كوشتنی خۆویست، یان ناچاری
ئه‌م رۆمانه گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئاسایی هه‌یه‌و له‌ڕووی ته‌كنیك‌و گێڕانهوهوهو له‌هه‌مان بابی رۆمانه‌كانی تری ئه‌م نوسه‌ره‌یه، ههمنهگوای له "پیره‌مێردو زه‌ریا"شدا، كه ته‌كنیك‌و گێڕانه‌وه‌كه‌ی هه‌مان ته‌كنیك‌و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ی هه‌یه‌و له‌وێدا باس له ململانێی نێوان مرۆڤ‌و سروشت ده‌خاته‌ڕوو و له‌گه‌ڵ دۆڕانی پیرهپیاودا له رۆمانه‌كه‌دا به‌رانبه‌ر سروشت، به‌ڵام دواجار هه‌ر كۆڵ نادات‌و به‌رده‌وامی به‌و ململانێیه ده‌دات. هاوكات پرسیاره قوڵه‌كانی نێو رۆمانی "زه‌نگه‌كان بۆ كێ لێده‌درێن" خوێنه‌ر توشی رامان ده‌كات.
یه‌كێكی تر له‌و پرسیاره گرنگانه‌ی نێو ئه‌م رۆمانه پرسیاری "كوشتن"ه. له‌پشت تێكسته‌كه‌وه ئه‌وه ده‌خوێنینه‌وه كه مرۆڤ بۆ كوشتنی به‌رانبه‌ره‌كانی هه‌ڵده‌بژێرێت؟ ئایا لهناچاریدایه، یان خۆی حه‌ز به كوشتن ده‌كات. خستنه‌ڕووی ئه‌م پرسیاره‌ش له‌نێوان دووان له كاراكته‌ره‌كاندا ده‌بینینه‌وه. یه‌كێك له كاراكته‌ره‌كان له‌پرسیاری راوكردنو ئاژه‌ڵ كوشتنه‌وه ده‌چنه نێو پرسیاری مرۆڤ كوشتن‌و یه‌كێك لهكاراكتهرهكان ده‌ڵێت: "من هه‌رگیز راوم نه‌كردووه‌و حه‌زم له ئاژه‌ڵ كوشتن نییه. ئه‌ویتریان ده‌ڵێت من ئاژه‌ڵ ده‌كوژم، به‌ڵام حه‌زم له كوشتنی مرۆڤ نییه. ئه‌ویتریان ده‌ڵێت: جگه له مرۆڤی شێت كه‌س حه‌زی له مرۆڤ كوشتن نییه، به‌ڵام كاتی ئه‌و كاره پێویست بكات من رووی لێوهرناگێڕم، كاتێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانمان پێویست بێت ده‌بێ ئه‌و كاره بكه‌ین".
لێره‌دا نووسه‌ر ئه‌وه‌ی دیاری نه‌كردووه كه كام ئامانجانه‌یه مرۆڤ ده‌بێت مرۆڤی بۆ بكوژێت، خۆ پیده‌چێت مرۆڤگه‌لێك هه‌بێت له‌پێناو ئامانجی تایبهتیو نه‌شیاودا مرۆڤ بكوژن، به‌ڵام خوێنه‌ر به وردبوونه‌وه‌ی له رۆمانه‌كه د‌رك به‌وه ده‌كات ده‌بێ مرۆڤ كاتێك كوشتی مرۆڤی تر هه‌ڵده‌بژێرێت له‌پێناو ئامانجی باڵادا بێت‌و ئه‌وانه‌شی ده‌یانكوژێت كه‌سانی مۆنۆپۆلكارو فاشی بن. له‌پاشان یه‌كێك له دووكاراكتهرهكه له‌ویتر ده‌پرسێت:"تا ئێستا كه‌ست كوشتووه؟ ئه‌ویتر وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێ: به‌ڵێ، به‌ڵام له‌رووی ئاره‌زووه‌وه نا، به‌ڵكو له‌رووی ناچارییه‌وه، له‌رووی ره‌وشتییه‌وه مرۆڤ كوشتن به‌گوناه ده‌زانم".
لێره‌شدا دیسان ئه‌وه روون ده‌بێـته‌وه، كه مرۆڤ كوشتن له‌رووی ئاره‌زووه‌وه، ته‌نها كاری مرۆڤه نهخۆشهكانهو مرۆڤی ئاسایی ئاره‌زووی مرۆڤ كوشتنی نییه، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌وه‌ها حاڵه‌تێكی خهباتكارانهشدا كوشتن هه‌ڵبژێرێت به‌كارێكی ناچارانه‌ی دهزانێتو له‌پێناو ئامانجێكی گشتی‌و باڵادایه. له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و هه‌موو كوشتوكوشتارهی له‌م رۆمانه‌دا ده‌بینرێت، كه‌چی له بنه‌ڕه‌تدا هه‌وڵی نوسه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه كه كوشتن دزێو بكات، نه‌ك جوان‌و ئه‌وكاتانه‌شی كه كاراكته‌رێكی نێو رۆمانه‌كه كوشتن هه‌ڵده‌بژێرێت وه‌ك پێشتر خستمه‌ڕوو به ناچاریه‌و له‌پێناو ئامانجێكی شیاودایه، كه ئه‌ویش له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی فاشیسته‌كانه.
