ئاوێنه‌و رۆژنامه‌و هاوڵاتی زه‌ڕه‌ی كه‌رن | چراكان
مه‌لا به‌ختیار: ئاوێنه‌و رۆژنامه‌و هاوڵاتی زه‌ڕه‌ی كه‌رن چوار حیزبه‌كه‌ش وه‌ك كه‌ری ناوجۆگه وان.
ئا: سیروان غه‌ریب
كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌نوێنه‌رانی رێكخراوه دیموكراتی‌و پیشه‌ییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هێرشده‌كاته سه‌ر رۆژنامه‌كانی ئاوێنه‌و هاوڵاتی‌و رۆژنامه‌و چوار حیزبه‌كه‌ی كوردستان
مه‌لا به‌ختیار، كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی‌و وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو له‌هۆڵی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌سلێمانی كه له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی 200 ئه‌ندام‌و لایه‌نگرو نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی ئه‌ندازیاران‌و مامۆستایان‌و كه‌مئه‌ندامان‌و هونه‌رمه‌ندان خوێندكارانی سه‌ر به‌ڕێكخراوه دیموكراتییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان سازیدا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردووه كه چه‌ندین رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی باس له‌وه ده‌كه‌ن كه كوردستان ئاوه‌دانه به‌ڵام، هاوڵاتی‌و ئاوێنه‌و رۆژنامه به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌ڵێن وانییه "نازانین بڕوا به‌قسه‌ی مه‌لا بكه‌ین یان به‌زه‌ڕه‌ی كه‌ر".
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به چوار حیزبه‌كه (سۆسیالیست ، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، یه‌كگرتووی ئیسلامی، زه‌حمه‌تكێشان باڵی قادر عه‌زیز)كه ئێستا به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن، مه‌لا به‌ختیار وتوویه‌تی "چیتر رێگا ناده‌ین ئه‌م حیزبانه پێیه‌كیان له‌ناو حكومه‌تدا بێت‌و پێكه‌ی تریان له‌ناو ئۆپۆزسیۆندا، وه‌ك كه‌ری ناوجۆگه له‌هه‌ردوو به‌ر ده‌خۆن ".
ئاوات محه‌مه‌د نوسه‌رو رۆشنبیر، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌و سیاسییانه‌ی له‌بارودۆخی له‌م چه‌شنه‌ی ئێستادا ئه‌و جۆره ده‌سته‌واژه‌یه به‌كارده‌هێنێن "توشی جۆرێك له هیستریا بوون، توشی حاڵه‌تی لێك تێهه‌ڵچوون بوون كه به‌دڵی ئه‌وان نییه، كۆمه‌ڵگای سیاسی ئێمه پڕیه‌تی له‌و ده‌سته‌واژانه، بۆیه زۆرجار كه‌سێك خۆی به‌قوتبی سیاسی ده‌زانێت له‌حاڵه‌تی وادا جیاوازی قبوڵ ناكات‌و گۆڕانكاری به‌تێكدان ته‌ماشا ده‌كات".
ئاوات تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و سیاسییانه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی له‌و جۆره به‌كارده‌هێنن "هه‌موو ده‌نگێكی تر له‌ده‌ره‌وه‌ی تیپه‌كه‌ی خۆی به(انكر اصوات) گوێ لێده‌بێت‌و به‌دڵی نییه".
ئه‌م رۆشنبیره وێڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی (كه‌ر)و هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تری ناشیرین، له‌هه‌مانكاتدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات "كه نوخبه‌ی سیاسی كوردستان جیاناكرێته‌وه له‌خه‌ڵكیی به‌گشتی، ئه‌مه له‌كاتێكدا ده‌بێت نوخبه‌ی سیاسی هه‌ڵوێستی جیاواز‌و تێڕوانینی جیاوازی هه‌بێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له سیاسییه‌كان، نه‌وه‌كو خه‌ڵكی گشتی بیربكاته‌وه. ئێستا نوخبه‌ی سیاسی كوردستان سه‌باره‌ت به‌مه‌سه‌له‌كان وه‌كو خه‌ڵكی گشتی‌و نه‌خوێنده‌واران بیرده‌كه‌نه‌وه".
نه‌به‌ز گۆران نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس ده‌رباره‌ی به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی (كه‌ر) له‌لایه‌ن مه‌لا به‌ختیاره‌وه ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات "به‌ڕاستی من حورمه‌تم هه‌یه بۆ سه‌گ‌و كه‌ر، ده‌بێت ئه‌م دوو حه‌یوانه له‌م زمانه ناشیرین‌و پیسه‌ی سیاسییه‌كان رزگار بكه‌ین".
