حکایه‌تی کۆنگره‌ی راپه‌رینتان بۆ ده‌که‌م! | چراكان
نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د
سه‌رده‌ق
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت سه‌رده‌قی ئه‌م نووسینه به دوو وشه بشکێنم، که ره‌نگه بۆ به‌رایی ئه‌م نووسینه ببێته کاروانسه‌را. رۆژانی 15- 17 ی مانگی تشرینی یه‌که‌می ساڵی 1991 نووسه‌رانی کورد له‌ژێر ناونیشانی " کۆنگره‌ی راپه‌رین" گردبوونه‌وه و وه‌ک هه‌ر کۆنگره‌یه‌کی ئاسایی رتوشکراو کۆمه‌ڵێک که‌سیان بۆ ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌ر هه‌ڵبژارد. بۆ خۆئاماده‌کردن بۆ ئه‌و کۆنگره‌یه ئه‌رک و ماندبوونه‌که‌ی زیاتر له‌سه‌رشانی چه‌ند نووسه‌رێک بوو که ژماره‌یان 10 که‌س نه‌ده‌بوو. دیاره پێش ئه‌و کۆنگره‌یه لقی شاره‌کان، کۆبوونه‌وه‌ی خۆیان کردبوو و ئه‌ندامانی کۆنگره‌یان ده‌ستنیشان کردبوو. کۆبوونه‌وه‌ی نووسه‌رانی شاره‌کان له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری " یه‌کێتیی نووسه‌رانی کوردستان" به‌ڕێوه‌ده‌چوو. واته ئه‌و یه‌کێتیی نووسه‌رانه‌ی که هاوشانی پێشمه‌رگه له شاخه‌کانی کوردستاندا خه‌باتی ده‌کرد، نه‌ک ده‌سته کارتۆنیه‌که‌ی لقی ئۆتۆنۆمی یه‌کێتی ئه‌دیب و نووسه‌رانی عیراق. دیاره ناکرێت له‌م کورته نووسینه‌دا مێژووی دامه‌زراندنی یه‌که‌مین رێکخراو بۆ نووسه‌رانی کورد باسم بکه‌م! بۆ یه‌کێتی نووسه‌رانی کوردستانیش به هه‌مان شێوه! درووستبوونی کۆمه‌ڵه‌ی نووسه‌رانی کوردستانیش حکایه‌تی خۆی هه‌یه. بۆ ئه‌و زانیارییانه خوێنه‌ران ده‌توانن سه‌یری ئه‌م کتێبه‌م بکه‌ن" یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد یان یه‌کێتی نووسه‌رانی کوردستان".
گه‌ڕانه‌وه بۆ شه‌قڵاوه
دوای ئه‌وه‌ی راپه‌ڕینی ساڵی 1991 رووبه‌ڕووی شکست بووه‌وه و کۆڕه‌وی ملیۆنی لێکه‌وتووه. شه‌ڕه چاره‌نووسسازه مێژووییه‌کانی " کۆڕێ" ی هه‌ولێر و " ئه‌زمڕ" ی سلێمانی دیوارێکیان بۆ په‌لاماره‌کانی رژێمی سه‌ددام حوسێن هه‌ڵچنی، باره‌گای سه‌ره‌کی زۆربه‌ی حزب و هێزه کورد و کوردستانییه‌کان که‌وته هاوینه‌واری شه‌قڵاوه " باکووری هه‌ولێر". شه‌قڵاوه بووه مه‌ڵبه‌ندێکی پڕ جموجۆڵی سیاسی، پێشمه‌رگه‌یی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی. ئێمه‌ش کۆمه‌ڵێک ئه‌دیب و نووسه‌ری شاری هه‌ولێر بووین که مانگه‌کانی نیسان و مایس له مه‌هاباد و چه‌ند شارێکی تری کوردستانی رۆژهه‌ڵات ده‌ژیاین، زۆربه‌مان بڕیارماندا بۆ شه‌قڵاوه بگه‌ڕێنینه‌وه و سه‌ره‌تا به‌ره‌ی کوردستانی له هوتێله‌که‌ی مامۆستا عوسمان چه‌ند ژوورێکیان بۆ ته‌رخان کردین و پاشان کتێبخانه‌ی گشتی شه‌قڵاوه‌مان کرد به باره‌گای نووسه‌ران و وه‌ک هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئاسایی ده‌ژیاین. ئه‌و ماوه‌یه به شێوازێکی ده‌سته‌جه‌معی کارمان ده‌کرد.
