سه‌رده‌شت عوسمان، بۆچی؟ | به‌کر عه‌لی
سه‌رده‌شتێکی نوێی کوردی هه‌یه
نازانێ ده‌سه‌ڵاتی کوردی چی یه
که باسی تاریکی و ڕووناکی کرد
له‌ڕۆژی ڕووناکدا له‌ناویان برد.
من ئه‌م کاره‌ساته به ئاماژه‌یه‌ک ده‌خوێنمه‌وه ده‌سه‌ڵات بۆمانی ده‌نێرێت که‌وا ئێوه هه‌میشه له(( دۆخی نائاسایی)) دا ده‌ژین. واته ئیتر ئێمه هه‌موومان له‌وبارودۆخه دا ده‌ژین که له‌هه‌رساتێکی وه‌خت و ناوه‌ختدا بێت،به‌هۆی بیرکردنه‌وه‌مانه‌وه، به‌هۆی خه‌یاڵمانه‌وه، به‌هۆی قسه‌کردنمانه‌وه، به‌هۆی ڕه‌فتارمانه‌وه، به‌هۆی جیاوازیمانه‌وه، دووچاری ده‌رکردن و ڕفاندن و تۆقاندن و کوشتن بینه‌وه. ئه‌م تراژیدیایه‌و ئه‌وانی پێشتریش پیشانی داین ئێمه له کۆمه‌ڵگایه‌کدا ده‌ژین سیاسه‌ت وه‌ک هونه‌ری ڕێکخسته‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌ژێر زه‌بری تاکڕه‌وی حیزب و ده‌سه‌ڵاتدا ببێته ئامرازی به ناماقوڵکردنی ماقوڵه‌کان و هۆکاری به‌درۆخستنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان. ئیدی هه‌موومان ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه بناسین که چۆن ده‌سه‌ڵات له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا وا ده‌کات قوربانی ببێته تاوانبار، چۆن وا ده‌کات جه‌لاد له‌سه‌ر هه‌ق بێت. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه له‌سه‌ر دروستبوونی سامناکترین ڕژێمی سیاسی له هه‌رێمێکدا که مێژووی بریتییه له خه‌باتکردن له‌پێناوی ئازادی و دیموکراسی.
لێره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له هۆکاره‌کانی ژێره‌وه‌ی ئه‌م ڕووداوه تێ بگه‌ین، ده‌بێت ئه‌و چینانه‌ی ناوه‌وه‌ی ده‌روونی سیاسییه‌کانمان پێکده‌هێنێت، هه‌ڵبده‌ینه‌وه و وڕۆچینه حه‌شارگه نهێنییه‌کانی ئه‌م سایکۆلۆژیایه‌وه.
هه‌ڵبه‌ت کۆششێکی زۆری ناوێت ئه‌گه‌ر که‌مێک یاده‌وه‌ریمان بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ ڕۆژگاره سامناکه‌کانی ڕژێمی به‌عس،ڕژێمێک تێکڕای وڵاتی کردبووه به‌ندیخانه‌یه‌ک، تێکڕای هاوڵاتییه‌کانی کردبووه سیخوڕ به‌سه‌ر یه‌که‌وه، شتێک که له‌فه‌رهه‌نگی ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بوونی نه‌بوو مرۆڤ و ئازادییه‌کانی بوو. تارماییه‌کانی ئه‌م سیاسه‌ته پێده‌چێت ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر زه‌مین و ئاسمانی کوردستاندا چالاکانه بسوڕێنه‌وه. ئێمه هه‌ست ده‌که‌ین کوردستان بووه‌ته زیندانێکی سه‌فه‌ری بۆ هه‌رکوێیه‌ک بڕۆین ئێمه تێیدا ئه‌و زیندانییه‌ین که چ ئازادییه‌کمان نییه. بێهۆنییه که‌سانێک هه‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشن چ نه‌به‌ردییه‌کیان بۆ ئازادی نییه،بۆیه کاتێک به‌رگری له ئازادی مرۆڤه‌کانی تر ناکه‌ن له‌وه‌وه‌یه که ئه‌وان هێشتا له‌ناو زیندانه سه‌فه‌رییه‌که‌دان. ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ ئێمه گرنگه هه‌وڵی خۆڕزگارکردنه له‌و زیندانه سه‌فه‌رییه،واته وابکه‌ین له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه ئێمه پابه‌ندی چ ده‌سه‌ڵاتێکی سته‌مکار نه‌بین،ته‌نانه‌ت گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی خۆماڵیش بێت.
تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت ئه‌و هۆشیارییه‌مان لا چێ ده‌کاته‌وه،که هێشتا پاشماوه‌کانی فه‌رهه‌نگی به‌عسگه‌رایی و خڵته‌کانی ئه‌خلاقی ئه‌و ڕژێمه داپڵۆسێنه‌ره ڕووبه‌رێکی گه‌وره‌ی ناو ده‌ماغی سیاسی سه‌رکرده‌کانی ئه‌م هه‌رێمه و ناو ڕۆحی به‌رپرسانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی داگیرکردووه. بۆ ئه‌وه‌شی ڕۆحی ئه‌و نه‌وه‌یه له‌و خڵته و پاشماوانه پاک بکرێته‌وه،ده‌بێت قه‌ناعه‌تی ئه‌وه‌یان لا دروست بکه‌ین و فێری ئه‌ویان بکه‌ین، که ئه‌وان به‌ر له‌هه‌ر شت پێویستیان به سه‌ردانی فێرکه‌ران و چاره‌سه‌رسازان و پزیشکانی ڕۆحی و ده‌روونییه،له پێناوی ئه‌مه‌شدا کوردستان پتر پێویستی به کردنه‌وه‌ی فێرگه و خوێندنگا‌و کلینیک و نه‌خۆشخانه و بیمارستانه وه‌ک له گوندی ئه‌ڵمانی و شاری ناز و به‌هه‌شتی شار.
ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌که‌ین،ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک حیکایه‌تی خۆی هه‌بێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی دزێوییه‌کانی خۆی،ئه‌وا له حاڵه‌تی کوردی‌دا کاره‌ساتی کوشتنی ڕۆژنامه‌نووسه‌کان بریتییه له لاپه‌ڕه ڕه‌شه‌کانی تۆمارکردنی ئه‌و حیکایه‌ته دزێوانه.
پایته‌خت و ئاوابوونی ئیدیاله‌کان
پایته‌خت له‌ڕووی سیاسیییه‌وه شوێنی سه‌روه‌ری هه‌ر ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تێکه که تیایدا شکۆی نه‌ته‌وه و ئازادییه‌کانی مرۆڤ پارێزراو ده‌بێت ، له پایته‌ختدا ده‌بێت ڕووبه‌ری گه‌وره‌تری ئازادی و ئه‌تمۆسفێری فراوانتری ژیانی شارستانی بۆ دانیشتووانه‌کانی دابین بکرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی پایته‌خت هه‌م به‌رجه‌سته‌ی ڕژێمی سیاسی و ژیانی شارستانی ناو هه‌ر وڵاتێک ده‌کات و هه‌م ناوه‌ندێکی سه‌ره‌کیشه بۆ گرێدانه‌وه‌ی هه‌ر وڵاتێک به جیهانی ده‌ره‌وه. ده‌وڵه‌ته‌کان بۆ ئه‌وه‌ی له‌جیهانی ده‌ره‌وه‌دا شانازی خۆیان نمایش بکه‌ن له‌ڕێی پایته‌خته‌کانانه‌وه ده‌چنه نێو جیهانه‌وه. ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می به‌عسیشدا به‌غدا پایته‌ختێک بوو،به به‌راورد له‌گه‌ڵ شاره‌کانی تردا، مرۆڤ به جۆرێک له‌جۆره‌کان بڕێک ئازادی زیاتری تێدا ده‌بینییه‌وه،له‌م شاره‌دا چالاکی هونه‌ر و ڕۆشنبیری و چاپه‌مه‌نی و کتێبخانه به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو ده‌گیرا،مرۆڤ ئه‌و کتێب وگۆڤارانه‌ی له به‌غدا ده‌ستی ده‌که‌وت له هیچ شارێکی تردا نه‌یده‌بینییه‌وه. ئه‌و شانۆگه‌ری و پێشانگایانه‌ی له به‌غدا هه‌بوون له شاره‌کانی تردا نه‌ده‌بینران. له‌هه‌موو وڵاته‌کانی هاوسێشماندا (ئێران،تورکیا) هه‌مان وێنه له پایته‌خته‌کانیاندا ده‌بینرێته‌وه. به کورتی ده‌توانین بڵێین پایته‌خت له جیهانی مۆدێرندا ڕۆحی ده‌وڵه‌ت و حکومه‌ته‌کانه. به‌ڵام له‌هه‌رێمی کوردستاندا،که کۆششێکی بێ‌سنوور ده‌درێت بۆ به جیهانی کردن و مۆدێرنکردنی پایته‌خته‌که‌ی،ئه‌م کۆششه ته‌نیا جه‌غد له‌سه‌ر ((ته‌نه ڕه‌قه‌کان))ی شار ده‌کات،واته ته‌نیا کار بۆ ڕێگاوبان و باڵاخانه و ته‌لاره‌کان و دروستکردنی شاری ناز و به‌هه‌شتی شار ده‌کرێت،ئه‌مه‌ش وه‌های کردووه ((ته‌نه نه‌رمه‌کان)) ،واته هه‌موو ئه‌وانه‌ی دنیای ڕۆح ده‌گرنه‌وه،وه‌ک هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ و ڕووناک‌بیری، وه له ئاستی سیاسیشه‌وه ،ئازادییه‌کانی مرۆڤ و مافه‌کانی،هێدی هێدی به‌ره‌و پووکانه‌وه ده‌چن. پایته‌خته‌که‌ی ئێمه هه‌ر وه‌ک هه‌موو شاره‌کانی تری کوردستان، له‌سایه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه پتر له گه‌شه‌کردنێکی قه‌به‌ی ماته‌ریالیدایه،که له‌سه‌ر تێچووی که‌رته ڕۆحی و ئیدیاله‌کان به‌ڕێوه ده‌چێت. شتێک که له‌هه‌رێمی کوردستاندا و به‌تایبه‌ت له پایته‌خته‌که‌یدا به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چێت ئیدیاله‌کانن،هێزه وزه‌به‌خشه‌کان و ئه‌فرێنه‌ره‌کانی ژیان و شارستانیه‌تن.
