|
|
د. نوری تاڵه‌بانی راو سه‌رنجی خۆی ده‌رباره‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان | چراكان
كه له 22ی حوزه‌یرانی 2009 دابه‌شكرا به‌سه‌ر ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستاندا روونده‌كاته‌وه
پاش نزیكه‌ی (3) ساڵ له‌سه‌ر بلاَوكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه ده‌ستووره كه بۆ هه‌رێمی كوردستان له 22ی ئابی 2006 ئاماده‌كرابوو، لیژنه‌ی پێداچوونه‌وه به‌و پرۆژه‌یه پرۆژه‌ێكی دیكه‌ی له 22ی حوزه‌یرانی 2009دا دابه‌شكرد به‌سه‌ر ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستاندا. هه‌ر له‌و رۆژه‌دا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان پرۆژه‌ی قانوونێكی بۆ هه‌مواركردنی قانوونی ژماره (16)ی ساڵی 2008، كه تایبه‌ته به په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان خسته ئه‌جیندای كاره‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كرا، پاش سه‌عاتێك ئه‌و پرۆژه قانوونه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه گفتوگۆی له‌سه‌ركراو به زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ندكرا!
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بڕیاری داوه ئه‌و پرۆژه ده‌ستووره‌ی له 22ی حوزه‌یرانی 2009 بلاَوكراوه‌ته‌وه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه په‌سه‌ندبكرێت، تا له رۆژی 25ی ته‌موزی 2009دا بخرێته رێفه‌راندۆمه‌وه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان. لێره‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌كی قانوونی به‌په‌له‌یه بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه ده‌كه‌م، به‌ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و ده‌ستكارییانه‌ی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی ده‌ستووری 22ی ئابی 2006 كراون. بریاره په‌رله‌مانی كوردستان له 24ی حوزه‌یرانی 2009 ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه بدات، ده‌نگدانیش به «ئا» یان به «نا» ده‌بێت، چونكه په‌رله‌مانتاران مافی ئه‌وه‌یان نییه ده‌ستكاری پرۆژه‌كه بكه‌ن.
تێبینیی یه‌كه‌مم له‌سه‌ر پرۆژه‌ی 22ی حوزه‌یرانی 2009 ئه‌وه‌یه وشه‌ی (دیباجه) كراوه به (پێشه‌كی) كه تۆزێك كورتكراوه‌ته‌وه. به‌لاَم وه‌ك (دیباجه‌ی) ده‌ستووری عێراقی ساڵی 2005 (پێشه‌كی)یه‌كه بریتیه له نووسینێكی ئینشائیی‌و ئاماژه‌ی تێدانه‌كراوه بۆ ئه‌و دۆكیۆمه‌نته نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی دانیان به مافی چاره‌نووس بۆ گه‌لی كورد ناوه، به‌تایبه‌تی په‌یماننامه‌ی سێڤه‌ری ساڵی 1920. بۆ به‌راوردكردنی (پێشه‌كی) پرۆژه‌كه‌ی حوزه‌یرانی 2009 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشتر بۆ لیژنه‌كه‌م ناردبوو، ئه‌و (پێشه‌كی)یه لێره‌دا بلاَوده‌كه‌مه‌وه.
«له‌دێر زه‌مانه‌وه كورد له‌و ناوچه جۆگرافیایه ده‌ژیت كه به كوردستان ناسراوه، به هۆی زمان‌و مێژووی هاوپه‌شیان گیانی هۆشیاری به‌وه‌ی سه‌ر به یه‌ك گه‌لن و تایبه‌تمه‌ندیه‌تی خۆیان هه‌یه، لایان په‌یدابووه. له په‌یماننامه‌ی (سێڤر)ی نێو ده‌وڵه‌تی ساڵی 1920 مادده‌كانی 62 و 63 و 64 ته‌رخانكرابوون بۆ چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌ی كورد له‌پاش رووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی. ئه‌و ماددانه راشكاوانه باس له مافی چاره‌نووسی كورد ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه كه دان به بوونی كوردا ده‌نێ‌و ده‌ڵێت ده‌توانن ئاینده‌ی خۆیان به ئاره‌زووی خۆیان ده‌ستنیشان بكه‌ن. به‌لاَم به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیجیی و ئابووریی چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی زڵهێزی ئه‌و سه‌رده‌مه به پێچه‌وانه‌ی مادده‌كانی ئه‌و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه بوونه هۆی لكاندنی به‌شێك له‌خاكی كوردستان به ده‌وڵه‌تی عێراق، كه له ساڵی 1921 له هه‌ردوو ویلایه‌تی به‌غداو به‌سرا دروستكرابوو. لكاندنی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان به ده‌وڵه‌تی تازه دروستكراوی عێراق به‌پێی بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان بوو له ساڵی 1925. له‌و بریاره‌دا چه‌ند مه‌رجێك دانرابوون په‌یوه‌ندیان به مافی كورده‌وه هه‌بوو ده‌بوو ده‌وڵه‌تی عێراق جێبه‌جێیان بكات.
