
هێمن مه‌حمود-ده‌ربه‌ندیخان
سه‌عات 10,59 ده‌قیقه‌ی شه‌وی پێنج شه‌ممه‌ی كۆتاییه‌كانی مانكی ئاب سه‌لمانی كوڕی مامۆستا عه‌لی له‌به‌رزاییه‌كه‌ی خواری تونێله‌كه‌وه له‌مانگه‌شه‌ویكی هێمندا كه ته‌نها بۆ مردن نه‌ده‌شیا كه‌وته‌خواره‌وه‌و ده‌ستبه‌جی مرد.
ئێمه له یاریگا تارتانه‌كه‌ی ته‌نیشت ئه‌و شه‌قامه گشتیه‌ی كه‌له‌تونیله‌كه‌وه دێته خواره‌وه‌و فه‌رعێكی بۆ ناوشارو فه‌رعێكی بۆ رۆژئاوای شار ده‌روات كۆمه‌ڵێك گه‌نجی گه‌ره‌ك بوین شه‌وانی هاوین كۆده‌بوینه‌وه‌و له‌و یاریكایه به‌بڕه پاره‌یه‌كی كه‌م تا ده‌رنگانێكی شه‌و یاریمان ده‌كرد.
من سه‌لمانم له‌دووره‌وه ده‌ناسی، هه‌میشه بێده‌نگ و ته‌نها، به‌رده‌وام ده‌ستی ده‌كرد به پانتۆڵه‌كه‌یداو زۆربه‌ی شه‌وان خۆی ده‌دا به‌سه‌ر ئه‌و ئاسنه‌ی كه وه‌ك محاجه‌ره‌یه‌ك له‌و به‌رزاییه‌دا دروستكرابوو و ده‌یڕوانی به‌سه‌ر یاریگاكه‌ی ئێمه‌دا، هه‌ندێ جاریش ده‌هات هه‌ردوو ده‌ستی ده‌گرت به ته‌لی چوارده‌وری یاریگاكه‌وه و له‌تیشكی ئه‌و بلاجكتۆرانه‌ی ده‌ڕوانی كه هێنده به‌هێزبون هه‌ر به‌سه‌یركردنێكی چاویان ده‌هێنایه ئێش.
كاكی لێكۆله‌ر من خۆم ئه‌و شه‌وه بینیم، كراسه سپییه‌كه‌ی له‌ژێر تیشكی زه‌ردی بلاجكتۆره‌كه‌دا ده‌دره‌وشایه‌وه، پانتۆڵیكی مه‌یله‌و ره‌ساسی له‌پێدابوو، به‌ڵی ...به‌ڵی.... من ئه‌و شه‌وه دوو جار بینیم، بۆچی درۆبكه‌م دووچاری رێك بینم.
یه‌كه‌مجار كه بینیم له‌ته‌نیشتی ته‌لی یاریگاكه‌وه وه‌ستابوو پێچه‌وانه‌ی هه‌موجارێك ئه‌مجاره خۆی نه‌دابوو به‌سه‌ر ته‌له‌كه‌دا و دوریگرتبوو، من به‌ره‌و رووی یاریزانێكی تیپه‌كه‌ی به‌رامبه‌رمان كه تۆپه‌كه‌ی پێبو به‌خێراییه‌كی وا ده‌رٍوشتم به‌ره‌و رووی كه ناچاربوو به‌رله‌وه‌ی پێیبگه‌م شوتێكی توندی وه‌هام لیبَدا كه بكه‌وم و تۆپه‌كه بكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی یاریكاكه.
خوا شایه‌ته جه‌نابی لێكۆڵه‌ر چۆنت بۆ ده‌گێڕمه‌وه ئاوه‌هایه، ئاوڕێكی ته‌نیشتم دایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌یری تۆپه‌كه بكه‌م سه‌لمانم بینی، به‌ڵام خوا شایه‌ته وه‌ك ئه‌وه‌ی په‌یكه‌رێك ببینم، وه‌ك ئه‌وه‌ی جه‌سته‌یه‌كی مردوو ببینم، جه‌ناب وه‌ك ئه‌وه‌بو ئه‌و كوڕه هه‌ر كه‌دونیا تاریكبووه مردبیت و گیانی له‌ده‌ستدابیت و به‌ڵام ڕێ یش بكات.
