شیعر‌و هزر ، مانای كراوه | رِابه‌ر فاریق
نوسین : ئیلیۆنۆرا برو
وه‌رگەڕان‌و ئاماده‌کردنی : رِابه‌ر فاریق
ده‌رِۆم، جووڵه‌كانی ئه‌و هه‌تاوه ده‌برِم كه له ده‌وری چاوه‌كانمدا ده‌نیشێ.
ئیلیۆنۆرا برو Eleonora Bru
1
بۆچی شیعر ده‌خوێنینه‌وه؟ ناكرێ له بری شیعر، خه‌ریكی كتێبی پیرۆز بین؟ شیعر له حه‌قیقه‌ته‌كانی دنیا نزیكترمان ده‌كاته‌وه یان ئایین؟ ئه‌وه شیعره هانمان ده‌دا پتر له خۆمان نزیك بكه‌وینه‌وه، یان ئایینه‌كان؟ تۆ بڵێی سه‌ركه‌وتنی شیعر به سه‌ر پیرۆزییه‌كان له‌وێوه بێ كه له یه‌ككاتدا هه‌م گوزاره له تاكه‌كه‌س و هه‌میش كۆكه‌س و ئه‌وانیدیكه‌یش ده‌كا؟ ئه‌وه بۆچی له‌وه‌ته‌ی دنیا هه‌یه، شیعریش وه‌كوو به‌رده‌وامیی به‌رده‌وامه؟ ده‌شێ بوونی مرۆ په‌یوه‌ست بكه‌ین به بوونی شیعره‌وه؟ شیعر جگه له شیعرییه‌ت، چیی دیكه‌یه مانیفێست ده‌كا؟ ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی شیعر بناسینه‌وه، چی ده‌بێ به كۆمه‌ككارمان، جگه له شیعرییه‌تی ده‌ق؟ ئه‌وه بۆچی هه‌ر ژانرێك به شێوه‌یه‌كی ئه‌قلاَنی تێكه‌ڵ به شیعر ببێ، سه‌رنجكێشتر ده‌بێ؟ ئه‌و سیحره له كوێوه دێ كه ده‌رِژێته شیعره‌وه؟ شیعر جگه له جوانی و چێژ، گه‌ره‌كه چیی دیكه‌یش له خۆدا هه‌ڵبگرێ، تا شوێنپێیه‌ك له سه‌ر خاكی زمان و هزر و خه‌یاڵمان به‌جێ بهێڵێ؟ شیعر كه نامانگه‌یه‌نێ به هیچ یه‌قینێك، هۆكار چییه ئێمه ئه‌وه‌نده خۆمانی پێوه قاڵ ده‌كه‌ین؟ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه له كوێوه‌یه كه شیعر تێیدا هه‌ڵده‌قوڵێ؟ بۆچی كاتێك شیعری كوردی كه‌مێك له سۆز دوور ده‌كه‌وێته‌وه و په‌نا بۆ هزر ده‌با، یان له‌وێدا نیشته‌جێ ده‌بێ، خوێنه‌ری كه‌م ده‌بێ؟ چما ئه‌وه ته‌نها شیعره جوانه‌كانن ده‌سته‌مۆ نابن؟ شیعر بۆچی ده‌بێ هه‌ڵگری هیچ رِه‌هه‌ندێكی دیاریكراو نه‌بێ، تا له‌و رِێگه‌یه‌وه به‌ره‌ورِووی برِۆین و به نێو قوولاَیی و شوێنه لاته‌ریكه‌كانی شۆرِ ببینه‌وه و پتر له وه‌همه‌كانی نزیك بكه‌وینه‌وه؟
ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌و شه‌پۆڵه پرسیارانه‌ن كه هه‌رده‌م له شوێنێكه‌وه به‌ره‌و شوێنێكی جوداوازتر ده‌مگوازنه‌وه و ناتوانم به هۆیانه‌وه هه‌دا بده‌م. خوێنه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له حه‌قیقه‌تی شیعر نزیك بكه‌وێته‌وه، نابێ بیه‌وێ له دوای رِامكردنی (مانا)وه بگا به بنبه‌ست، ئه‌مه ئیشی خوێنه‌ر نییه، به‌ڵكوو ده‌بێ به دوای چێژ و جوانی دا بگه‌رِێ.
جوانییه رِاسته‌قینه‌كان هی شیعرن، به‌لاَم شاعیر نا. شیعر و شاعیر زۆر له یه‌كتریی جیاوازن، من پێوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆ نابینم له نێوان ئه‌م دووانه‌وه، پێوه‌ندییه‌ك ئه‌گه‌ر گه‌ییشتین به (ئه‌و)، ئه‌وا یه‌كرِاست (ئه‌ویدی) له به‌رده‌مماندا قووت ببێته‌وه. شیعر تاكه پێوه‌ندییه‌كه، تاكه سه‌رچاوه‌یه‌كه له یه‌ككاتدا هه‌م هه‌ڵگری حه‌قیقه‌ت و هه‌م فه‌نتازیایشه، لێ به بێ ئه‌وه‌ی زیان به هیچ كامێكیان بگه‌یه‌نێ.
