چراكان

ئێمه له دوی(سپۆنسۆر ، پشتگیریکه‌ر) ده‌گه‌ڕێین بۆ ماڵپه‌ڕی چراکان.(په‌یوه‌ندی بکه: info@chrakan.com
 

گەمەکانی باپیرەم | نه‌جات نورى

najat-nurei001.jpgگەمەکانی باپیرەم
نوسینی : نەجات نورى
کورتە چیرۆک

( هەندێک لەخەڵکى دەیان وت دەرگایەک نیە لەم شارەدا باپیرەت پێى تێ نەخستبێت...)

ئێوارەیەک درەنگ، کە دەیکردە نیوەى مانگى ئاب، لەوەدەچوو ساڵی مەرگی ئەو کەسانەبێت کە بران بۆ شکاندنی تێنوێتی بیابانەکان، ئەوە ساڵێکە هەڵگری هەزاران حیکایەت و وەیشومەی ناو تەمەنی هەموومانە، هەمیشە باپیرەم دەیوت بیابانەکانی ئێستا بەخوێن تینوێتیان دەشکێت..

 ئەوئێوارەیە... ئەوپیاوەى تەمەنى گەیشتبووە سەرو شەست سالڕ، دەرگاى خانووى ژمارە 74 ى کردوە، وەکو ئەوەى لەدوا شوێنى یادەوەریەکانى بڕوانێت، لەحەوشەکەدا کەوتە تەماشاکردنى درەختە وشکەوە بۆکان، لەو گیاوگوڵە وشکانەى دەڕوانى کەپانتاى ناو حەوشەکەیان داپۆشى بوو.. ئەو پیاوە بە لاسەروى دیوارى حەوشەکەوە ئەو دێڕە نوسینەى خوێندەوە کە دوا نوسینى یەکێک لە برا کوژراوەکانى خۆى بوو( لەدواى ڕۆژانی باپیرەم ڕۆژانێکى تر بۆ ئێمە نیە) ئەو برایەیى زۆرکات ئەوە پیشەى بوو، بەردەوام لە گەورە بوونیشیدا دیوارى ژورو حەوشەکەى دەنووسى. ئەو هێشتا تارماى هەموو خێزان و براکانى لەناو ئەم درەخت وپوشە وشکانەى ناو حەوشەکەدا دەبینى، ئەوانەى بەخوێن پەروەردە کران و هەریەکەیان بەجۆرێک تەمەنیان بەم شارە بەخشى، ئێستا لەهەموو لایەکەوە ئەوان دەبینێت، ئەو برایەى بەردەوام دیوارەکانى دەنووسى هێشتا قەڵەمە ڕەشەکەى بەدەستەوە بوو، بەڵام لە برى دیوارەکان، ئێستا هەمووگیانى خۆى دەنووسآ. ئەو لە دواى ساڵانێکى زۆر لە مەرگى ئەو برایەى ئێستا لەناو پوشە وشکەى حەوشکەدا دەیبینى.. چاوى بەو پەردە ئەستورانەدا دەگێڕا کە بەپەنجەرەى ژوورە کانەوە ساڵانێک بوو دا درابوونەوە، ئەوساڵانە کەس ناو ئەو ژوورانەى نەبینى بوو. لەوحەوزە بچووکەى ناوەڕاستى حەوشەکە نزیک بوەوە(هەست دەکەم هێشتا پاشماوەى هەناسەى باپیرەم لێرەدا ماوە، من دەزانم هێشتا باپیرەم بە ناو ئەم حەوشەیەدا دیتء دەچێت، دەزانم ئەو نایەوێت بمرێت، ناو ئەم حەوشەیە گۆڕستانى خێزانەکەمانە، ئەو خێزانەى باپیرەم هەموویانى بەخوێن، بەکوشتنى خەڵکى پەروەردە دەکرد.. لە هیچ لایەکى دونیادا ناتوانم باپیرەیەکى وەکو باپیرەم بدۆزمەوە کە خوێن و کوشتنى خۆشویستبێت، ئاخر باپیرەم هەر هیچى دەستنەکەوتایە لەکوشتنى خەڵکى.. براکانى خۆى، خوشکەکانى، برازاو، خزمەکانى خۆى دەکرد بە گژ یەکتریدا، ودواتر یەکێکیانى دەکوشت.. هەموومان دەمانزانى رۆژەکانى باپیرەم دابەش کرابوو بەسەر کوشتنء خوێندا، هەموومان دەمانوت (لەدواى ڕۆژانی  باپیرەم ڕۆژانێکى تر بۆ ئێمە نیە) بەڵام ئێمە بە ڕۆژانى خۆمان گەیشتین، یان خەڵکى کوشتینى، یان باپیرەم خۆى یەکە بەیەکەمانى کوشت. بەردەوام ئێمە قێزمان لەخۆمان دەهاتەوە، باپیرەم بەرگى کوژراوەکانى دەهێنایەوەء لەبەرى کوڕەکانى دەکرد، دەیوت ژیان لەناو ئەم بەرگانەدا رێگاکانى تەمەن دەباتەوە سەر ئەو ڕێگایانەى تەیمورى لەنگ پێیدا گوزەرى دەکرد، ئەو هەمیشە بیرەوەریەکانى تەیمورى لەنگى لەژوور سەری خۆیدا دانابوو، دەیان جار ژیاننامەى ئەو پیاوەى بۆ ئێمە دەخوێندەوە.. هەموو بەرگەکانى بەرى خۆیشى بەرگى بەرى ئەو کوژراوانە بوو کە بۆ خۆى دەیکوشتن.. تارۆژى مردنە کەشى چاکەتى یەکێک لە کوژراوەکانى لەبەردا بوو، لەم سەرزەویەدا کەس وەکو باپیرەم حەزى لە بەرگى کوژراوەکان نەبوو تا لەبەر بکات، کوشتنء حیکایەتى کوژراوەکان بۆ ئەم باشترین کارى رۆژانەى بوو. سەیر ئەوەبوو تاساڵانێک بەر لە مردنەکەى وێنەیەکى ئەو کوژراوەى لەگیرفاندابوو، هەمووجارێک پیشانى ئێمەى دەدا، زوو زوو دەیوت بۆیە نایدڕێنم چونکە پیاوێکى ئازابوو، هیچ لە مردنى خۆى پەشیمان نەبوو، پیاوێک بوو پێیوتم: تۆ دەتوانى من بۆ یەکجار بکوژى، بەڵام ناتوانى قەت منت بیربچێتەوە، هەروایش بوو بڕوابکەن تاکو ئێستا ناتوانم لەیادیبکەم. ئاگام لێبوو رۆژێک بە سووکى بۆ ئەو وێنەیە دەدوا (تۆ وەکو خۆم وابویت، لە باڵادا، لە دەمووچاوء لە قسەکردنء لە تەمەندا، هەستدەکەم من خۆم خۆم کوشتبێت نەک کەسێکى تر، دەکرێت خودا خۆمى کردبێت بە جەلادى رۆحى خۆمء بەخۆم خۆمى بەکوشت دابێت.. نەم دەزانى بۆچى تۆ بەو گوللانە نەدەکەوتی کە پێمەوەدەنایت، کە رامانکێشایتە سەر زەویەکە قەترەیەک خوێن چى یە لە برینەکانت نەدەهات.. من دواى ساڵانێکی تر لەمەرگت، تۆم لە سەیرانگایەکى پڕ لە خەڵکدا بینیەوە، زۆر سەیر تەماشاى دەستت دەکردم.. تۆ یەکەم کەسیت کە من ناتوانم لە خۆمت داببڕم و لەبیرت بەرمەوە).

