌دار! ده‌بێته بزنسمان، ده‌بێته ملیۆنێر و شتی عه‌جیب و غه‌ریب. به‌هۆی به‌خشنده‌یی حیزبه‌كانتانه‌وه‌یه كه خه‌ڵكانێكتان كردۆته مامۆستای زانكۆ‌و له‌ده‌زگا ئه‌كادیمییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌دا داتانناوون، كه له‌ڕاستیدا به‌هۆی جه‌هه‌ننه‌می شكۆی حیزبه‌كانی ئێوه‌وه نه‌بێت ئه‌و خه‌ڵكانه ڕێگای زانكۆشیان نه‌ده‌زانی له‌كوێوه‌یه! ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی نه‌ئه‌هلی كتێبن و نه ئه‌هلی عه‌قڵ، نه‌ئه‌هلی خوێندنن و نه ئه‌هلی مه‌عریفه.
ته‌نانه‌ت فووكردن به شكۆی خۆتاندا سنووره‌كانی گه‌نده‌ڵی ئیداری به‌زاندووه‌و سنووره‌كانی ئه‌خلاقی ئینسانیشی گرتۆته‌وه‌و بگره دایڕزاندووه، نه‌خۆشه‌كانی ئه‌م وڵاته ده‌بێت بێنه به‌ر ده‌رگای شكۆی ئێوه‌و ئێوه‌ش به به‌خشنده‌یی خۆتان ئیزنی سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی پێبده‌ن و كۆمه‌كی خۆتانی پێبده‌ن له‌ڕێی ئه‌و گه‌نجینه‌كانتانه‌وه كه هه‌مووی پاره‌وو پوولی خه‌ڵی به‌دبه‌ختی ئه‌م هه‌رێمه‌یه، یاخود له نه‌خۆشخانه تایبه‌تییه‌كانی خۆتان له‌م هه‌رێمه‌دا وه‌ك به‌زه‌ییه‌ك بێ به‌رامبه‌ر ده‌رفه‌تی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی پێبده‌ن! خودای ئاسمان! خودای ئاسمان! ئه‌مه چ نه‌خۆشییه‌كه ئێوه‌ی تێدان؟! ئه‌م مه‌ستبوونه به شكۆی خۆتان به‌ره‌و كوێتان ده‌بات؟ ده‌زانن ئه‌م مه‌ستبوونه‌ی ئێوه چ جه‌هه‌ننه‌مێكی بۆ ئێمه‌ی ئینسانه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه دروستكردووه؟ ئه‌ی ده‌زانن ئه‌م جه‌هه‌ننه‌مه نیشانه‌یه بۆ شكستی ئێوه، بۆ شكستی خۆتان و حیزبه‌كانتان، شكستی خۆتان و مۆدێلی حوكمكردنتان له‌ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا؟ ئه‌وه چ نه‌خۆشییه‌كه ئێوه‌ی تێدان؟ كاتێك منداڵی دوانزه ساڵان و هه‌رزه‌كارانی پانزه‌و شانزه ساڵان ده‌ده‌نه به‌ر ده‌ستڕێژی فیشه‌كه‌كانتان و ده‌یانكه‌ن به‌قوربانی شكۆی درۆیینه‌ی باره‌گا حیزبه‌ییه‌كانتان؟ ئه‌و باره‌گایانه‌ی له‌لای ئێوه بۆته شوێنی مووقه‌ده‌س و لای خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ش بۆته مۆته‌كه. ئه‌وه چۆن ئه‌و جورئه‌ته ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و نه‌وه‌یه‌دا ده‌ستڕێژی گووله بكه‌ن له‌كاتێكدا ئێوه له‌ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا هیچتان نه پێشكه‌ش به‌و نه‌وه‌یه كردووه‌و نه نه‌وه‌ی پێش ئه‌وانیش، جگه‌له مۆدێلێكی داته‌پیوو و ڕزیوو له حوكمكردنی حیزبه‌كانتان و فووكردن به‌خۆتاندا؟
ئیدی كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه شكۆی درۆزنانه‌ی خۆتان بریندار بكه‌ن؟ ئیدی كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه جورئه‌ت بكه‌ن و بێنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دنیا داخراوه‌ی خۆتان بۆ خۆتان دروستان كردووه؟ دنیایه‌ك كه دابڕاوترین دنیایه له‌گه‌ڵ جیهانی ئینسانه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه. ئینسانی ئه‌م هه‌رێمه سه‌ر به‌و جیهانه نییه كه ئێوه‌ی تێدا ده‌ژین، ئینسانی ئه‌م هه‌رێمه نامۆیه به‌و دنیا پڕ له‌درۆیه‌ی ئێوه‌ی نوخبه‌ی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ڕێی فووكردن به شكۆی خۆتاندا دروستانكردووه. نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی سامان و پاره‌و پوول ئێمه سه‌ر به‌جیهانی ئێوه نین و ئێوه‌ش دابڕاوترین خه‌ڵكن له‌گه‌ڵ ئێمه، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی ئه‌خلاق و له‌سه‌ر ئاستی بیركردنه‌وه‌ش ئێوه به‌هه‌زاران میل له‌خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌وه دوورن. دوورن و له‌و شوێنه‌ن كه ته‌نیا خۆتانی لێده‌ژین، دوورن و له‌و شوێنه‌ن كه ئێره نییه، ئه‌و شوێنه نییه كه ڕۆژگارێك خه‌ڵی ئه‌م وڵاته به جه‌سته‌و ڕۆحی خۆی ده‌یویست ئازادی بكات، دوورن و له‌و شوێنه‌ن كه ئێره نییه، ئه‌و شوێنه نییه كه هه‌موومان ڕۆژگارێك له‌پێناو ئازادبوونیدا ژیانمان له‌پێناویدا خۆشده‌ویست، هونه‌رمان له‌پێناویدا خۆشه‌ویست، گۆرانی و مۆیسقامان له‌پێناویدا خۆشه‌ویست.
ئێوه ئێستا ده‌ستڕێژی گووله ده‌كه‌ن له‌خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه، ده‌زانن بۆ؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی شكۆی مقه‌ڕه حیزبییه‌كانتان زۆر له‌لا به‌نرخترو پیرۆزتره له‌خوێنی ئینسانی ئه‌م وڵاته. چه‌نده بێباكن؟! چه‌نده دوورن له‌ڕۆحی ژیانێك، كه ژیانی ئینسانه، كه ژیانی ئازادبوونی ئینسانه. ژیانی خه‌ڵكێكه ده‌یه‌وێت زیاتر له‌وه‌بێت كه ئێوه ده‌تانه‌وێت ببێت. ئاخر ئێوه ده‌تانه‌وێت خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه ته‌نیا مووچه‌خۆرێك بێت و بۆ ئه‌زه‌ل چاوی له شكۆ‌و گه‌وره‌یی و ده‌سه‌ڵاتی ئێوه بڕیبێت. ئێوه ده‌تانه‌وێت خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌دا خۆی بناسێت و له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌دا ببێته خاوه‌ن پارچه زه‌وییه‌ك و له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌دا زانكۆ ته‌واو بكات و له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌شدا دۆستایه‌تی و دوژمنایه‌تی بكات، ئه‌مه‌شیان زاده‌ی هه‌مان ئه‌و وه‌همه‌یه كه ئێوه بیست ساڵه گه‌وره‌ی ده‌كه‌ن و فووی پێدا ده‌كه‌ن. به‌ڵام خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه ده‌یه‌وێت كۆتایی به‌م درۆ گه‌وره‌یه‌ی ئێوه بهێنێت و خاڵی كۆتایی بۆ دابنێت. ده‌یه‌وێت جیهانێك بخوڵقێنێت دوورتر له‌و دنیا بچووكه‌ی ئێوه‌و حیزبه‌كانتان بۆ خۆتان و بۆ خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌شتان دروستكردووه، ئه‌و خه‌ڵكه ده‌خوازن دنیایه‌ك بخوڵفێنن، ئاسۆكانی بیركردنه‌وه تێدا دوورتر له‌وه‌همه ناشرینه‌كانی ئێوه بێت و وه‌همه‌كانی ئێوه به هه‌زارانی ساڵی تر ده‌ستی پێنه‌گات. ده‌یانه‌وێت دنیایه‌ك دروستبكه‌ن، هه‌ناسه‌دان تێدا فووكردن نه‌بێت به‌شكۆی ده‌سه‌ڵاتاندا، ژیان هه‌موو ڕۆژێك بریتی نه‌بێت له‌هاتنه به‌ر قاپییه‌كانی ئێوه‌و ده‌ستپانكردنه‌وه نه‌بێت له گه‌نجینه‌كانتان، چونكه له‌ڕاستیدا ئێوه ته‌نیا خه‌ڵكانێكن كه مه‌ست و كۆیله‌ی وه‌همی شكۆ‌و گه‌وره‌یی خۆتانن و .. هیچی تر.