کۆڕه‌که‌ی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د بۆ من خێری نه‌داوه!
له مانگی حوزه‌یران تا مانگی تشرینی یه‌که‌م زۆربه‌ی هه‌فتانه‌کان کۆڕێکی نه‌وعیمان به‌ڕێوه‌ده‌برد که ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی باشی له نێو خه‌ڵک و سه‌رکرده‌ی حزب و هێزه کورد و کوردستانییه‌کان هه‌بوو، ئه‌گه‌ر زاکیره‌م درۆم له‌گه‌ڵ نه‌کات کۆڕمان بۆ ئه‌م چه‌ند که‌سه به‌ڕێوه‌برد؛ د. مه‌حمود عوسمان، مه‌لا به‌ختیار، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، مه‌لا محه‌مه‌د مه‌لا قادر، نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ، چه‌ندان که‌سی تر، ئه‌مه و بێجگه له کۆڕی شیعر و چیڕۆک خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌کان. ئه‌گه‌رچی کاری ئێمه نه‌بوو که کۆڕی سیاسی ساز و ئاماده بکه‌ین، به‌ڵام زروفی ئه‌وێ رۆژێ پێویستی به‌وجۆره کۆڕانه هه‌بوو، ئێ هیچ رێکخراوێکیش نه‌بوو تا کۆڕبگێڕێت. بۆ هه‌ڵبژاردنی که‌سایه‌تییه‌کان زیاتر کارمان له‌سه‌ر ناوبانگ و بێلایه‌نی ده‌کرد، به‌ڵام نه‌ده‌کرا خۆمان ده‌ربهاوێین له کایه‌ی حزبه‌کانی ئه‌وکاته. ئه‌و ماوه‌یه من ئیداره‌ی چه‌ند کۆڕێکم کرد، یه‌کێک له کۆڕه‌کان، کۆڕه‌که‌ی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د بوو، له کاتی پێشکه‌شکردندا که مامۆستا برایمم وه‌ک نووسه‌ر، ئه‌دیب، پارێزه‌ر، رۆژنامه‌نووس، سیاسه‌تمه‌دار وه‌سفم کرد. هه‌ر دوای ته‌واوبوونی کۆڕه‌که چی حزبی بچووک و گه‌وره‌ی شه‌قڵاوه هه‌بوو ده‌ستیان به ته‌علیق لێدان و قسه‌ی نابه‌جێ کرد به‌رامبه‌ر به ئیداره‌کردنی کۆڕه‌که، نوێنه‌ری هه‌ندێک له حزبه‌کان موقاته‌عه‌ی کۆڕه‌که‌یان کردبوو، من له‌وه ده‌ترسام ببم به یه‌که‌م قوربانی نێو ده‌فته‌ره بێ سه‌روبه‌ره‌کانی مێژووی حزبی کوردی، به‌ڵام هه‌ندێک که‌سی عاقڵ قسه‌ی خێریان بۆ کردبووم. ئه‌وه‌ی که زیاتریش ئازاری دام له چڵه‌ی مامۆستا برایمدا یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی دژی کۆڕه‌که‌ی مامۆستا برایم بوو به جۆرێک شیوه‌نی بۆ مامۆستا برایم ده‌کرد له جاده‌ی قیڕ تۆزی ده‌کرد!!
دوو به‌رنامه له دوو ئێستگه‌ی رادیۆی جیاواز!