بە دەم تەماشاکردنى ناو خانۆکەوە کە لە نیشتمانێکى خاپورکراو دەچوو، دەیویست بگاتە ناو ژوورەکەى جارانى خۆى       (باپیرەم هەشتا سالڕ تەمەنى بەسەر بردبوو، بەبآ ئەوەى بۆ تاکە جارێک وشەیەک بۆچاکەى هاوڕێکانى بڵێت، سەیر هیچى لەیادەوەریەکانى خۆى بۆکەس باسنەدەکرد، ئەو دەرچوى زانکۆ بوو، کەچى سەیر پیشەى پیاوکوشتنى هەڵبژارد، سەیر گۆرانى بە ڕابووردوى خۆیدا دەوت.. هەموو بیروباوەڕەکانى دونیاى بە هیچ دەزانى، گاڵتەى بە شیعرو بە دەبء بە گۆرانى دەهات، تامرد لە ستایشى خۆى زیاتر هى کەسى ترى نەدەکرد.. بۆ زەمەنێکى زۆر وێنەیەکى (پۆل پۆت)ى دیکتاتۆرى وڵاتی (کەمبۆدیا)یى بە ژورى نوستنەکەیدا هەڵواسى بوو). بەگەیشتنى بۆ ژورەکەى خۆى، بە بەرگء پێڵاوەکانیەوە لەسەر قەرەوێڵە تۆزاویەکەى جارانى خۆى ڕاکشا( نازانم چۆن چۆنى لەم تابووتەدا ئێمە گەورە بوین، کآ هەبوو لەم ماڵەدا خاوەنى خۆى بێت، جگە لە باپیرەم، ئەو زۆرکات کە رقى هەڵدەستا دەیویست هەموومان لە برساندا بکوژێتء بۆ چەندین رۆژ نان خواردنى لەم ماڵەدا لێ قەدەغەدەکردین، زۆرکات برا بچوکەکەم لەبرساندا لە خودا دەپاڕایەوە کە نانێکى سوتاوى لە پەنجەرەکەوە بۆ بخاتە خوارەوە. ئێستا لە کیسەڵێکى پیردەچم، نازانم لە پیاوێکى مۆمیاکراویش دەچم، لەوە دەچێت خوداوەند بۆ گێڕانەوەى یادەوەریەکانى باپیرەم منى جارێکى تر گەڕاندبێتەوە بۆ ناو ئەم شارە، من دەزانم لە هەمووشتێک دەچم، تەنیا لە مرۆڤ نەبێت، چونکە هەموو گوناهەکانى باپیرەم قبوڵکرد.. نەوەیەکمان فێرکرد، بەردەوام شوێن هەنگاوە خوێناویەکانى باپیرەم بکەون. لە بەردێکى ئەم خانوەوە تا دەگات بە هەموو شتەکانى ناوى بە خوێنى هاوڵاتیانى ئەم شارە دروستکراوە، نازانم من کآ لە دواى ئەم هەموو ساڵانە گەیاندمەیەوە بەردەرگاى ئەم خانووە. هەمیشە دەپرسم ئەى بۆچى باپیرەم لەزەتى لە کوشتن وەردەگرت..)