زمان و وشه ده‌ورێكی گاریگه‌ر ده‌گێرِن له خسته‌رِووی ئێستێتیكا و خه‌وشه‌كانی ده‌ق، هه‌موو ده‌قێك، پێش زمان، به هۆی وشه‌وه ده‌ناسرێنه‌وه. من وا هه‌ست ده‌كه‌م "یه‌كه‌مجار وشه هه‌بوو " له‌م رِووه‌وه هه‌ڵگری بایه‌خی تایبه‌ت به خۆیه‌تی و هه‌مان ئه‌و رِایه‌ڵی پێوه‌ندییه رِیشئاژۆیییه ده‌نوێنێته‌وه كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م بۆی كردووه.
ئه‌وی به سه‌ر وشه‌دا زاڵ بوو، ده‌كارێ به سه‌ر زمانیش دا زاڵ بێ، كه به سه‌ر زمانیش دا زاڵ بوو، ده‌كارێ چێژ خه‌ڵق بكا، هه‌ر وه‌ختێكیش چێژ خه‌ڵق بوو، رِه‌هه‌ندێكی جوانی خۆیمان پیشان ده‌دا، كه جوانییش په‌یدا بوو، ده‌ق له گه‌لێك لایه‌نه‌وه خۆی مانیفێست ده‌كا و ده‌رگه‌كانی وجود زێتر به رِووماندا وازی ده‌بن.
شیعر ده‌بێ موسافیر بێ، شاعیریش رِوانینوان. ئه‌و وه‌ختانه‌ی شاعیر قووڵ له شته‌كان ده‌نۆرِێ و بیرده‌كاته‌وه له هه‌بوون و پێوه‌ندییه‌كانی نێوان شته‌كان و مرۆ، فیكر و شیعر، گوتنی نه‌گوتراوه‌كان به كۆمه‌كی گوتراوه‌كان؛ شیعر وه‌ك موسافیرێك رِێ ده‌برِێ، موسافیر ئه‌گه‌رچی پێویستیی به هاورِێ هه‌یه، هه‌ندێك جاریش به دوویدا ده‌گه‌رِێ، لێ نازانێ ئه‌وی به‌ره‌ورِووی ده‌بێته‌وه كێیه و چۆن لێی نزیك ده‌كه‌وێته‌وه؛ ئه‌مه‌یش هه‌مان پێوه‌ندیی نێوان شیعر و خوێنه‌ره.
گه‌وره‌یی له‌و شیعره‌دا نییه كه قبووڵی ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی له یاده‌وریشمان دا نامێنێته‌وه، له چكۆڵه‌ییی نییه، به‌ڵكوو ئه‌مه په‌یوه‌سته به مه‌عریفه‌ی (منی خوێنه‌ر) بۆ ئه‌و شیعره‌ی له به‌رانبه‌ریدا ده‌وه‌ستم. ئه‌و وه‌خته‌ی له‌گه‌ڵ شیعرێكدا به‌ریه‌ككه‌وتن چێژ ده‌ئافرێنێ، مومكین نییه ئه‌مه له مه‌ودافراوانیی شیعر بێ، چونكه جاری وه‌ها هه‌یه، ئه‌و دۆخه‌ی تێدیدا ده‌ژیین، دۆخێكه تێكه‌ڵ به له‌حزه‌ی نووسین- شیعر، یان كه‌شێكی ئارامه و خوێندنه‌وه‌ی ورد، چێژمان له كن جێ ده‌هێڵێ.
رِوخسار و ناوه‌وه‌ی شیعر پێوه‌ندییه‌كی به‌تین له نێوانیاندا هه‌یه، مه‌میشه خوێنه‌رگه‌لێك هه‌ن ناتوانن له شیعر تێبگه‌ن، ئه‌مه به‌رئه‌نجامی نا ماقووڵیی شیعره‌كه نییه، به‌ڵكوو هی ئه‌وه‌یه خوێنه‌رانی كورد ته‌نها رِوخساری ئه‌و شیعره ده‌بینن، واته؛ به‌ره‌و په‌نهانه‌كانی نابنه‌وه، لێره‌وه‌یه كه شوێنپێی هه‌ڵكۆڵین له‌ق ده‌بێ و ساكاریی سه‌رنجدان شوێنی ده‌گرێته‌وه، هه‌ر وه‌ختێكیش خوێنه‌ر گه‌ییشت به‌م ئاسته بنبه‌ست و نارِۆشنه، پتر له‌وه نزیك ده‌كه‌وێته‌وه كه رِه‌هه‌نده‌په‌نهان و رِۆشن و ئێستێتیكییه‌كانی شیعر له خۆی گوم بكا.