ئه‌گه‌رچی پێش راپه‌ڕین و له کاتی راپه‌ڕین و دوای راپه‌ڕینیش ئێستگه‌ی رادیۆی ده‌نگی گه‌لی کوردستان سه‌رکردایه‌تی راپه‌رین و واقیعی ئه‌وێ رۆژێی ده‌کرد، به‌ڵام ئێمه وه‌ک رێکخراوێکی بێلایه‌نی ناحزبی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان ده‌کرد. ئه‌وسا بێجگه له ئێستگه‌ی ده‌نگی گه‌لی کوردستان- ی یه‌کێتیی نیشتمان کوردستان، ئێستگه‌ی رادیۆی ده‌نگی کوردستانی عیراق- ی پارتی دیموکراتی کوردستانیش هه‌بوو، ئێمه له‌و ده‌سته‌یه‌ی که به ناوی یه‌کێتیی نووسه‌رانی کوردستان له شه‌قڵاوه و هه‌ولێر و رواندز ده‌ژیاین بڕیاماندا که به‌رنامه‌یه‌کی ئه‌ده‌بیمان هه‌بێت و بڕیاردرا که نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ ئاماده و پێشکه‌شی بکات، پاشان بڕیاردرا که به‌رنامه‌یه‌ک بۆ منداڵانیش ئاماده بکرێت و ئه‌و کاره‌ش مه‌ولود ئیبراهیم حه‌سه‌ن ئاماده پێشکه‌شی ده‌کرد، هه‌ردوو به‌رنامه‌که له هه‌ردوو ئێستگه‌ی رادیۆکه بڵاوده‌کرایه‌وه، واته له ده‌نگی گه‌لی کوردستان و ده‌نگی کوردستانی عیراق. ئه‌و دوو به‌رنامه‌یه‌ش ئه‌گه‌رچی به‌ناوی یه‌کێتیی نووسه‌ران پێشکه‌ش ده‌کران، به‌ڵام له ئه‌سڵدا چالاکی دوو ئه‌ندامی لقی هه‌ولێری یه‌کێتییه‌که بوون. خۆزگه ده‌خوازم هه‌ردوو به‌رنامه‌که له ئه‌رشیفی ئه‌و دوو ئێستگه‌ی رادیۆیه‌دا پارێزرابن.
فه‌رمۆشیان نه‌ده‌کرین
ئه‌و کاته، گفتوگۆی نێوان به‌ره‌ی کوردستانی و حکومه‌تی به‌عس زۆر گه‌رم بوو، هاتن و چوونی وه‌فده‌کان بۆ به‌غدا و هه‌ولێر و که‌رکوک ده‌نگی چه‌کی تۆزێک هه‌ناسه‌سوار کردبوو، ئه‌گه‌رچی ته‌ق و تۆق بێ سه‌دا نه‌بوو به‌ڵام مێزه‌کانی گفتوگۆ خۆش مه‌شره‌ب تر بوون، خوا هه‌ناگرێ هه‌ر سه‌رکرده‌یه‌ک که له سه‌فه‌ری ئه‌ولا ده‌هاته‌وه پرس و رایه‌کیان به ئێمه‌ش ده‌کرد، له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند جارێک له شه‌قڵاوه و گوندی سارداودا، مام جه‌لال، مه‌سعود بارزانی، د. مه‌حمود عوسمان، سامی عه‌بدولره‌حمان پێشوازیان لێ کردین و گه‌ره‌کیان بوو بۆچوونی ئێمه‌ش به‌رامبه‌ر به گفتوگۆ بزانن و زۆربه‌ی جاره‌کانیش رای ئێمه به‌رامبه‌ر به گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رژێمێکی وه‌ک سه‌ددام حوسێن نێگه‌تیڤ بوو.