تا تۆپه‌كه نه‌كه‌وته به‌رپێی وه ئاگا نه‌هات، بێ ئه‌وه‌ی هیج قسه‌یه‌ك بكات به‌سه‌روچاوێكه‌وه خوای باری و ته‌عالا كه بۆنی مردنی لێده‌هات تۆپه‌كه‌ی بۆ هه‌ڵداینه ئه‌مدیوه‌وه‌و له‌ژێر تیشكی بلاجكتۆره‌كاندا ونبوو.
جاری دوهه‌میش كه بینیم گه‌وره‌م هێشتا ئێمه یاریمان ده‌كرد، ئاخر گه‌وره‌م خۆتده‌زانی مانگه شه‌وه‌كانی ئاب خۆشترین كاتن بۆ یاریی نه‌ك بۆ كه‌وتنه خواره‌وه‌و خۆكوشتن، زۆرینه‌ی مناڵه‌كانی شاریش چه‌ند شه‌وێكی كه‌مبو فێری هه‌ڵدانی باڵۆن بووبون كه له‌ئاسمانی شاردا و له‌ژێر تیشكی مانكه‌شه‌ودا ده‌توت ئه‌ستێره‌ی بچوك بچوكن و ده‌دره‌وشێنه‌وه، له‌و بالۆنه گه‌وره گه‌ورانه ناڵیم كه له‌سه‌ته‌لایتدا ده‌یبینین، نا ئه‌م باڵۆنانه بچوكن و زۆر به‌رزنابنه‌وه، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و ئاگره بچوكه‌ی ناوییه‌وه‌وه تا مه‌سه‌فایه‌كی كه‌م له‌ئاسماند ا به‌رزده‌بنه‌وه‌و دواتر ده‌كوژێنه‌وه، ئه‌و شه‌وه ئاسمان یه‌ك پارچه باڵونی ئاگراوی بچوك بچوك بوو گه‌وره‌م، هه‌رچه‌نده وابزانم ئێوه به‌بیانوی ئه‌وه ی سه‌ر له‌فڕۆكه تێك ده‌دات هه‌ڵدانی ئه‌و باڵۆنانه‌تان له‌مناڵان قه‌ده‌غه‌كردبوو، به‌ڵام ئاخر كوا فرۆكه رێی ده‌كه‌ویته ئه‌م شاره‌وه، به‌ڵام مناڵ.... باشه... باشه گه‌وره‌م دێمه‌وه سه‌ر باسه‌كه‌ی خۆمان، ئا.. ئێمه هێشتا له‌ناوه‌راستی گیمی كۆتایدا بوین من بۆ جاری دووه‌م سه‌لمانم بینی خۆی دابوو به‌سه‌ر محاجه‌ره‌كانی به‌رزاییه‌كه‌دا، من زۆر ماندوبوم، تیپه‌كه‌ی ئێمه له‌نزیك گۆڵی تیپه‌كه‌ی به‌رامبه‌رمان فاوڵێكیان له‌سه‌ر گرتبوون، نازانم سه‌عات چه‌ندبوو، من له‌دوای دواوه بوم بۆ ساتێك دانیشتم، سه‌رم به‌رزكرده‌وه بۆ گرده‌كه‌ی به‌رامبه‌رمان، له‌دوره‌وه سه‌لمانی كوڕی مامۆستا عه‌لیم بینی وه‌ك هه‌موو جار خۆی دابوو به‌سه‌ر محاجه‌ره ئاسنینه‌كاندا، ویستم بیری لێبكه‌مه‌وه ئه‌و كوڕه ئه‌مشه‌و وه‌ك شه‌وانی دیكه نیه به‌ڵام كه ناوبژیوانه‌كه فیكه‌ی لێدانی فاوڵه‌كه‌ی لێدا بیرم نه‌كرده‌وه‌و ئاگام لێی نه‌ما و هه‌ر ئه‌وه‌نده لێی ده‌زانم.
