2
دنیای شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف زۆر تایبه‌ته، چه‌ندین درامای ناوه‌کی له‌خۆده‌گرێت و به شانۆی ئه‌تمۆسفێر ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت، ئه‌م ئه‌تمۆسفێره‌ش پشت به وروژاندنی یاده‌وه‌رییه‌کان، هیواکانی ئاینده و هه‌ڵوێسته و باره دوروونییه‌کان، به تایبه‌تییش هه‌ره‌س هێنانی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی و دڵشکاندن ده‌به‌ستێت. ڕه‌وشه ده‌روونییه‌کانیش له‌نێو خه‌ونه‌کانی ڕابردوو که نه‌هاتۆته دی و ئاواته‌کانی ئاینده‌ش که زۆر دووره له به‌دیهێنانیانه‌وه قووڵ ده‌بنه‌وه. ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ش گرنگترین سیفه‌ته‌کانی شانۆی چێخه‌فن و به بۆچوونی ڕه‌خنه‌گره‌کانیش چێخه‌ف بۆ به‌رجه‌سته‌کردن و دووپاتکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌تانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پانتاییه‌کانی سروشت، بۆ نموونه ده‌ریاچه له شانۆنامه‌ی باڵنده‌ی ده‌ریا، باخی گێلاس له شانۆنامه‌ی باخی گێلاسدا، یا‌ن خه‌ون به گه‌ڕانه‌وه‌وه بۆ مۆسکۆ له شانۆنامه‌ی سێ خوشکدا. ئه‌م مۆتیفانه‌ش، به‌تایبه‌تی سروشت ته‌نها وێنه‌یه‌ک نییه و ڕووداوی شانۆنامه‌کانی تیا ڕووبدات، یا‌ن یتا به‌ند بکات، به‌ڵکو هێنده‌ی کاره‌کته‌ره‌کان گرنگه و ڕۆڵێکی له‌به‌رچاویان له‌به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی هێڵی درامی و په‌یوه‌ندی کاره‌کته‌ره‌کان و خودی ڕووداوه‌کاندا هه‌یه. چێخه‌ف له شانۆنامه‌کانیدا په‌نا ناباته به‌ر دروستکردن و پێکهێنانی دیمه‌نی توندوتیژ و هات و هاوار، به‌ڵکو پێودانگه درامییه‌کان له‌دووتوێی هێڵێکی هێمن و له‌سه‌رخۆدا ده‌ڕۆن به‌ڕێوه. چێخه‌ف له‌م باره‌یه‌وه و له یه‌کێک له نامه‌کانیدا وتوویه‌تی:( مرۆڤ له ژیاندا به به‌رده‌وامی یه‌کتر ناکوژن. یا‌ن خۆیان له‌ناو نابه‌ن و دان به ناپاکییه‌کانیاندا نانێن ... هه‌روه‌ها کاته‌کانیشیان به گفتوگۆی زیره‌کانه‌وه نابه‌نه سه‌ر ... ئه‌وه‌ی که بیر و هۆشیان داگیر ده‌کات خواردن و خواردنه‌وه و دڵداری و قسه‌ی بێ مانایه. ئه‌م شتانه‌ش ئه‌وه‌یه که ده‌بێت له‌سه‌ر شانۆ به‌رجه‌سته‌یان بکه‌ین ... شانۆ ده‌بێت وێنه‌ی خه‌ڵکی بخاته ڕوو له‌کاتێکدا که‌نوێژ ده‌که‌ن، سه‌فه‌ر ده‌که‌ن، نان ده‌خۆن و ده‌رباره‌ی ئاووهه‌وا قسه ده‌که‌ن و قومار ده‌که‌ن .... با هه‌موو شتێک له‌سه‌ر شانۆ ئاڵۆز و گران بێت هه‌روه‌ک ژیان، ساکار و ئاسان بێت هه‌روه‌ک ژیان ... که خه‌ڵکی نانی ئێواره ده‌خۆن له نان خواردن به‌ولاوه هیچی تر ناکه‌ن ... ئه‌مه‌ش ڕێگا له به‌ختیاری خه‌ڵکی ناگرێت، به‌هه‌مان شێوه ڕێگا له‌و که‌سانه‌ش ناگرێت که ژیانی خۆیان ده‌شێوێنن. ) چێخه‌ف وه‌ک ئه‌ده‌ب سه‌یری شانۆی نه‌کردووه، به‌ڵکو به‌ر له هه‌موو شتێک شانۆنامه‌نووسین بۆ ئه‌و بۆ شانۆ بووه، شانۆکه‌شی شانۆیه‌کی واقیعی بووه و بنه‌ماکانی له‌سه‌ر تێکسته شانۆییه‌کانی بنیاتناوه. له‌م ڕووه‌وه چێخه‌ف نوێخواز بووه و مه‌به‌ستی شانۆ نه‌بووه، به‌ڵکو شانۆ پێویستی به چێخه‌ف بووه و به‌دوای شانۆنامه‌کانیدا ڕایان کردووه. له‌به‌رئه‌وه نوێخوازی و واقیعییه‌تی چێخه‌ف دابڕانێک بووه له هه‌موو ته‌وژم و نه‌ریته شانۆییه‌کان. چێخه‌ف شاره‌زاییه‌کی ته‌واوه‌تی له هونه‌ری شانۆ هه‌بووه، له‌م ڕووه‌وه له وه‌ڵامی یه‌کێک له‌و ده‌زگا چاپه‌مه‌نییانه‌ی که ویستوویه‌تی شانۆنامه‌کانی چاپ بکات ووتوویه‌تی:( من هیچ شانۆنامه‌یه‌ک به شایانی بڵاوکردنه‌وه نازانم تا له‌کاتی پرۆڤه و له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ره‌کاندا پیایدا نه‌چمه‌وه ) تاکه هۆیه‌کیش که وای له چێخه‌ف کردووه شانۆنامه بنووسێت ئه‌وه بووه که له‌سه‌ر شانۆکان پێشکه‌ش بکرێت.
شانۆکه‌ی چێخه‌ف واقیعییه به‌ڵام واقیعییه‌تێکی تایبه‌تمه‌نده، چێخه‌ف پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرتووه که ژیانه ساکاره‌که به‌رجه‌سته بکات، ژیانی هه‌موو ڕۆژێک، به‌ڵام گوێزانه‌وه‌ی ژیانی ڕۆژانه بۆ چێخه‌ف ته‌نها وێنه‌کردنێکی ڕووت نه‌بووه، به‌ڵکو فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م نووسه‌ره فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ساکار و ئاسایی بووه. چێخه‌ف له‌و ژیانه ئاساییه‌دا هه‌موو ورده‌کارییه‌کانی بینیوه، ژیانی له چه‌مکه ساکاره‌کانیدا دۆزیوه‌ته‌وه و سه‌رله‌نوێ پێمان ده‌ناسێنێته‌وه، خۆشگوزه‌رانیمان، ئازاره‌کانمان، هیواکانمان، رۆژه خۆش و دڵخۆشه‌کانمان، خه‌ونه‌کانمان.
پێویسته ژیان له ڕوانگه‌ی دیمه‌نه ئاساییه‌که‌وه وه‌ربگرین، له ده‌روازه‌کانی ساکاری بوونه‌وه له ژیان و له خۆمان تێده‌گه‌ین. مه‌به‌ستی چێخه‌ف ئه‌وه بووه وێنه‌یه‌کی ژیانی ڕۆژانه‌مان بداتێ به هه‌موو ساکاری، ناخۆشی و ڕیتمه خاوه بێزارکه‌ره‌که‌یه‌وه، تا له پشت ئه‌وه‌وه ئه‌و جیهانه ببینین که به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌و جیهانه‌ی که له خه‌ونه‌کانماندا ده‌یانبینین.
له‌و ژیانه ساکار و ئاساییه‌ی چێخه‌فه‌وه ڕاستی خۆمان و ڕاستی ژیانمان ده‌بینین، له‌نێوان ئه‌ندێشه و واقیعدا، له‌نێوان ناته‌با و ته‌بادا، له‌نێوان ساکار و ئاسان و دژوار‌دا شیعری چێخه‌ف و شانۆی چێخه‌ف وێنه‌یه‌کی ڕاستگۆی مرۆڤایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌کانمان بۆ به‌رجه‌سته ده‌کات. له‌م ئه‌تمۆسفێره‌دا هه‌موو ڕه‌وش و په‌یوه‌ندی و هه‌ڵوێسته‌کان پابه‌ندن به په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤیش به‌وانیتر و به شته‌کانه‌وه، به گه‌ردوون، به ژیان و به خودی خۆیه‌وه.
