لە ئاڕتۆ وە بۆ بیکاسۆ , ئەو نامانەى کە وەڵام نەدراونەتەوە
Kardo.shano.jpg
لە ئاڕتۆ وە بۆ بیکاسۆ
ئەو نامانەى کە وەڵام نەدراونەتەوە
وەرگێڕانى: کاردۆ


دواى دەرچوونى لە نەخۆشخانەى دەروونى،ئارتۆ دیوانى (ئارتۆ لمۆمۆى) نووسى و لە سەرەتادا بۆ لە چاپدان و بڵاو کردنەوەى چەندین ئاستەنگى هاتە پێش، وەک ڕەت کردنەوەى دیوانەکەى لەلایەن (کلۆد گالیمار) ەوە کە لە نامەیەکیدا لە 29 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 1946 ڕاشکاوانە لەچاپدانى دیوانەکەى ڕەتکردۆتەوە، بەڵام دواتر ئارتۆ لە ڕێگەى (بیرلویب) ەوە لەگەڵ خاوەنى چاپخانەیەکى دیکەدا ئاشنایەتى پەیدا دەکات، ئەویش (بیر بۆرداس) بوو، بۆرداس بۆ لە چاپدانى کتێبەکە ڕەزامەندى خۆى دەربڕى، بەڵام بەو مەرجەى کە ژمارەیەک تابلۆى بیکاسۆ لە دووتوێى دیوانەکەدا بڵاوبکرێنەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئارتۆ چەند نامەیەکى بۆ بیکاسۆ نارد، بەڵام نامەکان بێوەڵام بوون تەنانەت ئارتۆ لە ماڵەکەى بیکاسۆدا کە دەکەوێتە سەر شەقامى(کرۆند ئۆگەستین) هیچ پێشوازییەکى لێنەکرا، بۆیە بڕیاریدا تابلۆکانى تایبەت بە بە دیوانەکەى خۆى بیانکێشێت. ئەم سێ نامەیەى کە لێرەدا بڵاوکراونەتەوە بەشێکن لە ئەرشیفى مۆزەخانەى بیکاسۆ لە پاریس.

ئازیزم بابلۆ بیکاسۆ

دواى گەڕانەوەم بۆ پاریس پێنج چامەم نووسى، لە پێناویاندا ئازارم چەشتووە، ڕۆژنامەى (لارى) ڕەزامەندى لەسەر بڵاوکرنەوەى دوو لەو چامانە دەربڕیبوو، بەڵام ئێستا دەزگاى ڕۆژنامەکە لەکار کەوتووە، چامەکانى دیکەش لەلایەن گۆڤار و ڕۆژنامەکانەوە ڕەتکراونەتەوە، هاوکات خاوەنى چاپخانەیەکم دۆزیوەتەوە ناوى (بیر بۆرداس) ە ئەو ڕازییە بە بڵاوکردنەوەیان مەبەستم بڵاوکردنەوەى هەر پێنچ چامەکەیە  لە شێوەى نامیلکەیەکدا، بۆیە خوازیارم گەر ئارەزووت لێى بێت بە پێنچ یا شەش تابلۆ لە جۆرى لۆتۆگراف یاخود کێشراو بە ئاوى زیو چامەکانم بڕازێنیتەوە، ئەمەش کارێکى زۆرى دەوێت، بەڵام من چامەکانت بۆ دەنێرم، تۆ بابلۆ بیکاسۆ بۆ ئەوەى دواى خوێندنەوەیان بەلکَو ویستت لە بارەیانەوە شتێک بڵێیت و دڵنیاش بیت لەوەى کە هەستم چۆنە بەرامبەر بە ئێوە.