حزبه‌که‌ی خالید جوتیار و مه‌رحه‌باکه‌ی جه‌لال به‌رزنجی
دیاره ئه‌دیب و نووسه‌ران له نوکته و قسه‌ی خۆش ناکه‌ون، شه‌وێکیان من و جه‌لال به‌رزنجی و که‌ریم ده‌شتی و خالید جوتیار له گازینۆیه‌که‌ی وابزانم هه‌رمۆته بوو دانیشتبووین و ناوه‌ش ناوه‌ش ئه‌وان عه‌ره‌قی چاو سپیان نۆش ده‌کرد و منیش خه‌ریک بوو به دیار بیره‌یه‌ک خول بخۆمه‌وه. شه‌وڕاشکا ورده ورده به‌ده‌م حه‌یرانه‌کانی خالید جوتیار و مه‌رحه‌باکانی جه‌لال به‌رزنجی بۆ هوتێل داکشاین، له نێوان هه‌رمۆته و هۆتێله‌که‌ماندا باره‌گای سه‌ره‌کی ته‌واوی حزبه‌کانی لێ بوو. جه‌لال به‌رزنجی، له‌به‌رده‌م هه‌ر باره‌گایه‌کدا هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کی ده‌کرد و به پاسه‌وانی باره‌گاکه‌ی ده‌گووت مه‌رحه‌با له فڵان بکه، رێگای یه‌ک چاره‌که کاتژمێرمان به به زیاتر له کاتژمێرێک بڕی و بۆ هه‌ر باره‌گایه‌ک ئوسلوبی جیاوازی مه‌رحه‌باکه‌ی ده‌گۆڕی و به گوێره‌ی فکر و ئایدیۆلۆژیا و بیرکردنه‌وه‌ی حزبه‌کان سڵاو و مه‌رحه‌بای لێده‌کردن. پاسه‌وانه‌کانیش به‌و دوانزده‌ی شه‌وه ئه‌وه‌نده به ئه‌ده‌ب و نه‌زاکه‌ته‌وه ده‌هاتنه قسه به‌و شه‌وی هاوینه شه‌کر ده‌باری، چونکه ته‌واوی حزب و که‌س و که‌سایه‌تییه‌کان ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی نووسه‌رانیان ده‌ناسی.
خالید جوتیاری ره‌حمه‌تی زۆرجار بۆ گاڵته ته‌رحی مه‌سه‌له‌ی بوون به حزبی ده‌کرد، ده‌یگووت براده‌رینه ده‌ستم دامێنتان وه‌رن با ئه‌و یه‌کێتیی نووسه‌رانه بکه‌ین به حزبی یه‌کێتیی نووسه‌ران و پاشان چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌کی جدی له‌گه‌ڵ حزبه گه‌وره‌کان بکه‌ین و ته‌رحی خه‌باتی هاوبه‌ش و تێکه‌ڵاوبوونه‌وه بکه‌ین و بۆ خۆمان ده‌بین به ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی و مه‌کته‌بی سیاسی و ده‌ستمان ده‌که‌وێته ناوپارووی چه‌وری گومرگ! ئه‌گه‌رنا ئه‌و حزبانه بێ به‌شمان ده‌که‌ن. یاخود زۆرجار بۆ گاڵته شاعیرانی کلاسیکی و دوای ئه‌وانی به‌سه‌ر حزبه‌کان دابه‌ش ده‌کرد، بۆ نموونه ده‌یگووت؛ ئه‌وه‌نده‌ی له نالی ده‌فکرم هه‌ر له ئه‌ندامێکی پارتی ده‌کات، ئه‌وه گۆران هه‌ر بابه‌و باب شیوعی بووه، به‌ڵام حه‌مدی ره‌نگه کۆنه یه‌کێتیی بووبێت و به خوا قانیع- یش بۆ سه‌رکردایه‌تی پاسۆک ره‌نگه گونجاو بێت....!!
کۆنگره‌ی راپه‌ڕین و .. !