واقیعییه‌تی چێخه‌ف ناتورالیزمی ناگه‌یه‌نێ و زۆر دووریشه له چه‌مک و بۆچوونه‌کانی ناتورالیزمی ئه‌میل زۆلاوه، به‌ڵکو واقیعییه‌تی چێخه‌ف زیاتر سروشتییه‌کی زیندووه و له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌کانیدا کۆمان ده‌کاته‌وه. لێکنزیکبوونه‌وه و پێکگه‌یشتنی ئێمه و کاره‌کته‌ره‌کانی چێخه‌ف پێکگه‌یشتنێکی مرۆڤایه‌تییه به هه‌موو گه‌رموگوڕی و خه‌ون و هیواکانییه‌وه، به هه‌موو سۆز و لێکچوونه‌کانی چاره‌نووسێکی هاوبه‌شه‌وه.
چێخه‌ف چه‌نده گرنگی به که‌سی تاک ئه‌دات و مه‌سه‌له خودییه فه‌لسه‌فییه‌کان له‌لای مرۆڤی تاک چاره‌سه‌ر ده‌کات، هێنده‌ش به‌و مانایه‌ی که مرۆڤ و مرۆڤی تاک ئه‌ندامی کۆمه‌ڵگا و بنه‌ما کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه. له‌به‌رئه‌وه شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف پاڵه‌وانی تاک له‌خۆناگرێت و هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانی، به‌بێ جیاوازی گرنگن و به‌شێکن له سیسته‌م و ڕژێمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. کاره‌کته‌ره‌کانی وه‌ک خودێکی تاک په‌یوه‌ندییان به‌وانیتره‌وه هه‌یه و له‌هه‌مانکاتدا په‌یوه‌ستن به کۆمه‌ڵگه‌یشه‌وه.
به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کان له‌لای چێخه‌ف ئاشکران: په‌یوه‌ندی مرۆڤ به مرۆڤه‌وه، تاک له‌گه‌ڵ تاک له په‌یوه‌ندییه‌کانیدا به کۆمه‌ڵگاوه، کۆمه‌ڵگاش له‌به‌رامبه‌ر خۆیدا، به‌تایبه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی که به گۆڕانکاری و دابڕان و ململانێی فیکریی، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا تێده‌په‌ڕن و به‌م شێوه‌یه‌ش بارودۆخی مرۆڤایه‌تی له باشه‌وه به‌ره‌و خراپ ده‌گۆڕێ و بارێکی ئاڵۆز و دوور له ڕاستییه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌کات.
زۆر گرانه شانۆنامه‌کان و کاره‌کته‌ره‌کانی چێخه‌ف بخزێنرێته بواره‌کانی کۆمیدیا یاخود تراژیدیاوه، به‌ڵکو له‌و ڕووه‌وه‌ی که شانۆنامه‌کانی سیمایه‌کی مرۆڤایه‌تی گشتگر له‌خۆده‌گرن و چ کۆمیدیا یا‌ن تراژیدی به‌شێکن له‌م سیما گشتگره مرۆڤایه‌تییه. چێخه‌ف خه‌نده و په‌ژاره به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر تێکه‌ڵاو ده‌کات، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و وێنه‌یه‌کی ڕاستگۆی ژیانه که له یه‌ککاتدا پڕه له پێکه‌نین و له هه‌مانکاتدا خه‌م و په‌ژاره، خۆشی و ناخۆشی. چێخه‌ف خۆی شانۆنامه‌کانی زیاتر وه‌ک کۆمیدیا ناوزه‌د کردووه، به‌ڵام بۆ ڕه‌خنه‌گره‌کان زۆر گران بووه له‌ژێر ته‌وژمه‌کانی شانۆیه‌کی کۆمیدیادا شرۆڤه‌ی شانۆنامه‌کانی بکه‌ن، زۆر گران بووه که شانۆنامه‌کانی له‌نێوان کۆمیدیا و تراژیدیادا جیابکه‌نه‌وه و هه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش خاڵێکی دژوار و جیاوازی و کێشه‌ی نێوان چێخه‌ف و ڕیژیسۆری گه‌وره‌ی ڕووسی ستانیسلاڤیسکی بووه. ستانیسلاڤیسکی شانۆنامه‌کانی چێخه‌فی له‌سه‌ر شانۆی هونه‌ری مۆسکۆ وه‌ک تراژیدیا ڕاڤه‌کردوون، نه‌مایشه‌کانی زیاتر له تراژیدیاوه نزیک بوون نه‌ک کۆمیدیا و ئه‌مه‌ش چێخه‌فی دڵگران کردووه.
زوربه‌ی ڕه‌خنه‌گره ئه‌وروپییه‌کان شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف دابه‌ش ده‌که‌ن به‌سه‌ر دوو قۆناغدا: یه‌که‌میان شانۆنامه‌کانی قۆناغی سه‌ره‌تای ده‌گرێته‌وه، له‌م قۆناغه‌دا ڕووداوی شانۆنامه‌کانی زیاتر ڕاسته‌وخۆن، به‌تایبه‌تی شانۆنامه کورته‌کانی، دووه‌میشیان ئه‌و شانۆنامانه دێن که ڕووداوه‌کانی ناڕاسته‌وخۆن و چێخه‌ف له‌م قۆناغه‌یدا ده‌گاته ئاستێکی گه‌وره‌ی داهێنان. باڵنده‌ی ده‌ریا، لالۆ ڤانیا، باخی گێلاس و سێ خوشک نموونه‌یه‌کی به‌رزی قۆناغی دووه‌می شانۆنامه‌کانی چێخه‌فن.
گۆڕانکاری و به‌ره‌وپێشه‌وه چوونه ئاساییه‌که‌ی هێڵ و پێودانگه درامییه‌کان له‌لای چێخه‌ف ته‌نها گه‌وهه‌ر و هه‌ڵسوکه‌وت و ڕه‌فتاری کاره‌کته‌ره‌کان ناگرێته‌وه، به‌ڵکو له په‌یوه‌ندییه‌کانیاندا: به‌وانیتره‌وه، به خۆیانه‌وه و به ژیانیشه‌وه ده‌گرێته‌وه. له‌م نێوه‌نده‌شدا ڕاستگۆیی به هه‌موو ماناکانییه‌وه، بێ پێچوپه‌نا، له هه‌موو دیمه‌نێک له دیمه‌نه‌کانی شانۆنامه‌کانیدا ده‌بینرێت.
سیمای شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف وه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئاماژه‌مان بۆ کردووه، ئه‌تمۆسفێرێکی تاریکی هێدی که دڵه‌ڕاوکێ، ناخۆشی، بێزاری، دڵته‌نگی، قێزلێکردنه‌وه، نائومێدی و ون بوون له‌خۆده‌گرێت، ئه‌م سیمایانه‌ش هه‌موویان پێکه‌وه هاوکارن، پێکداده‌چن، دژی یه‌کتر ده‌وه‌ستنه‌وه و به شێوازێکی ناڕاسته‌وخۆ یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن و ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌که به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌به‌ن.
چێخه‌ف به شێوه‌یه‌کی سروشتی، ساکار و وه‌ستایانه ڕووداو و چینه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگا له ده‌وری ڕووداوه سه‌ره‌کییه‌که‌ی شانۆنامه‌کانی کۆده‌کاته‌وه، دوای ئه‌وه یه‌ک له‌دوای یه‌ک په‌رده له‌ڕووی بابه‌ت و هه‌ڵوێسته درامییه‌کانی ڕووداوه‌کان لاده‌بات، به‌م شێوه‌یه‌ش گرێ درامییه‌کان و په‌یوه‌ندییه مرۆڤایه‌تیه‌کان دروست ده‌کات، ڕیتمێکی مۆسیقی ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌ی نێوان شێوه و ناوه‌ڕۆک، دیمه‌نی ده‌ره‌وه و گه‌وهه‌ره قووڵه شاراوه‌که‌ی ده‌کات.
3
ئه‌نتوان چێخه‌ف له ساڵی 1860 دا له ئۆکراینا له‌دایک بووه، باوکی بازرگان بووه و مرۆڤێکی بێ به‌زه‌یی و توندوتیژ بووه له‌گه‌ڵ خانه‌واده و منداڵه‌کانیدا. چێخه‌ف له یه‌کێک له نامه‌کانیدا سه‌باره‌ت به باوکی ووتوویه‌تی:'' هه‌موو به‌یانییه‌ک که له خه‌و هه‌ڵئه‌ستام، یه‌که‌م شت که بیرم لێ ئه‌کرده‌وه‌ئه‌وه بوو: ئاخۆ ئه‌مڕۆ لێدان ئه‌خۆم!''