هێشتا تاریکو لێڵەى بەیانى بوو ئەم هەر بەخەبەر هاتبوو.. لەسەر ئەو قەرەوێڵە تۆزاویەکە ڕاکشابوو(هەر دەبێت ئێمە لەسەر دوا کردارەکانى باپیرەمان بکوژرێین، من دەزانم کەس بڕواناکات ئێمە کەسانێک بین، دوور لەیادەوەریەکانى باپیرەمان بۆ خۆمان ژیابێتین.. هەمیشە لێرە کردارەکانى باپیرانمان بۆ ئێمە دەبێتە تاڵترین رۆژەکانى تەمەنمان، لەوەدەچێت ئەم خانووە نیشتمانى ئێمەبێت بەڵام نیشتمانێک لە خوێن، نازانم دواجار ئێرە چى بەسەردێت) بەژوورەکاندا بەو بەیانى زووە کەوتە گەڕان.. لەگەلڕ کردنەوەى دەرگاى ژورەکەى باپیرەیدا، لەبەردەم پەنجەرەکەدا باپیرەى بینى، دەیویست خۆى بۆ ناو حەوشەکە هەڵبدات.. کراسێکى خۆڵەمێشى لەبەردابوو.. دڵنیام جاران بەوکراسەوە بینیوومە، دەزانم ئەوکراسە هى یەکێک لەو سەربازە هەڵهاتوانە بووکە باپیرەم لەلاى سنەوبەرەکاندا گوللەبارانى کردبوو. بەلاکردنەوەى بۆلاى وێنە گەورەکەى باپیرەى کە بەلاى ڕاستى دیوارى ژورەکەدا هەڵواسرابوو، تارماى باپیرەى لێوون بوو، ئەوەى بەبیرداهاتەوە کە 36 سالڕ لەمەوبەر باپیرەى ئەم خانوەى پێبەخشیوء پێیوت (کە دڵنیابووى لەوەى لەدواى خۆت کەس نیە باسى من بکات لەم شارەدا، لەنەوەکانمان ئەم خانووە بە هەموو یادەوەریەکانى منیشەوە بسوتێنە، ئەگەر وانەکەیت لەنەوەى من نیت، ئەمڕۆت لە یادبێت، تا بە بڕواوە منیش سەفەرى تەمەنى خۆم بکەم، دەزانم ئێوە نەوەیەکن زۆر زوو ئێمە لەیادەدەکەن..) ئێوارە درەنگ بوو کە باپیرەم ئەو قسانەى بۆدەکردم، دواتر لاى حەوزە بچوکەکەوە بەم جۆرە گۆرانى دەوت (وانەیەک لە منەوە فێربن ئەى نەوەى هیچ و پووچ ، هیچ بۆ ژیانى من مەڵێن گوناهێک چى یە من نیمە.. ئەمە بە هەموو خەڵکى شار بڵێن.. دەزانم ئێوە ناتوانن وەکو من خەڵکى فریوبدەن و بیشتوانن لاى خەڵکى خۆتان خۆشەویستبکەن...) بەدەم گۆرانى وتنەوە هەموو ئەو کاغەزانەى پەیوەندیان بە خانوەکەوە هەبوو داپێم.