شیعری جوان به ئه‌فسوون سه‌رنجمان بۆ لای خۆی كێش ده‌كا، هه‌ر ئه‌و ئه‌فسوونه‌یشه ده‌بێ به كۆمه‌ككارمان تا پتر چێژی لێ وه‌ربگرین و به‌ره‌و گه‌لێك كه‌له‌به‌ری وه‌ها برِۆین كه چاوه‌نۆرِییمان نه‌كردبێ.
شیعری جوان ته‌نها بۆ ئه‌وه نانووسرێ تا بخوێندرێته‌وه و شتگه‌لێكی دیكه‌یشمان پێ پیشان بدا كه ئێمه ته‌سه‌ووری ناكه‌ین، به‌ڵكوو بۆ ئه‌وه‌یش دێته به‌رده‌م چاوانمان تا ده‌رگه رِه‌پێشكراوه‌كان وازی بكه‌ین به رِووی گوماندا، تا به‌ره‌و جوداوازیی هه‌ڵكشێین و له ئێستێتیكایش پتر نزیك بكه‌وینه‌وه.
هه‌میشه ئه‌و شیعرانه ده‌مێننه‌وه كه له (مانای كراوه)ی بیرلێكراوه‌دا نیشته‌جێن، واته به ته‌نها خوێندنه‌وه‌یه‌ك و رِاڤه بۆكردنێك رِووت نابنه‌وه، چونكه بۆ ئه‌وه نووسراون تا شمه‌كه‌كانی به‌ر زمان پته‌وتر بكه‌ن.
هه‌رگیز ناتوانین به خوێندنه‌وه‌ی شیعر مه‌عریفه په‌یدا بكه‌ین، به‌لاَم ده‌شێ خه‌یاڵمان فراوانتر بكه‌ین و ببین به پردێك له نێوان به یه‌كترگه‌ییشتنی مانا و مه‌جاز.
ئه‌و شیعرانه‌ی ته‌نها دیوێكیان هه‌یه، به ته‌نها خوێندنه‌وه‌یه‌كیشیان به‌سه، ئه‌گه‌ر زیاد نه‌بێ، هاوكات ئه‌وانه‌یش كه رِه‌هه‌ندگه‌لێكی كراوه و قووڵیان لێ ده‌بێته‌وه، نه به خوێندنه‌وه‌یه‌ك تینوویه‌تیمان ده‌شكێنن و ده‌بن به پاڵنه‌ر تا له حه‌قیقه‌تی ده‌قه‌كه نزیك بكه‌وینه‌وه، نه ده‌هێڵن به سانایییش به‌ریه‌ككه‌وتن له نێوان خۆیان و خوێنه‌رانیاندا بێته ئاراوه.
ئێمه شاعیرگه‌لێكی زۆرمان هه‌ن، به‌رده‌وام ده‌نووسن و ده‌خوێندرێنه‌وه و رِاڤه‌گه‌لی بێشووماریش بۆ ده‌قه‌كانیان ده‌كردرێ، شاعیرگه‌لێكمان هه‌ن پێش بلاَوكردنه‌وه‌ی ده‌قێك، ئه‌و ده‌قه ده‌ده‌ن به چه‌ند كه‌سێك تا له باره‌یه‌وه بنووسن، یان دروستتر بڵێین: بیسه‌لمێنن هێشتا ناماقووڵیی هه‌یه و ده‌توانن موماره‌سه‌ی بكه‌ن، به‌لاَم تا ئێسته كه‌سمان نه‌بینی بتوانێ ته‌نها پارچه شیعرێكی وه‌ها رِاڤه بكا، با له رِوانگه‌ی خۆیشییه‌وه بێ:
له یه‌كه‌وه تا من بژمێره
به تۆدا په‌توویه‌ك پیاتا به‌م
بێ په‌رده و به سووكی پێت ئه‌ڵێم
كه‌مێك سپیاییه‌كان لا ئه‌یه‌م
نیشته‌جێی سوورێك به
كێ ده‌زانێ رِه‌نگه قه‌ده‌ر بۆ په‌توویه‌ك تر
هێنده‌سه‌ی ناو له‌پت نووسرابێ، ها؛؟
رِه‌زا عه‌لی پوور؛ قاڵییه‌ك ده‌ناسم له هه‌رچی گوڵیه‌تی ماندووه، ل 45.