ئاڕتۆ

هاوڕێى ئازیزم

پێنج چامەکەم گەیاندە ماڵەکەت بە ئامێرى چاپکردن نووسراون، (بیر لویب) پێیووتى کە (بیر بۆرداس) ئارەزووى دەکرد کە دیوانەکە بە تیراژى (300) دانە لەسەر کاغەزى باش و گرانبەها بڵاو بڵاوبکاتەوە، هەروەها (1000) دانەى دیکەى لێ بڵاوبکاتەوە، بەڵام لەسەر کاغەزێکى سادە و هەرزان، لەسەر داواى من بوو بۆ ئەوەى کە خوێندکاران و گەنجان شاعیرانى کەم دەرامەتیش بتوانن بیخوێننەوە، نەک بە تەنها بکەوێتە دەست کاهینەکان و دەوڵەمەندەکانى هەردوو ئەمریکاى باکوور و باشوور کە دەستیان گرتووە بەسەر بازارى ڕەشدا، هەروەها ئەوانەى کە هەزار ساڵە جەنگیان نەبینیووە کە لایان نێر بەرامبەر بە مێ سەرکەوتنى بەدەستهێناوە و هتد.... ئەمە بۆ ئەوەى بڵێم ئەم چامانە بەلاى منەوە بانگەوازێکن بۆ ئەوەى کە ئەمرۆ بە هۆى نەبوونى دەستەواژەیەکى باشترەوە پێى دەڵێن هۆشیارى، لەوەتاى خراپەکارى باڵادەستە ئەو هۆشیارییە لە کوێدایە = ئاخۆ جگە لە چەند پاژێکى جەستە، چ شتێکى نێو هۆشیارى مرۆڤایەتى بەدکارى نەکردووە؟ ئەوەى من ئەنجامم داوە کارێکى هونەرى نییە کە تەنها بۆ ئارەزوومەندان بێت هەروەها پێم وایە دەشێ بابلۆ بیکاسۆ وەک من ئارەزووى ئەوەى هەبێت لە ستایلێکدا گوزارشت لە دەربڕینەکانى بکات.

نیوەڕۆى چوارشەممە دێم بۆ ئەوەى بتبینم. ئیدى مەگەر خۆت ئارەزووت لێی نەبێت.

لەگەڵ رێز و سڵاومدا.

ئەنتۆان ئاڕتۆ

23 شەقاى ئەلمیرى

ئیڤەرى - سورسین.


بۆ بابلۆ بیکاسۆ

من کەسێکى سەرەتایى نیم تا بەدواى تابلۆى وێنەکێشێکى مەزندا بگەڕێم بۆئەوەى سەرەتاى هەنگاوەکانم دەست پێبکەم، پێشتر من بەسەر چەندین بابەتدا ئارەقەم ڕشتووە کە تەواویان ناگەنە ئاست فلتەرى ئەو نەهامەتیەى کە لێوەى هاتووم، بەڵام بۆ خودى خۆیان کەم نین و پێویستیان بە یارمەتى و چاودێرى هیچ کەسى تر نیە بۆ بەردەوام بوون لە گرتنەبەرى ڕێگەى خۆیان، دواى دەرچوونم لە پاسێر (معزل) ى (رۆدز) لە کۆى تەواوى نووسینەکانم پینچ چامەم هەڵبژارد، خاوەنى چاپخانەیەکم دۆزییەوە ئارەزووى دەکرد لەگەڵ شەش تابلۆى زیوینى تۆدا بڵاوبکرێنەوە، گەر پێشتر بە دەستى من بووایە بەو جۆرە بیرم نەدەکردەوە، من دەتوانم وێنەى خۆم بکێشم و تێکستەکانیشم بە وێنەى نیمچە زیندوو بڕازێنمەوە، هەر لەبەر ئەوەى کە من لە (رودز) دەستم لە داهێنان (فبرکە)ى جەستەى زیندوو هەڵناگرت، بەرێوەبەرایەتى پۆلیسى نەخۆشخانە دەروونییەکانی فەرەنساش دەستیان لە ئازاردانم هەڵنەگرت، تەمەنم پەنجا ساڵە، دانیشتووى (ئیڤەرى) م پێج ساڵى تەمەنم لە گرتووخانەدا بردەسەر، ئەمە سەربارى بەدخۆراکى و برسییەتى و لە بەرکردنى کراسى تایبەت بە شێت، ماوەى پێنچ مانگیش بەردەوام لە ڕێى ترشى (حامز) ى سەنادیر و سیانۆرى پۆتاسیۆم ژەهراوى دەکرام، پاشان دوو ساڵى درووست لە (ڕۆدز) لە کارەبا دەدرام، نزیکەى پەنجا جار لە هۆش خۆم چووم، پشتیشم دووجار بە چەقۆ پێکراوە، هەروەهاشوینەوارى ئەو کوتەکە ئاسنینەى پێوە ماوە کە لە ساڵى 1937 لە شارى دبلن لێیاندام و بڕبڕەى پشتیان دوو لەت کردم، دەمەوێ بڵێم لەم بارودۆخەدا پەلکێشکردنى جەستەى خۆم ئاسان نییە، نیشانەى دۆستایەتیش نییە، کە پێنچ جار لە ئیڤەرییەوە بۆ شەقامى کرۆند ئۆگەستین جەستەم پەلکێش بکرێت لە پێناو هیچدا. ئاساییە ئەگەر شیعرەکانم مایەى ڕەزامەندیتان نەبێت و پێم بڵێى تۆ بۆ ئەو کارە ناشێى و یارمەتیم بدەى، بەڵام لانى کەم دەبووایە بت ووتایە و شەرەفى وەڵام دانەوەت پێ ببەخشیمایە، ئیدى وەڵامەکەت هەرچى چۆنێک دەبوو ئاساییە.

