بەداخەوە لێرە هەموو ناشیرینیەكان بەناوى عەشق و خۆشەویستیەوە دەكرێن | شاخەوان سدیق
دیدارى تایبەتى ڕۆژنامەى ئاڵا لەگەڵ نوسەرو ڕۆژنامەنووس شاخەوان سدیق دا.
بۆ زانینو قسەكردن لەسەر چەند لایەنێكى گرنگ لەسەر پەیوەندى نێوان هەردوو ڕەگەزەكەو پەیوەندى نێوان عەشقو خۆشەویستى ڕۆژنامەى ئاڵا ئەم پرسیارانەى ئاراستەى نوسەروڕۆژنامەنووس شاخەوان سدیق كرد.
پ/ تاچەند پەیوەندى هاوڕێیەتى دوو ڕەگەزەكە بەگرنگ دەزانى؟
وە/ بەو پێیەى مرۆڤ هەمیشە لە هەر ڕەگەزێك بێت، ناكامڵو ناتەواوو نیوەیە، كەواتە یەكێك لە پێشترین كارەكانى مرۆڤ لەدواى تەمەنى پێگەیشتنەوە گەڕانە بۆ دۆزینەوەى ئەو نیوەیەى ترى، ئەویش بەمەبەستى كامڵ بوونو پڕكردنەوەى ئەو ناكامڵو ناتەواوییەى لە جەستەو ڕۆحى داهەیە، لێرەوە پڕۆسەى دۆزینەوەى نیوەكەى تریەكسانە بە پڕۆسەى دۆزینەوەى خودى ئینسان. هەر بۆیە مرۆڤ لەگەڵ دروست بونیدا دوو ڕەگەزى جیاواز بووەو هەمیشەش بەبێ نە بوونى یەكێك لەمانە هاوكێشەكە ناهاوسەنگ بووە، بۆیە ئاساییە هەم وەك مرۆڤ هەم وەك دوو ڕەگەزى جیاوازو هەم وەك دوو لەتى یەكتر بە هەرجۆرێكو لە ژێر هەرناوێكدا بێت ئەم دووانە بگەڕێن بەدواى یەكاو یەكتر بدۆزنەوەو پەیوەندیان هەبێت، چونكە كاتێك ئەم دووانە دوور لەیەكو بەجیا دەمێننەوە یەكێك لە بنەماسەرەكییەكانى جوانى لە كۆمەڵگەدا دەكەوێتە مەترسییەوە، بۆیە بوونو بەردەوام بوونى پەیوەندى لەنێوان ئەم دوانەدا نەك هەر گرنگە بەڵكو یەكێكە لەو پێداویستیانەى كە بەبێبوونى ڕەنگە ژیان بكەوێتە مەترسییەوە.هەروەك (ماركس)یش دەڵێت "ئاسایترین و سادەترین پەیوەندى لە ژیانا پەیوەندى نێوان دوو ڕەگەزەكەیە".
پ/ لەكاتێكا عەشق بەرزترین پلەیە لە پێگەیشتنى ڕۆح دا كەچى لاى كچانى ئێمە كورتكراوەتەوە بۆ لایەنى مادى تۆ چۆن ئەمە دەبینى؟
وە/ ڕەنگە ئەم پرسیارە یەك واتا نەبێتو پەلكێشى ناو چەندین لایەنو تەوەرەمان بكات، چونكە بوونى ئەم حاڵەتە نەبووەتە بڕیارى موتڵەقو نەشبۆتە دیاردە، بۆخۆشى چەندین هۆكار سەبەبى سەرهەڵدانى ئەمەن، كە ڕەنگە گرنگترینیان پەیوەنى بە لایەنى ئابوورى تاكەكانەوە لە كۆمەڵگادا هەبێت، هەرچەندە من هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا هاوڕابووم كە بەداخەوە ماناو مەفهومى (عەشق) وەك هەموو شتەكانى تر بەهەڵە گەیشتۆتەلاى تاكى ئێمە بەداخەوە هەموو