
لەدواى شەرە دۆڕاوەکەى دووەمى کەنداو و ناوەزەدکردنى ئەو شەڕە لەلایەن رژێمى بەعسەوە بە شەڕى کوفرو ئیمان، بە فەرمانیکى سەدامى هەموو مەلهاو یانەشەوانەکانى بەغداو شارەکانى ترى عێراق داخران، لەو کاتەشدا شانۆى بازرگانى لەبرەودا بوو بە تایبەتیش کە لەلەلایەن رژێمەوە پشتیوانى لێدەکرا وەک فاکتەرێکى ئیلهاکردنى خەڵک لەو کاتەدا، هەر لەدەرەنجامى ئەمەشدا زۆرێک لە ژنە لەشفرۆشەکانى مەلهاکان روویانکردە کارکردن لەو شانۆیە وەک ئەلتەرناتیفی مەلهاکان، بۆیە بەشێوەیەکى گشتى شانۆ بازرگانییەکانى ئەوکاتە هەمان رۆڵى مەلهاکانى پێشوویان دەگێڕاو بینەرێکى یەکجار زۆر بەدەورى ئەو شانۆیە گردبوونەوەو نمایشەکان کە زۆرینەیان پشتیان بە لەشى نیمچە رووتى ژنەکان دەبەست و بۆ ماوەى چەندین مانگ نمایشدەکرا.
لەم دەڤەرەى خۆشمان خەریکە بەهاى هونەرى گۆرانى لە جەستەیەکى رووت و هەندآ جوولەى ورووژێنەر کورتدەکرێتەوەو ئیحسساکردن و چێژوەرگرتنى وەرگرى کوردى لە گوێچکەوە بۆ چاو دەگوازرێتەوە، بێگومان ئەمەش دووبارەکردنەوەى ئەزموونى بەشێک لە گۆرانى عەرەبییە کە تەنها بۆ بینین نمایشدەکرێت و هارمۆنییەک بۆ بیستن لە گۆڕێ نییە.
ئەو رەوتە تازەی گۆرانى وامانلێدەکات پرسیار لەسەر بەهاو ماهیەتى هونەر بکەین و گومان لەو پەیامە بکەین کە دەشێت هونەرێکى زیندووى وەک مۆسیقاو گۆرانى بۆ کۆمەڵگا هەیبێت.
لەدێرزەمانەوە هونەر فاکتەرێکى گوزارشت و تەعبیرکردنى مرۆڤەکان بووە بۆ گەیاندنى کۆمەڵێک ئیحساس و بیرکردنەوەو ترس لە رێگاى رەسم و هەڵکۆڵین و سەما، بۆیە هەر لەو کاتەوە هونەر یارمەتیدەرێکى مرۆڤەکان بووە بۆ دەربڕین و تێگەیشتن و پەیوەندى بەستن لەگەڵ دەوروبەرى و گوزارشتکردن لەو هەست و نەستە دژوارانەى کە رەنگە نەتوانێت لەرێگەى زمان و ئاماژەوە دەریانببڕێت.
کەواتە پەیامى هونەر پەیامێکى مەعریفى و جوانکاریی و بەرزڕاگرتنى بەها وەنەوشەییەکانى کۆمەڵگایە، ئەوە نییە کە بکرێتە فاکتەرێکى رێکڵامکردن بۆ ران و سنگ و لەش و لارى نیمچەرووتى چەند ژنێکى شۆخ وشەنگ و لەدرەنجامى ئەوەش غەریزە سێکسییەکانى گەنج و غەیرەگەنج بکرێتە ئامانج و ئەو هونەرەش لەپێگەبەرزەکانى چێژبەخشینى رۆحییەوە بکەینە ئامرازێکى کاتى دامرکاندنەوەى شەهوەتە ئەزەلییەکانى مرۆڤ.