بابلۆ بیکاسۆ کاتژمێر مەترسیدارە

کتێبەکان، نووسینەکان، تابلۆکان، هونەر هیچ شتێک نین، مرۆڤ، حوکم لەسەر ژیانى دەدرێت نەک کارەکانى، دەى ئەو کارە چییە گەر هاوار و قیژەى ژیانى مرۆڤەکە نەبێت، کارو بەرهەمى من کارى پیاوێکى ئەشکەنجە دراوە، بەڵام بێگەردە، من تەنها ئەژیم، پێم وایە ئەوەى ڕێگەى وەڵامدانەوەى لێگرتووى لە هەموو شتێک زیاتر ئەو شەیتانەیە کە لەم تەمەنەتدایە، کۆت و ملکەچى نازانم چ کار و دوودلییەکى کردووى، چ کۆیلە بوونێکى مرۆڤایەتییە هەستى ڕق و کینە کە رکێفى هەموو شتێک دەکات شێوازى جۆراوجۆرى هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنى ئەو کەسانەى کە بۆ ساتێک پێیان وابوو ئارەزووى دەربازبوون دەکەن لە سروشتى ئاژەڵى، بەخششى خۆشەویستییەکى شەهوانى یەکێکە لەو شێوازانە و زیاتر بەڵێن ئەدات، نەک جێبەجێکردن. خواوەند گەڕانەوەى لە ئیگۆ وە بەسەر چۆڵەمە (ترقوە)ى ڕەگەزێکى پوکەوە هاتووەتە ئاراوە، بۆیە ناوى خۆى ناوە ڕۆح نەک جەستە، ئەمەش جێى بایەخى هەندێک لەو کەسانە نییە کە پێشتر پێیانوابوو بۆ دژایەتى کردنى خراپەکارى خوڵقاوون، بەڵام دواتر چوونە سەر فێڵ و فریوەکانى لایەنى بێناوونیشان.

نووسه‌ر: كاردۆ  
ڕێكه‌وتی بڵاوبوونه‌وه‌ له‌ چراكان: 2009-09-18  
به‌سته‌ری بابه‌ت له‌سه‌ر ئینته‌رنێت: jimare-1278.html  
تایبه‌ته به ماڵپه‌ڕی چراکان ، یان ناوی سه‌رچاوه‌که‌ی له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌که‌دا هاتووه.(info@chrakan.com)

Share |