تاکه هۆکارێک که بیرمان لێکردووه بۆ سازدانی کۆنگره‌ی راپه‌رین ته‌نیاو ته‌نیا به‌رزکردنه‌وه‌ی وره‌ی جه‌ماوه‌ری دوای شکستی راپه‌ڕین و کۆڕه‌که بوو، ره‌نگه به جۆرێک تروسکایی ئاڵوده‌کرابێت وه‌ک ده‌ستپێشخه‌رییه‌ک بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بڕیاره‌که‌ی به‌عس بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد له ساڵی 1982 دا. ئه‌گه‌ر نه‌چێته بابی فشه و خۆهه‌ڵکێشان ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌ند که‌سه نه‌بوایه نه‌که‌س بیری له کۆنگره ده‌کرده‌وه نه که‌س به پێویستی ده‌زانی که نووسه‌ران له‌و ساته‌دا کۆنگره بکه‌ن، ناوه‌کانیش ئه‌مانه‌ن: " ئه‌ر‌سه‌لان بایز، نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ، ئازاد جندیانی، ئه‌بوبه‌کر خۆشناو، سه‌عدوڵڵا په‌رۆش، خالید جوتیار، جه‌لال به‌رزنجی، مه‌ولود ئیبراهیم حه‌سه‌ن، زاهیر رۆژبه‌یانی، د. عیزه‌ددین مسته‌فا ره‌سوڵ، فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی، مه‌لا محه‌مه‌د مه‌لا قادر، رێکار ئه‌حمه‌د، حاکم جه‌مال، که‌ریم ده‌شتی، منیش که له هه‌موویان بچووکتر بووم زۆر سووربووم له‌سه‌ر گرێدانی کۆنگره، ره‌نگه دوو سێ ناویتر هه‌بن به‌داوای لێبووردنه‌وه له‌بیرم نه‌ماون". ئیتر دوای ئه‌وه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی بڕیاری دا که سووکه مه‌سروفێکی کۆنگره‌که بکات ده‌ستمان به رایی کردنی کاروباره‌کان کرد و ده‌سته‌یه‌ک داندرا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کانی کۆنگره که به‌داخه‌وه چه‌ند که‌سێکی ئه‌و ده‌سته‌یه تا رۆژی کۆنگره به لای کاره‌که‌یان نه‌چوون و دیسان ته‌واوی بارگرانییه‌که که‌وته سه‌رشانی ئێمه‌ی نووسه‌رانی هه‌ولێری دانیشتووی شه‌قڵاوه.
رۆژنامه‌ی کۆنگره و مانشێتێکی حزبی!
سه‌باره‌ت به رۆژنامه‌ی کۆنگره نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ له‌م کتێبه‌یدا " دره‌ختی بنکۆل کراو" ده‌نووسێت؛ " له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رفراواندا که نوێنه‌رایه‌تی زۆربه‌ی لقه‌کانی تێدا ئاماده‌بوو دوای دانوسانێکی زۆر و هاتنه پێشی هه‌ندێ گیروگرفتی لابه‌لا، بڕیاردرا لیژنه‌ی ئاماده‌کاری کۆنگره پێک بێ، ناوی کۆنگره‌ش به شه‌ڕه‌فێکی گه‌وره‌ی ده‌زانم که من پێشنیارم کرد و له پاڵ ئه‌ویشدا پێشنیاری ده‌رکردنی رۆژنامه‌یه‌کی رۆژانه به ناوی کۆنگره که ئه‌ویش هه‌ر به شه‌ره‌فێکی گه‌وره ده‌زانم که به من وه‌ک سه‌رنوسه‌ر و ئازاد جندیانی و مه‌ولود ئیبراهیم و نه‌وزاد علی وه‌ک ده‌سته‌ی نووسه‌ران و شه‌وقی و رێکار ئه‌حمه‌د و عبدالرحمان مسته‌فاش وه‌ک یاریده‌ده‌ر سپێررا و تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی نوێ و تژی ماندوو بوون .. به‌ڵام خۆش بوو، ل35" کۆمه‌ڵێک سه‌رنجم سه‌باره‌ت به‌م په‌ره‌گرافه هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌رنه‌بوونی هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک ته‌نیا ده‌ڵێم راسته شێوه‌ی کارکردنه‌کانمان ده‌چێته ئه‌و خانه‌یه‌ی که نه‌ژاد پۆڵێنی کردوون به‌ڵام ئه‌وێ رۆژێ ئه‌گه‌ر بڕیاری به‌و شێوه‌یه‌م بۆ هاتبا حه‌تمه‌ن ره‌تم ده‌کرده‌وه، چونکه راسته نه‌ژاد له سێ رۆژی کۆنگره‌دا ره‌نگه 10 کاتژمێر نه‌خه‌وتبێت منیش به هه‌مان شێوه، راسته نه‌ژاد وه‌ک سه‌رنووسه‌رێک هه‌ڵس و که‌وتی ده‌کرد و پشکی ماندووبونی هه‌ره‌زۆر به‌ر ئه‌و که‌وت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به گوێره‌ی رایکردنی کاروباره‌کانی رۆژنامه‌که بێت ئه‌وا من ده‌سته‌ی نووسه‌ران نه‌بووم به‌ڵکو کاری سکرتێری نووسینم ده‌کرد، به‌ڵام داخی گرانم نازانم بۆ ناوی خۆمان له‌سه‌ر رۆژنامه‌که نه‌نووسیوه!!.