بڕیاری كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان له ساڵی 1932 به قبووڵكردنی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌و دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و پابه‌نه‌دبوونه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق كردووه‌ته‌وه‌و داوای لێكراوه جێبه‌جێیان بكات. هه‌ردوو حكومه‌تی عێرق‌و به‌ریتانیا پێشتر له راگه‌یاندنێكی هاوبه‌شدا له 25ی كانوونی یه‌كه‌می 1922 داوایان له سه‌ركرده‌كانی كورد كردبوو گه‌ر په‌یوه‌ستبن به ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه، ده‌توانن حكومه‌تێكی تایبه‌ت به خۆیان پێك‌بێنن و ئاماده‌یی خۆیان پیشاندابوو گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نوماینده‌كانیان بكه‌ن، سه‌باره‌ت به جۆری ئه‌و حكومه‌ته‌و سنووری جۆگرافیای ده‌سه‌لاَته‌كانی‌و په‌یوه‌ندی سیاسی‌و ئابوریی ئه‌و حكومه‌ته كوردیه‌وه، به هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عێراق‌و بریتانیاوه، كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا عێراق له‌ژێر ماندێتی ئه‌و بوو. ئه‌و هه‌موو پابه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی له ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی عێراقدا بوون له دامه‌زراندنیه‌وه تا وه‌رگرتنی له كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان، بنه‌مایه‌كی قانوونی و مێژوویین بۆ ره‌وایی داواكردنی گه‌لی كوردستان به په‌سه‌ندكردنی سیسته‌مێكی فیدراڵیی، تا به‌و هۆیه‌وه به‌هره‌مه‌ند بێت له مافه نه‌ته‌وه‌ییه تایبه‌تیه‌كانی. به‌لاَم حكومه‌ته یه‌ك له‌پاش یه‌كه‌كانی عێراق ئه‌و ئه‌ركه‌یان جێبه‌جێ نه‌كردووه.
رێككه‌وتنامه‌ی 11ی ئاداری 1970 دانی به ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچه‌ی كوردستان نابوو، به‌لاَم حكومه‌تی عێراق پابه‌ند نه‌بووه به‌و رێككه‌وتنامه‌وه، ماوه‌یه‌ك پاش مۆركردنی ده‌ستی كردووه به به‌رپاكردنی سیاسه‌تێكی ره‌گه‌زپه‌رستانه به مه‌مه‌به‌ستی كۆچ پێكردنی كورد له به‌شێك له خاكی باو‌و باپیرانیان. رژێمی به‌عسی پاشتر سیاسه‌تی قرخستنی له دژ سڤیله بێ چه‌كه‌كان به‌كارهێناوه كه بووه‌ته هۆی كاولكردنی به‌شی هه‌ره زۆری گونده‌كانی كوردستان‌و، گواستنه‌وه‌ی ده‌یان هه‌زار كه‌س بۆ كۆمه‌ڵگا زۆره‌مڵێیه‌كان. هه‌ر ئه‌و رژێمه كۆچی به نزیكه‌ی چوارسه‌د هه‌زار كوردی فه‌یلی كردووه بۆ خاكی ئێران. هه‌مان رژێم تاوانی ئه‌نفالی به‌دناوی كردووه كه زیاتر له سه‌دو هه‌شتا هه‌زار مرۆڤی سڤیل بوون به قوربانی‌و به‌شی زۆریان زینده به‌چاڵ كراون، له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی له هه‌ڵه‌بجه‌و چه‌ندین جێگای دیكه‌ی كوردستان. ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیسانی 1992دا بریاری ژماره 688ی په‌سه‌ندكرد كه زیاتر تایبه‌ت بوو به پاراستنی گه‌لی كوردستان، له كرداره نامرۆڤییه‌كانی حكومه‌تی عێراق. به‌لاَم ئه‌و بڕیاره‌ش نه‌بووه‌ته هۆی راگرتنی ئه‌و كردارانه‌ی رژێم كه تاده‌هات سیاسه‌تی كوشتن‌و گۆڕینی باری دیمۆگرافی له‌و ناوچانه‌ی كوردستان كه له ژێرده‌سه‌لاَتیا مابوونه‌وه چڕتری ده‌كرد. ئه‌م بڕیاره له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و سه‌ره‌تاو په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تیانه رێك ده‌كه‌وێ كه دان به مافی گه‌لاندا ده‌نێن بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان به خواستی خۆیان.