ئەم لەوێنە گەورەکە نزیک ببوە باپیرەى بە دەستووخەتى خۆى لە لاخواروە لێى نووسى بوو( بۆمانەوەى خێزانەکەمان بەشدارى هەموو گەمەکانى ناو خەڵکى بکەن) ئەم نەى دەزانى کآ ئەم وێنە گەورەیەى بۆ باپیرەى کێشاوە، زۆرکات باپیرەى لەبەردەم پەنجەرەکەدا لەسەر دۆشەکەڵەیەکى گەورە دادەنیشتء لە حەوشەءکۆڵانەکى دەڕوانى، خەڵکى کۆڵانەکە لەهیچ کاتێکدا سەردانیان نەدەکرد.. بۆ وەرگرتنى مووچەکەشى هەموو سەرى مانێگێک ماتۆڕ سوارێک موچەى خانەنشینیەکەى بۆ دەهێناو کاغەزەکانى پێیمزا دەکرد. ئەم وێنەکەى لێکردوەو بردیە بەردەم پەنجەرەکە لەوکاتەدا باپیرەى بینى لەبەردەم دەرگاى حەوشەکەدا ڕاوەستاوەو بانگى ژنە مردۆکەی دەکات. ئەم وێنەکەى لەپەنجەرەکەوە فرێدایە خوارەوە وتى(ئیتر باشار کەمێک بآ وێنەى تۆ پشووبدات) بەژورەکاندا دەگەڕا (بۆ دەبێت ئەو ژنانەى لەنەوەى ئێمەن وەکو پەپوولە تەمەنیان کورتبێت،  نەنکم دواى یازدە سالڕ لەگەلڕ باپیرەمدا مرد.. چاوەکانى هێندە ڕەش بوون کەس نەی دەوێرا تەماشاى بکات، کە مرد باپیرەم سەیر بۆماوەى یازدە سالڕ لەحەوشەکەی ماڵەکەیدا لەگۆڕى نا، ساباتێکى لەدارمێوو بۆ دروستکرد، شەوان تادرەنگ چرایەکى لەسەر گۆڕەکەى بۆ دادەگیرساند.. خۆشى تادەنوست لەپەنجەرەکەوە لێى دەڕوانى، کارەکەرە پیرەکەیش کە ژنێکى بەرەچەڵەک تورک بوو.. باپیرەم تەنیا بۆ پاک کردنەوەى ئەو گۆڕە هێنابووى شەوان بەترسەوە چراکەى دەکوژاندەوە، زیاتر لە چل کۆتر بەردەوام لەژێر ساباتەکەدا گمەیان دەهات.. زۆرکات خەڵکى کۆڵانەکە گوێیان لەو گۆرانیانە بوو کە باپیرەم بۆ مەرگى نەنکمى دەوت، باپیرەم لەمانگى ئابدا زۆربەى رۆژەکانى لەسەر گۆڕەکە بەسەر دەبرد، ناوى هەموو ئەو کەسانەى بە من دەوت کە خزمء کەسوکارمانبوونء خۆیى کوشتبوونى، دەیانء سەدان ناوى فێرکردبووم لە ناوى ئەو کوژراوانە، لەو مانگەدا پاڕانەوەیەکى سەیر دەپاڕایەوە، لەو مانگەدا وەکو شێتى لێدەهات.. سەیر جنێوى بەم مانگە دەدا، زۆرکات دەیوت ئەگەر ئەم مانگەم بۆدە کرایە گیان لەبەر، خۆم دەمزانى چۆن چۆنى دەمکوشت، لەم مانگەدا ئاوا دەدوا، کە ئەومانگە تەواو دەبوو کەس بۆ حەوت رۆژ نەیى دەبینى، دەچووە ژورەکەى خۆىء لەسەر زەویە ساردەکە ڕادەکشا، کە دەمبینى ئاوا راشکاوە خەریک بوو لەترساندا دەمردم، دواى یازدە سالڕ بەیانى یەک هەموومانى کۆکردەوەء گۆڕەکەى هەڵدایەء تەرمەکى نەنکمى گواستەوە بۆ گۆرستانء ساباتەکەشى تێکدا، دەیوت تەرمەکە دەبەین بە بەهەشتێکى ترى دەسپێرین، دەزانم ئێستا رۆحى شادە بەم گۆاستنەوەیە، ناهێڵم کەس دەستى بەر تەرمەکەیى بکەوێت) ئەم لە بیرانەدابوو کە بە پێلەقە کەوتە شکاندنى ئەو وێنە بچوکەى باپیرەى لە راڕەوەکەدا هەڵواسرابوو. بەگەیشتنى  بۆ ژورەکەى نەنکى لە پەنجەرەکەیەوە باپیرەى بینى ڕێک لە شوێنى گۆڕەکەى نەنکیدا بەپێوە ڕاوەستاوە، شیلەیەکى ڕەش بەگیانیدا دێتە خوارەوە، بانگى ئەم دەکات (بیسوتێنە، زوکە لەناو هێلانەى سەر سنەوبەرە وشکەدا رۆحى منیش دەربهێنەء لەگەلڕ خانۆکەدا بیسوتێنە، زوکە من ناتوانم لەم شارەدا رۆحم دەرچێت تا وێنەکانمء ئەم خانووە مابێت) ئەم پاڵێکى توندى نا بەو دۆڵابەتەختەیەى کە جلوبەرگء شتەکانى باپیرەى تێدابوو، هەمووشتەکانى ناوى کەوتنە بەرقاچیەوە (بۆچى کە باپیرەم مرد کەس لەگەلڕ تەرمەکەى نەهات بۆ گۆڕستان، مەلاى مزگەوتى گەورە ئامادە نەبوو دروودى ماڵاواى لەسەر تەرمەکەى بخوێنێت، دایکم دەیوت بچۆ بە شارەوانى بڵآ بابێن پیاوە قارەمانەکەى دەوڵەت ببەنء بەخاکى بسپێرن، تەنانەت دایکم بۆى نەگریا، کە شارەوانى تەرمەکەیان برد ماڵەکەمان سەیر بێدەنگى دایگرت، بێدەنگیەک تاکو ئێستا من ناتوانم ئەو رۆژە لەیادبکەم.