پرسیاری نێوان جوان‌و ناشیرین
ههمنهگوای له‌به‌شێكی تری ئه‌م رۆمانه‌دا پرسیاری جیاوازییه‌كانی نێوان جوان‌و ناشیرین ده‌خاته‌ڕوو به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و كاراكته‌ره‌ی كه خۆی به‌ناشیرین رۆڵێكی گرنگی له باش به‌ڕێوه‌چوونی رووداوه‌كاندا هه‌یه‌و خاوه‌نی ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌كان. له‌لاپه‌ڕه (87)دا گفتوگۆی نێوان دووخانمی نێو رۆمانه‌كه‌و رۆبێرتی تێدایه خانمی یه‌كه‌میان كه "ماریا"یه، كچێكی جوانكیلهیهو خانمی دووه‌م كه ژنی پابلۆیه خاوه‌نی سیمایه‌كی ناشیرینه (وه‌ك خۆی باسی ده‌كات)، لێره‌وه باسكردن له جوانی‌و ناشیرینی ده‌ست پێده‌كات‌و ماریای جوان دڵخۆشی ژنه‌كه‌ی پابلۆ ده‌داته‌وه به‌وه‌ی كه ئه‌ویش وه‌كخۆی جوانه و ناشیرین نییه، به‌ڵام ئه‌و بڕوا به قسه‌كانی ئه‌و ناكات ده‌ڵێت:" من ناشیرینمو هه‌ر به‌ناشیرینیش هاتومه‌ته دنیاوه‌و بهژیانیشم ناشیرین ماومه‌ته‌وه....ژنێك كه جوان نییه خاوه‌نی هه‌ستێكی ئازاراوییه. ده‌زانی چه‌ند ده‌ردێكی بێ ده‌رمانه كه مرۆڤ له ته‌واوی ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا له‌رووی ڕواڵه‌ته‌وه ناشیرین بێت، به‌ڵام خۆشی بزانێ كه له‌ناوه‌وه جوان‌و خۆش خولقه".
لێره‌وه ده‌كرێت ئه‌وه بخوێنینه‌وه كه ژنه‌كه‌ی بپابلۆ هه‌ست به‌وه ده‌كات كه خه‌ڵك رووخسار ده‌خوێننه‌وه‌و ناخی مرۆڤ ناخوێننه‌وه، بۆیه نیگه‌رانی ئه‌و روخساره ناشیرینه‌ی خۆیه‌تی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یامی نوسه‌ری ئه‌م رۆمانه‌یه ئه‌وه‌یه كه مه‌رج نییه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه روخساریان ناشیرینه ئیتر هیچ كارێكیان پێنه‌كرێت، یان نه‌توانن باش ئه‌ركه‌كانیان راپه‌ڕێنن‌و خاوه‌نی ئیراده‌ی پتهونهبن. چونكه ژنه‌كه‌ی پابلۆ خاوه‌نی ئیراده‌یه‌كی پته‌و و لێهاتوییه‌كی زۆره له راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیدا. بۆیه جوانی ئه‌وه‌یه مرۆڤ خاوه‌نی ئیراده بێت، یان ده‌كرێت بڵێن ههمنهگوای ده‌یه‌وێت بڵێت: جوانی ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ ناشیرینی خۆی ببینێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی پابلۆی دركی پێكردووه.
به‌رله كۆتایی
ئه‌م رۆمانه هه‌ڵگری چه‌ندین پرسیاری تره، كه ئێمه نامانه‌وێت لێره‌دا لێی بدوێت‌و ده‌رفه‌تی درێژكردنه‌وه‌ی زیاتری نوسینه‌كه‌مان نییه، به‌ڵام ده‌مه‌وێت لێره‌دا ئه‌وه بخه‌مه‌ڕوو كه رووداوه‌كانی نێو رۆمانه‌كه‌ش هاوشێوه‌ی به‌شێكی زۆر له‌و رووداوانه‌یه كه شۆڕشه‌كانی گه‌لی ئێمه له هه‌شتاكان‌و پێشتر دژ به به‌عس روویانداوه. بۆیه ده‌كرێت له‌رێی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌وه به به‌شێك له مێژووی چه‌كداری خۆشمان ئاشنا بین. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بخه‌مه‌ڕوو كه رۆمانه‌كه به‌كوردییه‌كی جوان وه‌رگێڕدراوه، بۆیه ده‌ستخۆشی بۆ "جه‌بار سابیر"ی وه‌رگێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی.