
لەزانستە مرۆییەکاندا دوو رەگەزی گرنگ بابەتی گفتوگۆو جێگای مشتومڕن: یەکەمیان ”رووبەری شەخسی“یەو دووەمیشیان ”رووبەری گشتیی“یە. رووبەری شەخسی بەو کایەیە دەگوترێت کە ههموو تاکێک لەناو چوارچێوەی چواردیواری ماڵی خۆیدا دەپارێزێتو لەبازاڕو شۆستەو شوێنە گشتییەکانیتر جیایدەکاتەوە. واتە شوێنێکە کە مرۆڤ کەسایەتی تیادا پارێزراوەو کەس بەئاسانی ناتوانێت بچێتەناویو دەستکارییو برینداری بکات. رووبەری گشتیش بەو کایەیە دەگوترێت کە بواری هاتنەژوورەو دەرچوون تیایدا واڵایە؛ کلیلی دەرگای ئەم ماڵە گشتییە بەدەست کەسەوە نییە، ههموو تاکێک مافی ئەوەی ههیە لەههر کاتێک بیەوێت بچێتە ناویو ههر کاتێکیش خوازیاربێت بەجێیبهێڵێت. رووبەری گشتی بەمانا سۆسیۆلۆگییەکەی ئەو جێگایەیە کە کردەی کۆمەڵایەتی ههمەچەشنی تیادا پیادەدەکرێت. شار یەکێکە لەو دەرکەوتە سۆسیۆلۆگییە گرنگەی شارستانی مرۆڤایەتی، کە کۆمەڵگا گشتیبوونی خۆی تیادا نماییشدەکات. لەجیهانی دیموکراسی چەندە رووبەری گشتی ئازادە بۆ تاکەکان ئەوەندەش رووبەری شەخسی پارێزراوە. بۆ نموونە لەدەستووری ئەڵمانیدا لە مادەی ١٣دا هاتووە کە دەوڵەت بۆی نییە سنووری ماڵی هاوڵاتیان برینداربکات، واتە پۆلیس ناتوانێت بەبێ مۆڵەتی یاسا لەدەرگای کەس بداتو ماڵی خەڵک بپشکنێت.
پەیوەندی نێوان ئەم دوو چوارچێوەیە (رووبەری گشتییو شەخسی) لەڕێگای فۆرمالییەوە رێکدەخرێت. بۆنموونە کەس ناتوانێت بێوەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی بەئارەزووی خۆی خانوو دروستبکات یان دەستکاریی خانووەکەی بکات، ئاوهاش شارەوانی لەکۆمەڵگا دیموکراسییەکان دا ناتوانێت بەبێ بەههندوەرگرتنو گەڕانەوە بۆ رای گشتی، بەئارەزووی خۆی دەستکاریی ههندەسەی شار بکات. تاکەکان لەشوێنە گشتییەکاندا ئازادن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێساگەلێک ههیە کە پەیوەندی نێوان موڵکی شەخسیو موڵکی گشتیی جیادەکاتەوەو ناتوانیت وەکو ماڵی خۆت ههڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەیت، بۆنموونە کەس ناتوانێت لەکتێبخانەکان کتێب دەربهێنێتو بەبێ مۆڵەت بیباتە ماڵەوە، ماڵی شەخسی گشتیش ههیە، بۆنموونە کەس ناتوانێت لەسوپەرمارکێتدا وەکو چێشتخانەو دۆڵابی ماڵەوە ههڵسوکەوتبکاتو بەرههمەکان بخوات یان بپۆشێتو پارەنەدات. لەو کۆمەڵگایانەی کە دابەشبوونی کۆمەڵایەتی تیایدا گەورەیە دیاردەی ”بەکۆمەڵەبوونی کۆمەڵایەتی“ نوێ لەناو کۆمەڵگادا دەردەکەوێت. واتە دەوڵەمەندەکان فەزای کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆیان دروستدەکەن، گەڕەکو یانەو بازاڕو باخچەو قوتابخانەو زانکۆو پاسەوانی تایبەت بەخۆیان ههیە، کە کەسانی دەرەوەی ئەو مەڵبەندە ناتوانێت بەئاسانی بچنە ناو ئەو گەڕەکانەوە.