باپیرەم بوو بووبە ئەفسەرێکی پلە باڵایی پۆلیس، ببووە پیاوێک هەمیشە دەیوت ئیتر رۆژێک بۆ منء رۆژێک بۆ خەڵکى شار تا بزانین کآ کآ دەبەزێنێت. ببووە ئەفسەرێک تاکو ئێستا خەڵکى لەهاتنء لە رۆیشتنء لەقسەکانى دەترسن، ئەوانەى بە مەرگ لە شارو گوندەکاندا حوکم دەدرانء دەهێنرانە بەندیخانەکانى ئەم شارەوە، باپیرەم ڕادەسپێدرا تاکو گوللە بارانیانبکات، ئەویش دەهێنانە شوێنى ئەم خانوەء گوللەبارانى دەکردن.. خەڵکى بینیبوویان بەر لەوەى گیراوەکان گوللەبارانبکات، بەرامبەریان بۆ ماوەیەک دادەنیشت، جگەرەى دەکێشاو دەکەوتە قسەکردن لەگەڵیاندا، خەڵکى بینیبوویان چۆن چۆنى بەسوکى ئەو گیراوانەى دەدوان.. وەکو ئەوەى خودا بۆماوەیەک تەمەنى ئەو گیراوانەى درێژکردبێتەوە، ئەو پۆلیسانەى لەگەلڕ باپیرەم دەهاتن بۆ گوللەبارانکردنەکان، لەدوورەوە بێدەنگ لە هەموو شتەکانیان دەڕوانى.. ئەم شوێنەى ماڵى ئێمە جاران دوورترین شوێنى شاربوو، باپیرەم کە خانەشین بوو بۆخۆى داواى لە ئەم زەویەى کردبوو، دەوڵەتیش پێیان بەخشى بوو، دواتر کردى بەم خانووە گەورەیە.