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به زمانی ته‌شهیرو زبر‌و ناشیرین كه هه‌ندێك جار سیاسییه‌كان به‌كاریده‌هێنن، نه‌به‌ز گۆران به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند "ئه‌وان راهێنه‌ری دروستكردنی زمانی ته‌شهیرن، راهێنه‌ری بوختان‌و قسه‌دروستكردنن، ده‌بێت یه‌كێك ئه‌و قسانه‌ی مه‌لا به‌ختیار بكات كه رابردووی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی جوان‌دا له‌دایك بووبێت، نه‌ك رابردووی له‌گه‌ڵ جنێو‌و بوختان‌و قسه دروستكردن بۆ ئه‌م‌و ئه‌و دروستبووبێت".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت "زۆر سروشتییه ئه‌وانه بێن به‌خه‌ڵك بڵێن زمان پیس، چونكه هه‌میشه ئیش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی رابردووی خۆیان له‌بیرببه‌نه‌وه، من ئاساییه به‌لامه‌وه پیاوێكی وه‌كو مه‌لا به‌ختیار به رۆژنامه‌نوسێك یان به‌ڕۆژنامه‌یه‌ك بڵێت زمانی زبره، چونكه ئه‌م پیاوه ئه‌گه‌ر 80 كیلۆ بێت 70 كیلۆی ته‌شهیره".
ئه‌حمه‌د میره سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری لڤین، له‌وباره‌یه‌وه وتی "ئه‌و جۆره قسه بێ بنه‌مایانه بێَت، چونكه كاك مه‌لا به‌ختیار ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و راپرسی‌و راپۆرتانه‌ی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكات بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه ئاماژه بۆ دۆزه‌خی كوردستان كراوه‌و له‌هه‌ندێك جێگا به‌دیكتاتۆریش پێناسه‌كراوه، دیار كاك مه‌لا به‌ختیار ته‌نها راپۆرتی حیزبه‌كه‌ی خۆی خوێندۆته‌وه".
ئه‌حمه‌د میره وتی "ئه‌وان مامۆستای فڕێدانی جنێون، ئه‌وان تازه له‌شه‌ڕی ناوخۆ هاتوونه‌ته‌ده‌ره‌وه، هێشتا ئه‌و قسانه‌یان له‌سه‌ر زمانه كه له‌شه‌ڕی ناوخۆدا به‌رامبه‌ر یه‌ك به‌كاریان هێناوه‌و ئێستا به‌رامبه‌ر رۆژنامه ئه‌هلییه‌كان‌و ئه‌وانه‌ی جیاوازن له‌گه‌ڵیاندا به‌كاریده‌هێننه‌وه، كه بۆ سومعه‌ی كورد زۆر ناشیرینه".
ئه‌م قسانه‌ی مه‌لا به‌ختیار له‌كاتێكدایه كه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانیدا داوا له لیست‌و قه‌واره‌و رۆژنامه‌و سایته‌كان ده‌كات كه له ماوه‌ی پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌زمانی ته‌شهیرو سوكایه‌تی پێكردن به‌دووربن.
دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ نوسه‌رو روناكبیر، له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ئاوێنه‌دا له‌سه‌ر ئه‌و جۆره قسانه‌ی مه‌لا به‌ختیار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه ئه‌و نازانێت قسه‌كان بخاته چ خانه‌یه‌كه‌وه به‌ڵام وتی "به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێمخۆشه هه‌رچی حیزب هه‌یه بكه‌ونه گیانی یه‌كترو سوكایه‌تی به‌یه‌كتر بكه‌ن، به‌مه دڵم زۆر خۆش ده‌بێت".
ده‌رباره‌ی به‌شوبهاندنی ده‌نگی راگه‌یاندنه ئه‌هلییه‌كان به (زه‌ڕه‌ی كه‌ر) فه‌رهاد پیرباڵ رونیكرده‌وه "مادام هه‌ر وه‌زیرو مه‌سئولێك بۆیان هه‌بێت رۆژنامه‌نوس (ئه‌گه‌ر قسه‌كه راست بێت به‌كه‌ر بشوبهێنێ) رۆژنامه‌نوسان‌و نوسه‌رانیش ئازادن به‌رپرسه‌كان‌و وه‌زیره‌كان‌و چییه‌كان به كه‌ر بشوبهێنن، ئه‌وان چ ده‌كه‌ن رۆژنامه‌نوسانیش چی ده‌وێت با بڵێ".