رووبەری شەخسی شوێنی بزاوتی شەخسییەو رووبەری گشتیش جێگای چالاکی گشتییە. ماڵەوە دەمانپارێزێت لەچاوەکانی دەرەوە، بەڵام چاوی تاکەکان لەدەرەوە ههموو ماڵێکی گشتیی دەبینێت، چونکه کۆمەڵگا رووبەری گشتیی ههموو تاکەکانە. واتە ههموو ئەو شوێنانەی کە بەپارەی کۆمەڵگا بەڕێوەدەچن چاوی کۆمەڵگای لەسەرە. دیارە تەنها شوێنە گشتییەکان چاوی کۆمەڵگایان لەسەر نییە، بەڵکو کەسە گشتییەکانیش، بۆ نموونە سیاسەتمەداران یان بەرپرسە حکومییەکان لەژێر چاودێری چاوی گشتیدان. ههموو چالاکیو کردەو قسەیەکی سیاسییەکان دەچێتە ناو رووبەری گشتییەوەو ھیچ بەرپرسێک ناتوانێت وەکو کەسێکی ئاسایی ههڵسوکەوت بکاتو خۆی لەبەرپرسیارێتیو خراپبەکارهێنانی ماڵی گشتیدا بشارێتەوە.
رووبەری گشتیی، شوێنێکی گشتییە بۆ بەیەکگەشتنو کۆبوونەوەو چالاکی تاکو گروپەکانی کۆمەڵگا. ههموو کەسێک دەتوانێت بچێتە سەیرانگاکان، باخچەو سینەماو مزگەوتەکان. ئەم رووبەرە شوێنی چالاکی کۆمەڵایەتیو ھونەریو ئایینیو سیاسییە. رووبەری گشتی لەجیهانی دیموکراسیدا بەتەنها شوێنی خۆنماییشکردنی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو شوێنی ململانێی بەرژەوەندییەکانیشە. لەم رووبەرە مافی کۆبوونەوەو چالاکی سیاسی پارێزراوە، بۆ نموونە بڵاوکردنەوەو خۆپیشاندانو مانگرتنو گێڕانی ئاههنگی سیاسیو ھتد. رووبەری گشتیی ئەو کایەیە کە بەرژەوەندییە سیاسییە جیاجیاو ململانێکەرەکان لەناویدا چالاکن. بێگومان ئەم چالاکییانە بێ کێشەوگرفت نابن، ههندێجار دەبنە شوێنی پێکدادانی بەرژەوەندییە جیاوازەکانو لەههندێ حاڵەتی تریشدا شەڕو ناخۆشی.
لەڕووبەری گشتیی کۆمەڵگای کوردستانیشدا تاوەکو ئەمڕۆ شوێنەواری شەڕی ناوخۆ لەناو سنوورەکانی ئەم دوو گەڕەکە حیزبیە بەدیدەکرێت. گەورەترین کەلاوەبەرههمیشی حکومەتی ههرێمە. ئەم حکومەتە رووبەری گشتیی کۆی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو رووبەری شەخسی دووحیزبە. ئەم حکومەتە دووحیزبییەش پشتئەستوور بەقسەیەکی نەستەقی پورتوگالی، کە دەڵێت: ”ھیچ سوارەیەکی ماندوو سواری کەر نابێت، گەر ئەسپی لەبەردەستدا بێت“، بانگهێشتی ههڵبژاردنیانکرد. ئەم حکومەتە بۆ بەرژەوەندییە حیزبییەکان ئەسپ لغاودەکاتو بۆ خزمەتی کۆمەڵگاش کەر کورتاندەکات. بۆ دابەشکردنی سامانی کوردستان لەسەر پرنسیپی مەرکەزییەت کاردەکاتو بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاریش دەبێتەوە بەفیدراڵییەتی