ناشیرینیەكان لە وڵاتى ئێمەدا بەناوى عەشقەوە دەكرێن، ئەگەر كەمێك ورتر سەیرى هەموو ئەو پەیوەندیانەبكەین كە لەم وڵاتەى ئێمەدا هەیە بەناوى (عەشق)ەوە هەموو شتێكە عەشق نەبێت. من پێم وایە ئەوەى لاى گەنجەكانى ئێمە بەناوى عەشقەوە دەكرێت تەنها حەزێكى كەپتكراوى جنسى زیاتر هیچى ترنییە، چونكە ئەوكاتەى ئینسان زانى كە عاشقە ئەوە هەموو شتێكە تەنها عاشق نەبێت، چونكە عەشق تەنها حاڵەتێكى عیرفانى ڕۆحیەو لە ژێر سەیتەرەو كۆنتڕۆڵى ئینساندا نییە، وەك ئیمامى غەزالى دەڵآ" كەسێك هەموو گیانى بە ئاگرى عەشق نەسوتێت هەرگیز نابێتە عاشق" لێرەوە ئەگەر سەیرى پێچەوانەى ئەمە لەكۆمەڵگاى ئێمەدا بكەین دەبینین نەك بەتەنها لاى كچان بەڵكو كوڕانیش پشكێكى گەورەیان لەم حاڵەتەدا بەردەكەوێت، بەڵام بەوپێیەى هەمیشە لاى ئێمە كچان داواكراو كوران داواكەرن بۆیە پشكى زیاترى ئەوە بەركچان دەكەوێت، كە بەبڕواى من ئەوە خراپترین حاڵەتو دۆغە كە مرۆڤ پیایدا تێدەپەڕێت، چونكە من پێم وایە مرۆڤ دەتوانێت هەموو شتێك بە پارە بكات، بەڵام ئەوە تەنها خۆشەویستیە كە بەهیچ شتێك دەست مرۆڤ ناكەوێت لایەنى ڕۆحى خۆى نەبێت، هەروەك (عیساى مەسیح)یش دەڵێت " سەختە مرۆڤ هەموو ژیان بەرێتەوە كەچى خۆى بدۆڕێنێت"ڕەنگە بوونى ئەو ڕێژە زۆرەش لە جیابوونەوە لە دادگاكانى ئێمەدا سەرەكى ترین هۆكاریان هەرئەو بەمادى بینینەى عەشقو خۆشەویستى بێت لاى كچانى ئێمە.
پ/ دەبینین بەشێكى زۆر لەگەنجانى كورد پێش پڕۆسەى هاوسەرگیرى پەیوەندى خۆشەویستى دەبەستن، تۆ ئەم خۆشەویستیە بەدیاردەیەكى كۆمەڵایەتى تەندروست دەبینیت؟
وە/ پێم وابێت ئەم پرسیارە درێژكراوەى هەمان پرسیارى پێشووە، بۆئەوەش لە وەڵامدانەوەیدا نەكەوینە هەڵەوە ئەوا پێویستە دووشت جییاكەینەوەو لە خۆمان بپرسین. كەئایا مەبەستمان لە خۆشەویستى چیە لەویادا؟ ئایا هەموو پەیوەندییەك لە نێوان دوو ڕەگەزەكەدا خۆشەویستىو عەشقە؟ چونكە وەك پێشتروتم دنیایەك ناشیرینى بەو ناوانەوە ڕۆژانەدەكرێت، خۆئەگەر وانەبێت نەك كارێرێكى تەندروستو باشە بگرە یەكێكە لەو قۆناغەباشانەى كە ئاسودەى بە ڕۆحى مرۆڤەكان دەبەخشێت كە دواتر درێژ دەبێتەوە بۆ ناو ژیانى ڕۆژانەو كۆمەڵگاش، چونكە وەك (نۆڤالیس) دەڵێت" بەڕاستى ئەوەى لەژیاندا بۆ چركەیەكیش خۆشەویستى نەكردبێت شیاوى بەزەى پیاهاتنەوەیە، چونكە نازانێت چى لەكیس چووە.
پ/ فرە عەشقى نەك هەربوونى هەیە تاڕادەیەكى زۆر بووەتە دیاردە تۆ تاچەند فرە عەشقى لاى كچانو كوڕان بەڕەوا دەبینى؟ پێت وانییە ئەمە بوونى گرێیەكى دەروونىو نەبوونى متمانەیە لە نێوانیاندا؟
وە/ ڕەنگە هەستكردن بە بوونى بۆشاى ڕۆحى لاى تاكى ئێمە لە پێشینەى هۆكارى سەرهەڵدانى ئەمەبێت، چونكە ئەوكاتەى مرۆڤ هەست بە بوونى بۆشایى گەورە دەكات لە خۆیدا لە هەموو ڕووەكانەوە، ئەوە ئەو ساتەیە كە پێویستى بە زیاد لە دەنگێكو زیاد لە قسەكردنێكو زیاد لە باوەشێك هەیە، تالەڕێگایانەوە هەوڵبدات زاڵبێت بەسەر گرآ دەرونییەكانیاو بۆشاییەكانى پێپڕبكاتەوە، ڕاستیەكەى بوونى ئەم دیاردەیە لە كۆمەڵگەى ئێمەدا ڕەنگە بەشێكى زۆرى هۆكارەكەى هاتنەناوەوەى خێراى ئامێرەكانى پەیوەندى بێت بەتایبەت (مۆبایل) كە ڕۆڵ و گاریگەرییەكى گەورەى لە بڵاوبوونەوەى ئەم دیاردەیەدا هەیە، ئەمە جگە لەو هەموو پێوەرە كۆمەڵایەتیانەى كە چەندین ڕێگریان لەبەردەم تەندروست گەشەكردنى پەیوەندیەكانەوەهەیە لە نێوان ئەو دوو ڕەگەزەدا، كە سەرەنجام بوونەتە هۆى پەیدا بوونى كەبتێكى گەورە لاى تاك لەم كۆمەڵگایەدا كە و بە چەندین ڕێگەى خراپو ناتەندروست كاریگەرییەكانیان لە هەڵسوكەوتى ئینسانەوە دێتەوە دەرەوەو دواجار مرۆڤ بە چەندین ڕێگەى هەڵەدا دەبەن.
پ/ دوانەى عەشقو سێكس چ پەیوەندییەكیان پێكەوە هەیە چۆن وا دەبینرێت كە سێكسو عەشق دوو ڕووى دژە یەكن؟
وە/ من پێم وایە مرۆڤ كاتێك دەتوانێت بگاتە عەشقى ڕاستەقینە ئەو كاتەى دەگاتە جەستەى بەرامبەرەكەى، بەواتایەكى تر هیچ عەشقێك خاڵى نییە لە جەستە تەنها عەشقى ئیلاهى نەبێت، چونكە ئەوە ڕۆحو جەستەن لەكاتى تێكەڵاوبوونیانو توانەوەلەئامێزى یەكامرۆڤ دەگەیەننە عەشق، من هەمیشەواى دەبینم كە خۆشەویستى پڕكردنەوەى هەموو لایەنە شاراوەكانى ناخى مرۆڤە جا گەر مرۆڤ بەناوى عەشقەوە ئازارى جەستەى دا، ئەوە چ عەشقێكە ڕەتى جەستەى جوانى مەعشوق دەكاتەوە، هەمیشە بۆ ئەوەى ئێمە بە عەشقێكى ڕاستەقینە لەگەڵ بەرامبەرەكەمان بگەین پێوستە هەوو بەشەكانى جەستەى بناسین هەروەك چۆن پێوستە بچینەقوڵایى ڕۆحیەوە، هەركاتێكیش پەیوەندییە جەستەییەكانمان لە عەشقكردە دەرەوە ئەوا هۆكارین بۆ سەرهەڵدانى بوونى ئەو فرە پەیوەندییە خۆشەویستییەى كە لەسەرەوە باسمانكرد، بۆئەوەى توشى ئەو لادانانەش نەبین پێویستە تەندروستانە هەڵوسوكەوت لەگەڵ هەردوو حاڵەتەكەدا بكەین، چونكە عەشق كردن لە كورترین پێناسەدا واتە ژیان كردن، بەهەموو واتاكانییەوە. (پاولۆكۆیلۆ) واتەنیش " ئەوەى لە عەشقا بەختەوەربێت خواش بەختەوەرى دەكات، چونكە دواجار خوادا خۆى عەشقە.
شاخەوان سدیق
لەدایك بوى 1983 هەڵببجەى شەهید
دەرچووى پەیمانگاى هەونەرەجوانەكانى سلێمانى
نوسەرو ڕۆژنامە نووسەو لە زۆربەى ڕۆژنامەو گۆڤارەكانى كوردستاندا
بابەتەكانى بڵاودەكاتەوە. بۆ بینینى بابەتەكانى دەتوانن سەردانى ئەم ماڵپەڕە تایبەتەى بكەن.
(shazi83.kordblogger.com)
|