ئەم بەرگەکانى بەرقاچى بەنووکە شەق فڕێدایە بەردەرگاى ژورەکە (بەردەوام بۆنى هەمووشتێکى تۆدەکەم، شوێن دەستەکانت، شوێن پێ یەکانت، شوێن جێگە نووستنەکەت، هێشتا لێرە بۆنیان لێدێت، چەند سەیر بۆنى تۆ شارێکى هەراسانکردووە..) کە ئەم خەریکى گەڕانى ناوژوورەکان بوو، هەستیدەکرد هێشتا دەنگى باپیرەى لەدەرەوە دێت (نەوەیەکى دڕندەیین، زووکە هەموو یادەوەرییەکانم بسوتێنە، زۆرکات دەمویست تۆ لەت لەت کەم، بۆیە نەم کوشتى تا دواجار هەموو پاشماوەى خێزانەکامان لەم شارەدا لەناو بەریت. کەس ئێستا دڵى بەم خێزانەى ئێمە خۆشنیە لەم شارەدا، دەزانن هەموومان دواجار دەبینە بکوژى منداڵەکانیان..چاکەیەک نیە ئێمە بۆ خێزانەکانى ئەم شارە کردبێتمان، من ئێستایش تیمساحێکم لەناو خوێنى خێزانەکانى ئەم شارەدا دەژیم.. تۆ دەزانى من بەر لە کوشتنى ئەو کەسانەى دەمکوشتن، هەمیشە گوڵێکم یان گەڵایەکى سەوز یان چڵەگیایەکم پێدەبەخشینء لە سنگیانم دەدا.. بۆئەوەى لەودونیا بەو شتانەدا بیان ناسمەوە، من ئێستا باپیرەى تۆم زووکە هەموو شتەکانم بسوتێنە چونکە ئیتر کەس قەدرى ئێمە نازاێ.. سەیر نەوەیەکم لە خێزانەکەمان بەخوێن پەروەردەکرد.. زووکە زوو) هەستى بەبۆنێکى زۆرناخۆشدەکرد، کە ئاوڕى دایەوە بینى باپیرەى بەرەولاى دێت.. باوەشى بۆکردۆتەوە، ئەم ویستى خۆى لە پەنچەرەکەوە بۆ حەوشەکە فڕێبدات نەى توانى باپیرەى گەیشتبووە لاى، پێیدەوت( تۆیش وەکو من یەکێکى لەوانەى بەردەوام خەڵکت گوللەباران دەکرد، پێویستە هەردووکمان بەیەکەوە بسوتێین.. تاشارێک لە خۆمان پاک بکەینەوە) ئەم هەستیدەکرد رۆحى باپیرەى لەناخیدا لەگەلڕ رۆحى خۆیدا دەدوێت لەناو ژوورەکاندا لەگەلڕ خۆیدا دەدوا (نازانم باپیرە جاران بۆ دەتوویست من بکوژیت.. ئەوەتا شوێن چەند گوللەیەکت بەقاچمەوە دیارە، لەلایەن تۆوە پەروەردە، دەکراینء لەلایەن تۆیشەوە چەند کەسێک لە خێزانەکەمان کوژراو ئەوانى تریش هەڕەشەى مەرگت لێدەکردن..خێزانێکى سەیر بووین، لە پێشوازى هەموو سەرۆکەکاندا ئێمە ئامادە بووین، وێنەى ئەو سەرۆکانەمان لەماڵەوە هەڵدەواسى، بەدرێژاى تەمەنى خێزانەکەمان ئێمە وێنەى حەڤدە سەرۆکء مەلیکمان لەم ماڵەدا هەڵواسى، سەیر کە تۆ مردیت تەنیا چوار کەسء شۆفێرێکى شارەوانى لەگۆڕیان نایت، بەبآ ئەوەى ستایشى رۆژانى تەمەنت بکەن.. تاکە منداڵێکى ئەو سەرۆکانە نەهات بۆ پرسەکەت) لەگەلڕ ئەم قسانەدا زوو زوو سەرى خۆى دەدا بە دیوارى ژوورەکانداء دەیوت ( تکا دەکەم لاچۆ لە ناخمدا) چاوى بڕیبووە ئەو کاتژمێرە کۆنەى بەدیوارى ژوورێکەوە هەڵواسرابوو.. دەمێک بوو لەکار کەوتبوو، تەماشاى ئەو پەڕەى رۆژ ژمێرەى دەکرد کە مێژوو لەدایک بوونى باپیرەى لێ نوسرابوو.. وێنەیەکى باپیرەى بە بچووکى لێدرابوو، لەوە دەچوو یەکێک لە منداڵەکانى ئەم خێزانە کاتى خۆى ئەو شتانەى لەسەر ئەو پەڕەى رۆژ ژمێرە دروستکردبێت. لەناو ئەو وێنانەى کە لەناو ژوورەکەدا کەوتبوون وێنەیەکى بینى کە باپیرەى بەدیار چەند تەرمێکەوە راوەستابوو، ئەم لەناو ئەو تەرمانەدا وێنەى خۆیى بینى... رێک لەبەر پێى باپیرەیدا کەوتبوو. ئەم بەر لەوەى دەستبەرێت بۆ وێنەکە، دەنگێک بەتوندى بانگى کرد (چەند گێلى تۆ هێشتا لەوە دڵنیانیت کە باپیرەت لە