ئه‌و رۆژنامه‌یه بێجگه له کاروباری نووسین، کاروباره هونه‌رییه‌کانی به ئامێره‌کانی رێکخراوی " ئاڵای شۆڕش" و " پارتی گه‌ل" که له ئاڵای شۆڕش، حه‌مه زیاد مه‌ولود " شه‌وقی" و له پارتی گه‌ل- یش، رێکار ئه‌حمه‌د زۆر به ده‌رکردنی رۆژنامه‌که ماندوو بوون. ده‌بوو دوای ته‌واوبوونی به‌رنامه‌ی رۆژی کۆنگره ئێمه تا کاتژمێر 2 یاخود 3 ی سه‌رله‌به‌یانی خه‌ریکی رۆژنامه‌که ببین و دوای تایپ و دیزاین کردن به ئامێری فۆتۆکۆپی دوکانێکی قرتاسیه فرۆشتن له شه‌قڵاوه چاپمان ده‌کرد و بۆ به‌یانیش من و نه‌ژاد و مه‌ولودو عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا له‌ناو هۆڵی کۆنگره‌دا رۆژنامه‌که‌مان دابه‌ش ده‌کرد. به گشتی رۆژنامه‌یه‌کی خنجیلانه‌یه و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی مێژووییه بۆ کۆنگره‌ی راپه‌ڕین. له زۆربه‌ی بابه‌ته‌کاندا زۆر ورد و به سه‌لیقه‌بووین به‌ڵام مانشێتی ژماره 2 زۆر حزبیانه داڕێژراوه و له‌به‌رده‌م ناوی مه‌سعود بارزانی وشه‌ی " هه‌ڤاڵ" داندراوه، وه‌ک ده‌زانرێت ئه‌م وشه‌یه له ئۆرگانه حزبییه‌کاندا به‌کارده‌هێنرێت. ئه‌و هه‌ڵه‌یه به‌سه‌ر هه‌مووماندا تێپه‌ڕی و تا ئه‌ندامانی کۆنگره‌ش ده‌رکیان پێ نه‌کرد. به هه‌رحاڵ له رۆژنامه‌ی کۆنگره‌دا 3 ژماره‌مان ده‌رکرد. ئه‌مه‌ش ئیندێکسی هه‌ر سێ ژماره‌که‌یه:
ژماره 1، رۆژی 15/10/1991 ده‌رچووه و بریتیه له 4 لاپه‌ڕه؛
مانشێت؛ با قه‌ڵه‌مه‌کانمان له پێناوی راپه‌ڕین و یه‌کێتی ریزه‌کانی گه‌ل دابی، ل1
به‌یانی باش، نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ، ل1
برا گه‌وره‌که‌ی یه‌کێتی نووسه‌ران یادت به‌خێر، ممتاز حه‌یده‌ری، ل1
کاغزه‌ک بو.. باژێرێ من سلێمانی ی، عه‌بدولره‌حمان مزووری، ل2
به‌ره‌و کۆنفرانس، شیعری گۆران، ل2
تا کۆنگره سه‌رکه‌وێ، مه‌ولود ئیبراهیم حه‌سه‌ن، ل2
نوسه‌ره شه‌هیده‌کانمان چرای رێگا و مایه‌ی شانازی یه‌کێتیه‌که‌مانن، ناوی کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری شه‌هید نووسراوه، ل3
بانگه‌واز، کارگێڕی به‌ره‌ی کوردستانی، ل4
له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک هه‌واڵ و چه‌ند وێنه‌یه‌کدا...