گه‌لی كوردستان مافی خۆیه‌تی گه‌ر شێوازی به‌رێوه‌بردنی كاروباری خۆی به گوێره‌ی ده‌ستووریكی تایبه‌ت به هه‌رێمی كوردستان دیاری بكات، چونكه یه‌كێك له بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی سیسته‌می فیدرالیی ئه‌وه‌یه هه‌موو هه‌رێمێك به‌هره‌مه‌ند بێت، له‌وه‌ی ده‌زگای تایبه‌تمه‌ند‌و ده‌سه‌لاَتی ده‌ستووریی‌و قانوونیی خۆی هه‌بێت.
بۆ رێكخستنی تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه و ه‌زگاكانی، ئه‌م ده‌ستووره په‌سه‌ندكراوه».
مادده‌ی دووه‌می پرۆژه‌كه ته‌رخانكراوه بۆ دیاریكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان. له بڕگه‌ی یه‌كه‌می ئه‌و مادده‌دا سنووری جۆگرافیای هه‌رێم دیاری كراوه، به ده‌ستنیشانكردنی ناوی پارێزگا‌و قه‌زاو ناحیه‌كانی، به‌لاَم له بڕگه‌ی دووه‌مدا باسله سنووری سیاسی هه‌رێم كراوه به پشتبه‌ستن «به جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق». ئه‌م دوو بڕگه‌یه به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن و بڕگه‌ی دووه‌م ته‌قییدی بڕگه‌ی یه‌كه‌م ده‌كات. مادده‌ی 140 بۆ نه‌هێشتنی ئاسه‌واری سیاسه‌تی به عه‌ره‌بكردن داڕێژراوه به‌پێی ئه‌و میكانیزمه‌ی له‌و مادده‌دا دیاریكراوه، تا ئێستاش نازانین چۆن و كه‌ی و به چ شێوازێك جێبه‌جێ ده‌كرێت. ئه‌م بڕگه‌یه ده‌بێته هۆی كێشه‌و دروستكردنی فشاری سیاسی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردی له لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و لایه‌نه سیاسیه‌كانی عێراقی‌و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌و ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كانیش، ئه‌وه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی دوا رۆژی ئه‌و ناوچانه نییه كه مادده‌ی 140 بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان داڕێژراوه. ئه‌و بڕگه‌یه پێویسته وه‌ك پێشتر چه‌ندین جار داوامانكردووه لاببرێت وله‌ناو پرۆژه‌كه‌دا نه‌مێنێ.
بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌ی (6)ی پرۆژه‌ی حوزه‌یرانی 2009 بڕگه‌ێكی تازه‌یه، له پرۆژه‌ی ئابی 2006دا نه‌بوو. به‌پێی ئه‌و بڕگه‌یه هیچ قانوونێك دانانرێت ئه‌گه‌ر ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ حوكمه نه‌گۆڕه‌كانی ئیسلام، ئه‌م بڕگه‌یه له‌سه‌ر داوای حیزبه سیاسیه ئیسلامیه‌كان خراوه‌ته سه‌ر پرۆژه‌كه. ده‌ستكاریێكی دیكه له مادده‌ی (8)ی پرۆژه‌ی ئابی 2006دا كراوه، ئه‌و مادده‌یه باسی له به‌كارهێنانی مافی چاره‌نووسی ده‌كرد له‌گه‌ڵ دیاریكردنی چه‌ند حاڵه‌تێكی تایبه‌تدا. له مادده‌ی (7)ی پرۆژه‌ی 2009دا ئه‌و حاڵه‌تانه ئاماژه‌یان بۆ نه‌كراوه، ئه‌وه‌ش چووار چێوه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌و مافه ره‌وایه‌ی كورد كه‌م ده‌كاته‌وه. له مادده‌ی (51)دا ناوی سكرتێری په‌رله‌مان كراوه به «سكرتێری گشتی»، هۆكاری ئه‌و ده‌ستكارییه روون نییه. له مادده‌ی (64)دا ماوه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به چوار ساڵ دیاریكراوه، به‌لاَم ده‌شێ بۆ ویلایه‌تێكی دووه‌م هه‌ڵبژێرێته‌وه. رسته‌ێكی تازه خراوه‌ته سه‌ر ئه‌و مادده‌یه له پرۆژه‌ی 2009دا به‌وه‌ی له‌رۆژی كارپێكردن به ده‌ستووری په‌سه‌ندكراوه‌وه كاری پێده‌كرێت، بۆیه سه‌رۆكی ئێستای هه‌رێم ده‌توانێ بۆ دوو جاری تر خۆی كاندید بكاته‌وه، چونكه ویلایه‌تی ئێستای بۆ حیساب نه‌كراوه، له پرۆژه‌ی ئابی 2006دا ئه‌و مادده‌یه به موتله‌قی بۆ دووجار دیاری كرابوو.