شیعری وه‌ها له نێو كورددا كه‌مه، ته‌نانه‌ت وه‌كوو كۆپله‌یش. له سه‌ره‌وه باسم له‌وه كرد كه شیعری جوان نیشته‌جێی (مانای كراوه)ه‌یه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م نووسینه‌ی ئێمه خوێندنه‌وه‌یه‌ك نییه بۆ شیعری كوردیی، به‌ڵكوو وه‌ستانه له سه‌ر شیعرێكی سوێدیی كه نووسیاره‌كه‌ی (ئیلیۆنۆرا برو)ه، لێ ئه‌م نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه هه‌وڵێكی جوانه بۆ چوون به‌ره‌و دنیا، دنیایش هه‌ر له (من)ه‌وه ده‌ستپێ ده‌كا، وه‌ك رِه‌زا ئاماژه‌ی بۆ كردووه له یه‌كه‌م دێردا. پرسیاركردن له شیعری كوردیدا كه‌مه، وه‌كچۆن وه‌ستان له سه‌ر بوونی مرۆ و چه‌قۆیش كه‌مه، له‌و شیعرانه‌یش كه ئیشیان له‌سه‌ر چه‌قۆ كردووه، ته‌نها ئیسماعیل رِه‌مزه، نه‌ك چه‌قۆیه‌كی دی...
په‌نجه‌ره‌یه‌ك ده‌توانێ هه‌موو شه‌و ئاوه‌لاَ بكاته‌وه و
به سه‌ر ژیان و مه‌رگدا برِیار بدات
بێ ئه‌وه‌ی ده‌رگاكانی شه‌و دابخه‌ی،
برِۆ بخه‌وه. ئیلیۆنۆرا برو Eleonora Bru
به سه‌رنجدان له‌م كۆپله بچووكه، پاشان وردبوونه‌وه لێی، هاوكات رِاڤه‌بۆكردنی، په‌ی به زمانێكی تۆكمه، ده‌ستگرتن به وشه، وێنه‌گه‌لێك، مانای تێكچرِژاو له‌گه‌ڵ مه‌جاز، ده‌به‌ین و به ده‌قێك ئاشنا ده‌بین كه سه‌رنجكێشه. له‌م كۆپله چوار دێرییه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، دوو وێنه‌ی جوان هه‌ن، وێنه‌یه‌ك كه پێمان ده‌ڵی ده‌توانین به (كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌ك) سه‌رتاپای (ئه‌مشه‌و) رِووناك بكه‌ینه‌وه، لێره‌وه تێده‌گه‌ین زمان وه‌ك هه‌بوویه‌ك، وه‌ك ده‌سه‌لاَتێكی به ئیراده سه‌ركێشیی خۆی نواندووه، ئه‌مه‌یش له‌وێوه‌یه كه ده‌بینین چه‌ند وشه‌یه‌ك، به شێوه‌یه‌كی ته‌واو هونه‌ریی، سكێچێكمان بۆ ده‌كێشێن، له یه‌ككاتدا هه‌م سووریالییانه، هه‌میش ئاسایییه‌كی ساده، هاوكاتیش قووڵ.
كه‌واته؛ (په‌نجه‌ره)ی نێو ئه‌م ده‌قه، په‌نجه‌ره‌یه‌كه له نێوان دوو به‌رداشدا، واته (ئێمه) ده‌توانین له‌م په‌نجه‌ره‌یه هه‌م به (رِووناكیی- بوون) ئاشنا ببین، هه‌میش به‌ره‌و خامۆشبوون رِێ بكه‌ین، ئه‌مه وه‌ك به شیعركردنی (هه‌بوون) وه‌هایه، چونكه له ژیانیش دا (ئێمه) ده‌توانین هه‌م به شادمانیی بژیین، هه‌میش به شێوه‌یه‌ك كه نێرگزییه‌ت باڵی به سه‌رماندا بكێشێ. دواجار، ئه‌و (په‌نجه‌ره)یه‌ی (ئیلیۆنۆرا برو) باسی ده‌كا و هێزه‌كانی پیشانی ئێمه ده‌دا، ده‌كرێ وه‌ها ته‌ماشای بكه‌ین كه ئه‌م شاعیره له هه‌ناوی ئه‌م وێنایه‌وه، سه‌رنجمان بۆ ئه‌وه رِاده‌كێشێ كه له سه‌رده‌می عه‌وله‌مه‌دا (مرۆڤ)، پاش ئه‌و هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه، هاوكات ئافراندنانه، ته‌سلیمی (ئامێره‌كان)بووه، ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆكار بۆ داهێنانی ئه‌م ده‌قه.