له ساڵی 1875 دا باوکی نابووت ئه‌بێت و له ترسی قه‌رزه‌کانی و سزای به‌ندیخانه ڕائه‌کات بۆ مۆسکۆ و له‌وێ خۆی ده‌شارێته‌وه، دواتر خێزانه‌که‌شی ناچار ده‌بێت که خانووبه‌ره‌که‌یان بفرۆشن و بگه‌ڕینه‌وه بۆ مۆسکۆ. چێخه‌ف که ئه‌وکات قوتابی ئامۆژگای مامۆستایان ئه‌بێت، به ته‌نها ئه‌مێنێته‌وه و له ساڵی 1879 دا که قوتابخانه ته‌واو ده‌کات، ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مۆسکۆ و له‌وێ له کۆلیژی پزیشکی ده‌ست ده‌کات به خوێندن. له‌هه‌مانکاتدا ده‌سگیرۆیی ماڵه‌باوکی ده‌کات و یارمه‌تییان ده‌دات و ده‌ست به نووسینیش ده‌کات، له سه‌ره‌تادا به دیمه‌نی کورتی کۆمیدی و دواتریش به کورته چیرۆک، ئه‌م نووسینانه له گۆڤاره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا و به‌ناوی خوازراوه‌وه بڵاوده‌کاته‌وه.
چێخه‌ف له ساڵی 1884 ه‌وه وه‌ک پزیشک کارده‌کات و نۆڤلێته‌کانی بڵاوده‌کاته‌وه، به‌ڵام زیاتر له ساڵی 1886 ه‌وه به‌ناوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیه‌وه، له گۆڤار و ڕۆژنامه گه‌وره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌ست ده‌کات به بڵاوکردنه‌وه. له ساڵی 1887 یشدا یه‌که‌م شانۆنامه‌که‌ی ئیڤانۆڤ له مۆسکۆ نه‌مایش ده‌کرێت، شانۆنامه‌ی ئیڤانۆڤ زیاتر هانی چێخه‌ف ئه‌دات که له شانۆ نزیک ببێته‌وه، له ساڵی 1888 دا چوار شانۆنامه‌ی یه‌ک په‌رده‌یی ده‌نووسێت و له‌هه‌مان ساڵدا خه‌ڵاتی پۆشکین وه‌رده‌گرێت.
چێخه‌ف له ساڵی 1891 دا گه‌شتێک به زوربه‌ی وڵاته ئه‌وروپییه‌کاندا ده‌کات، سه‌ره‌تا ده‌چێته ڤێنا، له‌وێوه ده‌ڕوات بۆ ڤینیسیا، فلۆرنس، رۆما، مۆنتیکارلۆ و پاریس. چێخه‌ف له ساڵی 1892 ه‌وه تا ساڵی 1897 وه‌ک پزیشک کاری کردووه و به‌شێوه‌یه‌کی چڕ سه‌رقاڵی مه‌سه‌له کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش بووه، یارمه‌تی جوتیاره‌کانی داوه، قوتابخانه‌ی دروستکردووه و به‌رده‌وامیش سه‌رگه‌رمی نووسین بووه. له ساڵی 1894 یشه‌وه باری ته‌ندروستی زۆر خراپ ئه‌بێت، له هه‌مان ساڵدا و بۆ جاری دووه‌م سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌کات. چێخه‌ف به چاوی ڕێز و خۆشه‌ویستیه‌وه سه‌یری تۆڵستۆی کردووه و له ساڵی 1895 دا به تایبه‌تی سه‌ردانی ده‌کات.
له ساڵی 1896 دا شانۆنامه‌ی باڵنده‌ی ده‌ریا له شاری سان پیته‌ربۆرگ نه‌مایش ده‌کرێت، شانۆنامه‌که سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنێ، ئه‌مه‌ش چێخه‌ف زۆر نیگه‌ران ده‌کات و بیر له دوورکه‌وتنه‌وه له شانۆ ده‌کاته‌وه. له ساڵی 1897 دا چه‌ندین ڕووداوی گرنگ ڕووده‌دات، سه‌ره‌تا ستانیسلاڤیسکی و فلادیمێر نیمیرۆفیتش داتنشکۆ شانۆی هونه‌ر له مۆسکۆ داده‌مه‌زرێنن، چێخه‌ف باری ته‌ندروستی زۆر خراپ ده‌بێت و له نه‌خۆشخانه ده‌که‌وێت، هه‌ر له‌م ساڵه‌شدا شانۆنامه‌ی لالۆ ڤانیا له‌گه‌ڵ شانۆنامه‌کانی تری‌دا له دووتوێی به‌رگێکدا بڵاوده‌کاته‌وه. باوکی چێخه‌ف له ساڵی 1898 دا ده‌مرێت، به‌ڵام کۆمه‌ڵێ رووداوی گرنگی تر هه‌ر له‌م ساڵه‌دا له ژیانی چێخه‌فدا ڕووده‌دات، بۆ نموونه پارچه زه‌وییه‌ک له نیوه‌دوورگه‌ی کرێم و له شاری یاڵتا ده‌کڕێت، خانوویه‌کی گه‌وره‌ی به به‌ردی سپی له‌سه‌ر دروست ده‌کات، ئه‌و خانووبه‌ره‌یه دواتر به خانووه سپییه‌که ده‌ناسرێت و ئێستا مۆزه‌خانه‌یه. هه‌ر له‌م ساڵه‌دا شانۆی هونه‌ر شانۆنامه‌ی باڵنده‌ی ده‌ریا به سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌وه پێشکه‌ش ده‌که‌ن و چێخه‌فیش ئۆلگا کینپه‌ری ئه‌کته‌ر ده‌ناسێت. ساڵی دواتر و له‌به‌ر باری ته‌ندروستی به ته‌واوه‌تی له خانووه سپییه‌که‌ی له یاڵتا جێگیر ده‌بێت، له نزیکه‌وه مه‌کسیم گۆرکی ده‌ناسێ و شانۆی هونه‌ریش شانۆنامه‌ی لالۆ ڤانیا نمایش ده‌کات.
له ساڵی 1900 دا چێخه‌ف به ته‌نیا له یاڵتا ده‌ژی و له‌هه‌مانکاتدا خه‌ریکی نووسینی شانۆنامه‌یه‌کی نوێش ده‌بێت، ستانیسلاڤیسکی له په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وامدا ده‌بێت له‌گه‌ڵ چێخه‌فدا و ده‌یه‌وێت به زووترین کات ئاو شانۆنامه‌یه ته‌واو بکات، چێخه‌ف له نامه‌یه‌کیدا ده‌نوسێ:( شانۆنامه‌که له ئه‌تمۆسفێرێکی سه‌ربازیدا ڕووئه‌دات و چوار ڕۆڵی سه‌ره‌کی بۆ ئافره‌ت له‌خۆده‌گرێت. ) چێخه‌ف له 23 ی مانگی ئۆکتۆبه‌ردا ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مۆسکۆ و له شانۆی هونه‌ر یه‌که‌م ده‌سنووسی شانۆنامه‌ی سێ خوشک بۆ ئه‌ندامان و ئه‌کته‌ره‌کانی شانۆی هونه‌ر ده‌خوێنرێته‌وه و چێخه‌فیش له کۆتایی مانگی دێسه‌مبه‌ری هه‌مان ساڵدا به‌ته‌واوه‌تی شانۆنامه‌که ته‌واو ده‌کات.
له 31 ی مانگی یانیوه‌ری ساڵی 1901 دا شانۆی هونه‌ری مۆسکۆ، شانۆنامه‌ی سێ خوشک پێشکه‌ش ده‌کات، چێخه‌ف له‌م کاته‌دا له ئیتاڵیاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یاڵتا و هیچ ته‌له‌گرامێکی به‌ده‌ست ناگات، ئه‌مه‌ش وا له چێخه‌ف ده‌گه‌یه‌نێ که شانۆنامه‌ی سێ خوشک له مۆسکۆ سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناوه. چێخه‌ف تا به‌ته‌واوه‌تی له ناوه‌ڕاستی مانگی فێبریوه‌ریدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یاڵتا، نازانێ که شانۆنامه‌که‌ی سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێناوه. هه‌ر له‌م ساڵه‌دا بڕیاری ته‌واوه‌تی خۆی ئه‌دات و له‌گه‌ڵ ئۆلگا کینپه‌ر زه‌ماوه‌ند ده‌گێڕێ، به‌ڵام باری ته‌ندروستی به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت.
