
یەکێک لەو دیاردانەی کە هەمیشە مایەی تێڕامانێکی گەورەیە «مرۆڤ کوشتنە». ئەمە یەکێکە لەو تەلیسمە سەیرانەی بۆ ئەدەب شوێنی تێڕامانێکی گەورەیەو هەرواش دەمێنێتەوە. لەئەدەبدا چەندەها پاڵەوانی پیاوکوژی قەشەنگمان هەیە، لەو پیاوکوژانەی کە پڕن لەدرەوشانەوەی قووڵو سەرشارن لەمانای گەورە. زۆربەی پاڵەوانە گرنگەکانی شکسپیر پیاوکوژن. هاملێت، ماکبەس، ئۆتێلۆ، نمونەی سێ مرۆڤن کە دەکوژن بێئەوەی لەجەوهەردا شتێکی جیاوازیان لەگەڵ مرۆڤە سادەو ئاساییەکاندا هەبێت. بەپێچەوانەوە کەسانی قووڵترو دڵ ناسکترو پڕ ئومێدتریش دیارن. ئەدەب بەردەوام هەوڵیداوە کە هەم پیاوکوژە بچوکەکەی ناو ناخی هەر یەکێک لەئێمە بدۆزێتەوەو هەوڵیشی داوە مرۆڤە ئاڵۆزو پڕ تەلیسمەکەی ناو پیاوکوژیش دەستنیشانبکات. ئەوەی لەپیاوکوژەکانی ئەدەبدا زۆر سەرنجڕاکێشە، ئەوەیە کە هەمیشە لەنێوان دوو نهێنیدا دەسوڕێنەوە، نهێنییەک کە پابەندی تەمتومانو ئاڵۆزیو هێزێکی نادیاری دەرونییە، هاوشان بەنهێنیو تەمتومانێک لەدونیای دەوروبەریاندا. ئۆتێلۆ نمونەی پاڵەوانێکە کە لەنێوان ئەو دوو نهێنییەدا دەسوڕێتەوە. یەکەم: تاریکی ناو ڕۆحیو تێنەگەیشتنی لەخۆی. دووەم: تاریکی جیهانو تێنەگەیشتنی لەشتەکان. ئەوەی ئۆتیلۆ پێست ڕەشە بەبروای من لای شکسپیر ئاماژە نییە بۆ غوربەتی ڕەشپێستەکان لەجیهان، هێندەی ئاماژەیەکی مەجازییە بۆ ئەو دوو تاریکییەی مرۆڤ لەنێویاندا دێتو دەچێت، تاریکی ناوخۆیو تاریکی دونیای دەوروبەری. ڕەشپێستی ئۆتیلۆ تەنیا مەجازێکە بۆ ئەو ڕاستییەی کە مرۆڤەکان هەموو غەریبن... ئۆتێلۆ غەریبە... نە لەبەرئەوەی ڕەنگی جیاوازە، بەڵکو لەبەرئەوەی لەهیچ شتێکی دەوروبەری خۆی دڵنیانییە، لەخۆشەویستی نزیکترین کەسی دڵنیا نییە. ئۆتێلۆ دێزدەمونە ناکوژێت لەبەرئەوەی تێگەیشتووەو گەیشتۆتە ڕوناکیو نهێنییەکان لەپێشچاوی سپی بوونەتەوە، بەڵکو لەبەرئەوەی ناگاتە ڕوناکی. ئۆتێلۆ وەک هاملێت نازانێت چۆن بگاتە دڵنیایی. بەڵام ئۆتیلۆ ژیانی لەگەڵ باری تاواندا پێ ئاسانترە، نەوەک لەگەڵ باری دوودڵیو گوماندا. دەستەسڕەکە لای ئوتیلۆ وەهمی حەقیقەتە، ئەو وەهمەیە کە هەموو پیاوکوژێک پێویستی پێیەتی بۆئەوەی بکوژێت. هەموو پیاوکوژێک پێویستی بەدەستەسڕێک هەیە، بەدەلیلێکی وەهمی هەیە بۆئەوەی تاوانەکەی خۆی بکات. ئۆتێلۆ دەستەسڕەکە وەک بەهانە بەکاردەهێنێت، بۆئەوەی بڵێت گەیشتوومەتە سەر ئەو دەلیلەی کە ڕێگام پێدەداتو شەرعییەتم دەداتێ بکوژم. لێرەوە مانای مەجازی ئەم دەستەسڕە مانایەکی گەورەیە، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە پیاوکوژ تاوانەکەی خۆی لەسەر «یەقینێکی درۆ»و «ڕاستییەکی هەڵە»و «بەهانەیەکی لاواز» بونیاددەنێت.