سه‌لمانی كوری مامۆستا عه‌لی، ته‌مه‌ن 25 ساڵ، هاورێی یه‌ك پۆل بوین، تاوه‌كو ئاماده‌یشمان ته‌واوكرد پێكه‌وه بوین، به‌ڵام كه ئه‌و چوو بۆ په‌یمانگا و من رۆشتم بۆ زانكۆ ئیدی زۆر ئاگامان له‌یه‌ك نه‌ما.
كورێكی سپی پێستی بێده‌نگ بوو، هه‌میشه چاوه‌كانی له‌بێتاقه‌تیدا خه‌واڵو ده‌ینواند، گرنگییه‌كی له‌ڕابه‌ده‌ری به دانه‌كانی ده‌دا هه‌ربۆیه هه‌میشه كه زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی ساده‌شی ده‌كرد له‌ژێره‌وه دانه‌كانی وه‌ك وورده به‌فر سپی ده‌چونه‌وه.
به‌رێز سه‌رگه‌وره‌ی لێكوڵه‌ره‌وان من ده‌توانم وه‌سفێكی ده‌قیقی ئه‌و كوڕه‌تان بۆ بكه‌م، یه‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی جاروبار رۆمان و چیرۆك ده‌خوێنمه‌وه‌و كه‌سایه‌تیه‌كان باش ده‌ناسم، دوهه‌میش به‌رله‌وه ی ئه‌و شه‌وه سه‌لمان خۆی له‌و به‌رزاییه نه‌عله‌تیه هه‌ڵبداته خواره‌وه من بینیم و پێكه‌وه قسه‌مان كرد.
ئا..ئا.. بینم و ته‌وقه‌شمان كرد، ماوه‌یه‌كی زۆر بوو نه‌مدیبو،ده‌مزانی له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ك باوكی ببێته مامۆستا دوكانیكی مۆبایل چاككردنی دانابوو،ئه‌و عه‌شقێكی زۆری هه‌بوو بۆ مۆبایل، هه‌میشه به‌پێكه‌نینێكی گاڵته‌جاڕانه‌وه ده‌یوت مه‌عقول نیه باوك و كوڕ له‌یه‌ك ماڵدا مامۆستابن، هه‌موو ماڵێك یه‌ك مامۆستای كافییه.
جه‌نابی لێكۆڵه‌ر نازانم به‌ڕێزتان زه‌وقی رۆمان خۆیندنه‌وه‌تان هه‌یه یان نا؟. من ئه‌و شه‌وه له‌سه‌ربان خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی (ئێواره‌ی په‌روانه) به‌ختیار عه‌لی بووم، مانگه‌شه‌وێكی جوانبوو، تیشكی مانگ ئه‌وه‌نده به‌هێزبوو به‌ده‌گمه‌ن ئه‌ستێره به ده‌ره‌وه‌بوو، جاروباریش سه‌یركردنی ئه‌و باڵۆنانه‌ی كه مناڵانی گه‌ره‌ك فێربوبون هه‌ڵیده‌ن بۆ ئاسمان خویندنه‌وه‌كه‌یان ده‌پچڕاندم، به‌هه‌رحاڵ..برازایه‌كم هه‌یه یه‌ك ساڵانه، ئه‌وشه‌وه بۆ نه‌گبه‌تی له‌ماڵمان بوو له‌حه‌وشه‌كه‌دا زۆر ده‌گریا، سه‌عات چه‌ندبوو؟...ئا...سه‌عات 10.30، له‌داخی گریانی ئه‌و مناڵه و سه‌یركردنی ئه‌و باڵۆنانه‌ی كه هه‌رسات ناساتێك هه‌ڵده‌كرانه ئاسمان رۆمانه‌كه‌م فرێدا و هاتمه ده‌ره‌وه جگه‌ره‌یه‌ك بكێشم و ئیسراحه‌تێك بكه‌م.