چێخه‌ف له ساڵی 1904 دا دوا سه‌رکه‌وتنی خۆی له شانۆی هونه‌ری مۆسکۆ ده‌بینێ، شانۆنامه‌ی باخی گێلاس سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره به‌ده‌ست ده‌هێنێ، به‌ڵام چێخه‌ف به‌ته‌واوه‌تی بێ هێز ده‌بێت و نه‌خۆشییه‌که‌ی زۆری بۆ ده‌هێنێ، تا له 2 ی مانگی یولی ساڵی 1904 دا کۆچی دوایی ده‌کات.
4
سێ خوشکه‌که، ئۆلگا، ماشا و ئیرینا پێکه‌وه له‌گه‌ڵ براکه‌یان ئه‌ندرێی له شارێکی دووره‌ده‌ستی بچووکدا، دوای ئه‌وه‌ی که باوکیان وه‌ک ژه‌نه‌راڵ و سه‌رله‌شکر له مۆسکۆوه گوێزراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وێ ده‌ژین. ئێستا باکیان مردووه و هیچ شتێک وه‌ک جاران نه‌ماوه و ئه‌و خانه‌واده‌یه له‌سه‌ره ڕێگای ژیاندا به‌جێماون. پریشکی سوپا به‌رده‌وام به‌ر ماڵه‌که‌یان ده‌که‌وێت، ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌کان سه‌ردانیان ده‌که‌ن و ژیانیان قه‌ره‌باڵخ و داگیر ده‌که‌ن، وه‌کی تر ئه‌و سێ خوشکه و براکه‌شیان زیاتر باسی ئه‌وه ده‌که‌ن که ژیانیان بگۆڕن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ مۆسکۆ، تا سه‌رله‌نوێ و له‌وێ ژیانیان ده‌ست پێبکه‌نه‌وه.
که ئه‌ندرێی براشیان ناتالیا ده‌خوازێ و ده‌یگوێزێته‌وه ناو ماڵه‌که، ژیانی هه‌ر سێ خوشکه‌که به‌ته‌واوه‌تی ده‌گۆڕدرێت. ئه‌ندرێی پاره‌کانی ئه‌دۆڕێنێ و خوشکه‌کانیشی ده‌سه‌ڵاتیان که‌متر و که‌متر ده‌بێته‌وه و توانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌ندرێیان نامێنێت.
5
جگه له سێ خوشکه‌که، ئه‌ندرێی و نه‌تالیا دوو کاره‌کته‌ری تر ڕۆڵێکی گه‌وره و له‌به‌رچاویان له شانۆنامه‌ی سێ خوشک دا هه‌یه، ئه‌م دوو کاره‌کته‌ره‌ش هه‌رگیز ده‌رناکه‌ون، یه‌که‌میان پرۆزۆرۆڤی باوکی ئه‌ندرێی و سێ خوشکه‌که‌یه، پرۆزۆرۆڤ سه‌رکرده‌ی به‌تالیۆنێکی سه‌ربازی بووه و که شانۆنامه‌که ده‌ست پێده‌کات، ئه‌و ساڵێکه مردووه. دووه‌میان پڕۆتۆپۆپۆڤ، پارێزگاری شاره‌که یا‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری گونده‌کانه، ئه‌م که‌سایه‌تییانه کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆیان هه‌بووه و هه‌یه به‌سه‌ر ژیان و چاره‌نووسی کاره‌کته‌ره‌کان و ڕه‌وتی ڕووداوه‌کانه‌وه. پرۆزۆرۆڤی باوکیان هه‌ر له سه‌ره‌تای شانۆنامه‌که‌وه ده‌رده‌که‌وێت و بوونێکی ئاماده و به‌هێزی هه‌یه.
ئۆلگا
ئیرینا، باوکم ساڵیکی ته‌واو له‌مه‌وبه‌ر، له‌م ڕۆژه‌دا له پێنجی مایسی پاردا و له ڕۆژی بیره‌وه‌ری له‌دایکبوونی تۆدا مرد. ڕۆژێکی سارد بوو و به‌فر ئه‌باری. من وام ئه‌زانی به‌رگه‌ی ئه‌مه ناگرم. تۆ بێ هۆش که‌وتبووی و وه‌ک مردوو وابووی ... به‌ڵام وا ساڵێک تێپه‌ڕی و ئێستا له‌سه‌رخۆ یادی ئه‌که‌ینه‌وه.
شانۆنامه‌ی ''سێ خوشک''
په‌رده‌ی یه‌که‌م
جه‌نه‌راڵ پرۆزۆرۆڤ پلانی گه‌وره‌ی بۆ پاشه‌ڕۆژی منداڵه‌کانی هه‌بووه، بۆ نموونه فێری زمانه‌کانی فه‌ڕه‌نسی، ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی کردوون، ئیرینا ته‌نانه‌ت ئیتاڵییش ده‌زانێ و هه‌ر له‌سه‌ر داخوازی ئه‌و ئه‌ندرێی ڕێگای بواری ئه‌کادیمیی هه‌ڵبژاردووه و باوکی خوازیار بووه که ئه‌ندرێی ببێته پرۆفیسۆر.
که باوکیان جه‌نه‌راڵ و سه‌رکرده‌ی له‌شکری ئه‌و شاره بووه، کاریگه‌ری و مانایه‌کی گرنگی له‌دوای خۆیه‌وه بۆ هه‌موو شانۆنامه‌که به‌جێهێشتووه، ئه‌و ئێستا مردووه، به‌ڵام سه‌رباز، ئه‌فسه‌ر و هه‌موو لیوای شاره‌که بوونێکی ڕاسته‌وخۆیان له ماڵه‌که‌دا هه‌یه و کاریگه‌رییان به‌سه‌ر هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کانه‌وه هه‌یه و ڕه‌وه‌تی چاره‌نووس و پێگه‌ی ژیان و گوزه‌رانیان به‌رجه‌سته ده‌کات.
جگه له ژیانی سه‌ربازی، شارێکی بچووکی دووره‌ده‌ستی ڕووسیا بنه‌ما گرنگه‌کانی ژیانی خێزانی بنه‌ماڵه‌ی پرۆزۆرۆڤ پێکده‌هێنێ. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی باوکیان مردووه خه‌ون و حه‌زه گه‌وره‌کانی هه‌ر سێ خوشکه‌که ئه‌وه‌یه که بگه‌ڕێنه‌وه بۆ مۆسکۆ. مۆسکۆ ته‌نها شارێک یا‌ن پانتاییه‌کی جوگرافی نییه بۆ ئه‌و سێ خوشکه، به‌ڵکو سمبوڵێکه، سمبوڵی ڕابردوو، ئه‌و کاتانه‌ی که هه‌موو ده‌رگاکان کراوه بوون، ژیان ڕووناک و خه‌نده‌ی پێکه‌نین ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی پێی به‌خشیبوون.
سوپا هێماگه‌لی چاکه، خۆشی، ژیانێکی گه‌رم و پر له مانا و گوزه‌رانێکی بۆرژوازی و زیندوو، له‌هه‌مانکاتدا ئه‌تمۆسفێرێکی پۆزه‌تیفه، به‌ڵام شاره بچووکه‌که هێماگه‌لی دڵته‌نگی، به‌رته‌سکی، بێ مانایی و جیهانێکی نێگه‌تیفه، له‌نێو ئه‌م دوو جیهانه‌شدا کاره‌کته‌ره‌کان له په‌یوه‌ندییه‌کی بازنه‌ییدا ده‌سوڕێنه‌وه، کاره‌کته‌ره‌کان له ده‌روازه‌کانی په‌یوه‌ندییه‌کانیانه‌وه به سێ خوشکه‌که، ڕه‌نگ و ئاستی که‌سایه‌تییه‌کانیان وه‌رده‌گرن، هه‌ر سێ خوشکه‌که و ئه‌ندرێی برایان و به‌هۆی کاره‌که‌ی باوکیانه‌وه، زۆر له نزیکه‌وه له‌گه‌ڵ له‌شکر و ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌کاندا ژیاون، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه مردنی باوکیان ته‌نها مردنی جه‌سته‌ی مرۆڤێک نییه، به‌ڵکو نه‌مانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ڕاسته‌وخۆیه‌شه به سوپاوه و به‌م شێوه‌یه‌ش جه‌مسه‌رێکی گرنگی په‌یوه‌ندییه‌کان به دنیای ده‌ره‌وه پچڕاوه. له‌دوای مردنی باوکیانه‌وه له توزینباخ و سه‌لیۆنی زیاتر که‌سی تر سه‌ردانیان ناکات و ئه‌م دووانه‌ش هه‌ردوکیان دڵیان به ئیریناوه‌یه. بێگومان مردنی پڕۆزۆرۆڤ هه‌موو خێزانه‌که‌ی له چه‌قی ڕووداوه‌کان، په‌یوه‌ندی و گرنگیپێدانه‌وه گواستۆته‌وه بۆ په‌راوێز، ئه‌و جیهانه‌شی که سێ خوشکه‌که و ئه‌ندرێی تیا ده‌ژی، له کۆتاییدا ده‌بێته دیمه‌نێکی تێکشکاو: نه‌تالیا، ژنه‌که‌ی ئه‌ندرێی ده‌ست به‌سه‌ر ماڵه‌که‌دا ده‌گرێت، ئۆلگای ناچارکردووه بگوێزێته‌وه، ماشا نایه‌وێت جارێکی تر بۆ ئه‌و ماڵه بێته‌وه، ئیرینا ده‌بێته مامۆستا و له ماڵه‌که‌یان ئه‌گوێزێته‌وه، ئه‌ندرێی که ده‌بوایه ببوایه به پڕۆفیسۆر، ئێستا مووچه‌خۆرێکی بچوکی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گونده‌کانه و به باخچه‌که‌دا پاڵ به عه‌ره‌بانه‌ی منداڵێکه‌وه ده‌نێت که نه‌تالیا ی ژنی له که‌سێکی تر بوویه‌تی و له ماڵه‌که‌شدا له ژوورێکی بچووکی ته‌نهادا ده‌گیرسێته‌وه و که‌مانچه ده‌ژه‌نێ. ته‌نانه‌ت شاره بچوکه‌که‌ش چۆڵ و هۆڵ بووه و لیوا سه‌ربازییه‌که گواستوویانه‌ته‌وه و شاریان جێهێشتووه.