وێنه‌كه‌ی دی، واته: (بێ ئه‌وه‌ی ده‌رگه‌كانی شه‌و دابخه‌ی،/ برِۆ بخه‌وه)، جگه له‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی ته‌واو ژیگه‌ڵه‌یه، هاوزه‌مان زۆر چرِ و ئێستێتیكییشه، به‌و مانایه‌ی كه له رِێگه‌ی تێگه‌ییشتمان له رِه‌هه‌نده‌كانی ئه‌م ده‌قه و قووڵبوونه‌وه‌مان له ناوكۆییه‌كه‌یدا، به ئه‌نجامێكی وه‌ها ده‌گه‌ین: ده‌توانین له ژیاندا (هه‌ڵبه‌ت ئه‌و وه‌ختانه‌ی كه مه‌یلی خۆشبه‌ختیمان هه‌یه) واز له ناشیرینییه‌كانی ده‌وروبه‌ر، فێڵه‌كانی ئه‌وانیدی بهێنین، ئه‌مه‌یش بۆ گه‌ییشتنه به شادمانیی، ده‌نا ده‌توانین له نێو رِه‌هه‌نده‌كانی ئه‌وانیشدا نیشته‌جێ ببین، به‌لاَم رِه‌نگه ئه‌وكات هێزێكی وه‌ها شك نه‌به‌ین تا دووربكه‌وینه‌وه له مه‌یلی بێزاربوون. كه‌واته: له‌م ناوكۆییه‌دا، ئه‌م كۆپله شیعره‌ی سه‌ره‌وه، به شێوه‌یه‌كی جواواز له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه تا مه‌یلیمان له شوێنێكی تاریكه‌وه بگوێزێته‌وه بۆ شوێنێكی رِۆشن، تا له‌وێوه بتوانین تێرِابمێنین له هه‌بوون و وتووێژ بكه‌ین له باره‌ی ئاریشه‌كانی، وتووێژ له‌گه‌ڵ خۆمان، هاوكاتیش ده‌وروبه‌ر.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه، به ده‌ر له‌وه‌ی كه وه‌كوو شیعر، شیعرێكه له نه‌سته‌وه‌یه، هاوكات له واقیعه‌وه به‌ره‌و په‌نهانه‌كانی خۆی ده‌چێ، به شێوه‌یه‌كی زۆر هونه‌رییش تێكه‌ڵ به (فیكر) بووه، به‌و مانایه‌ی ئێمه ده‌توانین له ئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌یه‌كی فره‌لایه‌نه له به‌رانبه‌ر ده‌قه‌كه‌دا، پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هزر و مانا دیاریی بكه‌ین، ئه‌گه‌رچی ئه‌م پێوه‌ندییه له شیعری كوردیدا كه‌مه و سه‌رچاوه‌كانی قسه‌كردن له باره‌یشیه‌وه بایی ئه‌وه نیین كه سوودیان لێ وه‌ربگیردرێ بۆ لێكۆڵینه‌وه، به‌لاَم خوێنه‌ر نابێ داببرِێ له ئه‌نجامه به‌دیهاتووه‌كانی خۆی، له دوای ته‌واوكردنی هه‌ر ده‌قێكه‌وه.
له رِووكه‌شدا، كۆپله شیعره‌كه‌ی (ئلۆنۆرا برو)، وشك و برینگه، چه‌ند وشه‌یه‌كن لكێندراو به یه‌كترییه‌وه، به‌لاَم له دوای لێ رِامان له قولاَییه‌كانی ده‌قه‌كه، به‌ره‌و خودی ئێستێتیكا ده‌بینه‌وه. ئیشی هونه‌ر ئه‌وه نییه جیهان بگۆرِێ، به‌لاَم ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یشی بۆ كرا، ئه‌نجامه‌كه خراپ نابێ. هونه‌ر هه‌وڵده‌دا له ناوه‌وه‌ی خۆیدا دنیایه‌كی تایبه‌ت به خۆی بونیاد بنێ، هه‌وڵده‌دا ئێمه له رِێگه‌ی دنیاكه‌ی وییه‌وه دنیای خۆمان جوانتر بكه‌ین، واته: ئه‌و جوانییه‌كانمان پیشان ده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرین. له‌م ناوكۆییه‌وه، هاوكات به گه‌رِانه‌وه بۆ ماناكانی دوو وێنه‌كه‌ی نێو كۆپله شیعره‌كه‌ی سه‌ره‌وه، تێده‌گه‌ین كه هونه‌ر- شیعر، توانای گۆرِینی واقیعی نییه، به‌لاَم توانای هه‌یه به شێوه‌یه‌ك كه هه‌م له‌گه‌ڵ خواستمان دا بگونجێ، هه‌م ناكۆكیش بكه‌وێته‌وه، بیاننوێنێته‌وه. بۆیه ده‌توانین له ئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌مان له شیعره‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، به‌و شوێنه بگه‌ین كه هونه‌ر (شیعره‌كه) رِاڤه‌ی خۆیمان ده‌داتێ به‌رانبه‌ر به دنیا و كێشه جه‌وهه‌رییه، به‌رانبه‌ر به نامۆبوون و به ئامێربوونی شته‌كان و مرۆ، یان رِوونتر بڵێین (ده‌یاننوێنێته‌وه) به شێوه‌یه‌كی هونه‌ریی. پێش لێ رِامانمان له شیعره‌كه، وه‌ها هه‌ست ده‌كه‌ین به‌شێكی زۆر له ده‌رگه‌كانی ماناكانی داخراون، به‌لاَم دوابه‌دوای موماره‌سه‌كردنی چێژ و تێگه‌ییشتن له جیهانبینیی نووسیاره‌كه، خۆرسكانه ده‌رگه‌كان به رِووماندا وازیی ده‌بن و (مانای كراوه) له به‌رده‌مماندا قووت ده‌بێته‌وه.