رۆژێکى پایزى ساڵى 1998دا هەموو خێزانەکەتانى بەیەکەوە کوشت، لە رۆژى 15/8/1946 باپیرەت یەکەم کەسى لەم شارەدا کوشتء دوا جاریش بەر لە مردنى ئێوەى گوللەبارانکرد.. ئێوە تاکو ئێستا باپیرە گەورەى خۆتان ناناسن..) سەیر کاتژمێر کە لە شوێنەکەى خۆیەوە کەوتە خوارەوە.. ئەم هێشتا لە وێنەکەى دەڕوانى. بە هەڵگرتنى وێنەکەء رۆیشتنى بۆ حەوشەکە دەنگى نەنکى دەبیست ( ئێوە زەوى شارێکتان بە گوناه سپارد، با شەرم دەکات بەسەر گۆڕەکانتاندا بڕوا، باپیرەت منى وەکو ژنێکى یاغى لەم ماڵەدا بەندکردبوو، هەمووتانى لەیەک گۆڕدا ناشتووە، تفەنگەکەیشى لەسەر تەرمەکانتان داناوە، خەڵکى ئەم شارە بەردەوام بەدەستکردارەکانى ئێوەوە لە گریاندان.. ئێوە لە دایکء باوکێکى ئیماندار لەدایک نەبوون، هەمووتان بە ناشەرعى لەژنانى جیاجیا لەدایک بوون..) ئەو جلوبەرگەکانى باپیرەى کە لە پەنجەرەکانەوە هەڵى دابوونە ناو حەوشەکە پێى بەسەردا دەنان ( تەمەنا دەکەم جارێکى بگەڕێمەوە سەر شەقامەکانى ئەم شارەء لە درەختء لە خەڵکىء لە سواڵکەرو لە هەموو شتێکى دەپاڕێمەوە تا لە گوناهەکانم ببوورن، لەوە دەچێت هەموومان وەکو باپیرەمان شارمان بە گریانء تاوان سپاردبێت) لە حەوشەکەدا سەیر دەنگى باپیرەى دەبیست لە دەنگى پشیلەیەکى برسى دەکردء دەپاڕایەوە( زووکە لە نزاکانى نەنکت رزگارمکە، بڕۆ پیاوێکى ئیماندار بێنە بە مردوى لەگۆڕەکاندا لەیەکمان مارەبکەن) ئەم دەیزانى بە درێژاى ئەو ساڵانەى کە ئەو ژنە لاى باپیرەى بوو.. نە یبردبووە لاى هیچ پیاوێکى ئاینى بۆمارەکردن. ئەو ژنە بەردەوام لە باپیرەى دەپاڕایەوە پێیدەوت (لە هەموو گوناهى ئەم ساڵانەت دەبوورم، بڕۆ بابچینە لاى پیاوێکى ئیماندارو بەویستى خودا بۆ یەکببینء لەیەکمان مارەبکات..) باپیرەى هیچ گوێى بەم پاڕانەوانەى نەدابوو. ئەو ژنە تامرد هەموو رۆژێک لەم پیاوە سەیرە دەپاڕایەوە تا بیباتە لاى کەسێکء لەخۆى مارەبکات. لەلا سەروى حەوشەکەوە باپیرى بینى دەست و قاچى کرم تێیداوەبوو لەم دەپاڕێتەوە (من ئەو ژنەم دوور لەویستى خۆى کردە ژنى خۆم، لاى هیچ پیاوێکى ئاینى مارەمنەکرد، شتێکم بۆبکە شتێک بۆگوناهەکانم بکە با نەنکت لەگەڵمدا قسەبکات، دەزانى کە مردیش نەم هێڵاکەس درودى ماڵاواى لەسەر گۆِرەکەى بخوێنێت.. من لەناو ئەم حەوشەیەدا بەردەوام دەگریم ناتوانم بگەمە لاى رۆژەکانى نەنکت..) کرمەکانى سەرگیانى باپیرەى گەیشتبوونە سەر قاچى ئەمیش سەیر بە خۆى وت (من لاوێتى باپیرەمم، گەڕامەوە تا ویست و وسێتەکانی باپیرەم بەجێ بگەیەنم، دەمزانی ئیتر لە هیچ شوێنێکی ئەم شارەدا جێگەی یادەوەریء وێنەکانی ئێمە نابێتەوە.. گەڕامەوە تا دوا یادەوەری باپیرەم لەناوبەرم، باپیرەم بەردەوام تا مرد گەمەی بە ئیرادەو چارەنوسی خەڵکی شار دەکرد، ئێمە بەرهەمی ئەو گەمانەبووین.. ئەوەی بۆم نەکرا لەناوی بەرم پاڕانەوەکانی نەنکم بوو.. کە هەموو شەقام کۆڵانەکانی شاری گرتبووە..) ئەم لە دواى گەڕانێکى زۆر بەناو ژوورەکانى خانۆکەدا.. هەموو شتى ناو ئەو ژوورانەى فرێدابووە ناو حەوشە گەورەکەوەء لەگەلڕ جلوبەرگە کۆنەکانى باپیرەیدا ئاگری تێ بەردان... ئیتر خۆىء باپیرى دەبینى لەناو ئاگری حەوشەکەدا بەگیانی سوتاوەوە هاوار لەیەک دەکەن.