حیزبی. جگە لەپرۆژەی رێککەوتنی ستراتیژی بۆدابەشکردنی سامانو دەسەڵات، پرۆژەیەکی ستراتیژی نابینین کە بەخزمەتی رووبەری گشتیی کوردستانی ئەمڕۆو نەوەکانی داهاتوو بگەڕێتەوە. دەستکاریی نەخشەی گشتیی شارێکی وەکو ههولێر دەکەن، بەبێ بوونی ھیچ ههستێکی مێژووییو گەڕانەوەیەک بۆ رای گشتی لەگۆڕانکاریی ههندەسەی شارەکان. گەورەترین کەلاوە لەبواری رووبەری گشتیدا دەزگای راگەیاندنەکانو دامەزراوە فیکریو رۆشنبیرییە حیزبییەکانە کە وەکو نوێنەرو زمانحاڵی حکومەت کاردەکەن. گەر ئەو تەلەفزیۆنو رادیۆو رۆژنامەو گۆڤارو دەزگا بێبەرههمانەی دروستیانکردووە، کە تێچوونی رۆژانەیان بەملیۆنەها دۆلاری پارەی خەڵک دەخەمڵێنرێت، بچنە بازاڕی ئازادەوەو خۆیان بژێوی خۆیان دابینبکەن، ئەوا بەرگەی یەک ههفتە ناگرنو سەدان رۆژنامەنووسی حیزبی بێکاردەبن، چونکه نەبینەریان ههیەو نەکڕیارو نەخوێنەر. ئەم دەزگاوبڵاوکراوە حیزبییانە کولتوورێکی دزێویان لەناو رووبەری کۆمەڵایەتی دروستکردووە کە ھیچ مەسافەیەکی لەنێوان رووبەری شەخسیو رووبەری گشتیی نەهێشتۆتەوە؛ دیارە من باس لەئێتیکو بەرپرسیارێتی رۆژنامەگەریی ناکەم، چونکە ئەوەی لەکوردستاندا بینیمانو دەیبینین، جەنگەڵستانێکی گەورەی راستگۆیی راگەیاندنو گۆڕستانێکی گەورەتری وشەو غیابێکی رەهای کولتووری پسپۆڕێتیو ئەخلاقییاتی رۆژنامەگەرییە، کە لەجیهاندا وێنەی کەمە. ئەم سیستەمی رۆژنامەگەرییە ئاوێنەی ئەو سیستەمە سیاسییەیە کە حیزب بەرههمیهێناوە، واتە گۆڕینی رووبەری گشتیی بەڕووبەرێکی شەخسیو ههڵسوکەوت لەگەڵ رووبەری کۆمەڵایەتی وەکی پانتاییەکی حیزبی رووت. لەکوردستان دابەشکردنی عەقڵانیو یاسایی لەنێوان رووبەری گشتییو رووبەری شەخسی کارناکات، چونکه رووبەری گشتیی موڵکی حیزبەو، حیزبیش وەکی رووبەری شەخسی خۆی تەماشایدەکات. ههموو چالاکییەک لەناو ئەم رووبەرە یان رەخنەیەک لەم رووبەرە گشتییە ئۆتۆماتیک دەبێتە هێرش بۆسەر رووبەری شەخسی سیاسەتمەدارانو ترسێک بۆ دەسەڵاتو دەزگا حیزبییەکانیان. رووبەری گشتی لەم سیستەمە سیاسییەدا نەک ههر نەپارێزراوەو ناتوانێت ببێت بەکایەیەک بۆ ململانێی عەقڵانیو پسپۆڕێتیو راستگۆیی، بەڵکو بووەتە جێگای تەسفییەی حیساباتی شەخسیو جەنگێکی نائەخلاقی ناشرین بۆ ئەوانەی رووبەری گشتیی بەموڵکی شەخسی خۆیانو حیزبەکانیان دەزاننو مافی ئەوەش بەخۆیان دەدەن بچنە ناو پانتایی رووبەری شەخسی ههموو تاکێک کە بە نەیاری خۆیان بزانن.