مەترسى ئەو تەوژمە لەوەدایە کەبە توانایەکى ماددى زۆر گەورەوە پشتیوانى لێدەکرێت کە رەنگە سەرچاوەى ئەو توانا ماددییە جێگەى پرسیارو تێڕامانى زۆرینەى خەڵکى کوردستان بێت، ئێمە لە وڵاتێکداین کە هونەرمەندانى وەک عوسمان عەبدوڵا و خەندەو ئاشنا لەبەر هاوکارینەکردنییان بەچەند ملیۆن دینارێک واز لە گۆرانى دێنن و هونەرمەندێکى گەورەى وەک سەڵاح داودە لە ژێر زەمینێکى حەفتا مەترى لەبرسانا ئەمرێت و کۆمەڵێک حەسرەت لەدواى خۆى بەجێدەهێڵێت و هونەرمەندێکى دێرینى وەک ئیبراهیم سابیر بەکارى حەرەسیاتى (پاسەوانى شەوانە) رۆژگارەکانى تەمەنى بەسەر دەبات، عومەر چاوشین لە حەمامێک ژیان بەسەردەبات، کەچى لەهەمانکاتدا دەرگاى نیعمەتەکان بەرووى چەندین خەڵکى لاش ولار جوان کراوەتەوە کە رەنگە زۆرینەیان لەو جەستە سەرنجراکێشە زیاتر شتێکى تر شک نەبەن کە ناوى هونەر بێت، لەدەرەنجامى ئەوەش خەڵکانێک دروست بوون کە پێیانوایە خۆرووتکردنەوە گەورەترین هونەرەو ئێمەى دواکەووتوش نابێ ئەمە بە خۆرووتکردنەوەیەکى فیزیکى ئەژمار بکەین، چونکە ئەوەى ئەوان دەیکەن کارێکى فەلسەفییەو رووتبوونەوەیە لە نەرێتە دواکەوتووەکانى کۆمەڵگاى کوردى، کەواتە دەبێ هەموومان بڕوا بەوە بێنین کە ئەوەى ئەوان دەیکەن پەیوەست نییە بە سێکس و ووروژاندنى غەریزە سێکسیەکان، بەپێچەوانەوە ئەمە رووتبوونەوەیەکى مەعریفى و ستاتیکییە بۆ بەرژەوەندى جوانکردنى کۆمەڵگایەو بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک رۆژنامەنووسى بێ ئەزموون کراوەتە سەرچۆپیکێشى ئەو دەهۆڵ لیدانەو خۆشتریش لەوە ئەوەیە کە کەسانێک بەراست و چەپ بە بەژن وباڵاى ئەو داهێنانە!!! مەعریفییە هەڵدەدەن و دەیانبەن بۆ کەشەکەڵانى ئاسمانەکان.
جارێ ئەگەر خۆرووتکردنەوە هونەرو ئیبداعێکى گەورە بێت، دەکرێت مرۆڤى نیاندرتاڵ بە گەورەترین داهێنەرو هونەرمەند ئەژمار بکەین، ئەوە جگە لەو کۆمەڵە خێڵ و تیرانەى کە تا ئێستاش جلوبەرگ بەکار ناهێنن، کەواتە پێشئەوەى رووتبوونەوە هەر داهێنانێکى هونەرى تیابێت، گەڕانەوەیە بۆ هەزاران ساڵ پێش مێژووى مرۆڤایەتیی و رووتکردنەوەى مرۆڤەکانە لەو هەموو چەمکە مەعریفییەى کە بەدرێژایی تەمەنى مرۆڤایەتى تاکەکان بەدەستیهێناوە، یاخود بەمانایەکى تر گەڕانەوەیە بۆ سەردەمى بەردو هەموو ئەو بەها ئاژەلییانەى کە مەنتیقى ژیانى ئەو سەردەمە بوون.
رەنگە لەرووى رێکلام و ناوبانگەوە ئەو شێوازە گۆرانییە کە بە مەنتیقى رووتکردنەوەى جەستەو نمایشکردنى لەشولارو ووروژاندنى غەریزە سێکسیەکان کاردەکات، هەرزوو زۆرترین ناوبانگ و بینەر بۆ ئەو خەڵکانە دابینبکات، هەر بۆ نمونە ئەگەر سەیرى ئەو چوار پێنچ ساڵەى دوایی بکەین، ئەوەى لەسەر گۆرانبێژەکانى وەک دەشنێ و لۆکەو ناسلى و موژدین ووتراوەو نووسراوەو بینراوە، بەدرێژایی مێژووى گۆرانى و مۆسیقاى کوردى لەسەر هەموو گۆرانبێژانى کورد بەیەکەوە نەبینراوە، ئەمەش ئەو کۆدەیە کە دەبآ هەموومان لەسەرى بوەستین و دیراسەى بکەین، مەعلومە بەهێزترین غەریزە لەناخى مرۆڤەکان غەریزەى سێکسە، چونکە سێکس بەژیان بەستراوەتەوەو فاکتەرێکى بنەڕەتى بەردەوامبوونى ژیانى مرۆڤەکانە، بۆیە رەنگە ئەو چێژە غەریزەییەى مرۆڤێک لە جەستەیەکى رووت و سەرنج راکێش دەیبینێت، سەدان جار بەقەد ئەو چێژەبێت کە لە بیستنى گۆرانییەک یا مۆسیقا وەریدەگرێ، ئەمە سروشتى مرۆڤەکانە،بۆیە کە گۆرانبێژێک لەرێگەى جەستەیەوە سەرنجى هەزاران بینەر رادەکێشێت، ئەوە پەیوەست نییە بە تواناى ئیبداعى ئەو گۆرانبێژە لە رووى داهێنانى هونەرى و ئیستاتیکاوە، واتە ئەو هارمۆنییەى کە تێکست و ئاوازو دەنگ کۆدەکاتەوە، بەڵکو بە پلەى یەکەم پەیوەستە بە تواناى ئەو کەسە لە نمایشکردنى زۆرترین شوێنە سەرنجڕاکێشەکانى جەستەى بەشێوەیەک کە غەریزەى سێکس و جووتبوون لاى بەرانبەرەکەى بورووژێنێت ، بۆیە دەکرێت ئەمەش بە توانایەکى بەهێز بۆ ئەو گۆرانیبێژە ئەژماربکەین، بەڵام نەوەکو لە روانگەى هونەرو داهێنانى هونەرییەوە،بەڵکو لە روانگەى ورووژاندنى غەریزەى سێکسى کەسەکانەوە.