هەرکاتێک تاوانێکی گەورە روودەدات، دەبێت بزانین کە لەپشتەوەڕا شتێکی لەجۆری «دەستەسڕەکەی ئۆتێلۆ» هەیە. هەموو پیاوکوژەکانی دونیا بەهانەیەکی لاواز دەکەن بەبنەمای ئەنجامدانی کاری ترسناک. ئەمە هەم لەئاستی فەردیو ئاستی دەستەجەمعیشدا وەهایە. نەوەک تەنیا پیاوکوژە بچوکەکان بەڵکو پیاوکوژە گەورەکانیش دەستەسڕی خۆیان هەیە. وەهمی «دروستکردنی بەهەشتی سوسیالیستی» کارێکیکرد کۆمۆنیستەکان ملیۆنەها مرۆڤ لەسەر زەوی قڕانبکەن، ئەوەی جووەکان مایەی هەموو نوشوستییەکانی نەتەوەی ئەڵەمانن هەر بەهانەیەکی لاواز بوو، شتێک بوو لەجۆری دەستەسڕەکەی ئۆتیلۆ کە بەهانەی بەخشی بەنازییەکان ملیۆنەها جوو بسووتێنن. ئێمە هەم لەژیانی ڕۆژانەو هەم لەسەر ئاستی مێژوویشدا بەهەر لایەکدا دەڕوانین بەر «دەستەسڕەکەی ئۆتیلۆ» دەکەوین. هەمیشە پیاوکوژەکان دەلیلێکی درۆیان بۆ تاوانەکانی خۆیان پێیە.
بەکورتی ئەو دەستەسڕە سەمبولی ئەو یەقینە درۆزنەیە کە پیاوکوژێک بۆی دەگەڕێت تا بڵێ، تەواو من گەیشتمە دڵنیاییو دوا بەڵگەم دەستکەوتو ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بکەومە کار. کە چەند جارێک ئۆتێلۆ بخوێنینەوە ئەو ڕاستییەمان زیاتر بۆ دەردەکەوێت کە ئۆتێلۆ لەسەرەتاوە چاوەڕوانی بەڵگەیەکە بیخەڵەتێنێت، چاوەڕوانی دەلیلێکی سەتحیو درۆزنە گومانە ناوەکییەکانی خۆی بۆ بەرجەستەبکات. مێژوو پڕە لەو بەهانانە. لەشەوی 27 لەسەر 28ی فێبریوەری ساڵی 1933 دا کە بینای «ڕایشستاگ» سووتێنرا، نازییەکان ئەوەیان کردە بەهانە تا دەستوری کۆماری ڤایمەر پەکبخەنو سەرەتای سەردەمێک لەتیرۆر ڕابگەێننو تەواوی زیندانەکانی ئەڵمانیا لەنەیارەکانیان پڕبکەن. «ئاگری ڕایشستاگ» تەنیا نمونەیەکی هاوچەرخو بەردەوامی «دەستەسڕەکەی ئۆتیلۆ»یە کە دیکتاتۆرەکان پێویستیان پێیەتی. لەعێراقدا بەعسییەکان لەدروستکردنی ئەو دەستەسڕەدا وەستایەکی گەورە بوون، بۆ هەموو تاوانێک «بەهانەیەکی» درۆیان هەبوو تا دەستبدەنە تیرۆرو مرۆڤکوژی، کاتی خۆی دۆزینەوەی شانەیەکی شیوعییەکانیان لەسوپادا کردە بەهانە بۆئەوەی لەباشوورو ناوەڕاستی عێراقدا دەستبدەنە شەپۆلێکی کوشتنو تیرۆر. ڕوداوی نارنجۆکەکەی زانکۆی موستەنسرییەش کە تاریق عەزیز بەئاستەم تێیدا زامداربوو، نمونەیەکی تەقلیدی دەستەسڕەکەی ئۆتێلۆیە کە بەعس پێویستی پێیبوو تا پەلاماری ئێران بدات.