به‌و شه‌قامه درێژه‌دا هاتم كه سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌گه‌شته شه‌قامی ژێر تونیله‌كه‌و ده‌یڕوانی به‌سه‌ر یاریگاكه‌دا.
به‌رێز لێپرسراوی لێكۆڵه‌ره‌وان بۆخۆم خه‌یاڵم ده‌كردو جگه‌ره به‌دوای جكه‌ره‌دا ده‌مكیشا له‌پڕ سه‌لمانم بینی خۆی دابوو به‌سه‌ر موحاجه‌ره‌كه‌داو خه‌ریكی مۆبایله‌كه‌ی بوو كه منی بینی یه‌كسه‌ر خستیه‌وه گیرفانی.
كه ته‌وقه‌مان كرد هه‌ستم به ساردی ده‌ستی كرد، چاوانی به چوارده‌وری خۆید ا ده‌گێڕا، بێ ئه‌وه‌ی لێی بپرسم وتی ئه‌مشه‌و هاتوم سه‌یری یاری ئه‌و گه‌نجانه بكه‌م، تاقه‌تم نه‌بوو،وتم مانكه شه‌وێكی خۆشه، منیش له‌ماڵه‌وه له‌داخی گریانی مناڵ هاتومه‌ته ده‌ره‌وه، پێكه‌نێكی كورتی كرد‌و وتی خۆت بده به‌سه‌ر ئه‌م محاجه‌رانه‌داو له‌و به‌رزاییه‌وه سه‌یر گڵوپه‌كانی شاربكه، ده‌زانم تۆ له‌ناو رومان و چیرۆكدا ده‌ژیت چی وێنه‌یه‌ك هه‌یه له‌مه جوانتر، شارێك له‌ژێر تیشكی مانگێكی ته‌نهاو جارناجارێكیش روناكی ئه‌و باڵۆنانه ته‌نهایی مانگ تێكده‌ده‌ن.
من وتم بۆیه هاتومه‌ته ده‌ره‌وه له‌دونیای ناو كتێبه‌كان ده‌ره‌چم تۆش ده‌مبه‌یته‌وه بۆ ئه‌وێ، وتی هاوڕێی به‌رێزم ئه‌مه كتێب نیه ئه‌مه واقیعه، سه‌یركه، ده‌ستی لێبده، هه‌ستی پێبكه ئه‌و گه‌نجانه یاریی ده‌كه‌ن، مناڵان مناڵی خۆیان به‌هه‌ڵدانی ئه‌و باڵۆنانه‌وه به‌سه‌رده‌به‌ن، مانگیش له‌و سه‌ری سه‌ره‌وه له‌م شاره ده‌ڕوانێت كه گڵۆپه‌كانی ده‌یانه‌وێت له‌روناكی مانگ كه‌مبكه‌نه‌وه..هاوڕێی به‌رێز چی هه‌یه له‌مه جوانتر...ده‌توانیت ئه‌مانه له‌ناو كتیبه‌كاندا ببینیت، هه‌ستی پێبكه‌یت، ده‌ستی لێبده‌یت..ده‌توانیت..
راستیت ده‌وێ جه‌نابی ئه‌فسه‌ر من زۆر تاقه‌تی قسه‌م نه‌بوو هاتبوم بۆنی دواین شه‌وه‌كانی مانكی ئاب هه‌ڵمژم، هه‌ربۆیه جگه‌ره‌یه‌كم داپێَی و سه‌یرێكی سه‌عاته‌كه‌ی ده‌ستم كرد 10,45 ده‌قیقه بوو ماڵ‌ئاوایم لێكرد‌و تاوه‌كو به‌یانی نه‌ڕۆشتم بۆ فه‌رمانگه نه‌مزانی مردووه.