6
کاره‌کته‌ره پۆزه‌تیفه‌کان له سێ خوشکه‌که‌وه نزیکن، تێکڕا هه‌موویان خه‌ون ئه‌بینن و فه‌لسه‌فه لێ ئه‌ده‌ن و که‌متر کرداریان هه‌یه، یا‌ن هیچ کارێکیان نییه. کاره‌کته‌ره نێگه‌تیفه‌کانیش به‌ده‌ست و بردن، کرداریان دیاره، پڕۆتۆپۆپۆڤ کلیلی زوربه‌ی ڕووداوه‌کانه و کاریگه‌رییه‌کی خراپی به‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕووداوه‌کانه‌وه هه‌یه، کوڵیگین وه‌ک مامۆستایه‌ک ئه‌رکه‌کانی خۆی جێبه‌جێ ده‌کات، سه‌لیۆنی بارۆن ده‌کوژێت و نه‌تالیاش، ژنه‌که‌ی ئه‌ندرێی که‌سێکی خۆپه‌رسته و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی هه‌ر سی خوشکه‌که‌یه. نه‌تالیا به سه‌ربه‌ستی به‌چوارده‌وری خۆیدا هه‌ڵده‌سوڕێ و ڕه‌وڕه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان ئه‌بات به‌ڕێوه، هه‌رچه‌نده کاره‌کته‌رێکی نێگه‌تیفه، به‌ڵام وزه و هێزێکی گه‌وره‌ی تێدایه و هه‌نگاو و بڕیاری چاونه‌ترسانه ئه‌دا. نه‌تالیا به‌ڕه له‌ژێرپێی خوشکه‌کان ده‌ردێنێ و له ماڵه‌که‌یان ده‌رده‌په‌ڕێنێ، ناپاکی له ئه‌ندرێی ده‌کات و له‌ژیانی خۆی به‌ولاوه هیچیتری به‌لاوه گرنگ نییه.
چێخه‌ف ته‌کنیکێکی تایبه‌تمه‌ند له دروستکردنی که‌سایه‌تییه‌کانیدا به‌کارده‌هێنێ، بۆ نموونه هه‌ندێ له کاره‌کته‌ره‌کان، به‌رله‌وه‌ی له‌سه‌ر شانۆ ده‌ربکه‌ون، له‌سه‌ر زاری کاره‌کته‌ره‌کانی تره‌وه پێشکه‌ش ده‌کات، به‌م شێوه‌یه‌ش بارێکی چاوه‌ڕوانی سه‌باره‌ت به‌و که‌سایه‌تییه له‌لای بینه‌ران ده‌خوڵقێنێ، هه‌ندێ جاریش په‌یوه‌ندییه‌کی تایبه‌تی له‌نێوان ئه‌و که‌سه‌ی قسه ده‌کات و ئه‌وه‌ی که دواتر ده‌رده‌که‌وێت دروست ده‌کات و کاره‌کته‌ره‌کان چ له‌ناو خۆیان و چ له‌لای بینه‌ران نامۆ نا‌بێت.
ئه‌م ته‌کنیکه له شانۆنامه‌ی سێ خوشکدا به ئاشکرا دیاره، سه‌لیۆنی، ڤێرشینین و نه‌تالیا پێش ده‌رکه‌وتنیان با‌سیان ده‌کرێت. چ خوێنه‌ر و چ بینه‌رانیش وێنه‌یه‌کی ته‌واوه‌تی نه‌تالیا، به‌رله‌وه‌ی ده‌ربکه‌وێت، وه‌رده‌گرن و هه‌ر سێ خوشکه‌که به نێگه‌تیفی باسی ده‌که‌ن.
نموونه‌ی یه‌که‌م:
توزینباخ
.... له‌بیرم نه‌بوو، ئه‌مڕۆ ڤێرشینینی سه‌رکرده‌ی تازه‌ی به‌تالیۆنه‌که‌مان دێ به میوانیتان ( لای پیانۆکه‌وه ده‌وه‌ستێ )
ئۆلگا
ئینجا چییه؟ .... من به‌مه کامه‌رانم!
ئیرینا
پیره؟
توزینباخ
نه‌ء، خراپ نییه. ته‌مه‌نی زۆر زۆر بێ چل ساڵ، چل و پێنج ساڵ ئه‌بێ ( له‌سه‌رخۆ ئاوازی گۆرانییه‌که ئه‌ڵێ ) گومانی تێدا نییه که پیاوێکی به‌توانا و ژیره، به‌ڵام زۆربڵێیه!
شانۆنامه‌ی سێ خوشک
په‌رده‌ی یه‌که‌م
نموونه‌ی دووه‌م
ماشا
ئای ئه‌و خانمه جلی چۆن له‌به‌رئه‌کا! ناڵێم جله‌کانی جوان نین یا‌ن مۆده‌یان به‌سه‌رچووه، به‌ڵام ڕێک پۆش نییه. ته‌نووره‌یه‌کی سه‌یری زه‌ردی کراوه‌ی په‌راوێزه‌دار و بلووزێکی سوور له‌به‌رئه‌کا. کوڵمه‌کانیشی هێنده شتوه و سوه‌ته‌وه بریقه‌یان دێ. نابێ ئه‌ندرێی حه‌زی لێ کردبێ، من ڕێگای ئه‌مه ناده‌م.
شانۆنامه‌ی سێ خوشک
په‌رده‌ی یه‌که‌م
به‌ڵام که نه‌تالیا دێته ناو ئه‌م خێزانه‌وه، هه‌ر زوو ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر ماڵه‌که‌دا، له ڕێگای ئه‌ندرێی شه‌وه خۆی به‌سه‌ر هه‌ر سێ خوشکه‌که‌دا زاڵ ده‌کات و منداڵه‌که‌شی (بوبیک) وه‌ک چه‌کێک دژی هه‌موویان به‌کارده‌هێنێ.
نه‌تالیای ژنی ئه‌ندرێی که به نه‌تاشاش ده‌ناسرێ له ڕووداوی دووه‌مدا داوا له ئه‌ندرێی ده‌کا که له‌گه‌ڵ ئیرینا بدوێت بۆ ئه‌وه‌ی ژووره‌که‌ی خۆی چۆڵ بکات و بچێته لای ئۆلگا تا بوبیک له ژووره‌که‌ی ئه‌و بنوێت، چونکه ئه‌و ژووره زۆر باشه بۆ منداڵ.
نه‌تاشا
... له‌شی بوبیک سارده، ترسم لێ نیشتووه، ڕه‌نگه ژووره‌که‌ی سارد بێ، ئه‌بێ هیچ نه‌بێ تا هاوین بیبه‌ینه ژوورێکی تر، ژووره‌که‌ی ئیرینا بۆ منداڵ زۆر باشه، وشکه و به درێژایی ڕۆژ تیشکی خۆری تێدایه، ئه‌بێ پێی بڵێین. ئه‌و ئه‌توانێ جارێ له‌گه‌ڵ ئۆلگادا له ژوورێکدا بنوون، خۆ به ڕۆژ له ماڵ نییه و هه‌ر بۆ نوستن دێته‌وه.