مێژووی ئێمەش خاڵیی نییە لەسێبەری دەستەسڕەکەی ئۆتیلۆ، شەڕی ناوخۆی ئێمەش لەسەر بەهانەیەکی لاوازتر لەبەهانەکەی ئۆتێلۆ دامەزرابوو. کە سەردەشت عوسمان کوژرا، تەواو لەوە دەترسام کە پەرچەکرداری خەڵک بکرێت بەدەستەسڕەکەی ئۆتیلۆو شەپۆلێکی تیرۆری گەورەتر لەکوردستاندا دەستپێبکات، یان بەپێچەوانەوە هەندێک کوشتنی سەردەشت بکەنە دەستەسڕەکەی ئۆتێلۆ تالەمانا ئینسانیو سیاسییە ڕاستەقینەکانی دووربخەنەوە. دەسەڵاتی سیاسی ئێمە زۆر ئامادەگی دروستکردنی ئەو نمایشانەی تێدایە کە دەشێت دواجار بەکارەساتی گەورە تەواو ببن. عەقڵییەتی یاگۆ، یان عەقڵییەتی چنینی دەستەسڕەکەی ئۆتیلۆ بەگەورەیی لەدونیای سیاسیو ئەخلاقی ئێمەدا ئامادەیە. نەگەڕان بۆ دڵنیایی، بەڵکو گەڕان بۆ دەلیلێک ڕای گشتی بەهەڵەدا بەرێت، ئەوە جەوهەری سیاسەتە لەخۆرهەڵاتو لەهەموو سیستمە دیکتاتۆرییەکانیشدا. بەڵام ئەم مۆراڵە بەسیاسەتەوە ناوەستێت، بەڵکو دادەبەزێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەخلاقی گشتی، ببێت بەمۆراڵی ڕۆژانەی خەڵک، ببێتە بنەمای ئیشکردنی میدیاو ڕۆژنامەکان. بەجۆرێک وای لێدێت هەندێجار واهەستدەکەم ئێمە لەجیهانێکدا دەژین، سەرتاپای سەرنشینانی لای بەرامبەرەکەیان، لای دۆستو هاوڕێو کەسانی نزیکیان بۆ دەستەسڕەکەی ئۆتێلۆ دەگەڕێن، بۆ بەهانەیەکی درۆ دەگەڕێن تا بیانسڕنەوەو وێنەیان بشێوێننو زامداریان بکەن. ئەوەی سەیری جیهانی ئێمە بکات دەزانێت ئێمە لەسەردەمی ئۆتێلۆدا دەژین، نەوەک لەسەردەمی گالیلۆدا.
پرسیارێک لێرەدا لای من هەمیشە دەمێنێتەوە ئەوەیە: ئایا پیاوکوژەکان، لەو ساتەدا کە دەکوژن، لەو ساتەدا کە قوربانی لەبەردەستیاندا دەلەرزێت، بەڕاستی باوەڕیان بەو بەهانە لاوازە هێناوە کە گوناهە گەورەکەی خۆیانی لەسەر بونیاددەنێن؟. ئەمە پرسیارێکی قورسە. کوشتنو زوڵم هەمیشە دەرەنجامی تاریکیو نەبینینە، دەرەنجامی پەردەیەکی ڕەشی گەورەیە کە لەسەر شتەکان دەنیشێت. ئەو کەسەی کە زوڵم دەکات یان دەکوژێت بەبروای من نەگەیشتۆتە یەقین، بەڵکو لەڕێگای کوشتنەوە گومانەکەی خۆی دەنێژێت. پیاوکوژ کەسێک نییە کە جیهانی لەبەرچاو ڕوونبۆتەوەو شتەکان بەڕۆشنی دەبینێت، بەپێچەوانەوە کەسێکە لەڕێگای کوشتنەوە وەک ئۆتێلۆ لەگومانی ناو ناخی خۆیو لەتاریکی دونیا ڕادەکات.
* له(ئاوێنه)هوه