ئه‌و ساته‌ی كه سه‌لمان مرد مامۆستا عه‌لی باوكی سه‌لمان به‌قات و بیجامه‌یه‌كه‌وه له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌یه‌ك دانیشتبوو چاوه‌ڕوانی دواین هه‌واڵه‌كانی كه‌ناڵی جه‌زیره‌ی ده‌كرد، دایكی سه‌لمانیش كه‌هیچ خوێنه‌وارییه‌كی نه‌بوو له‌كه‌ڵ كچه‌یدا كه به‌بۆنه‌ی پێنج شه‌مه‌و هه‌ینیه‌وه له‌شارێكی دوره‌وه هاتبویه‌وه بۆ ماڵ باوكی خه‌ریكی شۆردنی مناڵی كچه‌كه‌ی بون.
مامۆستا عه‌لی وه‌ك هه‌موجار كه كۆنترۆڵه‌كه‌ی ده‌گرت به‌ده‌ستیه‌وه نه‌یده‌هێلا كه‌س ته‌ماشای هیچ بكات كه‌ناڵی جه‌زیره نه‌بێت، جاروباریش ده‌هاته‌وه بۆ لای كه‌ناڵه كوردییه‌كان به‌ڵام هه‌رزوو هه‌ندێك قسه‌ی له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌كرد كه كه‌س نه‌یده‌زانی جنێوه یاخود گله‌یی یه‌كسه‌ر ده‌یگۆڕین.
رێك وه‌ك هه‌موو شه‌وانێك و له‌كات و ساتی خۆیدا له سه‌عات 11,30 مامۆستا عه‌لی مۆبایله‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ته‌له‌فونی بۆ سه‌لمان كرد، سه‌لمان هیچ هه‌واڵێكی نه‌بوو.
مامۆستا عه‌لی به ئه‌زمون و شاره‌زایی خۆیی له‌هاتنی هه‌ر پێشهاتێكی ناخۆشدا روخساری تێكچوو و خۆی كۆكرده‌وه .
خێزان و كچه‌كه‌شی كه خه‌ریكی گۆرینی مناڵه‌كه‌بوون كه هه‌ر له‌ئێواره‌وه به‌گوێی مامۆستایان نه‌كردبوو بیشۆن له‌و دره‌نگانه‌دا نه‌بێت ، هه‌ستیان كرد مامۆستا عه‌لی شێواوه.
ژنه‌كه‌ی مناڵه‌كه‌ی فڕێ‌دا به‌ڵام خودا ره‌حمی كرد كچه‌كه‌ی گرتییه‌وه ئه‌گینا ده‌موولوتی ده‌شكا رووه‌و پیاوه‌كه‌ی رایكرد، مامۆستا به‌ویقاری كه‌سێك كه ده‌توانێت خۆی رابگرێت له‌كاتی ناخۆشیدا وتی ژنه‌كه هیچ نیه ره‌نگه سه‌لمان ئاگای له‌مۆبایله‌كه‌ی نه‌بێت وه‌ڵام ناداته‌وه.
مامۆستا عه‌لی ده‌یزانی كوڕه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی وه‌ها په‌روه‌رده نه‌كردوه ئاگای له مۆبایل نه‌بێت و له‌كات و ساتی خۆیدا وه‌ڵامی ته‌له‌فونه‌كان نه‌داته‌وه و نه‌یه‌ته‌وه بۆ ماڵه‌وه.
پانتۆڵه ره‌شه‌كه‌ی كرده پێ و كراسه شینه خه‌ت خه‌ته‌كه كرده به‌ری كه ئه‌م به‌یانییه كڕیبوی و ئێواره سه‌لمان بۆی ئوتو كردبوو.
هاته ده‌ره‌وه‌و ته‌له‌فونی بۆ براكانی كرد، ئه‌وه‌شی بیرنه‌چوو كه ته‌له‌فونێكیش بۆ به‌رێوه‌به‌ر ی پۆلیس بكات كه ساڵانێكی زۆره ده‌یناسی و تێكه‌ڵاوی بوو.
هه‌رسێ براكه‌ی به ئۆتۆمبیله بی ئێمه‌كه‌ی برا بچوكه‌كه‌یان له‌ماوه‌ی كه‌متر له 5 ده‌قه‌دا گه‌شتنه سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌كیه‌كه‌وه‌و مامۆستا عه‌لیان هه‌ڵكرت.