شانۆنامه‌ی سێ خوشک
په‌رده‌ی دووه‌م
له په‌رده‌ی سێیه‌مدا ئۆلگا و ئیرینا له یه‌ک ژووردا ده‌ژین، له په‌رده‌ی چواره‌میشدا ئۆلگا ماڵه‌که‌ی به‌جێهێشتووه، له کۆتایی ئه‌م په‌رده‌یه‌شدا ئیریناش ده‌گوێزێته‌وه و ماشاش بریار ئه‌دات که هه‌رگیز نه‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و ماڵه.
نه‌تالیا له په‌رده‌ی یه‌که‌مدا وه‌ک ئافره‌تێکی شه‌رمنی دوودڵ و نادڵنیا ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام ورده ورده ده‌بێته خانمی یه‌که‌می ماڵه‌که و به ده‌ستێکی پۆڵایین ڕه‌فتار ده‌کات و به‌ئاشکرا بۆته دۆستی پڕۆتۆپۆپۆڤ که کچه بچووکه‌که‌شیان (سۆقۆچکا) هه‌ر له‌وه. به‌هێزی نه‌تالیا به‌هێزییه‌ک نییه که له جه‌سته و ڕه‌فتاری ئه‌ودا بێت، ئه‌و به‌و شێوه‌یه له‌دایک نه‌بووه، به‌ڵکو نه‌تاشا هێزی خۆی له بێ هێزیی ئه‌ندرێی و ڕه‌فتاری هه‌ر سێ خوشکه‌که‌یه‌وه وه‌رده‌گرێ، ئه‌م بێ ده‌سه‌ڵاتییه‌ی ئه‌ندرێی و خوشکه‌کانی و هه‌وڵی به په‌راوێزکردنی نه‌تالیا وا له‌م ئافره‌ته ده‌کات که کاردانه‌وه‌یه‌کی به‌هێزی هه‌بێت و له‌هه‌مانکاتدا پێگه‌شی به‌هێز ده‌کات. که نه‌تالیا له‌به‌رچاوی ئۆلگا له‌له پیره ته‌مه‌ن هه‌شتا ساڵییه‌که تڕ‌ۆ ده‌کات، مه‌به‌ستی تڕۆکردنی ئۆلگایه، ئه‌و پیرێژنه (ئه‌نفیسا) له ساڵانێکی زۆر له‌وه‌وبه‌ره‌وه له‌و ماڵه‌دا کارده‌کات و هه‌ر خۆیشی سێ خوشکه‌که و ئه‌ندرێی په‌روه‌رده کردووه.
نه‌تاشا
به‌ڵێ ... ڕه‌نگه زۆر ژاکابم! ( له‌به‌ر ئاوینه‌که‌دا ) ئه‌ڵێن قه‌ڵه‌و بووم، ڕاست نییه ... یه‌ک تۆز چییه قه‌ڵه‌و نه‌بووم ... ماشا نوستووه، به‌سته‌زمانه زۆر ماندووه. ( به ساردییه‌وه بۆ ئه‌نفیسا ) تۆ له‌به‌ر چاوی من نابی دانیشی، هه‌سته .... لاچۆ لێره. ( ئه‌نفیسا ئه‌چێته ده‌رێ. بێ ده‌نگییه‌ک ) تێ ناگه‌م، تۆ ئه‌م پیرێژنه‌ت بۆچی ڕاگرتووه؟
ئۆلگا
( به په‌له ) ببووره، منیش تێ ناگه‌م!
نه‌تاشا
بوونی هیچ پێویست نییه ... ئه‌و جوتیاره و پێویسته له لادێ بژی ... بۆچی ئه‌وه‌نده‌تان داوه به ده‌میه‌وه؟ من حه‌زم له ماڵی ڕیک و پێکه ... ( ده‌ست به ڕوومه‌تیدا دێنێ ) به‌سته‌زمان، تۆ ماندووی! به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌مان ماندوه ... که سۆقۆچکای کچم گه‌وره بوو و هاته قوتابخانه‌که‌ت، ئه‌وسا لێت ئه‌ترسم!
شانۆنامه‌ی سێ خوشک
په‌رده‌ی سێیه‌م
له‌نێو کاره‌کته‌ره‌کانی شانۆنامه‌ی سێ خوشک دا، به‌تایبه‌تی که‌سایه‌تی ئه‌ندرێی، گۆڕانکارییه‌کی زۆری به‌سه‌ردا دێت، ئه‌ندرێی له هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانی تر، به‌تایبه‌تیش سێ خوشکه‌که، توشی کاره‌ساتی ده‌روونی و بێ هیوایی ده‌بێت. له په‌رده‌ی یه‌که‌مه‌وه که که‌مانچه ده‌ژه‌نێ، خه‌ون ده‌بینێ و خوازیاره ببێته پرۆفیسۆر و له‌بواری زانست‌دا بڕوانامه‌ی گه‌وره به‌ده‌ست بهێنێ، تا په‌رده‌ی چواره‌م که به‌ته‌واوه‌تی ڕووخاوه، موچه‌خۆرێکی بچوکه و ده‌روون و ڕۆح و جه‌سته‌ی هیلاکن و له باخچه‌که‌دا به عه‌ره‌بانه‌ی منداڵه‌که‌وه دێت و ده‌چێت، ماشای خوشکی به ئاشکرا ده‌ڵێ:( ئه‌ندرێی برامان هه‌موو ئاواته‌کانی تێک شکاون. )
7
زۆر کاره‌کته‌ری پزیشک له نۆڤلێت و شانۆنامه‌کانی چێخه‌فدا هه‌ن، له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ش بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌زموونی تایبه‌تمه‌ندی چێخه‌ف خۆی که له ڕاستیدا پزیشک بووه و ماوه‌یه‌کی زۆریش وه‌ک پزیشک کاری کردووه. که‌سایه‌تی پزیشک له‌لای چێخه‌ف ئه‌و که‌سه‌یه که به سه‌ربه‌ستی و به‌بێ جیاوازی چینایه‌تی و هه‌موو جیاوازییه‌کانی تر، ده‌توانێ بچێته هه‌موو ماڵێکه‌وه، پزیشک هیچ سنوورێکی نییه و چێخه‌فیش ئه‌م سه‌ربه‌ستییه‌ی کار و پیشه‌ی پزیشک وه‌ک جۆکه‌رێک به‌کارده‌هێنێ و هه‌ندێ جار نهێنی زوربه‌ی چینه‌کانی کۆمه‌ڵگای له‌لایه، بۆ نموونه له هه‌موو شانۆنامه‌کانی چێخه‌فدا، جگه له باخی گێلاس کاره‌کته‌رێکی پزیشک هه‌یه، ئه‌م کاره‌کته‌رانه یا‌ن ئه‌وه‌تا ڕاسته‌وخۆ به‌شداری ڕووداوه‌کانن و ڕۆڵێکی گرنگیان له به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی ململانێکاندا هه‌یه، یا‌ن ئه‌وه‌تا چاودێرێکی وردن.
دوا پزیشکی شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف چیبووتیکینه، پیره پزیشکێکی سوپایه و به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان کۆکردنه‌وه‌یه‌کی یا‌ن به‌رئه‌نجامێکی کۆتایی پزیشکه‌کانه. پزیشکه‌کانی نێو شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف له‌گه‌ڵ چێخه‌ف ده‌چنه ته‌مه‌نه‌وه و پیر ده‌بن، چیبووتیکینیش دوا پزیشک و به‌ته‌مه‌نترین پزیشکی شانۆنامه‌کانی چێخه‌فه. چیبووتیکین مرۆڤی قسه هێنانه‌وه‌یه و هه‌موو بوون و جیهان ده‌خاته ژێر تێڕامانه‌وه و ته‌نانه‌ت له په‌رده‌ی سێیه‌میشدا بوونی خۆشی وه‌ک پزیشک و ده‌وروبه‌ره‌که‌شی ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.
چیبووتیکین
هه‌مووتان به له‌عنه‌ت بن ... سندانم لێ دان ... هه‌رایه ... وامئه‌زانی دوکتۆرم و ئه‌توانم چاره‌ی هه‌موو نه‌خۆشییه‌ک بکه‌م، که‌چی هیچ نازانم ... هه‌موو شتێکم بیرچۆته‌وه ... هه‌رچیم زانیوه هه‌موویم له‌بیرچۆته‌وه، هیچم له‌بیرنه‌ماوه. ( بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست پێ بکا ئۆلگا و نه‌تاشا ئه‌چنه ده‌رێ ) شه‌یتان به له‌عنه‌ت بێ ... چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو له زاسیپ ژنێکم تیمار ئه‌کرد، که‌چی مرد .... من تاوانبارم، به‌ڵێ، بیست و پێنج ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر هه‌ندێ شتم ئه‌زانی، به‌ڵام هیچم له‌بیرنه‌ماوه ... هیچ ... باشه، به‌ڵکو من مرۆڤ نه‌بم و به‌خۆڕایی وا خۆم پیشان بده‌م که ده‌ست و قاچ و سه‌رم هه‌یه ... به‌ڵکو له ڕاستیدا من هه‌ر نه‌بم و وا بزانم دێم و ئه‌چم و ئه‌خۆمه‌وه! ( ئه‌گری ) ئاخ، خۆزگه هه‌ر نه‌بوومایه. ( ژیر ئه‌بێته‌وه و به تووڕه‌ییه‌وه ) شه‌یتان ئه‌زانێ ... سێ ڕۆژه له یانه هه‌رایه و باسی شه‌کسپیر و ڤۆڵته‌ر ئه‌که‌ن ... من نه‌مخوێندوونه‌ته‌وه و هیچیان ده‌رباره نازانم. که‌چی خۆم وا پیشان ئه‌دا که خویندوومنه‌ته‌وه ... ئه‌وانی تریش هه‌روه‌کو من بوون ... ئه‌مه نزمییه. ئه‌و ژنه‌شم هاته‌وه به‌رچاو که چوارشه‌ممه کوشتم و له‌به‌رچاوم ون نه‌ئه‌بوو ... دڵم گیراوه، ئه‌مه ناڕه‌وایه، کارێکی چه‌وته، تاوانه.
شانۆنامه‌ی سێ خوشک
په‌رده‌ی سێیه‌م
ئه‌م کاره‌کته‌ره مه‌ی به چاره‌سه‌ر ده‌زانێت و له‌پشت سنووره‌کانی به‌دمه‌ست بوونه‌وه خۆی ده‌شارێته‌وه، هه‌ندێک جار به هه‌ستێکی گه‌وره خۆشه‌ویستی بۆ سێ خوشکه‌که و به‌تایبه‌تی بۆ ئیرینا ده‌رده‌بڕێ، یا‌ن گوێ ناداته هیچ و هه‌ندێ جار په‌رده له ڕووی ڕاستییه‌کان هه‌ڵده‌ماڵێ و توندوتیژه، بۆ نموونه له په‌رده‌ی چواره‌مدا، به‌م شێوه‌یه ئامۆژگاری ئه‌ندرێی ده‌کات.
چیبووتیکین
.... براکه‌م، من به‌یانی ئه‌ڕۆم و ڕه‌نگه ئیتر هه‌رگیز جارێکی تر یه‌کتری نه‌بینینه‌وه، به‌ڵام ئه‌م ئامۆژگارییه‌ی منت له‌بیربێ: شه‌بقه‌که‌ت بکه‌ره سه‌رت و گۆچانه‌که‌ت بگره به ده‌ستته‌وه و ماڵ به‌جێ بێڵه و بڕۆ ... بێ ئاوڕدانه‌وه بڕۆ، هه‌تا دوورتریش بڕۆی باشتره!
شانۆنامه‌ی سی خوشک
په‌رده‌ی چواره‌م
هه‌ر چیبووتیکین په‌رده له‌سه‌ر ئه‌و نهێنییه هه‌ڵده‌ماڵێ که هه‌موو ئه‌یزانن، به‌ڵام که‌س ناوێرێ، یا‌ن نایه‌وێ ڕاسته‌وخۆ باسی بکات، ئه‌ویش په‌یوه‌ندییه‌کانی نه‌تاشایه به پڕۆتۆپۆپۆڤه‌وه.
چیبووتیکین له‌کاتێکدا ئه‌م نهێنییه ئاشکرا ده‌کات که کاتژمێره دێرینه‌که‌ی دایکی سێ خوشکه‌که ده‌شکێنێ، شکاندنی ئه‌م کاتژمێره‌ش له‌گه‌ڵ ئاشکراکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نه‌تاشا و پرۆتۆپۆپۆڤ سمبوڵی شکاندنی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تی، مرۆڤایه‌تی و داوێن پیسییه.
چیبووتیکین
ڕه‌نگه هی دایکت بووبێ ... ئینجا با هی دایکت بووبێ. ڕه‌نگیشه من نه‌مشکاندبێ، به‌ڵکو وا هاتبێته به‌رچاو که من شکاندوومه. وا بزانم هه‌موومان هه‌ر وا تێ ئه‌گه‌ین که ئێمه هه‌ین و که‌چی له ڕاستیشدا نین. من هیچ نازانم ... که‌س هیچ نازانێ ( لای ده‌رگاکه‌وه ) بۆچی سه‌یرم ئه‌که‌ن؟ نه‌تاشا له‌گه‌ڵ پڕۆتۆپۆپۆڤدا ڕائه‌بوێرێ، که‌چی ئێوه نایانبینن ... ئێوه ئێستا لێره دانیشتوون و هیج نابینن. نه‌تاشا له‌گه‌ڵ پرۆتۆپۆپۆڤدا ڕائه‌بوێرێ.
شانۆنامه‌ی سێ خوشک
په‌رده‌ی سێیه‌م
چیبووتیکینی پیره پزیشک په‌یوه‌ندییه‌کی دێرین و توندوتۆڵی به بنه‌ماڵه‌ی پڕۆزۆرۆڤه‌وه هه‌یه و هه‌ر سێ خوشکه‌که و ئه‌ندرێی به به‌رچاوی ئه‌وه‌وه گه‌وره‌بوون. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می مۆسکۆ _ چیبووتیکین به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان په‌یوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویستی به دایکی سێ خوشکه‌که‌وه هه‌بووه و ئێستا به بیره‌وه‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندییه دڵخۆش ده‌بیت و هه‌ر به‌و بیره‌وه‌رییانه ده‌ژی.
چیبووتیکین
نه‌شمیله نازداره‌کانم، ئێوه به‌نرخترین و خۆشه‌ویستترین که‌سن له‌م جیهانه‌دا. ( بۆ ئیرینا ) نه‌شمیله‌که‌م، کۆرپه‌که‌م، من له ڕۆژی له‌دایکبوونته‌وه ئه‌تناسم ... جاران به باوه‌ش ئه‌مگێڕای و دایکی خوالێخۆشبووتم خۆش ئه‌ویست.
شانۆنامه‌ی سێ خوشک
په‌رده‌ی یه‌که‌م
چیبووتیکین به‌هه‌مان شێوه له په‌رده‌ی دووه‌میشدا به ئه‌ندرێی ده‌ڵێت:
چیبووتیکین
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیانم وه‌ک هه‌وره بروسکه تیژ و خێرا به‌سه‌رچوو، فریا نه‌که‌وتم ژن بهێنم. هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ژنم نه‌هێناوه چونکه دایکتم زۆر خۆش ئه‌ویست، هه‌رچه‌نده ژنی مێردداریش بوو!
شانۆنامه‌ی سێ خوشک
په‌رده‌ی دووه‌م
ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش چه‌ندین جاری تر دووباره ئه‌بێته‌وه و چیبووتیکین هه‌ر فرسه‌تێکی بۆ هه‌ڵ بکه‌وێت باسی خۆشه‌ویستی خۆی بۆ دایکی سێ خوشکه‌که ده‌کات، به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌مان ده‌ست ناکه‌وێت که ئایا دایکی سێ خوشکه‌که‌ش چیبووتیکینی خۆشویستووه یا‌ن خۆشه‌ویستییه‌که ته‌نها له‌لایه‌ن چیبووتیکینه‌وه بووه.