دوابه‌دوای هه‌موو ئه‌مانه، واته: (نواندنه‌وه)ی وه‌ها تراژیدیایه‌ك، ده‌بینین (منی شاعیر) هه‌ست به خه‌مگینیی ناكا، به سه‌رنجدان له بارودۆخ و شێوه‌ژیانی ئه‌وروپییه‌كان، تێده‌گه‌ین كه ئه‌مه (بێ سۆز)یه، ده‌نا له سه‌روه‌ختی وه‌ها دۆخێك‌دا، مرۆڤ بیه‌وێ یان نا، سۆز ئاماده‌ییی ده‌بێ, ئاماده‌نه‌بوونی سۆز له شیعری ئه‌وروپیدا، ئاماده‌نه‌بوونی هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تیی و مرۆیی و بیركردنه‌وه نییه، به‌ڵكوو له‌وێوه دێ كه مرۆڤی ئه‌وروپی، ده‌یه‌وێ ئه‌و كاته‌ی به نیازه بیرِه‌خسێنێ بۆ (داخه‌كان)، ئه‌وا به شێوه‌یه‌كی هونه‌ریی و ئێستێتیكیی ته‌رجه‌مه‌ی سه‌ر زوبانی بكا، له‌وێوه‌یش ببێ به پردێك له نێوان نووسیار و دنیا، تا رِه‌خنه به‌رهه‌م بهێنرێ.
2
چاوه‌كانم خاڵین له رِووناكی
ته‌نها شه‌و هه‌ڵده‌مژن.
پێڵووه گرانه‌كان
ئومێدی بۆشایی ده‌خوازن.
له (كه‌م)ی رِووناكیدا
هێمنن.
*** *** ***
خۆم له ناوه‌وه به‌تاڵده‌كه‌م
تا ناخی خۆم ده‌پێكم.
من له‌وێدا رِاكشابووم،
زه‌ریایه‌كی رِه‌ش به سه‌رمه‌وه‌بوو
كه ده‌كرا ئاسمان بێ. ئیلیۆنۆرا برو Eleonora Bru
پێشتر باسمان له‌وه كرد كه نیگه‌رانیی شاعیره رِۆژئاواییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی له نێو ولاَته رِۆژهه‌لاَتییه‌كاندا به‌دی ده‌كرێ، له ئێسته‌دا بوونی نییه، ئه‌مه به نیسبه‌ت (سۆز) و (به‌زه‌یی) و (لاواندنه‌وه)یش هه‌مان شته، به‌لاَم ئه‌وان له‌باتی ئیشكردن له نێو رِه‌هه‌نده‌كانی (سۆز) و هتد، دێن له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هه‌ستانه، ده‌گه‌رِێنه‌وه بۆ ناوه‌وه‌ی كێشه‌كان، جوانییه‌كان، رِه‌خنه ده‌گرن، رِوانینه‌كانیان مانیفێست ده‌كه‌ن. لێره‌وه ده‌زانین به‌شێك له‌و هۆكارانه‌ی ده‌ق به‌ره‌و زیندووبوون ده‌به‌ن، هه‌ڵقولاَوی ئه‌م هۆكاره‌یه، هاوكات به شێوه‌یه‌كی چرِ و بیرلێكراوه ته‌وزیفكردنیه‌تی له نێو نووسیندا.
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج له‌و كۆپله‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌یش بده‌ین، واته: (چاوه‌كانم خاڵین له رِووناكی/ ته‌نها شه‌و هه‌ڵده‌مژن)، ئه‌و وێنایه‌ی سه‌ره‌وه وه‌كوو خۆی، خۆی ده‌نوێنێ. ئه‌م دوو دێرانه، قووڵبوونه‌وه‌ن له وجوودی تاكه‌كه‌سێكی هۆشیار، قووڵبوونه‌وه له بیركردنه‌وه و ته‌ماشاكردنی ده‌وروبه‌ر و دنیا، به شێوه‌یه‌ك كه ئه‌و (تاكه‌كه‌س)ه خۆی مه‌یلی لێیه‌تی. ئه‌و دوو دێره، له رِوخساردا ماناكانیان داخراوه، مه‌به‌ست له مانای داخراو ئه‌وه‌یه كه خوێنه‌ر ده‌توانێ لێیان تێ‌بگا، به‌لاَم كاتێك تێگه‌ییشت، ئه‌و كات به‌ره‌ورِووی مانای كراوه ده‌بێته‌وه، بۆیه وا هه‌ست ده‌كا نارِۆشنیی ئه‌م ده‌قه، په‌یوه‌سته به نارِۆشنییه‌كی دیكه، كه بیركردنه‌وه‌یه. گه‌لێك جار له سه‌روه‌ختی ته‌ماشاكردنی تابلۆیه‌كدا، وه‌ها هه‌ست ده‌كه‌ین زۆر ساده‌یه (خۆ رِه‌نگه له ناواخنیشه‌وه هه‌مان شت بێ)، به‌لاَم كاتێك به‌ره‌و په‌نهانه‌كانی شۆرِده‌بینه‌وه، تا دێ پێش چاومان تاریكتر ده‌بێ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه ده‌قه‌كه له پاڵ ئه‌وه‌ی قووڵتر ده‌بێ، وه‌رگرتنیشی ئه‌سته‌متر ده‌بێ.