ئه‌و شه‌وه هه‌مو شار گه‌ڕان، یه‌كه‌یه‌كه به‌و دره‌نگه وه‌خته چونه ماڵی هه‌موو خزمه‌كان، هه‌موو ئه‌و خاوه‌ن دوكانی مۆبایلانانه‌یان له‌خه‌و هه‌ستاند كه له‌گوزه‌ره‌كه‌دا هاوڕێی بون.
ته‌نانه‌ت به‌رێوه‌به‌ری پۆلیس به‌خۆی و چه‌ند سه‌یاره‌كه‌یه‌وه هه‌موو كۆڵانه‌كانی شار گه‌ڕا.
به‌یانی رێك سه‌عات 6.30 مامۆستا عه‌لی پاش به‌سه‌ربردنی درێژترین شه‌و له‌ته‌مه‌نی و پاش ئه‌وه‌ی له‌دۆزینه‌وه‌ی سه‌لمان نائۆمێدبوو له‌به‌ر قه‌ره‌باڵغی ماڵ خۆیان له‌ماڵی براناوه‌نجیه‌كه‌یان سه‌رخه‌وێكی شكاند، به‌زه‌نگی مۆبایله‌كه‌ی وه‌ئاگات، به‌رێوه‌به‌ری پۆلیس بوو.
سه‌عات 6,28 شۆفێرێك كه به شه‌قامه سه‌ره‌كیه‌كه‌دا تێپه‌ڕده‌بێت له چاڵایه‌كداو له‌ژێر موحاجه‌ره‌كانی ئه‌و شه‌قامه‌ی له‌شه‌قامی سه‌ره‌كی تونێله‌كه‌وه جیاده‌بێته‌وه و رووه رۆژئاوا دێت جه‌سته‌یه‌ك ده‌بینێ كه كه‌وتوه به‌سه‌ر ده‌مدا.
مامۆستا عه‌لی و براكانی و به‌رێوه‌به‌ری پۆلیس و خه‌ڵكی گه‌ره‌ك و ژماره‌یه‌كی زۆر له مۆبایل فرۆش به‌و به‌یانییه زووه له‌كه‌سانی یه‌كه‌م ده‌بن كه ده‌گه‌نه سه‌ر ته‌رمه‌كه.
مامۆستا عه‌لی ده‌ست درێژده‌كات و ته‌رمه‌كه ده‌خاته سه‌ر پشت، سه‌یرێكی ناوچاوانی سه‌لمان ده‌كات كه هێشتا فێنكی خۆڵه‌كه له‌سه‌ر ده‌موچاوێتی، به‌بێده‌نگ و بێ ئه‌وه‌ی هیچ قسه‌یه‌ك بكات چاوی سه‌لمان داده‌خات و بۆیه‌كه‌م جار له‌هه‌موو ژیانیدا بۆ مردنی كه‌سێك چه‌ند فرمێسكێك له‌چاوی ده‌كه‌ونه‌خوارو به‌هه‌ردوو ده‌ستی كوڕه‌كه‌ی هه‌ڵده‌كرێت و ده‌یخاته سه‌یاره‌كه‌ی به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسه‌وه.
ساڵانێك دوای ئه‌وه مامۆستا عه‌لی له‌بێده‌نگیه‌كی قوڵدا ژیا‌و پاش ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كجاری وازی له‌سه‌یركردنی كه‌ناڵی جه‌زیره هێنا، كتوپڕ له‌رۆژێكی ساردی زستاندا به‌حه‌سره‌تی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه لای هیچ كه‌س وه‌ڵامێكی راستی ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت ئه‌وه‌ی كه ئایا سه‌لمان خۆی خۆی خستۆته خواره‌وه یاخود سه‌یركردنی باڵۆنه‌كان غافڵگیریكردووه‌و كه‌وتۆته خواره‌وه، بۆ هه‌تایه گیانی له‌ده‌ستدا.