8
ئۆلگا کچی ژیانی ڕۆژانه‌یه، به‌رده‌وام کار ده‌کات و ژیانی گۆڕانکارییه‌کی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نایه‌ت. ئیرینا له سه‌ره‌تای شانۆنامه‌که‌دا وه‌ک باڵنده‌یه‌کی سپی ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت، خه‌ونه‌کانی نایه‌نه دی و له کۆتایی شانۆنامه‌که‌دا وه‌ک باڵنده‌یه‌کی باڵشکاو ئاماده‌یه سه‌رله‌نوێ ژیانی خۆی ده‌ست پێبکاته‌وه، ماشا له سه‌ره‌تادا جلوبه‌رگه‌کانی ڕه‌شه و ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان سمبوڵێکه و ماشای ( باڵنده‌ی ده‌ریا ) مان بیرده‌خاته‌وه. ماشا له شانۆنامه‌ی باڵنده‌ی ده‌ریادا جلوبه‌رگه‌کانی ڕه‌شه، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ک خۆی ده‌ڵێت له پرسه‌ی ژیانی خۆیدایه، به‌ڵام ماشا له شانۆنامه‌ی سێ خوشک دا له پرسه‌ی ژیانی خۆیدا نییه، به‌ڵکو زیاتر که‌سایه‌تییه‌کی سه‌رکه‌ش، یاخی و سه‌ربه‌سته. ماشا تاکه که‌سێکه که ده‌وێرێت و به ئاشکرا دژی داب و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌جوڵێته‌وه، بۆ نموونه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ژنی کوڵیگینه، به‌ڵام عاشقی ڤێرشینین ده‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌کی کراوه‌ی دڵداری له‌گه‌ڵدا دروست ده‌کات و گوێ به قسه‌ی خه‌ڵکی و ئابڕووچوون نادات. به‌ڵام ڤێرشینین له‌گه‌ڵ سوپاکه‌یان له‌و ناوه، یا‌ن له‌و شاره بچووکه ده‌گوێزنه‌وه و خه‌ون و هیواکانی ماشاش نایه‌نه دی و ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ژیانه ئاساییه‌که‌ی پێشووی و پۆشینی جلوبه‌رگه ڕه‌شه‌کانی.
کاره‌کته‌ره‌کانی شانۆنامه‌ی سی خوشک به‌رده‌وام خه‌ون به کار کردن و خۆشه‌ویستییه‌وه ده‌بینن، کارێک که مانایه‌ک به ژیان ببه‌خشێ و هیوایه‌ک به خۆشه‌ویستییه‌که‌وه که ژیانیان ئاسوده و به‌ختیار بکات. هه‌ندێ جار ئه‌م دوو خه‌ونه پێکدا ده‌چن و ده‌بنه یه‌ک، به هیوای گوزه‌رانێکی خۆش، هاوبه‌ش و خه‌ونێک به کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه که مرۆڤ بتوانێ خودی خۆی له واقیعدا بدۆزێته‌وه.
له‌هه‌ر چوار په‌رده‌که‌ی شانۆنامه‌ی سێ خوشک دا کاره‌کته‌ره‌کان به‌رده‌وام باسی کارکردن و گرنگی کارکردن ده‌که‌ن، بۆ نموونه هه‌ر له سه‌ره‌تای په‌رده‌ی یه‌که‌مدا ئیرینا باسی ئاسوده‌یی له کارکردن‌دا ده‌کات.
ئیرینا
که ئه‌م به‌یانییه خه‌به‌رم بوه‌وه و هه‌ستام و ده‌م وچاوم شت له‌پڕ وام هه‌ست کرد که هه‌موو شتێکی ئه‌م جیهانه‌م له‌لا ڕووناکه و ئه‌زانم ئه‌بێ چۆن بژیم. ئیڤان ڕۆمانیچی خۆشه‌ویست ... من هه‌موو شتێک ئه‌زانم، مرۆڤ هه‌رچییه‌ک بێ پێویسته کار بکا و به ئاره‌قی ناوچه‌وانی خۆی بژی، ئاوات و مانای ژیان له‌مه‌دایه. چه‌ند خۆشه کریکار بی و له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵاتندا له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان به‌رد بشکێنی، یا‌ن شوان بی، یا‌ن مامۆستا بی منداڵان فێری خوێندن بکه‌ی، یا‌ن شه‌مه‌نده‌فه‌ر لێخوڕی ئای خوایه، با مرۆڤیش نه‌بی، با گامێش بی یا‌ن ئه‌سپێکی ئاسایی بی هه‌ر به‌و مه‌رجه‌ی ئیش بکه‌ی و ژنێک نه‌بی سه‌عات دوازده‌ی نیوه‌ڕۆ له خه‌و هه‌ستی و له‌ناو جێگاکه‌دا قاوه بخۆیته‌وه و دوای دوو سه‌عات خه‌ریکی خۆگۆڕین بی ئای ئه‌مه شتێکی چه‌ند سامناکه. وه‌ک جۆن هه‌ندێ جار مرۆڤ له گه‌رمادا حه‌ز ئه‌کا بخواته‌وه منیش ئاوا حه‌ز ئه‌که‌م ئیش بکه‌م. ئیڤان رۆمانیچ، ئه‌گه‌ر له‌مه‌ودوا به‌یانیان زوو له خه‌و هه‌ڵنه‌ستم و ئیش نه‌که‌م هاوڕێیه‌تیم مه‌که!
شانۆنامه‌ی سێ خوشک
په‌رده‌ی یه‌که‌م
9
په‌رده‌ی سێیه‌می شانۆنامه‌که داده‌نرێت به خاڵی یه‌کاڵاکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌کان: له‌م په‌رده‌یه‌دا ئه‌ندرێی ددان به‌وه‌دا ده‌نێت که چه‌ند پاره‌ی دۆڕاندووه و تا چه‌ند که‌وتۆته ژێر باری قه‌رزه‌وه، هه‌ر له‌م به‌شه‌دا ماشا باسی عه‌شقی خۆی و ڤێرشینین بۆ خوشکه‌کانی ده‌کات و هه‌ر له‌م به‌شه‌شدا ئۆلگا ئامۆژگاری ئیرینا ده‌کات تا شوو به توزینباخ بکات.
ئیرینا قایل ده‌بێت که شوو به توزینباخ بکات، هه‌رچه‌نده باش ده‌زانێت که توزینباخی خۆش ناوێت، ته‌نانه‌ت ئه‌ویش ده‌زانێت که ئیرینا ئه‌وی خۆش ناوێت. له دوا دیالۆژه‌کانی په‌رده‌ی سێیه‌مدا ئیرینا به ئۆلگا ده‌ڵێت:
ئیرینا
نه‌شمیله‌که‌م، نازداره‌که‌م، من ڕێزی بارۆن ئه‌گرم و نرخی ئه‌زانم .. پیاوێکی نایابه. قایلم شووی پێ بکه‌م، شووی پێ ئه‌که‌م، هه‌ر به‌و مه‌رجه‌ی بچین بۆ مۆسکۆ. لێت ئه‌پاڕێمه‌وه، با بچین. له هه‌موو جیهاندا له مۆسکۆ خۆشتر نییه ... با بچین. ئۆلا، با بچین!
شانۆنامه‌ی سێ خوشک
په‌رده‌ی سێیه‌م
ئیرینا به‌وپه‌ڕی ڕاستگۆییه‌وه و ڕاسته‌وخۆ به توزینباخ ده‌ڵێت، به‌ڵام توزینباخ له دڵه‌وه عاشقی ئه‌وه و به هه‌موو شتێک قایله، له په‌رده‌ی چواره‌میشدا ئیرینا ئه‌م ڕاستییه ده‌خاته ده‌ستی توزینباخه‌وه.
ئیرینا
ئه‌مه به ده‌ست خۆم نییه ... من ژنێکی به‌وه‌فا و گوێ ڕایه‌ڵت ئه‌بم، به‌ڵام خۆشه‌ویستی له دڵمدا نییه، بڵێم چی؟ ( ئه‌گری ) من هه‌رگیز له ژیانمدا که‌سم خۆش نه‌ویستووه ... من له زۆر ده‌مێکه‌وه به ئاواتی ئه‌وه‌وه‌م یه‌کێکم خۆش بوێ .. شه‌و و ڕۆژ به ئاواته‌وه بووم، به‌ڵام دڵم وه‌ک پیانۆیه‌کی گرانبه‌ها وایه که کلیله‌که‌ی ون بووبێ! ( بێ ده‌نگییه‌ک ) .. چاوه‌کانت شڵه‌ژاون!
توزینباخ
به درێژایی شه‌و نه‌نووستم .. من له ژیاندا هیج شتێکی سامناکم نییه بمترسێنێ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م کلیله ون بووه گیانم ئه‌شڵه‌ژێنێ و ناهێڵێ بنووم ... قسه‌یه‌ک بکه. ( بێ ده‌نگییه‌ک ) قسه‌یه‌ک بکه.
ئیرینا
چی؟ ... چی بڵێم؟ ... چی؟
توزینباخ
هه‌رچییه‌ک بێ.
شانۆنامه‌ی سێ خوشک
په‌رده‌ی چواره‌م
له‌ناو ئه‌و سێ خوشکه‌دا ئۆلگا هه‌میشه ده‌که‌وێته په‌راوێزه‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار له‌بیر ده‌چێته‌وه، ئیرینا توند خۆی به خه‌ونه‌کانییه‌وه هه‌ڵده‌واسێ و ماشاش خۆی ئه‌داته ده‌ست عه‌شق.