نائومێدی چه‌ند دیوێكی هه‌یه، هه‌ر یه‌كێك له‌و دیوانه‌یش ته‌عبیر له خودێك ده‌كه‌ن. كه‌واته نائومێدی شتێك نییه ئێمه یان شاعیر بیگوازینه‌وه نێو چه‌ند وشه‌یه‌ك و له بۆته‌یه‌كدا بیتوێنینه‌وه، به‌ڵكوو ئه‌وه وشه‌كانن له بۆته‌ی وی دا ده‌توێنه‌وه و هه‌ستكردن به وجودی خۆیان به‌و شێوه‌یه‌ی شاعیر ده‌یه‌وێ، ده‌نوێنن. ئه‌و (پێڵو)انه‌ی كه به (ئومێد)ن له (بۆشایی)دا بن، هاوكاتیش له (كه‌مبوونه‌وه)ی (رِووناكی)دا (هێمن)ن، هی چاوانێكن كه جوداواز ده‌نۆرِن له ده‌وروبه‌ر و رِێكردنی مرۆ و گه‌شه‌كردنی دنیا و شته‌كان.
كاتێك مرۆ گه‌ییشت به‌م نائومێدییه وجودییه، ده‌یه‌وێ له‌وێدا به شێوه‌یه‌كی هێمن بمانگه‌رِێنێته‌وه كن بیركردنه‌وه و به كالاَبوونی ئینسان. لێره‌وه‌یه كه دیوه تاریكه‌كه‌ی نائومێدی، ته‌رجه‌مه‌ی سه‌ر ئاگایی و وردبوونه‌وه و ئێستێتیكا ده‌بێ و ده‌بێ به هۆكارێك تا به شێوه‌یه‌كی سیستماتیك له دیوه‌كانی دیكه‌ی خۆمان و ئه‌وانیدیكه‌یش برِوانین.
بۆ ئه‌وه‌ی له نائومێدی تێبگه‌ین، پێویستمان به بیركردنه‌وه‌ی قووڵ هه‌یه، بیركردنه‌وه له ده‌رهاویشته و ده‌رئه‌نجامه‌كانی. ناكرێ ئێمه نا‌ئومێد بین و له ناخه‌وه شتێك ته‌نگی پێمان هه‌ڵنه‌چنیبێ، چونكه ئه‌م ته‌رزه نووسینه ئافراندن خه‌ڵق ناكا، ته‌نها له‌و كاتانه‌دا نه‌بێ كه نووسه‌ر به شێوه‌یه‌كی قووڵ ئاگاداری نووسه‌ره بوونگه‌راكان و شێوازی بیركردنه‌وه و (كافكا)گه‌له نائومێده‌كان ببێ، له رِاستیدا ئه‌مه‌یش یه‌كێكه له‌و هه‌وڵگه‌له بێشوومارانه‌ی گه‌لێك له پێناویان‌دا تێكۆشراوه، به‌لاَم ئه‌نجامه‌كان له زۆرینه‌دا ته‌نها نووسینێكی به رِووكه‌ش جوانیان خستووه‌ته‌وه.
3
له سه‌ره‌وه‌دا، باسمان له نائومێدیی كرد، هاوكاتیش كورتبرِیی و ئێستێتیكیی ده‌قه‌كه، له سه‌روو ئه‌مانه‌وه‌یش، به شیعركردنی فیكر، كه ئه‌مه یه‌كێكه له هه‌وڵه هه‌ره جوانه‌كانی ئه‌م شاعیره، به‌و واته‌یه‌ی كه فیكری وه‌ها تێكه‌ڵ به شیعر و كورتبرِیی كردووه، خوێنه‌ر له گه‌لێك كاتدا هه‌ست به‌وه نه‌كا له نێوان ئه‌م دووانه‌دا پردێك هه‌یه، به‌ڵكوو ئه‌مان خۆیان پردن بۆ یه‌كتری و چوونه نێو بۆته‌یه‌كی پرۆسه‌ی نووسین له ده‌قدا، ئه‌ویش: به شیعركردنی فیكره.