به‌رێوه‌به‌ری پۆلیس له‌ته‌نیشت ته‌رمه‌كه‌وه مۆبایله‌كه‌ی سه‌لمانی هه‌ڵگرت و سه‌یریكرد جگه له 15 ته‌له‌فونی مامۆستا عه‌لی و براكانی، نامه‌یه‌كی ته‌وانه‌كراویش كه هێشتا نه‌نێردرابوو و بێ ئه‌وه‌ی هیج كه‌سێكیش بزانێت بۆ كێ نوسراوه له‌سه‌ر شاشه‌كه‌بوو " نازانم ئه‌م نامه‌ت بۆ بنێرم یان نا، به‌ڵام هه‌ستێكی قوڵم تێدایه كه وام لێده‌كات خۆشم بوێیت و نامه‌ت بۆ بنوسم، ئێَستا من زۆر ته‌نهام، له‌ته‌نهایدا كه هاتم له‌خواره‌وه لای یاریگاكه وه‌ستام به‌ڵكو یاری ئه‌و گه‌نجانه ته‌نهایم ده‌ربكات، نازانم چه‌ند وه‌ستام به‌ڵام بیری تۆم ده‌كرد، كه‌چی گه‌نجیك شوتێكی لێداو تۆپه‌كه دای له‌من و خه‌یاڵه‌كانی بچڕاندم، هاتمه سه‌ر به‌رزاییه‌كه بۆلای موحاجه‌ره‌كان كه هه‌ندێك دووره و ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر یاریگاكه‌دا و له‌نێوانیشیاندا دۆڵێكی تاریك هه‌یه كه رۆشنایی بڵاجكتۆری یاریگاكه‌ش ناتوانێت رۆشنی بكاته‌وه.
ئێستا خۆمداوه به‌سه‌ر موحاجه‌ره‌كانداو جارێكی تریش بیری تۆده‌كه‌م، هه‌میشه ده‌مه‌وێت تۆ له‌یادمابیت، له‌خه‌یاڵمدا زیندوبیت، ده‌نكت له‌رۆحما بزره‌نگێته‌وه، به‌ڵام ناتوانم......
ببوره ئه‌وه هاوه‌ڵێكی كۆنم هات و هه‌ندێك قسه‌مان كرد، باش بوو زو رۆشت و زۆر دای نه‌بڕیم لێت، ئه‌و هاوه‌ڵه‌م خۆی به‌رۆشنبیر ده‌زانێت و باسی چیرۆكی عاشقانه‌ی گه‌وره گه‌وره‌ی ناو كتێبه‌كان ده‌كات، به‌ڵام من له‌واقیعدا عاشقی تۆم، من له‌واقیعدا شه‌یدای تۆم... هاتوموته ئه‌مدیوو پاڵم داوه‌ته موحاجه‌ره‌كان و رووه‌و شار وه‌ستاوم.
چیت بۆ بنوسم، ئه‌مشه‌و خۆشترین شه‌وی منه، من هه‌میشه كۆتاییه‌كانی شه‌وانی هاوینم خۆشده‌وێت، هه‌وایه‌كی فێنك له‌ده‌ریاچه‌كه‌وه هه‌ڵده‌كات و به‌شاخه‌كه‌دا هه‌ڵده‌زنێت و دێته ئه‌مدیوه بۆ ئاسمانی شار، هه‌واكه ئێستا له‌روخسارمده‌دات، مانگ چه‌ند جوانه به‌م شه‌وه كه ته‌نها وبێده‌نگ سه‌یری شار ده‌كات، ئه‌مشه‌و زۆر بیرمكردی، هاتوم هه‌ندێك له‌ژێر ئه‌و مانگه‌شه‌وه‌و تیشكی روناكی ئه‌و باڵۆنانه‌دا رۆحی خۆم خاڵی بكه‌مه‌وه لێت ، ئێًستا سه‌عات 10.59 ده‌قیقه‌یه‌و سه‌یری ئه‌و باڵۆنانه ده‌كه‌م وخ......"