هه‌گبه‌یه‌کی گران: له نوسینی زاهیر مه‌حمود
سه‌رنجی هه‌موو خوێنه‌ران‌و دۆستانمان له چراکان ڕاده‌کێشین بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه‌ی (زاهیر مه‌حموود)که له هۆڵه‌نداو به‌زمانی هۆڵه‌ندی به‌چاپی گه‌یاندووه، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و کوردانه‌ی که له ووڵاتی هۆڵه‌ندا ده‌ژیین بۆ کڕینی ئه‌م کتێبه ، ئه‌م کتێبه زیاتر بیره‌وه‌ری‌و ژیان نامه‌یه ، وه تۆمار کردنی به‌شێکه له مێژووی سه‌رده‌می خۆی..
زاهیر مه‌حمود یه‌کێک له‌و خوێندکاره مناڵانه‌ی قوتابخانه‌ی ئاسایی، پارێزگای سلێمانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق بوو، ئه‌و کاته ته‌مه‌نی 11 ساڵ بوو، که فیشه‌کێک له لایه‌ن پیاوانی ڕژێمه‌وه قاچی پێکا، ئه‌مه ژیانی تێک دا و له‌ملاولا که‌وته خۆشاردنه‌وه و پاش ئه‌وه بوو به پێشمه‌رگه. هه‌ر به گه‌نجی ته‌مه‌نی 18 ساڵ بوو، به بۆمبای فۆسفۆر بریندار بوو، که بلۆکی سۆشیالیستی ئه‌وسا (سۆڤیه‌ت) دابووی به ڕژێمی عێراق ... پاشان ئه‌مه‌ریکییه‌کان گه‌یاندیانه به‌ریتانیا و به هۆی داخڵ بوونی له نه‌خۆشخانه‌ی (ئۆنڤێرستی کۆلێج هۆسپیته‌ڵ) له‌نده‌ن له مردن ڕزگاری بوو، به هۆی ئه‌و سووتانه زۆره‌ی جه‌سته‌ی گرتبۆوه. ساڵی 1976 هۆڵه‌نده باوه‌شی بۆ گرته‌وه و بوو به په‌ناهه‌نده. ئایا دوای ئه‌م کاره‌ساته زاهیر مه‌حود ده‌توانێت جڵه‌وی ژیان بگرێته‌وه ده‌ست، یان هه‌ر خه‌ون تارماییه‌کانی ڕابردوو به شوێنیه‌وه ده‌بن..؟
زاهیر مه‌حمود
من کوردی عێراقم له دایک بووی (1956- سوله‌یمانی)م. له ساڵی 1976ه‌وه وه‌کو په‌ناهه‌نده له ئه‌مستردام ده‌ژیم، به ژیانێکی زه‌حمه‌تتدا تێپه‌ڕییووم. ساڵی 1968 پیاوانی ڕژێم به هۆی کاکمه‌وه، که پێشمه‌رگه‌ی پارتی کۆمۆنیستی عێراق (باڵی قیاده مه‌رکه‌زی) بوو،هاتنه سه‌رمان منیان له ته‌مه‌نی 11 ساڵیدا بریندار کرد. له‌وکاته‌وه وه‌ک منداڵێکی فه‌رامۆشکراو تێکه‌ڵی خه‌باتی پێشمه‌رگانه بووم.
پاشان وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی کورد، له چیای زۆزک به بۆمبای قه‌ده‌غه‌کراوی جیهانی (فسفۆڕ)، که وڵاتێکی کۆمۆنیستی وه‌ک سۆڤیه‌ت دابووی به ڕژێمی عێراق بریندار بووم، ئه‌م کاره‌ساته هه‌موو ژیان و بوونمی کورتکرده‌وه بۆ بریندارێکی جه‌نگ، ئه‌و کاته من هیچ زمانێکی ئه‌وروپیم نه‌ده‌زانی، زۆرجار له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا و سیسته‌مه جیهانیه‌کانه‌وه ئه‌م برینداربوونه‌ی منیان بۆ ئامانجی سیاسی به‌کارهێناوه. که له نه‌خۆشخانه‌ی (ئۆنڤێرستی کۆلێج هۆسپیته‌ڵ)ی له‌نده‌ن که‌وتبووم ده‌یان ڕۆژنامه و که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆن هاتونه‌ته سه‌رم و چه‌ندان وێنه‌ی منیان گرتووه، وه‌ک گه‌مه‌یه‌کی سیاسی و بۆ ڕیکلامی سیاسی دژی بلۆکی سۆشیالیستی ئه‌وسای (سۆڤیه‌ت) به‌کاریان هێناوه، که چۆن من وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی کوردستان پێی بریندار بووم.
من ڕۆژی 11-03-1975 له نه‌خۆشخانه که‌وتبووم که کاره‌ساتی هه‌ره‌س به‌سه‌ر شۆڕشی کورددا هاتبوو، ئه‌مه‌ریکا منی هه‌ڵگرت بۆ ناو فڕۆکه وام ده‌زانی بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ترم ده‌گوێزنه‌وه، که دابه‌زیم به‌م ته‌ندروستییه خراپه‌وه له تاران خۆم بینیه‌وه.
پاشان مافی په‌ناهه‌نده‌ی سیاسیان له وڵاتی هۆڵه‌نده به مندا، وه‌ک سه‌ربازی بێسنوری هۆڵه‌ندی و له کتێبه‌که‌مدا، ئه‌م لایه‌نانه‌م به درێژی ڕونکردۆته‌وه. پاش ڕاپه‌ڕینی ئازاری 1991 و ئازادی هه‌رێمی کوردستان، چه‌ندین جار گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ وڵات، ئه‌گه‌ر باسی خۆم و خانه‌واده‌که‌م بکه‌م، که قوربانی 3 جۆر چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراوی جیهانین، که هه‌موو ئه‌وروپا و دنیا ئه‌م هه‌واڵه‌یان زانی و خۆیان تیماریان کردین، من باسی خۆم و خانه‌واده‌که‌م و شۆڕشه‌کانی کورد چۆنم بینیووه...؟ له نیگا‌و و بۆچوونی خۆمه‌وه ده‌یگێڕمه‌وه، بێگومان خۆم به خاوه‌نی ده‌زانم، به‌ڵام من ئێسته له هۆڵه‌نده په‌ناهه‌نده‌م و کوردستانیش خاوه‌نی هه‌رێمی نیمچه سه‌ربه‌خۆ و حکومه‌تی فیدراڵی خۆیه‌تی.
من کتێبه‌که‌م بۆ سیسته‌می ڕۆژئا‌وا و دنیای ده‌ره‌وه نوسیووه، له‌م ڕۆژانه‌دا به زمانی ئینگلیزی بڵاوده‌بێته‌وه .. وه‌رگێڕانی بۆ زمانی کوردیش میلله‌ته‌که‌م به به‌رپرسیار ده‌زانم.
له ڕێی ئه‌م کتێبه‌وه سه‌رله‌نوێ، ده‌مه‌وێ خۆم جڵه‌وی ژیانی خۆم بگرمه‌وه ده‌ست. من لێره‌دا ئه‌زموونی ژیانی خۆم ده‌گێڕمه‌وه، به‌ده‌ر له گه‌مه سیاسییه‌کان، زبر و بێ ڕووپۆش، مرۆڤانه به ساته پڕ هیوا و پڕ ئایدیاڵه‌کانه‌وه.