لێره‌وه، ده‌توانین بڵێین فیكر دیوێكی دیكه‌ی شیعره له ئێسته‌دا، ئه‌و زه‌مه‌نه به‌سه‌رچوو كه ته‌رزه رِوانینانێك هه‌بوون ئه‌وه‌یان به‌یان ده‌كرد "ئێمه له شیعردا ته‌نها به دوای شیعر ده‌گه‌رِێین، له فیكریشدا ته‌نها فیكر "، بۆیه ئه‌م رِوانینه ئێكسپایه‌ر بووه، چونكه له ده‌رئه‌نجامی لێبوونه‌وه‌ی رِه‌هه‌ندگه‌لێكی دی له شیعردا، ئه‌وه‌مان بۆ رِوون ده‌بێته‌وه كه ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه له بیركردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ڵت به‌رهه‌م دێ - بۆ نموونه؛ له‌مباره‌یه‌وه ده‌توانین سه‌رنج له گه‌لێك شیعری هاوچه‌رخی ئێسته بده‌ین كه توانیویانه له رِێگه‌ی تێكه‌ڵكردنی فیكر به شیعره‌وه، داهێنانمان پیشان بده‌ن، ئه‌مانه‌یش هه‌ندێك له ده‌قنووسه‌كانن: رِه‌زا عه‌لی پوور، هه‌ندرێن، رِامیار مه‌حموود، به‌ختیار عه‌لی، ئه‌حمه‌دی مه‌لا، فاروق رِه‌فیق-.
له شیعردا چه‌نده شیعرییه‌ت مه‌به‌سته له كن خوێنه‌ری هۆشیار، هێنده و پتریش زمان. وه‌كچۆن له زمانی ئافرێنه‌رانه‌وه شیعری خراپ به‌رجه‌سته نابێ، ئه‌مه بۆ زمانیش وه‌هایه، چونكه زمانی باش، بیركردنه‌وه‌ی قووڵ، ئاگاداربوون له ئه‌زموونه‌كانی دیكه‌ی نووسه‌ران، شیعری خراپ به‌رهه‌م ناهێنێ، به‌ڵكوو ئێستێتیكا له خۆیدا هه‌ڵده‌گرێ.
دواجار به كورتی: له‌م شیعره‌ی (ئیلیۆنۆرا برو)دا، فیكر له خزمه‌تی شیعر، شیعر له خزمه‌تی شیعرییه‌ت، زمان له خزمه‌تی ده‌ق، ئێستێتیكا له خزمه‌تی ئافراندن و قووڵبوونه‌وه‌یش له خزمه‌تی مانا شاراوه‌كاندایه. نووسه‌ر كه گه‌ییشت به رِوانینێكی وه‌ها، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه له دوای ئه‌م تێكه‌ڵه‌یه ده‌ق پێشكێش بكا، هیچ گومانی تێدا نییه كه ئافراندن له به‌رده‌مماندا قووت ده‌بێته‌وه.
كیژه شاعیری سوێدی، ئیلیۆنۆرا برو (Eleonora Bru)، له ساڵی (1979)، له شاری ستۆكهۆڵم، له سوێد له دایك بووه. به كه‌لۆریای له فه‌لسه‌فه هه‌یه، بابه‌تی به‌كه‌لۆرییه‌كه‌ی خوێندنه‌وه‌ی فیلمه‌كانی تاركۆفسكییه له رِوانگه‌ی (ژیل دۆلۆز)ه‌وه. له رِۆژنامه، كۆوار و سایته ئه‌لیكترۆنییه‌كانی وه‌ك: www.tidningenkulturen.se و www.slynglar.se و www.bladstaden.seدا وێرِای شیعر، وتاریش له‌سه‌ر فیلم و شانۆ ده‌نووسێ. شایه‌نی باسه؛ فیلمی (ڤۆدگه لیمۆ)ی هونه‌ر سه‌لیم له سوێد پیشاندرا و ئیلۆنورا له‌سه‌ر ئه‌و فیلمه‌ی نووسیوو، ئه‌م نووسینه‌ش كراوه به كوردیی له رِۆژنامه‌ی (هاولاَتی)دا بلاَوكراوه‌ته‌وه. هه‌روا ئیلیۆنۆرا له زانكۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر كیمیابارانكردنی هه‌ڵبجه و كاریگه‌ریی گازی كیمیایی له‌سه‌ر ژینگه به ناوی (سیس‌بوونی گوڵ له بارانی رِۆژگارێكی به ژه‌هركراودا) به سوێدی نووسیوه، kurdistan Studies Journal. ئه‌م ده‌قه‌ی سه‌ره‌وه كه ئێمه له باره‌یه‌وه نووسیومانه، له كۆشیعری (نیگای ده‌ست)ه‌وه وه‌رگیردراوه، كه (هه‌ندرێن) له سوێدییه‌وه كردوویه‌تی به كوردیی. ئه‌م دیوانه بریتییه له كۆشیعرێكی هاوبه‌شی: (هه‌ندرێن، عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵلاَ، ئیلیۆنۆرا برو و شێروان خدر)، كه له ساڵی 2006دا له چاپخانه‌ی دیلان، له سلێمانی چاپكراوه.
مانگی 2ی 2009/ هه‌ولێر
|