جیاوازیێكی دیكه له‌نێو پرۆژه‌ی ده‌ستووری 2006 وئه‌وه‌ی ساڵی 2009 ئه‌وه‌یه، به‌پێی پرۆژه‌ی 2006 سه‌رۆكی دادگای ده‌ستووریی سه‌رۆكی (ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری) بوو، به‌لاَم به‌پێی مادده‌ی (98)ی پرۆژه‌ی ساڵی 2009 سه‌رۆكی دادگای پێداچوونه‌وه (ته‌مییز) ده‌بێته سه‌رۆكی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه. له ده‌ستووری عێراقدا سه‌رۆكی دادگای بالاَ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌ركه به‌سه‌رۆكی داگای ده‌ستووری نه‌درێت ئه‌ركه‌كانی كه‌م ده‌بنه‌وه، چاكتره له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌ندامانی ئه‌و دادگایه كه‌مبكرێته‌وه له (7) ئه‌ندامه‌وه بۆ (5) به‌سه‌رۆكه‌كه‌یه‌وه.
جێگای داخه په‌رله‌مانی كوردستان ناتوانێ به‌شداری له چاككردنی ئه‌و كه‌موكوڕییانه بكات كه ئاماژه‌مان بۆ به‌شێكیان كردووه. كه‌سانێك هه‌ن ده‌ڵێن هه‌موو ده‌ستووره‌كانی دونیا به‌و شێوه‌یه په‌سه‌ندكراون، په‌رله‌مان به‌شداری له تاوتوێكردنی هیچ پرۆژه ده‌ستوورێك نه‌كردووه. ئه‌و به‌ڕێزانه ئاگاداری ئه‌وه‌نین كه ده‌ستووری عێراقی ساڵی 1925 له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه په‌سه‌ندكراوه، پاش گفتوگۆێكی چڕ‌وپڕ كه ماوه‌ێكی زۆری بردووه. به‌شێكی زۆر له مادده‌كانی پرۆژه ئه‌سڵییه‌كه ده‌ستكاری كراون یان لابراون.
هۆكاری په‌له‌كردن له په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان سیاسییه نه‌ك قانوونیی، چونكه 17 ساڵه هه‌رێمی كوردستان بێ ده‌ستوور حوكمده‌كرێت. له‌م ماوه درێژه‌دا به به‌رده‌وامی داوای په‌له‌كردنمان له په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوور كردووه. له ته‌موزی ساڵی 1992دا پرۆژه‌ێكم ئاماده‌كرد به‌هاوكاری به‌شێكی زۆر له قانوونناسانی كوردستان، پاشتر ئه‌و پرۆژه‌یه خرایه به‌رده‌م په‌رله‌مان وحكومه‌تی ئه‌و ده‌مه‌ی كوردستان، به‌لاَم په‌رله‌مان ته‌ماشای نه‌كرد له‌به‌ر هۆكاری سیاسی.
به‌شێك له‌وانه‌ی ئه‌مڕۆكه داوایی په‌له‌كردن له په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم ده‌كه‌ن، ئه‌و ده‌مه ده‌یانگوت پێویستمان به ده‌ستوور نییه، یان ده‌یانگوت ده‌بێ چاوه‌ڕێی ده‌ستووری عێراق بكه‌ین. له‌مانگی ته‌موزی 2005دا (59) په‌رله‌مانتار له‌هه‌موو گروپه‌كانی ناو په‌رله‌مان داواێكمان خسته به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی ئه‌و پرۆژه ده‌ستووره‌ی پێشتر ئاماده‌كرابوو، به‌لاَم داواكه‌مان نه‌خرایه به‌رده‌م په‌رله‌مان تا ده‌ستووری عێراق په‌سه‌ندكرا.
هه‌ولێر، 2009-06-23
Thursday, June 25, 2009
 |
| |
بۆچوون نووسین
ناردنی ئه‌م بابه‌ته بۆ هاوڕێیه‌ك
|
|
|