ئاوێنه داوای هۆكاری ئه‌و خۆشحاڵییه‌ی له‌فه‌رهاد پیرباڵ كرد كه به‌رامبه‌ر سوكایه‌تی به‌یه‌كتركردن هه‌یه‌تی، لێی پرسی ئایا هۆشیارییه‌كی ئه‌وه‌نده هه‌یه كه له‌ئاینده‌دا ئه‌م سوكایه‌تیپێكردنه له‌نێوان پارته‌كاندا توندوتیژیی لێنه‌كه‌وێته‌وه؟ پیرباڵ هه‌مان بۆچونی خۆی نه‌گۆڕی وتی "زۆر به‌لامه‌وه خۆشه كه حیزبێك سوكایه‌تی به‌حیزبێكی تر ده‌كات، له‌زه‌تی لێ ده‌بینم، پێمخۆشه وه‌زیره‌كان به‌رپرسه‌كان ده‌سه‌ڵات سوكایه‌تی به‌یه‌ك بكه‌ن، پڕ به‌دڵم چێژی لێده‌بینم، به‌قه‌ده‌ر ماچكردنی ژنێك چێژی لێده‌بینم".
ئاوێنه له فه‌رهاد پیرباڵی پرسی پێتوایه ئه‌م نه‌وعه له‌سوكایه‌تی پێكردن له‌دیموكراتییه‌تمان نزیكده‌كاته‌وه كه وا چێژی لێده‌بینی؟ ناوبراو وتی "نازانم من پیاوێكی نه‌خۆشم یان باشم، من چێژی لێده‌بینم‌و بڕایه‌وه".
سكرتێری رۆژنامه‌وانیی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ئارێز سۆران ئه‌و زانیارییانه ره‌تده‌كاته‌وه كه مه‌لا به‌ختیار ئه‌و جۆره به‌شێوه‌ی ناشیرین هێرشی كردبێته سه‌ر رۆژنامه‌كان‌و چوار حیزبه‌كه.
سكرتێری رۆژنامه‌وانیی مه‌لا به‌ختیار به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند "له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كاك مه‌لا به‌ختیار به‌شێوه‌یه‌كی زۆر لۆژیكییانه باسی گۆڕانكارییه‌كانی كوردستان‌و هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ی بۆ به‌رچاوڕوونی ئه‌ندامانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه له‌ڕێكخراوه‌كاندا كار ده‌كه‌ن روونكرده‌وه "ئه‌و تۆمه‌تانه‌و شێواندنی قسه‌كانی كاك به‌ختیار ره‌تده‌كه‌ینه‌وه".
هه‌روه‌ها وتی "كاك به‌ختیار وتوویه‌تی میدیا ئه‌هلییه‌كان حه‌قه هه‌موو دیوه‌كانی واقعی كوردستان ببینن‌و به‌ویژدانه‌وه سه‌یری واقیعی كوردستان بكه‌ن".
سه‌باره‌ت به‌هێرشه‌كردن بۆ سه‌ر چوار حیزبه كوردستانییه‌كه، ناوبراو رونیكرده‌وه كه "كاك به‌ختیار ئێستاش‌و له‌ڕابردوویشدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌داوه كه ئه‌و حیزبانه یان ده‌بێت له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا یان ده‌بێت له‌ناو ئۆپۆزسێۆندا كار بكه‌ن، چونكه ناكرێت تۆ به‌شێك بیت له‌حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌تت هه‌بێت وه‌ك ئۆپۆزسێۆن مامه‌ڵه بكه‌یت‌و ره‌خنه له‌و حكومه‌ته بگریت كه خۆت تیایدا به‌شداریت كردووه".
سه‌باره‌ت به‌به‌كارهێنانی (كه‌ر) له‌قسه‌كانی مه‌لا به‌ختیاردا ناوبراو به‌پێچه‌وانه‌وه رایگه‌یاند كه مه‌لا به‌ختیار كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی لۆژیكییانه قسه‌ی له‌سه‌ر رۆژنامه‌كان‌و چوار حیزبه‌كه كردووه، وتی "ده‌سته‌واژه‌ی له‌و جۆره ئێمه به‌بوختانی ده‌زانین، ئێمه سه‌رجه‌م كۆڕ‌و كۆبونه‌وه‌كانی كاك به‌ختیارمان ریكۆرد كردووه هه‌رچ كه‌سیش ده‌یه‌وێت ئاماده‌ین كۆپییه‌كی بده‌ینێ.
سه‌رچاوه: ئاوێنه
17.06.09
|