چاپكردنی ئه‌م بابه‌ته‌

بۆچوون نووسین

ناو:
تكایه‌ ناوی خۆت بنووسه‌
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
تكایه‌ بۆچوونه‌كه‌ت بنووسه‌ و پاشان بینێره‌
 
   
مه‌رجه‌كانی بۆچوون نووسین:
  • پێویسته‌ نوسینه‌که‌ت له‌(٧٥٠) پیت تێپه‌ڕنه‌کات.
  • سه‌رنجه‌كه‌ت ده‌بێت له‌فۆرمێكی گونجاو‌دا بێت، كه‌س بریندار نه‌كات.
  • چراكان ‌مافی پێداچونه‌وه‌ وگونجاندنی نوسینه‌که‌ی هه‌یه.
  • گه‌ر به‌  لاتینی ده‌نوسیت تكایه‌ هه‌مووی به‌كاپیتاڵ مه‌نوسه‌.
  • چاوه‌ڕوان مه‌به یه‌کسه‌ر سه‌رنجه‌که‌ت بڵاوبێته‌وه، تکایه چاوه‌ڕوانبه!!

ناردنی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێیه‌ك

ناساندن
ئیمه‌یلی خۆت (E-mail)
(E-mail)

 

               
فڕینی سپی، له زمانی جه‌سته‌دا
ئەسترۆفسکی ئاوێنەیەک بۆ ژیان.
ئاماده‌یی‌ گرۆتۆفسكی‌ له‌ لابۆره‌ ئه‌زموونكارییه‌كه‌ی‌ تیپی‌ ئه‌زموونگه‌ری‌ كه‌ركووك
شانۆیی به‌ڕێكه‌وت مردنی‌ ئانارشیستێك
مرۆڤ و ژیان له‌ درامای دکتۆر هۆرجوندا.
واده‌ گرتوه‌کانی مه‌رگ بۆ گیانی(سه‌رده‌شت عوسمان)  واده‌ گرتوه‌کانی مه‌رگ بۆ گیانی(سه‌رده‌شت عوسمان)
کاتێک کلک سه‌گ‌ ده‌له‌قێنێ کاتێک کلک سه‌گ‌ ده‌له‌قێنێ
مریشک و  قه‌ره‌چی مریشک و قه‌ره‌چی
 سه‌رگوشته‌ی‌ ڕۆمانی‌ ده‌ربازبوون سه‌رگوشته‌ی‌ ڕۆمانی‌ ده‌ربازبوون
عومه‌ر جه‌لال، شاعیری‌  زه‌وییه‌كی‌ دی‌ عومه‌ر جه‌لال، شاعیری‌ زه‌وییه‌كی‌ دی‌
بڵند باجەلان و داهێنان لە شیعردا. بڵند باجەلان و داهێنان لە شیعردا.

 

ماڵپه‌ڕی ( چــــــراکــــــــان )

سەرپەرشتیارى گشتیى: میران ئابراهام
سەرنووسەر: شۆڕش محەمەد حسێن
ستاف‌و دانه‌ری به‌شی موزیک: غەمگین فەرەج
ستافی کارا : هەژار مەعروف (دەوەن)

ماڵپه‌ڕی  چــــــراکــــــــان

مافی هه‌موو نووسراوو وێنه‌یه‌کی نێو ماڵپه‌ڕی چراکان پارێزراون بۆ چراکان و نووسه‌ر، تكایه‌
 به‌بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن هیچ بابه‌ت و نووسراوه‌یه‌ك له‌ چراکان ـه‌وه‌ ڕوونووس مه‌كه‌ ..

Copyright © 1997-2011 Chrakan.com