ئه‌وه‌ی له‌ڕۆژی ڕووناکدا له‌ناو/له‌به‌رده‌م زانکۆی پایته‌ختدا فێرخوازێک،ڕۆژنامه‌نووسێک بڕفێنرێت و ببرێته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌رێمه و تیرۆر بکرێت،هیچمان پێ ناڵێت جگه له‌وه‌ی بڵێین : له‌مڕۆ به‌دوواوه، ئه‌فسووس ده‌بێت بڵێین پایته‌ختی کوردستان چیتر هه‌ولێر نییه،به‌ڵکو هه‌موو ئه‌و هه‌رێمه نهێنییانه و هه‌موو ئه‌و حه‌شارگه په‌نهانانه‌ن که مافیاکان و چه‌ته‌کان و تیرۆریستان تیایدا باڵاده‌ستن و له‌سه‌رووی هه‌موو ڕێسا و یاسا و ده‌ستور و پرینسیپێکه‌وه‌ن. له‌پێناوی ئه‌وه‌شی سه‌روه‌ری بدرێته‌وه به پایته‌خت،به‌ته‌نیا ئاشکراکردنی بکوژانی ڕۆژنامه نووس سه‌رده‌شت عوسمان به‌س نییه،به‌ڵکو کاری گرنگ نه‌هێشتنی ئه‌و حه‌شارگه و مۆڵگانه‌ن که له‌و هه‌رێمه‌دا ده‌سه‌ڵاتێکیان به نهێنی چنیوه له ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان و حکومه‌ت و پایته‌خت و شاره‌کان باڵاتره.
سه‌رده‌شت عوسمان و شه‌مه‌نه‌فه‌ری نه‌ته‌وه
ئه‌گه‌ر ئه‌و پێناسه‌یه دروست بێت که ده‌ڵێت: نه‌ته‌وه شه‌مه‌نه‌فه‌رێک نییه له وێستگه‌یه‌کدا لێی دابه‌زین،ئه‌وا له حاڵه‌تی کوردی‌دا،پاش تاوانی هه‌ڕه‌شه‌لێکردن و ڕفاندنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ودواتر تیرۆرکردنی فێرخواز و ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان ،ده‌بێت ئێمه هه‌موومان له‌م وێسته‌گه‌یدا بێینه خوارێ و هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ین بزانین ئه‌م شه‌مه‌نه‌فه‌ره به‌ره‌و کوێ مل ده‌نێت؟
سه‌رده‌شت و زیندووکردنه‌وه‌ی دیارده‌ی قاره‌مان.
پاڵه‌وان که‌سێکه چۆک له‌به‌ر هیچ ده‌سه‌ڵاتێکدا دانادات،ئه‌و سڵ له وتنی ڕاستی له‌هیچ بارودۆخێکدا ناکاته‌وه. ئه‌و ئاماده‌یه که‌م بژی به‌ڵام که‌ڵ بژی. پاڵه‌وان واته ئه‌و که‌سه‌ی چیرۆکی سه‌روه‌ری ده‌خوڵقێنێت.
له‌دووای ڕاپه‌ڕینه‌وه و به دیاریکراوی پاش سه‌رهه‌ڵدان وته‌شه‌نه‌سه‌ندنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی، مرۆڤی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا هێدی هێدی ده‌ستبه‌رداری ئه‌م تێڕوانینه‌ی ژیان بووه و به‌ره‌و ده‌رخستنی هێزه چنۆکییه ماته‌ریالییه‌کانی ژیان مل ده‌نێت،که ئاماده‌یه له‌پێناوی ده‌وڵه‌مه‌ندبووندا هه‌موو ڕێگایه‌کی ناجوامێرانه بگرێته‌به‌ر. له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه مرۆڤێکی هه‌لپه‌رست به‌رهه‌مهێنراوه که وای پێ باشه پێنج ده‌قه به ترسنۆکی بژی نه‌وه‌ک بۆ هه‌تاهه‌تایه به‌پاڵه‌وانی مردوو بێت.
ئێستا له‌ڕووی کولتورییه‌وه داواکراو له هه‌مووان ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌رچی پاڵه‌وان پێده‌چێت ئاوا بوو بێت،به‌ڵام نابێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه‌بین که ئێمه هێشتا پێویستمان به بیرۆکه‌ی پاڵه‌وان و ڕێزگرتن له کاره‌کته‌ری قاره‌مان هه‌یه. وه‌ک نیتچه ئاگادارمان ده‌کاته‌وه : ((نه‌که‌ی پاڵه‌وان له‌ڕۆحت ده‌ربکه‌یت)).
له‌بیرمان نه‌چێت له کۆمه‌ڵگای مۆدێرندا ،به‌وه‌دا هیچ هاوڵاتییه‌ک شکۆی بریندار ناکرێت ئه‌واهه‌موو هاوڵاتییه‌ک پاڵه‌وانه.
خه‌باتی کورد بۆ ئازادی تا ڕاپه‌ڕین ژماره‌گه‌لێکی ناکۆتای له قاره‌مان دروست کرد،له‌به‌رئه‌وه ئه‌و مێژووه بزووتنه‌وه‌یه‌ک بوو ڕێگایه‌کی درێژی له‌پێشدا بوو،به‌ڵام له‌دووای ڕاپه‌ڕینه‌وه،مرۆڤی گه‌نده‌ڵ و مشه‌خۆر و بێبه‌رهه‌م دروستکراوه،ئیدی له‌وێساته‌وه ئێمه ڕێگامان له‌پێشدا نه‌ماوه،به‌ڵکوئه‌و خه‌ره‌ند و چاڵانه‌مان له پێشدایه که هه‌موو داستانی نه‌به‌ردییه‌کانیان تێدا ناشت. سه‌رده‌شت عوسمان دیارده‌ی پاڵه‌وان ده‌هێنێته‌وه ناو کایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مۆرالییانه‌مانه‌وه،ئه‌و به‌هۆی نووسینه‌کانیه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی لێ ده‌کرێت ئه‌گه‌ر پایته‌خت به‌جێ نه‌هێڵێت،بێگومان زۆر به سانایی ده‌یتوانی مل بۆ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه بدات.به‌ڵام قاره‌مانانه ڕووبه‌رووی ئه‌و مه‌رگه تراژیدییه بووه‌وه که هه‌روه‌ک خودی ژیانی تراژیدی بوو. لێره‌وه له کوێدا ویستمان باسی پاڵه‌وانه‌کانی نه‌وه‌ی پاش ڕاپه‌ڕین بکه‌ین ده‌بێت ئاماژه به سه‌رده‌شت عوسمان وهاوشێوه‌کانی ئه‌و بده‌ین. ئه‌و سیاسییانه‌شی چیرۆکی پاڵه‌وانانه‌ی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه بۆمان که‌وا ئه‌وانن به‌رگری له بوونی کورد و ده‌وڵه‌تی کوردی ومافه‌کانی کورد ده‌که‌ن،له‌به‌رده‌م به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانی خۆیاندا ده‌ستبه‌رداری هه‌موو ئه‌و پرینسیپانه بوون،لێره‌وه چیتر بۆ ئه‌وه‌ی دانوستاندن له‌سه‌ر مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌کانی ژیانی سیاسیمان نه‌کرێت،ده‌بێت ئه‌و ئه‌رکه له سیاسییه مرۆڤ‌کوژ و گه‌نده‌ڵچییه‌کان بسه‌نرێته‌وه و ڕاده‌ستی ئه‌و ڕووناکبیر و ڕۆژنامه‌نووسه بوێرانه بکرێت که ((چاکه‌ی گشتی)) ده‌خه‌نه سه‌روو هه‌موو شتێکی تره‌وه.ده‌بێت ئه‌و قاره‌مانانه چاره‌نووسی ئێمه بگرنه ده‌ست که ((دوواجار بیر له‌خۆیان ده‌که‌نه‌وه.شیله‌ر)).
|