ژماره 2، رۆژی 16/10/1991 ده‌رچووه و بریتیه له 4 لاپه‌ڕه؛
مانشێت؛ هه‌ڤاڵ مه‌سعود بارزانی: که‌س وه‌ک نووسه‌ران، وه‌ک قه‌ڵه‌می ئێوه، هه‌ستی به پێویستی سه‌ربه‌ستی و ئازادی نه‌کردووه، ل1
راپۆرته هه‌واڵێک سه‌باره‌ت به یه‌که‌مین رۆژی کۆنگره، ل1
به‌یانی باش، نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ، ل1
له هۆڵی کۆنگره‌وه، نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د، به ئیمزای " مامی ره‌هه‌ند" بڵاوبۆته‌وه، ل2
چه‌ند دیتنه‌ک ژ کۆنگرێ دا، سه‌گڤان یوسفی به ئیمزای " خابور" بڵاوبۆته‌وه، ل2
تا کۆنگره سه‌رکه‌وێ، مه‌ولود ئیبراهیم حه‌سه‌ن، ل2
نووسه‌ره شه‌هیده‌کانمان چرای رێگا و مایه‌ی شانازی یه‌کێتیه‌که‌مانن، ناوی کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری شه‌هید نووسراوه، ل3
شه‌قڵاوه‌ی ماندوو، نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د به ئیمزای " گردوان" بڵاویکردۆته‌وه، ل4
ده‌با ئه‌مه‌کداری نه‌مرانمان بین، تاریق جامباز، ل4
له‌گه‌ڵ چه‌ند ورده بابه‌تی تر و وێنه‌دا...
ژماره 3، رۆژی 17/10/1991 ده‌رچووه و بریتیه له 4 لاپه‌ڕه؛
مانشێت؛ هه‌تا وه‌ک ئاگری ( بن کا) ن له‌گه‌ڵ یه‌ک.. ئه‌گه‌ر تۆفان بێ له‌شکرتان به پووشه‌ک، ل1
خوداحافیز، نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ، ل1
راپۆرته هه‌واڵێک سه‌باره‌ت به دووه‌مین رۆژی کۆنگره، ل1
له هۆڵی کۆنگره‌وه، نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د، به ئیمزای " مامی ره‌هه‌ند" بڵاویکردۆته‌وه، ل2
تا کۆنگره سه‌رکه‌وێ، مه‌ولود ئیبراهیم حه‌سه‌ن، ل2
نووسه‌ره شه‌هیده‌کانمان چرای رێگا و مایه‌ی شانازی یه‌کێتیه‌که‌مانن، ناوی کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری شه‌هید نووسراوه، ل3
جگه‌ر و به‌زیان نه‌گوتووه، سنوور، ل3
دیارده‌یه‌ک له کۆنگره‌وه، ئازاد به‌رزنجی، ل3
کۆنگرا ( راپه‌ڕین) ێ کۆنگرا سه‌رکه‌فتنا خامێ ره‌سه‌نێ کوردی یه، عه‌بدولایێ جندی، ل4
له‌گه‌ڵ چه‌ندان ورده بابه‌ت و ته‌علیقی رۆژنامه‌نووسی و وێنه.
به‌زمی کتێبه‌که‌م و سه‌رکرده‌ی کوردستانی.. !
" یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد یان یه‌کێتی نووسه‌رانی کوردستان" بریتیه له‌و نامیلکه‌یه‌ی که بۆ کۆنگره‌م نووسی و ته‌رحی بابه‌تێکی تازه‌م کرد ئایا یه‌کێتیی نووسه‌ران، ناوی یه‌کێتی نووسه‌رانی کوردستان بێت یاخود یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد!؟ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه بووم که ناوی رێکخراوه‌که: " یه‌کێتی نووسه‌رانی کوردستان" بێت و بۆ ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌کی زانستی گه‌ڵاڵه‌ی فکره‌که‌م کردبوو و زیاتریش کارم له‌سه‌ر بنیاتی خاکی کوردستان کردبوو که هه‌ر ته‌نیا کوردی لێ ناژیت، ئایا نووسه‌رانی عه‌ره‌ب و ئاسوری و کلدان و تورکمان چۆن ده‌توانن که رێکخراوێک ببنه ئه‌ندام که هه‌ڵگری ناوێکی نه‌ته‌وه‌یی و چوارچێوه‌یه‌کی بۆ خۆی درووست کردبێت؟. کتێبه‌که، تایپه‌که‌ی له به‌شی راگه‌یاندنی رێکخراوی " ئاڵای شۆڕش" کرا و حه‌مه زیاد مه‌ولود " شه‌وقی" تایپی کرد و پاره‌ی راکێشانه‌که‌ش کاک ئه‌سه‌لان بایز سه‌رفی کرد و له هه‌ولێر به ئامێری فۆتۆکۆپی زیاتر له 350 دانه‌م لێ راکێشاو له رۆژی یه‌که‌می کۆنگره‌دا به‌سه‌ر ئه‌ندامان دابه‌شم کرد.
دوای دابه‌شکردنی کتێبه‌که و خوێندنه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌ندامان جۆرێک له هه‌ژان و جووڵه و دژه ده‌نگی لێ که‌وته‌وه. به‌هۆی ئه‌و نامیلکه‌یه ئه‌ندامانی کۆنگره‌م به‌سه‌ر دوو فکره و لێکدانه‌وه دابه‌ش کرد و زۆربه‌ی ئه‌ندامان ده‌یانزانی من سه‌رکردایه‌تی باڵی کوردستانیه‌تی یه‌کێتی نووسه‌ران ده‌که‌م و به تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی که ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆنگره رێگایان دام که به کورتی باسی ئه‌و فکر و ته‌رحه بکه‌م و له لایه‌ن گروپی کوردییه‌که‌ش پرۆفیسۆر عیزه‌ددین مسته‌فا ره‌سووڵ هه‌ندێک روونکردنه‌وه‌ی پێشکه‌ش کرد. نووسه‌رانی شاخ پشتگیریان له ره‌وتی ته‌رحه‌که‌ی من ده‌کرد له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی پێشکه‌وتنخواز و گه‌نج و چه‌ند که‌سێکی تر، به‌ڵام له کاتی ده‌نگداندا ره‌وته‌که‌م دۆڕاندی، دوای ئه‌و رووداوه ئه‌ندامێکی زۆری کۆنگره پێیان باش بوو که هۆڵی کۆنگره به جێ بهێڵین و بچینه ده‌ره‌وه به‌ڵام من و چه‌ند براده‌رێک ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌مان پێ باش نه‌بوو، هه‌ستمان ده‌کرد له‌خزمه‌تی رژێمی به‌غدا دایه، دیاره سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان هه‌ر زوو هه‌ستیان به ئه‌گه‌ر مه‌ترسی سه‌رنه‌که‌وتنی کۆنگره کردبوو، یه‌ک و دوو که‌سیان هاتنه لام و دواجار حاکم جه‌مال- ی ره‌حمه‌تی پێ ی وتم؛ سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیی پێ ی باشه داوا له لایه‌نگرانی ته‌رحه‌که‌ت بکه‌یت هۆڵه‌که چۆڵ نه‌که‌ن و کارێک نه‌که‌ین رژێمی به‌غدا پێ ی خۆش بێت. ناکرێت لێره‌دا هۆکاری سه‌رنه‌که‌وتنی ته‌رحه‌که‌م باس بکه‌م، ته‌نیا ده‌ڵێم له کوردستاندا ته‌نیا یه‌کێتیی نووسه‌ران رێکخراوه‌که‌یان زاراوه و وشه‌ی " کورد" ی پێوه‌لکاوه ئه‌گه‌رنا ته‌واوی رێکخراوه‌کانی تر هه‌ڵگری وشه‌و زاراوه‌ی " کوردستان" ن.
سه‌رنج: ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک وێنه و به‌ڵگه‌نامه‌دا رۆژی 8/7/2010 له پاشکۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ بڵاوبۆته‌وه.
|